هەینی، ٢٨ سەفەر، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

ڕۆڵی گەنج لە بانگەوازی ئیسلامیدا.

گەنج كێیە؟.دكتۆر: خالید حەمەصالح

+ كۆمەڵێك پێناسەمان هەیە بۆ گەنج هەندێك پێناسە پێوەری دەروونی بەكار دەهێنێت، هەندیكی تریش پێوەری لاشە و گەشەی جەستەیی بەكار دەهێنێت، هەندیكی تر لایەنی كۆمەڵایەتی و سۆسۆلۆژی بەكار دەهێنێت، ئەو پێوەرەی كە ڕێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان بەتایبەتی یونسكۆ بەكاری دەهێنێت پێوەری جەستەییە كە گەنج بەو كەسانە پۆلێن دەكات كە تەمەنیان لە نێوان ١٥تا ٣٥ساڵدایە، ولەم قۆناغەدا مرۆڤ زۆرێك لە توانا جەستەیی و دەرونیی و هزریەكانی بەرەو كامڵ بون دەچێت.

بانگەواز چیە؟.

+ لە پێناسەی زمانەوانیدا بانگەواز بریتیە لە بانگ كردنی خەڵكی بۆ هەر بۆچون و ئایدیایەك، ئیتر ئەو ئایدیایە حەق بێت یان باگیل بێت بەم بەم كارە دەڵێن بانگەواز، بەڵام ووشەی بانگەواز لە زاراوەی ئیسلامیدا بریتیە لە بانگ كردنی خەڵكی بۆ پەیامی خودا و ئاینی پیرۆزی ئیسلام.

مەبەست لە ئیسلامی بون چیە؟

+ ئیسلامی بەهەمو ئەو كەسانە دەووترێت كە ئاینی پیرۆزی ئیسلامیان وەك بەرنامەی ژیان هەڵبژاردبێت، ودیدو بۆچونەكانیان هەڵقوڵاوی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت، وفەرمان و ڕێنمویەكانی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەنگی دابێتەوە، جا ئەم جۆرە كەسانە كە هەڵگری ڕاستەقینەی پەیامی پیرۆزی ئیسلامن بەزارەوەی خەڵكی عەلمانی پێیان دەوترێت ئیسلامی كە ئەو یائە یائی نیسبەیە.

گەنجی بانگەوازكار كێیە؟ بانگەوازی كێبكات؟

+گەنجی بانگەوازكار بە هەمو ئەو كەسانە دەووترێت كە بە گوفتارێك، یان ڕەفتارێك، یان هەڵوێستێك هەوڵبدەن چاكسازیەك لەناو كۆمەڵگادا بكەن، و خەڵكی بەرەوە پەیامەكەی خوا بانگهێشت بكەن، بۆیە بەم پێوەرە پێویستە هەریەكێك لە ئێمە بانگخوازبین و پشكێكی ئەم ئەركە پیرۆزە بخەینە سەر شانی خۆمان. چونكە هەر یەكێك لە ئیمە بەشی ئەوەندە زانست و زانیاریمان پێیە كە خەڵك بانگ بكەین بۆ ڕێبازی خودا، ئەمەیش مانای ئەوە نیە كە ئەو كەسەی پێی دەوترێت بانگخواز ئیتر پێویستی بە كەس نەبێت وبەخۆدا چونەوەی پێویست نەبێت، چونكە هەمومان لەهەر ئاست و پۆستێكدا بین بایی ئەوەندە كەم و كوڕیمان تێدایە كە بانگ بكرێین بۆ ئەوەی ئەو لایەنە كەمو كوڕیانەی خۆمان چاك بكەین.

ئایا ئیسلام تا چەند ڕێگای بەو چینە داوە بۆ كاری بانگخواز؟

+ ئێمە وتمان هەمو یەكێك لە ئیمە لە دیدی ئیسلامدا گرنگی خۆمان هەیە لە كاری بانگەوازدا، پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم)كەباسی فەرمانكردن بەچاكەو بەرگریكردن لە خراپە دەكات ئەگەر بەووردی سەیری فەرمودەكە بكەین دەفەرموێت: [مَنْ رَأَی مِنْكُمْ مُنْكَرًا فَلْیُغَیِّرْهُ بِيدِهِ]. واتە: هەركەسێك لە ئێوە خراپەیەكی بینی با بەدەست بیگۆڕێت (فَإِنْ لمْ يسْتَطعْ فَبِلِسَانِهِ). ئەگەر نەیتوانی بەدەست بیگۆڕێت با بەزمان هەوڵی گۆڕانی بدات. (فَإِنْ لمْ يسْتطعْ فَبِقَلبِهِ). ئەگەر هەر نەیتوانی ئەوە با بەدڵ پێی ناخۆش بێت، دواتر دەفەرموێت: (وذَلِكَ أَضعَفُ الإِیمَانِ). ئەوەیش لاواز ترین پلەی باوەڕە.

كەواتە فەرمودەكە فەرمان كردن بە چاكە و نەهی كردن لە خراپەی نەكردۆتە ئەركی هیچ چینێك یان دەستەیەك بەڵكو ئەركی هەمو كەسێكە كە خراپەیەك ببینێت پێویستە هەوڵی گۆڕان و چاككردنی بدات.

بەڵام دیارە ئەم ئەركە بەپێی شارەزایی وپسپۆڕی تاكەكان جیاوازە ئەوانەی شارەزاییان زیاترە زیاتر بەرپرسن بەرامبەر بە هەستان بەو ئەركە، وهەمو كەسێكیش بەپێی شارەزایی خۆی بەرپرسە.

 

وەسائیلەكانی لاوی بانگخواز لەسەردەمی كۆندا چیبون ئیستا چین؟

+ ئامێرەكانی بانگەواز لە كۆندا زیاتر سادەیی پێوە دیار بوە و لەسەر بنەمای پەیوەندیە تاكە كەسیەكان یان خێزانیەكان یان پەوەیندیە كۆمەڵایەتیە تەسكەكاندا خۆی دەبینیەوە، بۆ نمونە دووكەس بەیەك گەیشتون قسەیەكی خێریان بۆ یەك كردوە، یان مامەڵەیەكیان هەبوە، یان لە گەڕەكێكدا دراوسێبون، یان لە مزگەوتێكدا یەكتریان بینیوە، یان كەسێك لە ناو خێزانەكەیدا خۆیدا ڕۆڵێكی باشی بینینوە، بەڵام ئەمڕۆ ئامێرەكانی بانگەواز زۆر لەمانە جیاوازتر و فراوانترن، ئەمڕۆ هەرچی ئامێری بینراو و بیستراو لەبەردەستدایە و دەكرێت بخرێتە خزمەتی بانگەوازەوە، ئەمڕۆ بەشێوازێك كاری بانگەواز ئاسان بوە كە هیچ كەس پاساوی ئەوەی نەماوە كە نەتوانێت بانگەواز بكات مەگەر كەسێك خۆی زۆر خەم سارد بێت.

شێوازەكانی بانگواز لەناو گەنجاندا دەبێت چۆنبێت؟

+ شێوازی بانگەواز نەك تەنها لەناو گەنجدا بەڵكو لەناو هەمو چین و توێژێكدا پێویستە ئەو بانگەوازە لەئاستی عەقڵ و ڕۆشنبیری گەنجدا بێت چونكە ناكرێت ئەو بانگەوازەی كەتۆ بانگەوازی خەڵكێكی نەخوێندەواری پێدەكەیت هەمان شێواز و گوتاری بانگەواز بەكار بهێنیت بۆ چینێكی خوێندەوار كە لەناو زانكۆ و پەیمانگاكاندا دەخوێنن، یان ئەو بانگەوازەی كەچینی پیشەوەرانی پێدەكەیت هەمان بانگەواز بێت بۆ چینەكانی تریش، بەڵكو هەمو چین وتوێژێك شێوازی بانگەوازی جیاوازە لەوی تر، بۆیە ئەو گوتارەی لەگەڵ گەنجان قسەی پێ دەكرێت، پێویستە گوتارێك بێت لەئاستی بیری و ژیری لاواندا بێت، وەڵامی هەمو پرسیارەكانیان بداتەوە، وكێشەكانیان چارەسەر بكات، وە خاڵ بخاتە سەر پیتەكان بەتایبەتی ئەو خاڵانەی كەلای ئەوان جێگەی پرسیار و تێڕامانە.

بۆچی هەندێك لە گەنجان لەكاتێكدا كە كەمێك لەكاری بانگەواز فێردەبن، یاخود كەدەناسرێن لادەدەن بەلایەكی تردا وەك بەسیاسی بون بە بازرگان بون یاخود دانیشتن و وازهێنان لەو كارە ...هتد.

+ ئەمە یەكێكە لە كێشەكانی گەنجان و بەداخیشەوە ئەوە ئاماژەیەكی خراپە لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسانە وەكو پێویست لە كار و ئەركی بانگەواز تێ نەگەیشتوە، چونكە ئەو كەسەی كە ئەركی بانگەواز دەگرێتە ئەستۆ پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ و هەنگاو بە هەنگاو زیاتر لەكاری بانگەوازدا قاڵ و قوڵ بێتەوە، وبەردەوام دڵسۆزی بۆ كاری بانگەواز زیاتر و پتەو تر بێت، هەر چەندە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە ئەو كەسەی سەرقاڵی كاری بانگەواز بێت ئیتر نابێت هیچ كار یان پیشەیەكی تر بكات، چونكە ئەوەیش بۆ دابین كردنی بژێوی ژیانی مرۆڤ پێویستە، بەڵام نابێت هیچ كات ئەمە لەسەر حسابی كاری بانگەواز بێت لە هیچ ڕویەكەوە.

ڕۆڵی لاوان لەسەر ساحەی ئیسلامی كوردستان ؟

+ سوپاس بۆ خوای گەورە ڕۆڵی لاوان لەكاری بانگەوازدا ڕۆڵێكی ئیجابی و لەبەر چاوە، ئەگەر ئێمە بەراوردێك بكەین لەنێوانی لاوانی ئەمڕۆ لەگەڵا لاوانی چەند ساڵێكی پێش ئیستا دەبینین ئەمڕۆ لاوانێكی باش لەئاستی ڕۆشنبیری و ئاستی زانستی لە كاری بانگەواز هاتونەتە پێش، بەشێوەیەك كە ئەمڕۆ كەم بواری زانستی و ڕۆشنبیری هەیە لاوانێكی خوێن گەرم و خواناس ئەسپی خۆیان تێدا تاو نەدابێت و پێشەنگی هاوڕێكانی خۆیان نەبن لەو بوارەدا.

بەڕای تۆ بۆچی بانگەوازكارەكان لە كوردستان بەسەر لایەن و حیزبەكاندا دابەش بون، سودو زیانەكانی ئەم دابەش بونانە بەلاتانەوە چۆنە؟

+ ئەمە خۆی بۆ خۆی لایەنێكی ئیجابی و سلبیشی هەیە، زیاتر دەكەوێتە سەر كەسی بانگخواز خۆی ئەو كەسەی كە خۆی ناو ناوە بانگخواز چ لەدەرەوەی لایەنێكی سیاسی بێت، یان لە ناو لایەنێكی سیاسیدا بێت پێویستە نیەتێكی نەگۆڕی هەبێت، كە بریتیە لە خزمەتكردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام زیندو كردنەوەی میراتی پێغەمبەران و بەدەست هێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە.

هەروەها پێویستە لەوە حاڵی بێت، كە كاری سیاسی وحیزبی وەسیلەیەكە بۆ گەیشتن بە ئامانجە بنەڕەتیەكان نەك خۆی لەخۆیدا ئامانج بێت، هەر چەندە من پێم وانیە ڕێگرێك هەبێت بۆ كەسی بانگخواز كە لەناو لایەنێكدا بێت، كە قەناعەتی پێی هەبێت، بەڵام ئەمە نابێت وای لێ بكات، كە خۆی و بۆچونەكانی وچالاكیەكانی قەتیس كات لەناو بازنەی بەرژەوەندی تەسكی حیزبەكەی خۆیدا، بەڵكو پێویستە بەشێوەیەكی گشتی خۆی بەموڵكی ڕابونی ئیسلامی بزانێت، وگشت لایەنەكانی بەیەك چاو سەیر بكات، وبەیەك ئاستیش خزمەتی ڕابونی ئیسلامی و بەرژەوەندیە باڵاكانی بكات.

دەبێت چیبكرێت تا لەكوردستان بانگخوازی نمونەیی دروست بكرێت؟

+ دروست كردنی بانگخوازی نمونەی ئەركێكی گشتی هەمە لایەنەیە و بەپلەی یەكەم دەكەوێتە سەر شانی كەسی بانگخواز خۆی، كە چۆن خۆی پەروەردە دەكات و تا چەند نیەتی لەگەڵ خوای گەورە یەكلا دەكاتەوە، قوربانی بەخۆی و بەرژەوەندیەكانی دەدات، لە پێناو سەرخستن و برەو دان بەكاری ئیسلامی، سەرخستنی بەها باڵاكانی.

پشكێكی تری ئەم ئەركە دەكەوێتە سەر شانی لایەنە سیاسیە ئیسلامیەكان، كە چۆن كادیر و بانگخوازەكانیان ئاراستە دەكەن و چۆن ڕاڕەوی كاریان بۆ دیاری دەكەن، لەسەر كام بنەما پەروەردەیان دەكەن.

بۆ ئەم مەبەستەیش ئێمە پێویستمان بە دروست كردنی پەیمانگای تایبەتە بۆ دروست كردن و پێگەیاندنی بانگخوازی سەركەوتوو بەهرەمەند و شارەزا لەگشت بوارە زانستی و شەرعیەكاندا، هەرچەند هەوڵ لەم جۆرە هەیە وكاری بۆ كراوە بەلام بەداخەوە نە بەرهەمی بەرچاوی هەیە و نە لەئاستی پێویستیشدایە، بۆیە پێویستی بەگرنگی زیاتر وهەوڵی چڕتر هەیە.

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics