٣ ذول قەعدە، ١٤٣٨هـ
قەبارەی نووسین

قیامەت لەپێشترە يان دنیا؟

Quranxwendn

ئەمەوێ‌ پێتان ڕابگەیەنم كەوا لەهەموو كارێك لەكارەكانتانا فەزلی ئەو دنیا بدەن بەسەر ئەم دنیادا‌و بەختیاری ئەو دنیا تاكە مەبەستی ئەم دنیایەتان بێت.

لەزۆربەی ئایەەتكانی قورئانی پیرۆزدا ڕۆشن كراوەتەوە كەوا ئەو دنیا یانەی هەمیشەییە. . یانەی ژیانە. مەنزڵی نەبڕوەو هەتا هەتایی ژیانی ئادەمیزادە. ئێمە تەنها بۆ تاقیكردنەوە نیچردراوینەتە ئەم دنیا كورت ژیانەوە، تادەركەوێ‌ كێ‌ لەئێمە ئەیسەلمێنێ‌ كەشایانی بردنەوەی بەهەشت‌و نیعمەتەكانی خوایە لەڕێگەی چاك بەكارهێنانی ئەوەی پێی دراوە لەم دنیایەدا، چ لەكەلوپەلی كەم‌و چ لەهەڵسوكەوت‌و پشووی كەم دەرەتانەوە.

تاقیكردنەوەی ئێمە لەم دنیایەدا، بەدەرخستنی كارامەیمان نیە لەپیادە كردنی پیشەسازی‌و بازرگانی‌و كستوكاڵی‌و دەوڵەت دامەزراندنا، یان لەدروستكردنی بیناو شەقامدا، یاخۆ لەپێكەوەنانی شارستانیەتیەكی پێشكەوتووانەی جواندا نیە بەڵكو لەجێبەجێكردنی مافی جێنشین كردن (خلافة)ی خوادایە لەسپاردەكانیا. ئایا ژیانی ئەم دنیایەمان بەیاخی ببون لەخوا یان بەملكەچی بۆ یاساكەی بەرینە سەر؟ ئایا. .ئایا بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی خوا یان ڕەزامەندی دەروونی خۆمان یاخۆ ڕەزامەندی ملهوڕان كار بكەین؟ ئایا خەباتمان ئاڕاستە بۆ ڕازاندنەوەی زەوی بەپێی پێوەری خوا بكەین یان ئاڕاستەی بكەین بۆ زۆر كردنی بەدكاری‌و تیا چوونی كێڵگەو بەرەی ئادەمیزاد؟ ئایە بەرهەڵستی هێزە شەیتانیەكان بكەین‌و پەل‌و باڵیان بشكێنین یاخۆ خۆمان بدەین بەدەست ستەمیانەوە‌و گەردن كەچی یاساكانیان بین؟

بەڵێ‌، تاقیكردنەوەی باوە گەورەمان"ئادەم" لەبەهەشتا هەر لەم كارەدا بوو. تاقیكردنەوەی ئێمەش بۆ بردنەوەی بەهەشتی پڕ نەبڕاوە لەدواڕۆژ، هەر لەم كارەدایە. پێوەری ڕاستەقینەی سەركەوتن یان كەوتنمان كامەیە؟ كێ‌ لەئێمە لەسەر تەخت‌و كورسی حوكم ئەو تاقیكردنەوەی بەخۆیەوە دی‌و كێمان بەهەڵواسراوی بەسێدارەوە؟ كێمان تاقیكردنەوەكەی لەپێدانی دەستەڵاتی بەرزو فراواندایە‌و كێمان لەپێدانی ماڵێكی بچووكی هەژارییدا؟!

ئەم بارودۆخە كاتی‌و لاوەكیانەی كاتی تاقیكردنەوە، ئەگەر بێتو لەبارو گونجاو بن، نابنە بەڵگەی دۆڕاندن‌و بەد بەختی ئادەمیزاد. ئەوەی كەبەڵگەی سەركەوتن‌و بەختیاری نەبڕاوەی تێدا ئەدرەوشێتەوە لەحەقیقەتی ئەم كارەدا، بریتیە لەوە ئادەمیزاد بیسەلمێنێ‌ كە لەژیانیا بەندەیەكی بەوەفای خوایە، بەدوای ڕەزامەندی خوادا ئەگەڕێ‌ لەهەر شوێنێكا ببێ‌‌و بۆ تاقیكردنەوەكە هەر شتێك پێی درا بێت درێخی لێنەكات.

برایانم‌و خۆشەویستانم! ئەم ڕاستیەی كەخستمە بەر دەستتان ئەوەندە بەس نیە كەیەكجار بیخوێننەوە یان یەكجار لێی تێبگەن بەڵكو ئەبێت هەوڵێكی زۆر بدەن تالەبیرتان نەچێتەوە، ئەبێ‌ لەمێشكتانا پێداویستیەكانی نەخش ببن‌و هەمیشە بزرنگێنەوە، چونكە ئەگەر وانەكەن بێئاگا ئەبن لێی، ئەوساش لەپێناوی دنیادا بێئاگا ئەبن لەو دنیاتان‌و هەموو بایەخدانێكتان ڕوو ئەكاتە ئەم دنیایەتان.

هۆی ئەوەش ئەمەیە، ئەو دنیا حەقیقەتێكی پشت سنووری هەستكارو هەست (الحواس والمشاعر)ەكانە، لەم دنیایەدا لەبەر ئەوەی ناتوانن پەی لێبەرن‌و پەی بەئەنجامە چاك‌و ناچاكەكانی بەرن، سامەگەر بەهۆی بیر‌و ماندوو بوونی مێشكەوە بتوانن پەی پێ ببەن. بەڵام ئەم دنیاـ بەپێچەوانەی ئەوەوەـ شتێكە هەستی پێئەكەن، تاڵی‌و شیرینی ئەچێژن، ئەنجامە چاك‌و ناچاكەكانی لەهەموو كاتەكانی ژیانتانا بەبەر چاوەوەن، لەبەر ئەوە هەمیشە هەوڵ ئەدات كەدەسخەڕۆتان بكات بەوەی ئەنجامەكانی ئەنجامی ڕاستەقینەن.

ئەو دنیاتان ئەگەر بشێوێت ئەوا تەنیا لەزەمیرتاناـ بەمەرجێ‌ زەمیرتان زیندوو بێت ـ هەست بەتاڵییەك ئەكەن.بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم دنیاتان بشێوێت، هەموو ئەندامێك لەئەندامەكانی لەشتان هەست بەچان‌و سۆ ئەكات. هەروەها هەریەكە لەمناڵەكانتان، خزم‌و دۆستەكانتان، كەسانی كۆمەڵگەكەتان بەتاك‌و بەكۆمەڵ هەستی پێئەكەن‌و وایش لەئێوە ئەكەن كەهەستی پێبكەن كەچی ئەو دنیاتان ئەگەر چاك بێت ئەوا تەنیا لەسوچێك لەسووچەكانی دڵتانەوە هەست بەشیرینی ئەكەن، ئەویش بەمەرجێك ئەو سووچە دووچاری دەردی بێئاگایی نەبوو بێت، خۆ ئەگەر ئەم دنیاتان چاك بێت ئەوا سەراپای بوون (وجود)تان چێژی لێ‌ ئەبینێ‌، هەموو هەستكارەكانتان هەستی پێئەكەن‌و كەسانی كۆمەڵگەكەشتان بەتێكڕا بەشداری ئەو هەست پێكردنەتان ئەكەن.

ئائەمەیە هۆی ئەوەی كەباوەڕداری بەئەو دنیا ئەگەر لەڕووی عەقیدەشەوە زەحمەت نەبێت، لەڕاستیدا لەڕووی بەسەر بردنی ژیانەوە بەپێی پێداویستیەكانی زەحمەتە، زەحمەت لەوەدا كەئادەمیزاد بیكات بەتەنیا ڕووگەیەكی هەنگاوەكانی. بەتاكە بنەڕەتی یاسای كارو كردەوەو ڕەوشتی. دنیا بەسووك زانین هەرچەندە بەزمان ئاسانە، بەڵام ئاسان‌و سووك نیە‌و هەرگیز ئاسانیش نابێت كەدڵتان لەداواكردن‌و خۆشویستنی داماڵن. ئەم چۆنایەتیەـچۆنایەتی خۆداماڵین لەخۆشەویستی‌و بار سووكی دنیاـ دامەزراندنی لەدڵدا پێویستی بەتێكۆشانێكی گەورەی نائاسایی هەیە. بەڕنجێكی هەمیشەیی‌و بێوچان نەبێت، ناتوانن لەدەروونتانا ڕاگیری بكەن.

سازكردنی ڕێگەكانی غەم خواردنی ئەو دنیا

ڕەنگە بەدوای باسەكەی پێشوودا بپرسن: "چۆن بەو تێكۆشانە هەڵسین‌و لەو ڕووەوە پەنا بەچی ببەین؟".پێشتر گوتم، ئەو تێكۆشانە دوو ڕێەی هەیە، ڕێگەی فیكری‌و عەمەلی.

رێكەی فیكری هەر ئەوەندە بەس نیە كەبەزمان بڵێین "باوەڕمان بەڕۆژی دوایی هەیە" ، بەڵكو پێویستە دەروونی خۆتان ڕابێنن‌و ڕمی بكەن لەسەر خوێندنەوەی قورئان بەو پەڕی وورد بوونەوەو بیر لێكردنەوەوە، ئێوە لەم ڕێگەیەوە جیهانەكەی تر لەدوای پەردەكانی جیهانی ژیانی ئەم دنیایەوە ووردە ووردە ئەبینن، نەك بەچاوی سەر بەڵكو بەچاوی دڵنیایی. خۆ قورئانی پیرۆز یەك لاپەڕەی لەیادی ڕۆژی دوایی.بەشێوەی جۆر بەجۆرو ڕێگەی زۆرو زەبەندە چۆڵ نییە. لەزۆربەی ئایەتەكانیدا، ئەبینین ڕۆژی دوایی زۆر بەدرێژی وێنەكەی خراوەتە بەر چاو، هەر وەك ئەوە وایە كەكەسێك باسێكتان بۆ بگێڕێتەوە خۆی بەچاەی خۆی بابەتی باسەكەی دیبێت، بەڵكو لەهەندێ‌ ئایەتیا بەڕێگایەكی قەشەنگ وێنەی كێشاوە بەشێوەیەكی وەها كاتێ‌ ئادەمیزاد ئەو ئایەتانە ئەخوێنێتەوە وا هەست ئەكات كەخۆی مردووەو لەجیهانەكەی تردایە.

لەبەر ئەوە پێتان ئەڵێم، ئەگەر خۆتان ڕاهێنا لەسەر خوێندنەوەی قورئان بەبیر لێكردنەوەو سەرنج كارییەوە بەجۆرێكی ڕێك‌و پێك‌و بەردەوام، لەوانەیە ووردە ووردە غەم خواردنی دوا ڕۆژ زاڵ بێت بەسەر مێشكتاناو ببێتە هەستێك هەرگیز بەجێتان نەهێلێت‌و واهەست بكەن مەنزڵگەی نەبڕاوەو هەمیشەییتان دوا ڕۆژەو ئەبێ‌ لەم دنیا بڕاوەیەدا خۆتانی بۆ ئامادە یكەن‌و توێشووی بۆ بپێچنەوە.هەروەنك ئەم چۆنیەتی بیركردنەوەیە بەقورئان خوێندن بەهێز ئەبێت، هەر بەو جۆرەش بەدیراسەكردنی ژیانی پێغەمبەرصلی اللە علیە وسلم‌و فەرموودەكانی بەهێز ئەبێت، پێغەمبەرصلی اللە علیە وسلم لەزۆربەی فەرموودەكانیا هەواڵی ژیانەوەی دوای مەرگ‌و هەواڵی ترس‌و بیمی دوا ڕۆژی بەدرێژی بۆ باس كردووین، وە ئەشتواننه بەدیراسەكردنی كتێبەكانی فەرموودەو ژیانی پێغەمبەرصلی اللە علیە وسلم‌و ژیانی یارەكانی رچوان اللە علیهم بزانن ئەوان چۆن گیانی خۆیان بەغەم خواردنی دوا ڕۆژ هەمیشە تێر‌و تەسەلە ئەكرد.

هەروەها بۆ بنج بەست كردنی ئەم چۆنیەتییە لەمێشكتانا، لەسەرتان پێویستە كەپەنا بەرنە بەر سەردانی گۆڕەكان، تەنیا مەبەستیش لەسەردانی گۆڕەكانداـ هەروەك پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم ڕۆشنی كردۆتەوەـ ئەوەیە كەئادەمیزاد مەرگی بیر بكەوێتەوە تا كەلوپەلی ئەم دنیایە نەیپەشۆكێنێ‌و لەبیری نەچێت كەوا دوا ڕۆژ یانەی ئارام گرتن‌و ژیانی هەمیشەییەو هەر ئەبێ‌ بەرەو ئەوێ‌ بگەڕێینەوەو چەنهدەها لەپێش ئێمەوە چوون بۆ ئەوێ‌‌و چەندەها چاوەڕوانی گەیشتن بەوان ئەكات.

بەڵام ئەوەی كەلەم ڕووەوە ئەبێت فەرامۆشی نەكەین ئەمەیە، ئەو گۆڕانەی كەنەفامەكان كردوویانن بەمەڵبەندی یارمەتیدان‌و دەسباردان كەڵكیان زۆر كەمە، لەكاتێكا گۆڕی زۆربەی موسڵمان‌و هەژارەكانیان‌و گۆڕی پاشاو پیاوە گەورەكانیان كە بەپڕو پیتاك دیاری نەكراون كەڵكیان لەسەر لێداندا زۆرەو خەڵك فێری ئادابی ڕاوەستان لەبەر دەم پاشاو پیاوە گەورەكاندا ئەكات.

ڕێگەی كرداریش ئەمەیە: هەمینێكی ئێوە لەم دنیایەدا ئەژین، لەژیانی خێزانداریتانا لەگەڵ كەسوكارو دۆشت‌و برادەرو دراوسێ‌ ناسراوتانا، لەهەموو لایەنەكانی بازرگانی‌و ئابوریدا دووڕیان (مفرق)ێك دێتە ڕێتان كەدوو ڕێگەی جیاوازی لێئەبێتەوە، هەڵبژاردنی یەكێكیان گونجاو‌و لواوی باوەڕداریتانە بەدوا ڕۆژ‌و هەڵبژاردنی ئەوی تریان گونجاو‌و لواوی پەشۆكاندنتانە بەم دنیایەوە، یبەخۆكردن بە بەندەی پڕو پیتاكی بێ نرخیەوە جالەم حۆرە بارودۆخانەدا پێویستە لەسەرتان كەجڵەوی دەروونی خۆتان توند بگرن هەتا لەڕێگەی یەكەم نەتان ترازێنێ‌.

خۆ ئەگەر بەهۆی لاوازیتانەوە یان بەهۆی بێئاگایتانەوە ڕووتان كردە ڕێگەی دووەم، پێویستە ئەوپەڕی هەوڵ بدەن تا لەیەكەمین ڕچڵەكینا بگەڕێنەوە بەرەو دوا هەرچەندە چەندەها هەنگاویشتان نابێت. ئەمجا پێویستە دەست لەلێپرسینەوەی دەروونی خۆتان هیچ كاتێك هەڵنەگرن‌و هەمیشە بزانن. لەهەنگاوناندا بەرەو ڕۆژی دوایی چەند سەركەوتوون، وەدنیا چەند سەركەوتووە لە لادانتانا لەڕێگەی ڕۆژی دوایی‌و لەڕاكێشانتانا بەرەو لای خۆی. ئابەم ڕیێگە كردارییە دەروونی خۆتان ئەناسن‌و ئەزانن تاچ پلەیەك بیری رشۆژی دوایی لەدڵتانا ڕوواوە. ئەزانن چ كەموكورتییەك لەناختانا ماوەو ئەوساش بیر لەچارەكردنی ئەكەنەوە.

جا ئەگەر ئەو كەموكورتییە لەو جۆرانە بێت كە بەخۆتان چارەسەر ئەكرێ ئەبێت لەخەبات كردنی چارەسەر كردنیا لەلایەن خۆتانەوە كەمتەرخەمی نەكەن، خۆ ئەگەر لەو جۆرانە بوو كەبەخۆتان چارەسەر نەكریِ‌و ئەبێت پەنا بەرنە بەر هۆكاری دەرەكی بۆ ئەم چارەسەركردنە پێویستە لەسەرتان كە لەتێكەڵی كردنی بەندەكانی دنیا دوور بكەونەوەو تێكەڵی ئەو پیاو چاكانە بكەن كەوا ناسراون بەوەوە كەفەچلی دوا ڕۆژ ئەدەن بەسەر ئەم دنیایەدا.

بەڵام ئەوەی كەئەبێت زۆر باش بیزانن‌و ئاگاداری بن ئەوەیە تائێستاش ئەم دنیایە ڕێگەیەكی تێدا نەدۆزراوەتەوە كەبتوانێت سیفەتێكی ڕەوشتیتان بۆ دروست بكات یان دووری بخاتەوە لێتان بەبێ‌ ئەوەی خۆتان جۆرە هەوڵێكی بۆ بدەن، یان بتوانێت كەسیفەتێكیان بۆ بهێنێتە كایەوە كەسیفەتەكە لەبنەڕەتا مادەكەی تیاتانا هەر نەبوو بێت.

بایەخدان بەلایەنەكانی ماڵەوە

لەگەڵ ئەوەشدا فرمانێكی تر لەسەر ڕێدایەو ئەمەوێ‌ لەم ڕووەشەوە ئامۆژگاریتان بكەم، ئەویش ئەمەیە كەهەموو هەوڵێكتان ڕوو بكەنە چاككردنی مناڵەكانتان‌و كەسانی ماڵەكانتان (قوا أنفسكم وأهلیكم نارا)ئەو مناڵ‌و هاوسەرانەتان كەوا هەمیشە بیر لەخۆراك‌و خواردنەوەو پۆشاك‌و شوێن‌و جێگا ئەكەنەوە بۆیان، پێویستە پێش هەموو شتێك بیر لەڕزگار كردنیان لەئاگر بكەنەوەو چەندێ‌ لەتواناتاندا هەیە تیچبكۆشن‌و خەبات بكەن بۆ چاككردنی سەر ئەنجامیانئن بۆ هیدایەت دانیان بەرەو بەهەشت.

جا لەدوای ئەو تێكۆشان‌و خەبات كردنەتان، لەدوای هەوڵدانتان.بۆ چاككردنیان، ئەگەر یەكێكیان بەرەو خراپە چوو، دیارە تاوانی خۆی وا لەئەستۆی خۆیاو لەڕۆژی قیامەتا ئێوە بەرپرسیر نابن. گەلێ‌ جار خەڵك لەبارەی هەندێ‌ ئەندامی كۆمەڵەكەمانەوە بۆم ئەنوسێ‌ گوایە ئەو كەسانە بیر لەپەروەردە كردن‌و چاككردنی مناڵەكانیان بەهێندەی ئەو بایەخدانەیان بەچاككردنی خەڵك لەدەرەوەی ماڵدا ناكەنەوە. لەوانەیە ئەم سكاڵایە ڕاست بێت‌و هەندێ‌ لەئەندامانی كۆمەڵەكە وەهابن، بەڵام هەندێ‌ جار زیاد ڕەوی لەو سكاڵایانەدا ئەكرێت، چونكە بەلامەوە گرانە كە لەحاڵەتی یەكە یەكەیاندا بەجیا جیا بكۆڵمەوە، لەبەر ئەمە ئالەم ووتارەدا ئەوەندە بەسە كەدوا لەهەموو ئەندامێكی كۆمەڵەكە بكەم كارێكی بەرفراوانی گرنگ هەیە‌و ئەبێ‌ پەیڕەوی بكەن، ئەویش ئەوەیە كەئاواتی هەر یەكەیان ئەوە بێت كەچاوی خۆی بگەشێنێتەوەو سنگی خۆی بحەسێنێتەوە بەدیداری خۆشەویستەكانی لەدنیادا بەوەی كەبیانخاتە سەر ڕێگەی خێرو فامداری‌و ئاشتی "ربنا هب لنا من أزواجنا وذریاتنا قرة أعین، وا‌جعلنا للمتقین اماما".

هەروەها لەم ڕووەوە پێویستە لەسەر ئەندامانی كۆمەڵەكە، بایەخ بدەن بەچلككردن‌و ڕۆشنبیر كردنی مناڵانی كەسانی تریش، چونكە بەزۆری بینراوەو ئەبینرێت كەمناڵ ئەوەندەی كەگوێ‌ لەئامۆژگاری هاوڕێی باوكی ئەگرێت‌و بەو هاوڕێیە كاری تێئەكرێت، ئەوەندە ئامۆژگاری باوكی پەسەند ناكات‌و كاری تێناكات.

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics