هەینی، ٢ موحەرەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

پیلانەكان بۆ داڕماندنی ڕۆشنبیری ئیسلامی

ئەم ئامانجە بۆ داڕماندنی ئەو ڕۆشنبیریە ئیسلامیە كۆكارەیە كە لەسەر یەكخواپەرستی پوخت وەستاوە، ئەمەش یەكێكە لە گەورەترین ئامانجەكانی شاڵاوی هزری ڕۆژئاواگەری، دەروازەی یەكەمیش بۆ ئەمە بڵاوكردنەوەی بیردۆزەی داروین بوو كە بنەڕەتی بیردۆزەی ماددیگەریەو لەسەر چەند ئەگەرێ‌ دامەزراوە هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە كەموكورتی خۆی ڕاگەیاندووە بە بوونی ئەقڵەیەكی ونبوو كە داروین پێی نەگەیشتووە.

Hersh

ئەمەش وەك هەوڵێ‌ بۆ ئەوەی بڵێ‌ مرۆڤ و ئاژەڵا یەك سەرچاوەیان هەیە. كاتێ‌ نەیتوانی بگات بە تێگەیشتن لە سەربەخۆیی ڕەگەزەكان پەنای برد بۆ ئەمە، هەڵكەندن و گەڕانە شوێنەوارییەكان سەد ساڵا دوای ئەوە ڕاستیەكەیان ئاشكرا كردو بە تەواوەتی دەركەوت مرۆڤ سەربەخۆ دروست كراوە و هەر لە ڕۆژی یەكەمیەوە بە تەواوەتی لەسەر دوو پێ‌ چووە. هێزە شاراوەكانی پشت قەڵەمڕەوی بیانی و ئارەزوومەندانی داڕماندنی مرۆڤێتی مرۆڤ خێرا كەوتنە بڵاوكردنەوەی ئەو بیردۆزەی دارووین لە نێوەندی چەند شەپۆلێكی یەكدوای یەكدا كە باسیان لە ئاژەڵبوونی مرۆڤ دەكرد.

 

دەركەوت داروین چەند ئەگەرێكی داناوە نەك ڕاستیەكی زانستی پێشكەش كردبێ‌ و بۆ ئەوەش ئەو دەرفەتەی بۆ خۆی هێشتووەتەوە كە ناوی ناوە (ئەڵقەی ونبوو) دواتر سەربەخۆیی ڕەگەزی مرۆیی لە ڕەگەزەكانی تر دەركەوت. بیردۆزەكەی داروین بوو بە دەروازەیەك بۆ فەلسەفەی ماددی و پەیامی پەرەسەندنی ڕەها، ئەم چەمكە كە لە بازنەی بیۆلۆجیادا بوو لە بواری كۆمەڵایەتیدا بوو بە چەمكێكی گشتی تا ئەوەی هاواری پەرەسەندن بە شێوەیەكی چاك بەرزبوویەوەو ئەوەی دەخواست چەمك و واتای ڕەسەن و كۆكاری ئیسلامی لەناو ببرێ‌، ئەو چەمكەی كە چەسپاو و گۆڕاوەكانی پێكەوە كۆكردوەتەوە. پێویست بوو زانایانی موسڵمان هەڵوێستی ئیسلام بەرامبەر بە بیردۆزەكەی داروین بە دوور و درێژی و وردەكاریەوە بخەنەڕوو. چونكە قورئانی پیرۆز بۆی ڕوون كردووینەتەوە چۆن خوا یەكەم مرۆڤی دروست كردو لەچی دروستی كرد، ئینجا باس لە قۆناغەكانی گەشەسەندنی دروستبوونی مرۆڤ دەكات وەك دەفەرموێت [يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِن كُنتُمْ فِي رَيْبٍ مِّنَ الْبَعْثِ فَإِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن تُرَابٍ ثُمَّ مِن نُّطْفَةٍ ثُمَّ مِنْ عَلَقَةٍ ثُمَّ مِن مُّضْغَةٍ مُّخَلَّقَةٍ وَغَيْرِ مُخَلَّقَةٍ لِّنُبَيِّنَ لَكُمْ وَنُقِرُّ فِي الْأَرْحَامِ مَا نَشَاء إِلَى أَجَلٍ مُّسَمًّى ثُمَّ نُخْرِجُكُمْ طِفْلاً ثُمَّ لِتَبْلُغُوا أَشُدَّكُمْ]. ئەم ئایەتەو چەندین ئایەتی تر سەربەخۆ دروست بوونی مرۆڤ ڕوون دەكەنەوە. گەڕانە شوێنەواریەكانیش بوونە پشتگیری پەیامەكەی قورئان و شایەتییان دا مرۆڤ سەربەخۆ و جیا دروست كراوە، بەمە بیردۆزەكەی داروین بە تەواوەتی شكستی خواردوو داكەوت.

 

لە ڕوانگەی بیردۆزەكەی داروینەوە چەمكی پەرەسەندن لە بیری ڕۆژئاواییدا بەرز ڕاگیرا لە كاتێكدا ئەو چەمكە لەسەر نكوڵی بوونی دروستكەرو خوا دامەزرابوو، پێی وابوو سەرهەڵدانی بوونە زیندووەكان سەرهەڵدانێكی سروشتی بێ‌ دروستكەر بووە، هەموو شتێ‌ پەرەدەسێنێ‌ و بەهیچ جۆرێ‌ شتێكی چەسپاو نیە، پەرەسەندنیش لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغی دواتر بەرەو باشتر لەوەی پێشتری دەبات، ئەمەش ڕوون بوو داڕشتنی ئەم بیردۆزەیە بەم جۆرە هەوڵێ‌ بوو بۆ نكوڵی لە ڕەگەزی ڕەسەنی چەسپاو لە بوونداو دژایەتی چەمك و واتای حەقی ئایین و ڕێی بنەڕەتی بوو كە دنیای لەسەر دامەزراوە، زۆربەی زانایان ناڕێكی ئەم بیردۆزە فەلسەفیەیان ئاشكرا كرد كە زانستی ئەزموونی دانی پێدا نەدەنا، بانگخوازانی بیردۆزەی ماددی هەوڵیاندا نكوڵی بكەن لە بەها چەسپاوە ئەخلاقیەكان و دەیانوت بەپێی بارو سەردەمەكان ئەوانەش دەگۆڕێن، لەمەشدا سەیری داب و نەریتەكانیان دەكرد چونكە بیری ڕۆژئاوایی لە بنەڕەتدا نكووڵی لەوە دەكرد ئەخلاق بەشێ‌ بێ‌ لە بیروباوەڕ.

 

 

 

عەلمانیەت:

 

بەهۆی ناكۆكی نێوان كڵێساو پیاوانی زانستەوە لە ڕۆژئاوادا بیری عەلمانیەت سەریهەڵدا وەك پەرچە كردارێ‌ بۆ دژایەتی ئایین بەرامبەر دەستەكەوتەكانی زانست و جیاوازی ئەنجامی زانستی لەگەڵا ئەوەی لە كتێبە كۆنەكاندا هاتبوو. وشەی عەلمانی وەرگێڕاوە وشەی (sacular)ە. واتاكەشی نا ئایینیە، چەمكەكە سەر بە چەمك و واتایەكی ڕوونە كە بریتیە لە جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، ئەمەش ئامانجێكی ڕوون بوو كە هێزە داگیركاریەكان بە ئامانجی بەرتەسكردنەوەی سیستمی ئیسلام لە پەیڕەوی ناو كۆمەڵگەكاندا گرنگییان پێدەداو بازاڕیان بۆ گەرم دەكرد. عەلمانیەت لە ڕۆژئاوادا ئامانجێكی تری هەبوو، ئەویش دەسەڵات وەرگرتنی كەسانی نامەسیحی بوو بەسەر ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتدا لەڕێی بەرزكردنەوەی پەیامی نەتەواوی وەك بەدیلێ‌ بۆ ئایین. بەمە ئەو بەربەستانە تێكشكان كە ڕێگر بوو لەوەی جوولەكە مەڵبەندو ڕێگەی دەسەڵات لە كۆمەڵگە نێودەوڵەتیەكاندا بگرێتە دەست هەروەها هەوڵدان بوو بۆ لابردنی چەمك و واتای ئایین -بە واتا مەسیحیەكەی- لە پەروەردەو سیاسەت و فێركردن و داڕماندنی بەربەستە ئەخلاقیەكانی بەردەم بێڕەوشتی و ملهوڕی بوو. دیارە خستنەڕووی ئەم پەیامە لە ئاسۆی ئیسلام و كۆمەڵگەی ئیسلامیدا لادانێكی زۆری تێدایە، چونكە زانست لە كۆشی ئیسلامدا سەریهەڵداو لە وڵاتی ئیسلامدا هیچكات ناكۆكی لەنێوان زانست و ئاییندا نەبووە، موسڵمانان ئەخلاقیان بە بەشێكی دانەبڕاو لە ئیسلام داناوە، بۆیە ئەو هەوڵە زۆر فێڵزانانەو مەترسیدارە بە ئامانجی ئەوەی كۆمەڵگەی ئیسلامی لەو سیستمە خواییە دەربكات كە ماوەی پانزە سەدەیە لەسەری دامەزراوە. ڕێبازی ئیسلام بە سروشتی خۆی نەرمەو توانای قبوڵكردنی گۆڕانەكان و تەواوكاری بەهاكانی هەیە.

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics