٤ جەمادی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

پیرەمێردى شاعير

ناوی تەواوی

تۆفیق مەحموود ھەمزە ناسراو بە پیرەمێرد و حاجی تۆفیق بەگ (١٨٦٧- ١٩٥٠) شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایکدەبێ و لە لاویدا زانستی ئایینی دەخوێنێت. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی عوسمانیدا لە چەند پۆستی ئیداری و سیاسیدا دادەمەزرێ. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی دەبێ. پیرەمێرد بەرھەمی ئەدەبیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتیپیرەمێردى شاعير ڕۆژنامەگەریی کوردی کردوە.

ژیان


ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی ١٨٦٧ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی شەش حەوت ساڵیدا، لە سلێمانیدا نێرراوەتە حوجرە و مزگەوت و پاش ماوەیەک ئەبێ بە فەقێ لە مزگەوتی ھەمزاغای باپیری و لای مەلا مەحمود ناوێک دەستدەکات بە خوێندن و فێربوونی عەرەبی و وانەی ئایینی. لە خوێندنی عیرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بە خوێندنی سیوتی. پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی گەڕاوە ئەوسا ڕووی کردۆتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان[١]. کە لە بانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لە ١٨٨٢ دا لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا، کراوە بە نووسەری بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە لە سلێمانی. لە ١٨٨٣ دا کراوە بە نووسەری ئەملاکی ھومایۆنی لە ھەڵەبجە. لە ١٨٨٦دا کراوە بە سەرنووسەری دادگای شارباژێڕ، ئەو دەمە پێیان وتووە «باشکاتب». لە ١٨٩٥ دا کراوە بە یاریدەری داواکاری گشتی لە کەربەلا، بەڵام ئەو کارەی بەدڵ نەبووە و وازی لە فەرمانی میری ھێناوە.

شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لەباری بۆ گونجاند. لەسەر بانگھێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید کاروانێک ڕێکدەخەن لە ١٨٩٨ دا دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد ھاوسەفەریان دەبێت. ساڵی ١٨٩٩ شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەنبوڵ سەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێ، وەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییکردووە.

لەساڵی ١٨٩٩ دا بەفەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ. بەھۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگریت. لە ١٩٠٥ تا ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە. لە ١٩٠٧ دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نھێنی پێکھاتبوو بە سەرۆکایەتی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.

لە ئەیلوولی ١٩٠٩ دا بووە قائیمقامی چۆڵەمێرگ

لە نیسانی ١٩١٢ دا بووە قائیمقامی قەرەمورسل

لە شوباتی ١٩١٥ دا بووە بە قائیمقامی بالاوا

لە ئەیلولی ١٩١٦ دا بووە بە قائیمقامی بیت الشباب

لە مارتی ١٩١٧ دا بووە بە قائیمقامی گموش کوی. لەھەمان ساڵدا بەھەمان پلە چۆتە ئیتەپازاری، ھەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.

لە نیسانی ١٩١٨ دا بووە بە پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئەماسیە لە تورکیا. تاکوو ساڵی ١٩٢٣ لەوێ بووە.

حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانیەوە دەست ئەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردوە وە داوای گەڕانەوەیان لێکردوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بە ھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣ پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەھێڵێت و لەڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەب دا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بەھەواڵێک بڵاودەکاتەوە: «جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتۆتەوە، شەوی ٣٠ی کانونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵە، بەناوی ھەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین» [٢].

پیرەمێرد تا دواھەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠ دا، بەرانبەر بە ٤ی ڕەمەزانی ١٣٦٩ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردوە. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاھەنگ گێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە.

 


 

ڕۆژنامەنووسی

 

پیرەمێرد لە ساڵەکانی یەکەمی گەیشتنی بە تورکیا و ھەر لەو کاتەوە کە ئەندامی مەجلیسی عالی ئەستەنبوڵ و خوێندکاری کۆلیژی یاسا بووە، دەستی کردووە بە نووسین و وەرگێڕانی شیعر و وتار و زیندووکردنەوەی وێژەی کوردی و ناساندنی بەو جیھانە نوێیە. لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا یا خاوەن و سەرنووسەر بووە یاخود لە دەستەی نووسەراندا بووە و نووسەرێکی چالاک بووە.

کاتێک لەساڵی ١٩٢٤ دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش ٢٥ ساڵ ژیان لەتورکیا[٣]، وای چاوەڕواندەکرد ئەو وڵاتەی لە ١٨٩٨ جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لەبارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بەھیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری میریدا نەچوو، ڕۆژنامەی بەپێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لەخۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەنبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەنبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بەیەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، وەجیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا[٤]. پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەرئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بەمەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت. ھەر لەبەرئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستی دا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لەبەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا، و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.

پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا ئەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی توخنی کاری میری بکەوێت، لە ساڵی ١٩٢٦ دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەرئەھێنێت بە سەرۆکایەتی حسێن کازم و پیرەمێردیش ئەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە.

لە ساڵی ١٩٣٢ دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی ١٩٣٤دا چاپخانەکەی شارەوانی بەکرێ ئەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان ئەگۆڕێتە سەرخۆی.

لە ساڵی ١٩٣٧ دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات ئەچێت خانووەکەی ئەخاتە ڕەھنی بەڕیوبەرایەتی "ھەتیوان"ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەرئەگرێت وە بە ناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری ئەھێنێت و چاپخانەی ژینی دادەمەزرێنێت.

لەو ڕۆژنامە و بڵاوکراوانەی کە پیرەمێرد بەشداری تیا کردوون:

ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو. خاوەنی ئیمتیاز پیرەمێرد بوو.

ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی بە دوو زمانی کوردی و تورکی لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو، لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٠٨ تاکوو حوزەیرانی ١٩٠٩ بەردەوام بووە. خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ بووە و سەرنووسەرەکەی ئەحمەد جەمیل پاشا بووە. لەو دەمەدا دەنگی کۆمەڵەی کورد بووە کە شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆکی بووە.

ڕۆژنامەی مسەوڕ موحیت (مصور محیط) کە پیرەمێرد لەگەڵ فایق سەبری بەگ دەریدەکرد.

گۆڤاری ژین لە ئەستەنبوڵ لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ بە دوو زمانی کوردی و تورکی دەرچووە، پیرەمێرد لە زۆربەی ژمارەکانیدا شیعر و نووسین و وەرگێڕانی ھەیە.

ڕۆژنامەی شەمس لە تاران دەردەچوو، ئەو کاتەی لە تورکیا بوو زۆر جار شیعر و نووسینی ئەنارد بۆ تاران بۆ بڵاوکردنەوە، ئەم ڕۆژنامەیە سەید حسێنی ئێرانی خاوەنی بوو.[٥].

ڕۆژنامەی ژین کە خۆی لە سلێمانی چاپیدەکرد. وەک درێژکراوەیەکی ڕۆژنامەی ژیان. ڕۆژنامەی ژین ٥٥٣ ژمارەی لێ چاپکرا. یەکەم ژمارەکەی لە ١٩٣٩دا دەرکرد و تا کۆچی دواییی کرد لە ١٩٥٠ دا بەردەوامبوو و بە ژمارە ١٠١٥ی گەیاند. دوای خۆیشی جەمیل سائیب و نووری ئەمین بەگ و گۆران و ئەحمەد زرنگ بەرودوا تا ساڵی ١٩٦٣ گەیاندیانە ژمارەی کۆتاییی (١٧١٤). ئەمڕۆکە بنکەی ژین لە سلێمانی لە ھەوڵی دەرکردنی گۆڤارێکدان بەناوی گۆڤاری ژین[٦]

بەدەر لەوانەی سەرەوە، پیرەمێرد لەگەلێک بڵاوکراوەی تردا دەست ڕەنگینی خۆی لە نووسیندا نیشانداوە و چالاک بووە:

گۆڤاری فەرھەنگ و ڕۆژنامەی «شفق سرخ» کە لە تاران دەردەچوون، پیرەمێرد دەڵێت: «ھەمیشە من لە ئەستەنبوڵەوە مەقالەو شیعرم بۆ ئەناردن»[٥].

زۆرجار سەروتاری بۆ ڕۆژنامەی «ئیقدام» و «حوڕییەت» ئەنووسی.

گۆڤاری ئیجتیھاد لە ئەستەنبوڵ لە ساڵەکانی ١٩٠٤-١٩١٢ لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتەوە دەردەچوو. پیرەمێرد بەرھەمی خۆی تیا بڵاوکردۆتەوە[٧]. لەمبارەیەوە دەڵێت: «عەبدوڵلا جەودەت» لەپاش مەشروتییەت کە لە ئەوروپاوە ھاتەوە، لە ئەستەمبوڵ بوو، زۆرتر لەھەموو کەس من لە خزمەتیا بووم، خۆم و نەژادی کوڕم بە (نەزم و نەسر) لە مجەلەکەیدا خزمەتمان ھەیە».

لە ڕۆژنامەی «ترجماتی حقیقت»ی مامۆستا موعەلیم ناجی کە لە تورکیا دەردەچوو شیعری بڵاوکردۆتەوە.

شیعر و نووسینی ناردوە بۆ ڕۆژنامەی تان کە لە پاریس دەردەچوو، بەھۆی داوود حەیدەری کوڕی ئیبراھیم حەیدەرییەوە، کە لە دەرچووانی خوێندنی باڵای فەڕەنسا بوو.

 


بەرهەمەکانی پیرەمێرد

جگە لە جێدەستی لە ڕۆژنامەگری کوردیدا، پیرەمێرد خاوەنی دیوانێکی شیعرییە، کە چەندین جۆر و بواری شیعری تیا بەدی دەکرێت؛ کۆمەڵایەتی، فەلسەفە، ڕامیاری و هتد[١] بەرھەمەکانی بەناوی «حاجی تۆفیق بەگ»ەوە بڵاودەبوەوە، کاتێک کە پیرەمێرد لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، تەمەنی بەرەو پیربوون دەچێت، کە ساڵی ١٩٣٢ شیعری «بەیانی بوو لەخەو ھەستام» بڵاودەکاتەوە، بۆ یەکەمجار نازناوی پیرەمێرد بۆخۆی ھەڵدەبژێرێت و دەینووسێت[٨]، لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت. کە لە تورکیا بوو بەناوی جیاجیا شتی بڵاوکردۆتەوە: سلیمانیەلی توفیق، س.ت، سلیمانیەلی مەحمود نەژاد، سلیمانیەلی م. نەژاد تۆفیق، م.م، سلیمانیەلی وداد، اسماعیل وداد.

پیرەمێرد خۆی لەیاداشتەکانیدا باسی دەکات و بە بەرھەم و کاری ئەدەبیش ساخ بۆتەوە، کە بەچاکی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی زانیوە. لە نووسینی فارسیدا دەستێکی زۆر باڵای ھەبووە وەکو ئەڵێن لەو دەمەی خۆیدا مەگەر تەنیا سلێمان بەگی باوکی گۆران، لە ئاستی پیرەمێرد لە فارسیدا شارەزایی بوبێت. خوێندنی ئەو کاتەی پیرەمێرد لە کوردستاندا زیاتر فارسی بووە و تێکەڵ بوونی تورکیش لە کوردستاندا بەھۆی دەوڵەتی عوسمانی و کار و فرمانی ڕەسمییەوە و مانەوەی پیرەمێرد ٢٥ ساڵ لە تورکیا، و ئەو نووسین و شیعرانەی بەتورکی بڵاوی کردونەتەوە.[١].

 


کتێب و چاپکراوەکانی

پیرمێرد خاوەنی چەند کتێبێکە، لەو کتێبە چاپکراوانەش [٩]:

دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح)، ساڵی ١٩٣٥ لەچاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.

چیرۆکی مەم و زین

دوانزە سوارەی مەریوان، ١٩٣٥

کتێبی پەندی پێشینان، ١٩٣٦

چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل،١٩٤٢

گاڵتەوگەپ ساڵی ١٩٤٧، بریتییە لە ھەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، ھەم بۆ پێکەنین و ھەم بۆ پەند وەرگرتنە.

دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی - بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.

شیعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە ھەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.

شیعری گەلێ لەشاعیرانی ھەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردۆتەوەوەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و ھتد.

زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.

لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کورد:

گەشتی ھۆنەرمەندێک لە جیھاندا

ڕۆمانی کەمانجەژەن، ١٩٤٢، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی.

کاکەی فەلاح پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە کەس و کاری پیرەمێرد، ھەندێک لەم کتێبانەی سەرلەنوێ لە چاپدایەوە [١٠].

 


پەندەکانی پیرەمێرد

پیرەمێرد خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە لە پەندی پێشینانی کوردییەوە ھەڵقوڵاون و لە ناو ھۆنراوەکانیدا ھۆنیونییەتەوە، کەژمارەیان دەگاتە ٤٨٠٠ پەند، زۆربەی پەندەکانی ڕۆژانە دەینووسی و لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی دەکردنەوە، پاش مردنی خۆی، کاکەی فەلاح کۆی کردوونەتەوە و ڕێکیخستوون و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپکراون[١١].

نموونەی پارچەیەک لە پەندەکانی پیرەمێرد:

وتیان بە ڕێوی شاھیدت کێیە؟|وتی کلکی خۆم، باوەڕم پێیە

حەزدەکەی دوور بی لە گێرە و کێشە|بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە

بەسمان بەسەردا لێدە گیزو فیز|پێوەدان خۆشە نەوەک ویزەویز

لە شارو لادێ ئەم نەقڵە باوە|گیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە

شەڕنەکەر پیشەی زوو دانیشتنە|بەردی زل بەڵگەی نەھاویشتنە

ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەرد|چش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد

وتیان پشیلـە، گووت بە دەرمانە|دایپۆشی بە خۆڵ ئەو بێویژدانە

شوێن بۆ سەر پیشەی خۆی دەچێتەوە|گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە

قەل ئەڵێن لاسای کەوی کردەوە|ڕۆینەکەی خۆیشی لەبیر بردەوە

مەشھورە بزن بۆ تاقە شەوێ|جێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ

ناشکوری مەکە بەم بەشە کاکە|لە قوڕ ئەوەندە تۆز ھەستێ چاکە

 


پەراوێزەکان

 

↑ ١٫٠ ١٫١ ١٫٢ «پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرھەمەکانی»، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئومێد ئاشنا ل١٠-٥٠

↑ ڕۆژنامەی ژیانەوە - ژمارە ١٤، ٢ی شوباتی ١٩٢٥

↑ بڕوانە شیعری "ئەوا ڕووم کردە تۆ ئەی دایکی موشفق"

↑ پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرھەمەکانی - ئومێد ئاشنا: ل٦٥ ول٦٦

↑ ٥٫٠ ٥٫١ ڕۆژنامەی ژین - ژمارە ٨٥٥ ساڵی ١٩٤٧

↑ گۆڤاری ژین - بنکەی ژین بۆ بوژاندنەوەی کەلەپووری بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی کوردی

↑ ژیان و بەرھەمی عەبدوڵلا جەودەت - گۆڤاری کاروان، ژمارە ٣٧، ساڵی ١٩٨٥ ل٤-١٢

↑ ڕۆژنامەی ژیان - ژمارە ٣١٢ ساڵی ١٩٣٢

↑ ئومێد ئاشنا سەرچاوەی پێشوو: لاپەڕە ٦١ تا ٦٣

↑ دیوانی پیرەمێرد - بەرگی یەکەم - پێشەکی

↑ پەندەکانی پیرەمێرد - کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی کاکەی فەلاح - بەغداد ١٩٨٠

 

سەرچاوەکان

خۆزگە - پیرەمێرد ماڵپەڕی خۆزگە - ژیاننامەی شاعیرانی کورد

پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئومێد ئاشنا، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠١

دیوانی پیرەمێرد (بەرگی یەکەم)، کۆکردنەوە و ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی دەستەیەک لە نووسەرانی کورد، وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەغدا، ١٩٩٠

 

 

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics