٧ جەمادی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

دیدێكی دینی بۆ پرۆلاریزمی ئاینی

 

یەكێكی تر لەو ئاواتانەی كە هەمیشە قین لەدڵانی ئیسلام هەوڵی بۆ ئەدەن و كاری لەسەر ئەكەن تەشویش دروستكردن , گۆڕانكاری كردن , تەئویل كردنی بنەما جێگیرەكانی ئیسلامە.عەبدولكەریم سروش

باوەڕداری ئیسلام لە نیوان دوو ڕێی و دوو بەرنامەدا خۆی دەبینێتەوە , یان ئەوەتا دەبێت بە كامڵی باوەڕی بە ئاین هەبێت و بە فەرمانەكانی ڕازیبێت و دەستكاری و تەئویلی ئەو بابەتانە نەكات كە بە دەقێكی قورئانی یان فەرموودەیەكی صریحی صەحیح بڕاوەتەوە , كە لە موصتەلەحی شەرعیدا ناونراوون (ثوابت ) هەندی بەندی دەستورین كە ناكرێت بگۆڕێن, ئەو بابەتانەشی نەبراونەتەوە یان دەقێكی صەریحی لەسەر نەهاتوە كە لە موصتەلەحی شەرعیدا ناونراون (متغیرات) – كە بوارەكانی زۆرن - ئەوە لەوێدا بۆیان هەیە قسەی خۆیان بكەن و ئیجتهادی تیدا بكەن, بەڵام بۆ كەسانێك كە شارەزابن لە ئیسلام و زانستەكانی , نەك هەركەسێك هەستێت و بێ‌ زانیاری یان زانیاریەكی كەم ئەسپی خۆی تاو بدات و ئەوەی بە ئیسلام ناڕەوایە بە ناوی ئیجتهادەوە دەمی تێ‌ بخات , وەك ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا دەبینرێت و تێ‌ بینی دەكرێت!!.

گرووهی دووهەمیش تەسلیمی دەقەكان نابێـت و پاڵپشتی لە شەیتان و شەیتان بازان دەكات , كەوتوەتە دوای هەواو ئارەزوەكانی خۆی ,بەمەبەست بێت یان بێ‌ مەبەست دەقەكان دەگۆڕێت و ئیسلامێكی تازە دروست دەكەن! , ئیتر ئەوكات ناكرێت خۆی ناوزەند بكات بە ئەهلی دین , خۆگەر بۆ گزی و چاوبەستی كردنیش ئەو كارە بكات ئەوە هیچ ئیعتبارێكی نابێت چونكە دژایەتی بڕیارێكی خوای كردوە...

ئیسلام وەك خوای كردگار بۆی ڕوونكردوینەتەوە بەم شێوەیە,لە دوونیادا دوو بەرنامە هەیە : بەرنامەی هەق و بەرنامەی باتیل (ناڕەوا) ئیتر هەركەس ئەم باوەڕەی هەبوو ئەوە باوەڕدارو بە پێچەوانەشەوە ئەوە لە دەرەوەی بازنەی ئیسلامەتیە ...

دەی ئیتر خۆ ئەو كەسانەی كە عەقڵیان نەخۆشە و گوێ‌ لە قسەی زانایانی ئیسلامی ناگرن و ئەڵێن بۆ سەردەمی خۆیان قسەیان كردوە یان بە سێیەم سەرچاوەی وەرگرتن و گەڕانەوەی موسوڵمان بۆی ( كۆدەنگی زانایان چ لە جیلی هاوەڵان و چ لە جیلی تابیعین و چ زانا بەناوبانگ و بلیمەت و خاوەن ڕایانی ئومەت ) ڕازی نین , دەی خۆ دەبێت بە دوو سەرچاوەی یەكەم ڕازی بن كە ئەویش ( قورئان و سوننەتە ) , دەبێت ملی بۆ بدەن و قسەی لەسەر نەكەن , گەر قسەیان لەسەر كرد و عەقڵە نەخۆش و بچوكەكانیان بەرگەی ئەو هەموو ڕاستیەی ئەم دوو سەرچاوەی نەگرت ئەوە جگە لە ئیسلام و ئیسلامەتی هەر ناونیشانێكی تر لە خۆیان دەنێن پیرۆزیان بێت !!.

ئەمڕۆ ئیسلام و بنەمانكانی لەبەردەم گەورەترین و بێ‌ وێنە ترین هێرشدان , لەبەردەم تیكدان و شاردنەوەی ڕاستیەكاندا ,سەرچاوەكان تێكەڵ كراوون, جۆگەی تر ڕژاونەتە سەرچاوەكە : فەلسەفە و لۆجیكی یۆنان , بیرو هۆش و ئەفسانەی فارسی , ئیسرائیلیاتی جوولەكە , لاهووتی ئەدیان , ڕوشنبیری شارستانیەتی تر , ئەمانە هەمووی تێكەڵ بە قورئان كراون ! هێرشەكە زۆر گەورەیە ! ئەم هێرشەش دابەشكراوە بەسەر دوو جۆردا : ١. هێرشێك كە بە هێزی سەربازی دەكرێت و دەیەوێت بە زەبری تفەنگ و چەك هەموو خاكی موسوڵمانان داگیر بكات ,٢. جۆری دووهەم كە گەر لەوەی یەكەم كاریگەرتر و ترسناكتر نەبێت هیچی كەمتر نیە لەو كە ئەویش هێرشی فكریە...

یەكێك لە كۆڵەكە گرنگەكانی ئەم هێرشە فكریە , دیاردەی پلورالیزمی ئایینیە , هەرچەندە ئەم دیاردە هەر لە كۆنەوەو بگرە لەسەردەمی سەروەرمان محمد (د.خ) دەستی پێ‌ كردوە , بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ڕەگ داكوتێت وەك ئەوەی كە ئەمڕۆ دەبینرێت , تا ئەوەی هەندێك بڕوایان وابێت كە ئەم دیاردەیە بەرهەمی لیبرالیزمی ڕۆژئاوایە و بەندەش ئەم دیاردەیە و بەو شێوەو سیاقەی كە هەیە بە زادەی بیری ڕۆژئاوای و پیلانی دوژمنان دادەنێم لەو پلانە نەگریسانەی كە دایاناوە بۆ ڕووبەروو بونەوەی ئیسلام...

 

پلورالیزمی ئاینی بۆ بە دیهێنانی چەند ئامانجێكە لەوانە :

١. تەشویش و شێواندنی ئیسلام و دڵەڕاوكێ‌ دروست كردن بۆ موسوڵمان.

٢. بەرگری گرتنی بڵاوبونەوەی ئیسلام لە وڵاتانی رۆژئاوادا .

٣. لەناوبردنی برایەتی نیوان موسوڵمانان و دروستكردنی برایەتی ( جولەكەو گاور و شوێنكەوتوانی ئاینی ئیسلام ).

٤. شۆردنەوەی یەكێك لە كۆڵەكە گرنگەكانی بیروو باوەڕ ئەویش عەقیدەی ( ولاء و برا‌ء ) كە پێویست دەكات بە بابەتێكی سەربەخۆ ڕوونبكرێتەوە لەبەرئەو گرنگیەیەی كە هەیەتی و بیروباوەڕی ئیمانداری پێوە پەیوەستە !.

٥. بێنرخكردنی دەقەكانی قورئان و سوننەت . ...هتد.

بەهەرحاڵ ئێمە بۆ تێگەشتن لەم بیرۆكەیە پێویستە پێناسەیەك بخەینە ڕوو وەك ئەوەی هەوادارانی بۆی ئەكەن و پاشان مێژووی دروست بوون و دەركەوتنەوەی بە جل و بەرگێكی تازەوە و پاشانیش هەڵوێستی خواو پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم ) , واتە هەڵوێستی ئیسلام دەخەینە ڕوو , بەو هیوایەی گەنجانی ئێمە بە ئەم فكرە باقوبریقانەی نەخەڵەتێنرێن و خۆیان بچن بەدوای بابەتی وەهادا بگەڕێن بزانن ئاخۆ لەگەڵ دەقەكانی قورئان و سونەت دا دەگونجێن ؟ خۆ قورئان و فەرمودەكانی پێغەمبەر هیشتا هەر لەناوماندا ماوون !!!

 

پرۆلاریزمی ئاینی چیە ؟

ووشەی پلورالیزم بەواتای ( فرەی , هەمەجۆری , هەمەچەشنی , فرەگەری , زۆر بوون ) دێت , پلورالزمی ئاینیش بە واتا تەواوەكەی واتە فرە ئایینی كە مەبەست لی ئەوەیە هەر ئاینێك خاوەنی ڕێژەیەك لە راستی و حەقیقەتە و هەرئەمەش دەتگەیەنێت بە ئەنجامی دووهەم كە ئەوەیە ناكرێت هیچ ئاینێك خۆی بە باڵا ترو ڕاست تر دابنێت لە ئاینێكی تر ! عبدالكریم سروش بیرمەندی شیعی لەم بارەیەوە دەڵێت ( فرەی و جۆراوجۆری و بەرەسمی ناسین و ڕازی بوون بە پێوانەكردن و هەڵسەنگاندنی دینەكان..., بوونی وێنای گوڵوستانێكی پر عەتر و ڕەنگ لە جیهاندا ١)....

مانایەكی تری پلورالیزمی ئاینی وەك (محسین كەدیوەر) باسی دەكات ( قسە كردنە لەسەر ڕێگا ڕاستەكان نەك تەنها یەك ڕێگای ڕاست , قسەكردنە لە حەقیقەتە زۆرەكان نەك تەنها یەك حەقیقەت ٢) ....

مێژووی پلورالیزمی ئاینی لە ناو ئوممەتی ئیسلامدا :

یەكەم : سەردەمی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)

گومان لەوەدا نیە ئەم بیرۆكەیە – پلورالیزمی ئاینی – تەنها و تەنها مەبەست لێی لەناوبردن و لە خشتە بردن و لەدین دەركردنی باوەڕدارانە , ئەم جۆرە ئاواتانەی دوژمنانی ئیسلام هەر لەسەردەمی پێغەمبەروە بوونی هەبوە , هەرچەند هەندێك جیاوازیشی هەیە بەڵام ئامانج و ئامێرەكە زۆر لە یەكەوە نزیكە , قورئانیش لە چەندین شوێندا ئەمەمان بۆ ڕووندەكاتەوە كە جوولەكەو خاچپەرستەكان چۆن هەوڵیان داوە باوەڕداران لە ئیسلام هەڵبگێڕنەوە , ئەمەی ئیستاش هەر سوڕانەوەیە لە دەوری ئەو هەوڵە , لەم بارەیەوە چەند نمونەیەك وەردەگرین :

١. خوای باڵا دەست لە قورئاندا دەفەرموێت {ود كثیر من أهل الكتاب لو یردونكم من بعد إیمانكم كفاراً حسداً من عند أنفسهم من بعد ما تبین لهم الحق } [البقرة / ١٠٩] . واتە " زۆرێك لە خاوەن نامەكان لەبەر حەسوودی و ناپاكی خۆیان پێیان خۆشە دوای بڕواهێنانتان كافرتان بكەنەوە پاش ئەوەش كە هەق و ڕاستیان بە تەواوی بۆ ڕوونبویەوە و زانیان كە محمد پێغەمبەری خوایە٣ .

٢. لە هەمان سورەتدا خودا دەفەرموێت{ قالوا كونوا هوداً أو نصاری تهتدوا قل بل ملة إبراهیم حنیفاً وما كان من المشركین } [ البقرة / ١٣٥ ] . واتە خاوەن نامەكان (جوو, گاور) بە موسوڵمانەكانیان دەگووت : وەرن ببنە جوولەكە یان فەلە ئەوسا دەكەونە سەر ڕێگەی ڕاست ! نەخێر یەهودیەت و نەسرانیەتی وامان ناوێت , بەڵكو ئێمە هەر لە ئایینی پاك و بێخەوشی ئیبراهیم پەیڕەوی دەكەین ..

٣. یان دەیانگووت { وقالوا لن یدخل الجنة إلا من كان هوداً أو نصاری تلك أمانیهم قل هاتوا برهانكم إن كنتم صادقین بلی من أسلم وجهه لله وهو محسن فله أجره عند ربه ولا خوف علیهم ولا هم یحزنون } [ البقرة / ١١١ ، ١١٢ ] . واتە جوولەكە و گاورەكان دەیانگووت هیچ كەسێ‌ جگە لە خۆیان ناچێتە بەهەشتەوە , ئەم قسەو باسانە بەهەمیشەی ئاوات و خەیاڵ پڵاویانە , تۆش پێان بڵی دەسا گەر ڕاست بێژن لە بۆچوونەكانتاندا بەڵگەكانتان بهێنن...

دووهەم : سەردەمی بانگەواز بۆ كردنی پاش چەرخە زێڕینەكانی ئیسلام ( چراكان جیاوازن بەڵام ئەو رووناكیەی كە دەیبەخشن هەمان ڕووناكیە ) ( حەق ئاوێنەیەكی شكاوە هەر پارچەی لای یەكێكە ) مەولانای ڕۆمی ...

ئەم سەردەمە كە سەردەمی نەهامەتیەكانی موسوڵمانان بوە , سەردەمی شاڵاوی خاچپەرستەكان بوو , سەردەمی دووركەوتنەوەی موسوڵمان لە سەرچاوەی معریفی خۆی (قورئان ) بوو , لە كاتێكی ئاوادا پلورالیزم زۆر بە ڕوونی وەك ئەوەی ئیستا هەیە دێتە دەركەوتن و گەشەكردن لە سەر دەستی گومڕاچیانی وەك ( ئیبن سبعین و ئیبن هود و تلمسانی و ئیبن عەرەبی و حەلاج) و ...هتد كە ئەمانە ( جوولەكەی و گاوری و ئیسلامیان ) وەك چوار مەزهەبەكەی موسوڵمان وێنا دەكرد و دەیانوت ئەمانا هەمووی ڕێگا ڕاستەكانن - صراطهای مستقمن - بۆ گەشتن بە خوا !! هەورەك شێخی ئیسلام ئیبن تیمیە لە چەندین شوێنداو لە كتێب و مەوسوعە بە نرخەكانیدا ئاماژەی بۆ كردوە و بەباشی مەبەستەكەیانی دیاریكردوە لەم بارەیەوە دەفەرموێت ( ئەو كەسایەتیانە لە نمونەی ئیبن سبعین و ئیبن هود و هاوڕاكانیان) , بەلایانەوە ئاسای بوو كە كەسێك جوولەكە یان گاور بێت و پیان وابوو هیچ جۆرە تەوفیرێكی نیە لەگەڵ كەسێك كە موسوڵمان بێت , وە ئەمانەیان ( جوولەكەو گاوری ) دادەنا بە ڕێگەیەك بۆ گەشتن بە خودا و وەك مەزهەبەكانی موسوڵمان سەیریان دەكردن ٥), ئەو سەردەمە بە ناڕەواترین سەدە دادەنرێت كە خەریك بوو دووژمنان لە ڕێگەی چەند بە كرێگیراوێك ئەوەی ئەیانەوێت بەدەستی بهێنن , بەڵام ئەمە خەیاڵ پڵاوی و ئاواتی نەهاتە دییە چونكە خودا خۆی ئەركی پاراستنی ئەم دینەی لە شێواندن گرتوەتە ئەستۆ و زانایان و بلیمەتانی وەك ئیبن حەزمی ظاهری و پێشەوا غەزالی و شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە و ئیبنوالقیم الجوزی و ئیمامی باقەلانی و ئەشعەری و ...هتد دەنێرێت بۆ پوچ كردنەوەی ئەو پیلانانە , كە بەڕاستی حەقیەتی هەروەك دكتۆر ئەنوەر جوندی دەڵێت ناویان لێ‌ بنێین ڕاستەكەرەوەی چەمكەكان و تازەكەرەوانی باڵەخانەی فكری ئیسلامی و نوێنەرایەتی قۆناغی بینا كردنی سونەت و فقە و بیرووباوەڕ و فیكر بوون ....

سێیەم: لە چەرخی تازەدا :لەپاش ئەوەی ئەو زانایانەی لە سەروە كە باسمان كردن توانیان ڕەگ و ڕیشەی ئەو فكرەیە بۆ ماوەیەكی زۆر لەناو موسوڵماناندا هەڵبكێشن و لێكۆڵینەوەو كتێبەكانیان لەسەر ئەم بیروباوەڕە لادەرەو چەندین بابەتی گرنگی تر وەك چرایەكی ڕۆشن موسوڵمانان هەمیشە سودی لێ‌ وەربگرن ..

ڕێكخراوێكی پیلاناوی بە دەستی جوولەكە دامەزرا كە ئەویش " ڕێكخراوی ماسۆنیەتە " كە ناكرێـت لێرەدا باس لە ڕەچەڵەك و ئامانجەكانی ئەم ڕێكخراوەو ئەندامەكانی بكەین و ئەوە هەڵدەگرین بۆ كاتێكی تر , بەلاًم گرنگترین شتێك كە جەختیان لەسەر دەكردەوە داواكاری یەكگرتنی جوولەكەو گاور و ئاینی ئیسلامیان دەكرد , وا خۆیان نیشان دەدا كە دژ بە دەمارگیری دینین و هەموان باوەڕیان بە خودا هەیە كەواتە هەموان موسوڵمانن...

چەند كەسایەتی و بیرمەندێك كەوتنە داوی ئەم ڕێكخراوەوە لەوانە جەمالەدینی ئەفغانی و محمد عبدە و هەندێكی تر, كۆمەڵەیەكیان لە بیروت بە ناوی ( كۆمەڵەی نزیكبوونەوە ) پێك هێنا كە مەبەست لێ‌ نزیكردنەوەی جوو, گاورو ئاینی ئیسلام بوو٧ , لەم ساتەی ئێمەشدا چەندانی وەك عبدالكریم سروش و محسین كەدیوەرو ...هتد هەن كە ئەم جۆرە دەردە لێی داون و قسەی لەسەر دەكەن ... كە بە هەموو شێوەیەك دژی دەقێكی صریحی قورئانە و ناكرێت ئێمە قبوڵی بكەین , كە ئەمەش ئیستا زیاتر ڕوون دەكەینەوە ...

هەڵوێستی ئاینی ئیسلام بو پلورالزمی ئاینی ...

 

پێشەوا ئیبن حەزم دەفەرموێت"هەموو زانایانی ئیسلام هاودەنگ بوون لەسەر ئەوەی جولەكەو گاور بێ‌ باوەڕن" هەڵوێستی ئاینی ئیسلام لەسەر پلورالیزمی ئاینی كە ئەمە مەبەستی سەرەكی ئەم نوسینەیە بەم شێوەیە : خوای كردگار لە قورئاندا و لە چەندین شیوێندا باسی ئەم بابەتە دەكات و بێ‌ باوەڕی و دوور لە خوای ئەوان دەر دەخات و ئەم بەڵگانەش بەسن بۆ ئەوەی كە هەركەسێك تا ئیستا بە هەڵە تێگەشتوە یان تێگەیەنراوە بە خۆیدا بچێتەوەو قسەی قورئان لە قسەی هەموو كەس بە باڵاتر بزانێت، ئەم ئایەتانەی خوارەوە چەند نمونەیەكی كەمن – اللبیب یفهم بالاشارة- تەنها بەڵگەی ئایەت دەهێنینەوە و فەرمودەكانی پێغەمبەرو كۆدەنگی زانایان ناهێنین كە لە چەند كتێبدا جێگەی نابێتەوە نەوەك باوەڕی پێ‌ نەكەن یان بڵێن ئەمە دروست كراوە یان فەرموودەی ئاحادە یان قسەی زانایان بۆ باخەڵی خۆیان , ئێمەش هەین قسە بكەین !

{ۆمَن يبْتَغِ غَیْرَ الإِسْلامِ دِینًا فَلن یُقْبَل مِنْهُ} [آل عمران، آية ٨٥] واتە هەركەسێك بێجگە لە بەرنامەو شەریعەتی ئیسلام هەر دینێك بۆ خۆی هەڵبژێرێت وبیكا بە بەرنامەی خۆی هەرگیز لێی وەرناگیردرێ‌ و لە دوا ڕۆژیشدا لە ڕیزی زیانمەندانە.

{يا أَیُّهَا الّذِینَ أ‌مَنُواْ لا تَتَّخِذُواْ الْيهُودَ والنَّصَارَی أَوْلِيا‌ء} [المائدە، آية ٥١]. واتە ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە جوولەكەو گاور مەكەنە دۆست و پشتیوانتان , نە یارمەتیان بدەن و نە داوای یارمەتیشیان لێ‌ بكەن , بە هیچ جۆرێك موالات و خۆشەویستیتان نەبێت بۆیان , چونكە ئەوانە یارمتیدەری یكەن و لە دژی ئێوە دەبنە یەك دەستەو لە ڕۆژی خۆیدا گەلە كۆمەتان لێ‌ دەكەن , هەركەسێكیش دۆستایەتی جوولەكەو گاور بكات و بیانكات بەیارمەتیدەری خۆی بێشك ئەو كەسە لەوانە و بەوان دادەنری گەر چی بە ناسنامەش موسوڵمان بێت ...

• {قُلْ يا أَیُّهَا النَّاسُ إِنِّی رَسُولُ اللّهِ إِلیْكُمْ جَمِیعًا} [الأعراف، آية ١٥٨]. واتە پێغەمبەر بڵی پێیان ئەی خەڵكینە چاك بزانن كە من پەیامبەروو نیردراوی خوام بۆلای سەرجەم ئێوە, پاشان پێغەمبەریش بە جوولەكەو گاورەكان دەڵێت سوێند بە خوا هەركەستان باوەڕ بەمن نەهێنن ئەوە بەهشت نابینن و دەچنە دۆزەخ و بە گومرای دەمرن.گەر بێن بە سادەیش ئەم ئایەتانە لێك بدەینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی نەك هەر ناكرێت یەكبوونی ئاینەكان (پلورالزمی ئاینی ) دروست ببێت بەڵكو خوای باڵادەست فەرمانی دادوەر جوولەكەو گاور نەكەینە دۆستی خۆمان , بەهیچ جۆرێكیش موالات و خۆشەویستیمان بۆیان نەبێت , گەر هەڵویست خواو پێغەمبەرەكەی لەبارەی ئەو ئایینانەوە وابێت ئیتر نازانم چۆن پلورالیزمی ئایننی ئەلكێنن بە دیینەوە, بەچ حەقێك دژی ئایین دەوەستیتەوەو لەهەمان كاتیشدا دەتەوێت بەناویەوە قسە بكەیت و خۆت بە تاكە وتە بێژی دیین بناسێنیت .

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics