٧ جەمادی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

بنچینەكانی گفتۆكردن بەشی1

گفتوگۆ چەكێكی كاریگەرە بە دەستی مرۆڤەوە، بەتایبەتی بۆ مرۆڤی موسوڵمان چونكە داوای لێكراوە پەیامەكەی بەجوانیی و بەبەڵگەوە بگەیەنێت ،بۆ ئەم مەبەستەش و ئەگەر بانگخواز بیەوێت دەرەنجامی باش لە كارەكەیدا بەدەست بهێنێ پێویستە ڕەچاوی بنەماكان بكات لەمبارەوە كە زانایان و پسپۆڕان جەختیان لەسەر گرنگی كردووە ، ڕۆڵی منیش لێرەدا كۆكردنەوەی ئەو بنەمایانەیە كە بەشێوەیەكی كورت پوختە بیخەمە بەردەستی خوێنەری موسوڵمانی كورد،لە دەستپێكی ئەم باسەشدا باشترە جیاوازی بكەین لە نێوان گفتوگۆ (كە بریتییە لە قسەكردن و تاوتوێ كردنی بابەتێك لە نێوان دوو كەسدا بە نۆرە بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجام) ومشت و مڕو دەمەقاڵە و دژایەتی یەكتركردن كەزۆر جار كارێكی بێ ئاكامەو دەرەنجامی باشی لێناكەوێتەوە.قورئانیش گفتوگۆ(حوار) ی زۆر تێدایە ،بەوتەی هەندێ لە زانایان لەزیاتر لە 500 جێگەدا هاتووە، بۆ نموونە:( البقرە‌:30-32و260) (الاعراف143)(المائدە116)الصافات102) (القصص76)......بەهەمان شێوە لە سوننەتی پێغەمبەردا صلی الله علیە وسلم بۆ نموونە گفتوگۆی نێوان پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم لەگەڵ عوتبەی كوڕی ڕەبیعەدا (ابن هشام1/313).............ئەمەش گرنگترین بنچینەكانی گفتوگۆیە:

Hewar

1-نیەت

واتە دڵنیا بیت لەوەی مەبەستت خوایەوسەرخستنی ئیسلامە لەو گفتوگۆیەدا، وریابیت ئەو كارە مەزنە لە خۆت نەشێوێنی بەوەی نیەتت بۆ كەسێكی تر یا شتێكی تر بێت جگە لە خوای گەورە(انما الاعمال بالنیات وانما لكل امری‌و ما نوی..).

2-هەڵبژاردنی بارودۆخی گونجاو

پیویستە ئەو كەسەی گفتوگۆ دەكات تەماشا بكات تا چەند بارۆخەكە لەباره ‌بۆ گفتوگۆكردن، پێویستە ڕەچاوی جێگەو كات و خودی كەسەكەش بكات كە جێگای مەبەستە.

3- شارەزایی تەواو

لەمەسەلەیەكدا قسە مەكە شارەزایی تەواوت نەبێت ، ئەگینا شەرمەزار دەبیت و بیرۆكەكەش ناشیرین دەكەیت ، چونكە خەڵكی زۆر جار كاریگەر دەبن بە بیرۆكە ئەگەر بەرجەستە بێت لە هەڵگرەكەیدا، لێهاتوویی ڕازیكردنە بۆ خوای گەورەو دیاردەی ڕێزگرتنیشە لە خۆو و لە خەڵكی .

4- خەڵكی هەموویان یەك شێواز نین

بەڵكو جیاوازییان لە عەقڵ و تێگەیشتن و ئاستی ڕۆشنبیریدا هەیە ، ئەو بەڵگەش بۆ فڵان دەگونجێت مەرج نییە بۆ كەسێكی تر بگونجێت، ئاستی بەرانبەرەكەت بزانه كە گفتوگۆی لەگەڵ دەكەیت ، بۆ نموونە قوتابی وزانا و گەورەو بچووك وژیر و گێل ناكرێت بە یەك شێواز قسەیان لەگەڵ بكرێت.

5- قسەكردن بۆخۆت قۆرخ مەكە

ئەو كەسەی گفتوگۆ دەكات پێویستە بیری لای كات بێت ، قۆرخكردنی قسەكردن بۆ تەنها خۆت وەكو قۆرخكردنی خواردنە بۆ تەنها خۆت هەردوكیان ناشیرینن.خوای گەورە یەك زمان و دوو گوێی بۆ مرۆڤ دروست كردووە بۆ ئەوەی كەم قسە بكات و زۆر گوێ بگرێت.درێژكردنەوەی قسەكردنیش نەخۆشییەكە زیانی لە سوودی زۆرترە، هۆكارەكانیشی دەگەڕێتەوە بۆ:

-خۆپەسەندكردن و واگومانبردن كەزانستەكەی تازەیە.

- حەزی ناودەركردن و ستایشی خەڵكی.

- بێ ئاگایی لە ئاستی بەرانبەر.

6- گوێـــــــــــگرتن

قسەكەری لێهاتوو پێویستە گوێگرێكی لێهاتوو بێت ، قسە بەبەرانبەرەكەت مەبڕە ، چونكە ئەویش پێی خۆشە گوێی لێبگریت ، زۆر جار خەڵكی بە گوێنەگرتن لە بەرانبەرەكەیان ناتوانن شوێنەوارێكی چاك لە دڵیاندا بەجێبهێڵن .

دیل كارنیجی لە كتێبی( كیف تكسب الاصدقا‌و) دەڵێت: گەر دەتەوێت خەڵكی لەدەورت بڵاوە بكەن و گاڵتەت پێ یكەن كاتێك پشتیان تێ دەكەیت : فەرموو پێت بڵێم پیویستە چی بكەیت: هەلی قسەكردن بەكەس مەدەو بەبێ وچان قسە بكە ، ئەگەر بیرۆكەیەكیشت بۆهات چاوەڕوانی بەرانبەرەكەت مەكە لەقسەكەی بێتەوە چونكە ئەو زیرەكی تۆی نییە، بواری مەدەو خۆت هەڵقورتێنە ناو ئاخاوتنەكەی!

7- چاودێری خۆت بكە

وریای خۆت بە لەكاتی ئاخاوتندا ، ئایا دەنگت بەرز نییە؟ئامۆژگارییەكەی لوقمانت لەبیر نەچێت بۆ كوڕەكەی:(واقصد فی مشیك واغچچ من صوتك ان انكر الاصوات لصوت الحمیر).

وریابە لە ڕوخسارتدا ، یان لە شێوازی قسەتدا ، یان لە ئاماژەی دەستدا، خۆبەزلزانیت پێوە دیار نەبێت ، ئەگەرنا خێرا خۆت چاككەرەوە ، ئەگەر پێویستیشی كرد داوای لێبوردن بكە ، خۆت بەدەستی عاتیفەوە مەدە وببیتە وتارخوێن !مەبە كۆپیش لەسەر كەسێكی تر چونكە خەڵكی بێزارن لە دووبارەبوونەوە

8- قسەڕوونی و زمانپاراویی

دەربڕینی بەهێزو زمانپاراوی و قسەكردنی جوان كۆڵەكەی ئاخاوتنی بەهێزن، چەندین حەق بەزایە چوون بە هۆی لاوازی دەربڕینەوە ، چەندین ناحەقیش سەركەوت بە هۆی بەهێزیی دەربڕینەوە، دەگێڕنەوە ئەحمەد شەوقی خۆی شیعرەكانی خۆی نەدەخوێندەوە، گەر وایبكردایە بەشێكی لە جوانی هۆنراوەكانی لە دەست دەدا بەهۆی لاوازی و ساردی خوێندنەوەكەی.

هەروەها قۆستنەوەی هەلێكی گونجاو بو قسەیەكی خۆش یان نوكتەیەك ، یان باسێكی ناوازە ، مایەی بەهێزییە بۆ ئەو گفتوگۆیە.

9-هێنانەوەی پەندو نموونە

قسەكەری ژیر ئەوكەسەیە كە دەزانێت چۆن پەندونموونەی گونجاو لە شوێنی خۆیدا بەكاردەهێنێت بۆڕوونكردنەوەی بیرۆكەكەی .

دەگێڕنەوە زانایەك نموونەی لە سەر مەزنیی پەروەردگار هێنایەوەو فەرمووی: گڵای دار توو ، یەك ڕەنگ و یەك تامی هەیە ، كەچی كرم دەیخوات دەیكاتە ئاورێشم ، هەنگ دەیخوات دەیكاتە هەنگوین ، مەڕو ماڵاتیش دەیخۆن و دەیكەنە پشقل و پیسی، ئاسكیش دەیخوات و دەیكاتە بۆنی میسك، جا گەورەیی بۆ ئەو خوایە كە مەزنترین پەروەردگارە.

گەر بێت و قسەكەرێك تاكو ئێوارە باسی خۆنەویستی بكات ، ئەوەندەی ئەو بەسەرهاتەی سێ بریندارەكەی جەنگی یەرمووك كاریگەری نابێت كە هەریەكە لەوانە دەیووت با براكەم لە پێش من ئاو بخواتەوە تاكو هرسێكیان گیانیان سپارد.

(باسەكە درێژەی دەبێت انشا‌ء اللە.)

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics