هەینی، ٢٧ شەوال، ١٤٣٨هـ
قەبارەی نووسین

توێژینەوەیەکی لۆژیکی و زانستی: عائیشە بوکێکی (٦) ساڵان نەبووە

Salam Nawxosh

 

وەرگێڕان و کورتکردنەوەی لە ئینگلیزییەوە: پڕۆفیسۆری یاریدەدەر سەلام ناوخۆش

جارێک برادەرێکی فەلە (مەسیحی) م لێی پرسیم: "کچە حەوت ساڵیەکەی خۆت دەدەیتە پیرەمێردێکی پەنجاساڵی؟"

من بێدەنگ بووم، ئەویش ھەر بەردەوام بوو: "ئەگەر بەمە رازی نابی، ئەی چۆن بەوە رازی دەبی عائیشەیەکی حەوت ساڵانەی بەری بدرێتە پێغەمبەرەکەت؟!".

منیش وتم: "ھەنکە ھیچ وەڵامێکم بۆ پرسیارەکەت پێ نییە!" برادەرەکەم کە ئەمەی گوی لێبوو زەردەخەنەیەکی بۆ کردم، بەڵام درکێکی لە دڵی باوەڕەکەمی جێھێشت!

زۆربەی موسڵمانان ئەو جۆرە ھاوسەرگیرییەی ئەوسایان تەواو پی قەبوڵ بوو، ئەگەرنا خەڵک بەو زەواجەی پێغەمبەر و عائیشە رازی نەدەبوون! ئەوە وەڵامی ئەو کەسانەیە کە ساویلکەن و ھیچ ناخوێننەوە، ھەروەھا ھیچ لێکدانەوەیەکیان بۆ ئەو جۆرە پرسیارانە نییە، ھەرچی خۆم بووم ئەوە ھەرگیز بەو وەڵامە قەناعەتم لا دروست نەبوو.
بێگومان پێغەمبەر مرۆڤێکی تەواو جیاواز بوو، نمونە بوو ھەموو کردەوەکانی پاک و تەواون ئێمەی موسڵمان پەیڕەویان دەکەین، لاساییان دەکەینەوە، وێڕای ئەمە، زۆربەی ئەو خەڵکانەی لە مەڵبەندی ئیسلامی تۆلیدۆ -Toledo-ن لەنێویان من، ھەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە کچێکی حەوت ساڵانەیان بدەنە پیاوێکی ٥٢ ساڵی. ئەگەر باوکێک بەوجۆرە بەشودانە رازی بی ئەوە زۆربەی خەڵک، ئەگەر نەڵێم ھەمووی، بەچاوێکی کەم سەیری ئەو باوکەو مێردە پیرەکە دەکات.

ھەرچەندە من ھیچ بەڵگەیەکی کۆنکریتم نەبوو جگە لە رێزم بۆ پێغەمبەر، بەڵام ئەگەر ئەوەش باوەڕم وابوو کە ئەو چیرۆکانەی لەبارەی ئەو ھاوسەرگیرییەی پێغەمبەر و عائیشە ھەن جگە لە ئەفسانە ھیچی تر نین.
گەڕانم بەدوای ئەو پرس و پرسیارەدا گومانەکەمی کردە یەقین، پێغەمبەری من جێنتڵمانە، ھەرگیز کچێک ناھێنێت تەمەنی حەوت ساڵ بی یان نۆ ساڵ. لەو بەدواداچوونەم بۆم دەرکەوت کە تەمەنی عائیشە بە (ھەڵە) لە ئەدەبیاتی حەدیس ھاتووە! لەمەش زیاتر ئەوانەی ئەو فەرمودەیان گێڕاوەتەوە جێگای متمانە نەبوون، ئەو ھەموو کێشەیە لە گێڕانەوەی ھیشامی کوڕی ئوروە سەری ھەڵداوە!
لەم نووسینەدا ھەوڵ دەدەم ئەو بەڵگانەی خوارەم پێشکەش بکەم، کە ھەموویان تەواو ئەو گێڕانەوەی ھیشام کوڕی ئوروە ھەڵدەوەشێننەوە.
بەڵگەی یەکەم: ژێدەری باوەڕپێکراو یاخود سەرچاوەی متمانەو گومان ھەڵنەگر زۆربەی ئەو گێڕاوانەی لە کتێبەکانی فەرمودە ھاتوون. لەبارەی ئەو بابەتەوە لە ھیشامەوە ریوایەت کراون، ئەویش لە باوکیەوە وەریگرتووە. پێش ھەموو شتإ، لەرووی لۆژیک و بنەماکانی فەرمودەناسیەوە، دەبی روداوێکی ئەوھا (دوو سێ) کەس ریوایەتی کردبێت نەک (تەنیا کەسێک) . لە لێبوردبونەوەمان لەم مەسەلەیە بۆمان دەرکەوت کە تەنیا و تەنیا ھیشام ئەو ریوایەتەی کردووە، ھیچ کەسێک لە مەدینە ھەتا ھیشام خۆیشی ھەتا لە مەدینە بووە، ئەو فەرمودەیەی نەگێڕاوەتەوە، قوتابیەکانی ھیشامیش لەنێویان مالیکی کوڕی ئەنەس فەرمودەی ئەوھای نەگێڕاوەتەوە، بە شێوازێکی زنجیرەی راویەکانی ئەو فەرمودەیە ھیچیان خەڵکی مەدینە نین، بەڵکو سەرچاوەی ئەو چیرۆکە لەزاری عێراقیەکانەوەیە. دوای ئەوەی ھیشام مەدینە بەجێدەھێڵێت دەچێتە عێراق، لە عێراقەوە ئەو (چیرۆکە) سەرھەڵدەدات نەک لە مەدینەوە.
کتێبی (تھذيب التھذيب) یەکێکە لە کتێبە متمانە پێکراوەکانی بواری فەرمودەناسی و لەژیانی راویەکانی فەرمودە دەدوێت، ئەو کتێبە دەڵێت بەگوێرەی (یاقبی کوڕی شەیبا) ھیشام کێکە لەو راویانەی کە گێڕانەوەکانی تەواو جێگای متمانەن و ھەموو گێڕانەوەکانی قەبوڵکراون، تەنیا ئەو گێڕانەوانە نەبێت کە لەپاش ئەوەی چۆتە عێراق ریوایەتی کردوون.
(سەیری-تھذيب التھذيب- ابن حجر العسقلانی- دار التراث الاسلامی، سەدەی ١٥، بەرگی ١١، ل٥٠ بکە)
ھەر لە ھەمان لاپەڕە ھاتووە کە مالیکی کوڕی ئەنەس ھەموو ئەو گێڕاوانەی ھیشامی رەتکردۆتەوە، کە لە رێگای عێراقیەکانەوە ریوایەت کراون.
کتێبێکی تر لە بواری ژینامەی راوییەکانی فەرمودەوە کتێبی "میزان الاعتدال Mizanul-aitidal-"ـە. نوسەری ئەو کتێبە لەبارەی کەسایەتی ھیشامەوە دەنووسێت: "کاتێک ھیشام پیربوو زاکیرەی زۆر خراپ ببوو".
سەیری لاپەڕە (٣٠١) ی بەرگی چوارەمی ئەم کتێبە بکە.
لەمەدا، دەگەینە ئەو ئەنجامە: ھیشام لە پیری زاکیرەی (یادەوەری) خراپ بووە، ھەروەھا ئەو کەسانەی لە عێراق فەرمودەیان لە ئەو ریوایەت کردووە جێگای متمانە نەبوونە، بۆیە ئەو ریوایەتەی دەربارەی زەواجی عائیشەو تەمەنی عائیشە ریوایەتی گردووە جێگای متمانە نییە.
وێڕای ئەمەش، کرۆنۆلۆژیای روداوەکان پەیوەندیدار بە مێژووی ئیسلامەوە گرنگە بۆ زیاتر ھەڵوەشاندنەوەی چیرۆکەکەی ھیشام بن ئروە:
* پێش ٦١٠- سەردەمی جاھیلی- پێش دابەزینی سروشت-وەحی-.
* ٦١٠ یەکەم دابەزینی سروش.
* ٦١٠ ئەبوبەکر موسڵمان دەبێت.
* ٦١٣ پێغەمبەر بە ئاشکرا بانگەوازی بۆ ئیسلام دەکات.
* ٦١٥ کۆچ بەرەو حەبەشە.
* ٦١٦ عومەری کوڕی خەتاب موسڵمان دەبێت.
* ٦٢٠ مارەبڕینی عائیشە بۆ پێغەمبەر.
* ٦٢٢ کۆچکردنی پێغەمبەر بۆ مەدینە.
* ٦٢٣/٦٢٤ رازیبوونی عائیشە ببێتە ھاوسەری پێغەمبەر.
بەڵگەی دووەم: مارەبڕین The Betrothal

بەگوێرەی تەبەری (ھەروەھا ھیشام بن ئورە، ئیبن حنبل و ئیبن سعد) ئایشە لە تەمەنی حەوت ساڵی لە پێغەمبەر مارەکراوەو لە تەمەنی نۆ ساڵی گواستراوەتەوە!!
تەبەری لە کارێکی تری دەنووسێ: "ھەر چوار منداڵەکەی ئەبوبەکر لە ھەردوو ژنەکەی لەسەردەمی پێش ئیسلامی لەدایک بوونە (لە سەردەمی جاھیلی) بەرگی چوارەم، لاپەڕە ٥٠ی تاریخ الامم و الممالیک، دار الفکر، بیروت ١٩٧٩.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر عائیشە لەساڵی ٦٢٠ (لە تەمەنی حەوت ساڵی) لە پێغەمبەر مارەکرابێت و لە ساڵی ٦٢٤ (لە تەمەنی نۆساڵی) بووبێتە ھاوسەری پێغەمبەر، ئەوە دەبێت بەگوێرەی تەبەری ھەر خۆی، عائیشە لەساڵی ٦١٣ لەدایک بووبێت، ئەمەش ھەڤدژە لەگەڵ ئەو رایەی تەبەری خۆی کە دەڵی منداڵەکانی ئەبوبەکر لەسەردەمی جاھیلی لەدايک بووبن؟! ئەو دوو رایە پێچەوانەی تەبەرييە، جارێک زەواجی عائیشە بە (٩) ساڵ و جارێکی تر بە لای کەمی بە (١٤) دادەنی، کەواتە لەو روانگەوە، رای تەبەری لەسەر تەمەنی عائیشە جێگای متمانە نییە، ناکرێ پشتی پی ببەسترێ!

بەڵگەی سێیەم: تەمەنی عائیشە بە بەراورد بە تەمەنی فاتیمە

ئیبن حەجەر لە (الاێابە فی تمییز الێحابە- بەرگی چوارەم- لاپەڕە ٣٧٧) دەنووسێ: "فاتیمە لە سەردەمی دوبارە بونیاتنانەوەی کابە-کەعبە لەدایک بووە، ئەوسا پێغەمبەر ٣٥ ساڵ بووە.. فاتیمەش پێنج ساڵ لە عائیشە گەورەتر بووە. " بە گوێرەی ئەو رایەی ئیبن حەجەر، کاتێک عائیشە لەدایک بووە، پێغەمبەر تەمەنی ٤٠ ساڵ بووە، کاتێک پێغەمبەر بۆتە ٥٢ ساڵ، عائیشەش تەمەنی ١٢ ساڵ بووە.

بەڵگەی چوارەم: تەمەنی عائیشە بە بەراورد بە تەمەنی ئەسما
بەگوێرەی قسەی عبدالرحمن کوڕی ابی زناد: "ئەسما دە ساڵ گەورەتر بووە لە عائیشە" بەرگی دووەم، لاپەڕە ٢٨٩.
ھەرچی ئیبن کەسیرە لە بەرگی (٨) ی لاپەڕە ٣٧١ ی (البدایە والنھایە) دەنووسێ: "ئەسما بە دە ساڵ لە عائیشەی خوشکی گەورەتر بووە". ھەروەھا ئیبن کەسیر دەنووسێ: "ئەسما کوشتنی کوڕەکەی خۆی لەساڵی ٧٣-ی کۆچی بینیوەو پێنج رۆژ دوای ئەو روداوە خۆیشی مردووە. بە گوێرەی ھەندێک گێڕانەوەی تر (دە، بیست، (بیست زیاتر، ١٠٠ رۆژ) دوای ئەو روداوی کوشتنی کوڕەکەی مردووە، ئەوساش تەمەنی سەد ساڵ بووە.
ئیبن حەجەر وەک ئیبن کەسیر دەنووسێ ئەسما لە تەمەنی (سەد ساڵ) ی کۆچی دوایی کردووە، ئەو ساڵەش ساڵی ٧٣ یان ٧٤ی کۆچی بووە. تەماشای لاپەڕە (٦٥٤) ی تقریب التھژیب بکە.

بەگوێرەی نزیکەی ھەموو مێژوونووسان، ئەسما (دەساڵ) لە عائیشە گەورەتر بووە، ئەگەر ئەسما لەساڵی ٧٣ی کۆچی تەمەنی سەد ساڵ بووبێت، ئەوە دەبێت لەکاتی ھیجرەت تەمەنی ٢٧ یان ٢٨ ساڵ بووبێت! ئەوەش بەگوێرەی ھەموو سەرچاوەکان (دەساڵ) لە عائیشە گەورەتر بووبێت، ئەوە دەبێت عائیشە لەکاتی ھیجرەت حەڤدە یان ھەژدە ساڵ بووبێت! کەواتە کە عائیشە بۆتە ھاوسەری پێغەمبەر، تەمەنی (نۆزدە) یان (بیست) ساڵ بووە.


بەگوێرەی بەڵگەی چوارەم کە لەسەر راکانی ئیبن حەجەر، ە ئیبن کەسیر و عبدالرحمن مکوڕی ئەبی زەناد بیناکراوە، کاتێک عائیشە شووی بە پێغەمبەر کردووە تەمەنی (نۆزدە) یان (بیست) ساڵ بووە.
ئەمەو ئیبن حەجەر لە بەڵگەی سێیەم تەمەنی عائیشە بە دوازدە ساڵ و لە بەڵگەی چوارەم تەمەنی عائیشە بە حەڤدە یان ھەژدە ساڵ دادەنی. ئەو ھەڤدژی و ناکۆکیەی ئیبن حەجەر جێی متمانە نییە، ئایا عائیشە (١٢) یان (١٨) ساڵ بووە؟ کامەیان راستە؟!

بەڵگەی پێنجەم: شەڕی بەدر و ئوحد

بەگوێرەی ریوایەتی موسلم عائیشە لە شەڕی بەدر بەشداری کردووە، ھەروەھا بەگوێرەی بوخاری عائیشە لەگەڵ (ئوم سلیم) بەشداری شەڕی ئوحدی کردووە.
لە (کتاب المغازی- باب الغزوات) بوخاریدا ھاتووە: "ئیبن عومەر دەڵێ پێغەمبەر رێی پێنەدام لە شەڕی ئوحد بەشداری بکەم، چونکە ئەوسا تەمەنم چواردە ساڵ بوو، بەڵام لە شەڕی خەندەق کە تەمەنم پازدە ساڵ بوو، پێغەمبەر رێی پێدام کە لەو شەڕە بەشدار بم، چونکە تەمەنم پازدە ساڵ بوو".
ئەمە لەلای پێغەمبەر یاسا بوو، ئەو کەسانەی تەمەنیان لەخوارەوەی پازدەساڵی بووە نەیھێشتووە لەشەڕ بەشداری بکەن، کەواتە تەمەنی پازدە ساڵی مەرج بووە بۆ ئەوەی ھەرکەسی بتوانێت بەشداری شەڕ بکات. جا ئەگەر ئەمە بۆ کوڕ بی، دەبی بۆ کچ چۆن بی؟! ئەو بەشدارییەی عائیشە لە (بەدر) و (ئوحد) تەواو ئەوە ساغ دەکاتەوە کە عائیشە تەمەنی لە سەرووی پازدەساڵیەوە بووە، ئەگەرنا پێغەمبەر رێی پێنەدەدا بەشداری شەڕ بکات.

بەڵگەی شەشەم: سورەتی القمر
دابەزینی سورەی القمر بەڵگەیەکی ترە، چیرۆکی نۆساڵەی تەمەنی عائیشە لەکاتی شوکردنی بە پێغەمبەر ھەڵدەوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی دابێکی باوەڕپێکراوی گشتی عائیشە ھەشت ساڵ بەر لە ھیجرەت لەدایک بووە، بەڵام بەگوێرەی گێڕانەوەیەکی تر کە لە بوخاریدا ھاتووە: "عائیشە دەڵێت من کیژۆڵەیەکی گەنج-جاریە- بووم کە سورەی ئەلقەمەر دابەزی. ئەو سورەی قورئان ھەشت ساڵ پێش ھیجرەت دابەزیوە.
جا ئەگەر ئەو بانگەشەیەی دەکری کە عائیشە لە ساڵی ٦٢٣ یان ٦٢٤ تەمەنی نۆ ساڵ بووبێت و شووی بە پێغەمبەر کردبێت، ئەو ەدەبی لە سەردەمی دابەزینی سورەی ئەلقەمەر عائیشە زارۆک-سەبیلۆکە- ێبیە بووبإ نەک (جاریە!) . کە ئەمەش پێچەوانەی مێژووی دابەزینی قورئانە!!
بەگوێرەی روداوی دابەزینی سورەتی ئەلقەمەر عائیشە گەنجێکی چالاک بووە، چونکە وشەی (جاریە) لە عەرەبی بە کچێک دەوترێت تەمەنی ٦-١٣ ساڵ بێت. ئەم لێکدانەوە ماتماتیکیە دەکرێت بەم ھاوکێشەیە چارەسەر بکەین:

کاتی دابەزینی سورەتەکە ھەشت ساڵ پێش کۆچکردنە.
تەمەنی عائیشە ئەوسا ٦-١٣ ساڵ بووە.
تەمەنی عائیشە لەکاتی کۆچکردن ١٤-٢١ ساڵ بووە.
تەمەنی عائیشە لەکاتی شوکردنی بە پێغەمبەر ١٥-٢٢ ساڵ بووە.
٨: پێش کۆچ.
٦-١٤: لێکدانەوەی واتای جاریە.
١: کۆچی
تەمەنی عائیشە:
کەمترین تەمەن: ١٥ساڵ.
زۆرترین تەمەن: ٢٢ ساڵ.
تەمەنی تەقریبی: ١٩ ساڵ.

بەڵگەی حەفتەم: تەرمینۆلۆژی عەرەبی
بەگوێرەی گێڕانەوەیەک کە لە موسنەدی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل داھاتووە، پاش مردنی خەدیجە، یەکەم ھاوسەری پێغەمبەر، خەولەخان ھاتۆتە لای پێغەمبەر، داوای لێکردووە کە جارێکیتر ژن بھێنێتەوە، لە وەڵامدا پێغەمبەر پێی فەرموە: ھیچ کەسێکت لە خەیاڵدایە؟ خەولەش پێی فەرمووە: دەتەوێت کچ (بکر) بێنیت یان بێوەژن (پیب) ؟ کاتێک پێغەمبەر پێی دەڵێت کە چ کچێکی لە خەیاڵ دایە بۆی؟ خەولە ناوی عائیشەی ھێناوە.
ئەوانەی شارەزای زمانی عەرەبین چاک دەزانن وشەی (بکر) لە زمانی عەرەبی بۆ کچێکی ناباڵغی تەمەن نۆساڵە بەکار نایەت، بەڵکو بۆ کچی ناباڵغ "باڵەق نەبوو- خۆ نەناسیو" عەرەب وشەی (جاریە) ی ھەیە. وشەی "بکر" لەزمانی عەرەبیدا بۆ ئەو کچانە بەکاردێت کە شوی نەکردبێت، ھەروەھا ئەزموونی سێکسی پێش زەواجکردنی نەدیتبێت. لەم روانگەوە بەراشکاوی دەتوانین بڵێین کە خەولەخان چاک دەیزانی عائیشە کاتی شوکردنی ھاتووە، بۆیە بۆ پێغەمبەری دیارکردووە، ھەروەھا لەروی زمانەوەش بەھیچ جۆرێک وشەی "بکر" بۆ کچێکی تەمەن نۆساڵە بکار نایەت.
سەیری موسنەدی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، بەرگی شەشەم، لاپەڕە ١٢٠، چاپی دار احیا و التراپ العربی، بکە.

لەم گێڕانەوەیەش دەردەکەوێت کە عائیشە نەک لەکاتی زەواجکردن، بەڵکو لەکاتی دیارکردن و مارەبڕینیش لە رووی سێکسیەوە تەواو خۆی ناسیوە، بۆیەش خەولەی دۆستی خەدیجە بۆ پێغەمبەری دیارکردووە.

بەڵگەی ھەشتەم: دەقە قورئانییەکان

ھەموو موسڵمانەکان ئەو راستییەیان تەواو قەبوڵە کە قورئان رابەرنامەیە، ئاراستەنامەیە. لەبارەی مەسەلەی تەمەن و زەواجی عائیشەش با لە دەقە قورئانییەکان بگەڕێین بۆ ئەوەی ئەو "تارمایی" و "دوکەڵ" و "لێڵی" و "سەر لێتێکچونانە" لابەرین کە ھەندێک لە پیاوە ناودار و دیارەکانی سەردەمی کلاسیکی ئیسلام لە دیارکردنی تەمەن و زەواجی عائیشە خوڵقاندویانە! با بپرسین ئاخۆ قورئان رێ دەدا یان رێ نادا بە پرۆسەی ھاوسەرگیری کچێکی خۆنەناسیوی تەمەن حەوت ساڵە؟
لەقورئاندا ھیچ دەقێک نییە بەراشکاوی رێ بەو جۆرە زەواجە بدات. ئایەتێک لە قورئاندا ھەیە کە گوتارەکەی ئاراستەی موسڵمانانە بۆ ئەوەی ھەتیوان بەخێو بکەن. ئەو دەقەش لە سورەی (النسا و ) ئایەتی ٥-٦) ھاتووە: "ماڵی خۆتان مەدەنە دەست کەم ئاوەزان، بەڵام جلک و بژێوییان لە ماڵی خۆتان دابین بکەن و بەرووی خۆشەوە بیاندوێنن، ھەتیوان تاقی کەنەوە تا دەبنە گەنجی رەسیدە (ھەتا خۆیان دەناسن)، جا ئەگەر دیتان خاس و خراپ لەیەکتر جوی دەکەنەوە، ئەوسا ماڵیان بدەنەوە. "
بەگوێرەی ئەو دەقەی قورئان مرۆڤی موسڵمان ئەگەر ئەو ئەرکانەی خوارەوەی لە بەرانبەر ھەتیو لە ئەستۆدایە:

١- نانیان بدات، بژێوییان بۆ دابین بکات.
٢- جل و بەرگیان بۆ پەیدا بکات.
٣- دایاننێتە بەر خوێندن و پەروەردەیان بکات. ٤- تاقییان بکاتەوە، ئاخۆ لەرووی ئاوەز و سێکسەوە پێگەیشتوون، ئەگەر ئەم دووەیان ھەبوو، ئەو ھەتیوانە لە خەم دەردەچن، خۆیان دەبنە بەرپرسی ژیانی خۆیان.

وەک لە مەرجی چوارەمدا دەردەکەوێت، کە ئەو دەقەی قورئان جەخت لەسەر پێگەیشتنی عەقڵی و سێکسی ھەتیو دەکات بۆ ئەوەی ماڵ و موڵکی خۆیان بەخۆیان بەکاربێنن. سەبارەت بە کارەکەی ئێمەوە ئەوەیە ئەو کەسەی لەرووی سێکسیەوە خۆی نەناسێت، بالق نەبی، (عادەبوون نەبینێ) شایانی ئەوەی نابێ کە زەواج بکات، چونکە خودی زەواجیش پەیوەستە بە پێگەیشتنی عەقڵیەوە.
لەبەر رۆشنایی ئەو دوو ئایەتەی سورەی (النسا و ) دا ھیچ موسڵمانێکی خاوەن ئاوەز ئیدارەی کاروباری دارایی ناداتە دەست کچێکی خۆنەناسیوی تەمەن حەوت ساڵە، چونکە ئەمە لەگەڵ قورئان تێکناکاتەوە!
جا ئەگەر ئێمە متمانە بە کچێکی تەمەن حەوت ساڵە لە بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی نەکەین، بێگومان ئەو کچە لەرووی عەقڵی و جەستەیەوەش ناگونجێ کە زەواج بکات!
وەک پێشتر گوتمان ئەو لێڵی و تارماییە دەربارەی تەمەن و زەواجی عائیشە لە دەمی ھەندێک زانای موسڵمانەوە ھاتووە، ئەوەتە ئەحمەدی کوڕی حەنبەل لە موسنەدەکەی-بەرگی شەشەم، لاپەڕە (٣٣) و لاپەڕە (٩٩) "بانگەشەی" ئەوە دەکات کە "عائیشە تەمەن نۆساڵی ئەوەندەی مژۆڵی بوکانێ (یاریکردن بە ئەسپی یاری) بووە، ئەوەندە ئەرکی خۆی وەک ژنێک پی نەدەکرا".

بەراستی دژوارە مرۆڤ باوەڕ بەو دەقە بکات. ئەمەش لەبەر دوو ھۆ:
ھۆی یەکەم: ئەبوبەکری گەورە بڕواداری ناو موسڵمانان رازی بێت کچێکی حەوت ساڵانەی خۆی کە ھێشتا خەریکی وازی و بوکانی بێت بە پیاوێکی تەمەن پەنجا ساڵی بدات!
دووەم ھۆ: بە ھەمان دژواری بەڵکو زیاتریش مرۆڤ ناتوانێت خەیاڵی ئەوە بکات یان ھەرگیز ئەوەی بە خەیاڵ دابێت کەسێکی وەک پێغەمبەر کچێکی تەمەن حەوت ساڵانە بێنێ.

ئەرکێکی تری گرنگ کە بەگوێرەی دەقە قورئانییەکە لە ئەستۆ بەخێوکەرە "فێرکردنیەتی، پەروەردەکردنیەتی" با ئەم پرسیارە لەخۆمان بکەین: چەند کەس لەئێمە باوەڕی وایە کە ئێمە دەتوانین منداڵەکانمان بەتەواوی و بەدروستی پەروەردە بکەین پێش ئەوەی دەگەنە تەمەنی حەوت ساڵی یان نۆساڵی؟ بێگومان وەڵامەکە "کەس"مان دەبێت. لەرووی لۆژیکەوە، بەراستی ئەرکێکی دژوارە کە منداڵێکی حەوت ساڵانە بەشێوەیەکی پڕ رەزامەندی پەروەردەی بکەن. لەم روانگەوە چۆن دەتوانین باوەڕ بەوە بکەین کە عائیشە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا-کە لە نەزەر ھەندێک کەسەوە تەمەنی بەشودانی بووە- تەواو پێگەیوە و تەواو رۆشنبیری سێکسی وەرگرتوە؟!
ئەبوبەکر لە ھەموومان دادوەرتر بووە، بۆیە ئەو بە تەواوی لە بەرانبەر کچەکەشی ھەروا بووەو زانیویەتی کە عائیشە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا منداڵ بووەو بەگوێرەی قورئان ئەو منداڵە لەو تەمەنەدا تەواو رەسیدە نەبووە تاکو چاک و خراپ لەیەک جیابکاتەوە. بۆیە ھەرگیز رازینەبووە کچەکەی لەو تەمەنە بە ھیچ کەسێک بدات. ئەگەر پرۆپۆزەلی، پێشنیازی داواکردنی کچێکی خۆنەناسیو لە رووی سێکسەوە یان ھەتا بڵێی کچێکی حەوت ساڵانەی پەرورەدەکراوی وەک عائیشە ھاتبوایە لای پێغەمبەر، ئەوە پێغەمبەر دەسبەجی ئەو پێشنیاز و داخوازیەی رەتدەکردەوە، چونکە نە پێغەمبەر و نە ئەبوبەکر ناتوانن پێشێلی ھیچ پەرەگرافێکی یاخود بەندێکی قورئانی پیرۆز بکەن.

لەم بەڵگەیەش دەگەینە ئەم ئەنجامە:

بانگاشەی زەواجی عائیشە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا خۆی لەخۆیدا پێشێلکردنی پێویستی و مەرجەکانی پێگەییوی (خۆناسینی سێکسی) لە قورئان دەگەیەنێ، چونکە بەپێی قورئان کچ ھەتا نەگاتە قۆناغی خۆناسین لەرووی لۆژیک و ئاوەز و جەستەوە ئامادەگی زەواجی تێدانیە، لەم پێودانگەوەش، ئەو بانگەشەیەی کە لە ھەندێ کتێبی کۆنەوە دەرھەق زەواجی عائیشەیەکی خۆنەناسیو کراوە، جگە لە ئەفسانە ھیچی تر نییە.

بەڵگەی نۆیەم: رازیبوون لە ھاوسەرگیری

لەئیسلامدا، ئافرەت دەبی راوێژی پێبکرێت و ڕای وەربگیرێ، ئەویش رازی بێت بۆ ئەوەی ھاوسەرگیرییەکە شەرعی بێت.
(مشکاە الميَابيح- وەرگێڕانی جەیمس رۆبسن، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٦٦٥) لەرووی بنەماکانی ئیسلامەوە (رێپێدانی متمانەپێکراو ئافرەتان- ئازادیپێدان بۆ گوزارشت کردن لە رای خۆیان) مەرج و پێداویستییەکی زەروریە بۆ ئەوەی ھاوسەرگیرییەکە شەرعی بێت. ھیچ جۆرێ خەیاڵ ناکرێ ئەو رێپێدانەی کچێکی خۆنەناسیوی تەمەن حەوت ساڵانە دەیدات بەھیچ جۆرێک دەسەڵاتێکی شەرعی بی بۆ ھاوسەرگیری.

ھێندە نالۆژیکیە کە باوەڕ نەکری ئەبوبەکرێکی رۆناکبیر روخسەتی کچێکی حەوت ساڵانە بدات شوو بە پیاوێکی پەنجا ساڵی بکات. بەھەمان شێوە ھەرگیز پێغەمبەر روخسەتی کچێکی حەوت ساڵانە وەرناگرێ، کە بە قسەی موسلم ئەوەندە بچووک بووە یاریەکانی لەگەڵ خۆی بۆ ماڵی پێغەمبەر لەگەڵ خۆی بردبێت. چ لۆژیکێک ئەوە قەبوڵ دەکات پێغەمبەر کچێک بێنێ شەوی بوکێنی یارییەکانی لەگەڵ خۆی بێنێ؟! نەدەبوو موسلیم بەھیچ جۆرێک ئەو (ئەفسانەیە!) لەناو کتێبەکەی دابنێت!!

لەم بەڵگەیە دەردەکەوێت کە پێغەمبەر کچێکی حەوت ساڵانەی نەھێناوە، چونکە ئەو دەیزانی ئەمە پێشێل کردنی بنەماکانی ھاوسەرگیری ئیسلامییە، بۆیە پێغەمبەر عائیشەیەکی ژیر و خاوەن ئاوەز و خۆناسیوی ھێناوە و گێڕانەوەی درووست ئەمەیە ھەرچیەکی تر لە ھەرکوێ ھاتبێ جگە لە ئەفسانە ھیچی تر نییە!

کورتەی توێژینەوەکە:

نە لە کەلتوری عەرەبدا ھەبووە کچێکی حەوت ساڵی یان نۆساڵی بدەنە شوو، نە پێغەمبەریش لەو تەمەنە عائیشەی ھێناوە. عەرەبی جەزیرە دژی ئەو ھاوسەرگیرییە نەبوونە، چونکە بەھیچ جۆرێک ھاوسەرگیری ئەوھا وەک لە گێڕانەوەکاندا ھاتووە لە ئەرزی واقیعدا رووی نەداوە:
گێڕانەوەی ھیشامی کوڕی ئوروە سەبارەت بە شوکردنی عائیشە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەھیچ جۆرێک بەراست دانانرێت، چونکە چەندەھا گێڕانەوەی تر ھەن تەواو ھەڤدژن لەگەڵ ئەو گێڕانەوەی وی. وێڕای ئەمەش، ھیچ لۆژیکێک لەوەدا نیە کە ئەو گێڕانەوەی ھیشام بە دروست وەربگیرێت، چونکە زانایان لەنێویان مالیکی کوڕی ئەنەس ئەو گێڕانەوەی ھیشامی بە بێ بنەماو بی متمانە داناوە، ھەروەھا ھۆی ئەو رایەش ئەوەیە ھیشام کە ئەو گێڕانەوەیەی کردووە لە عێراق بووە، زاکیرەی لاواز بووەو ئەوانەی لەویشیان گێڕاوەتەوە جێگای متمانە نەبوونە!
ئەو قسانەی لە کتێبەکانی تەبەری و بوخاری و موسلیم سەبارەت بە تەمەنی عائیشە ھاتوون لەگەڵ یەک ناکۆکن و یەکتر ھەڵدەوەشێننەوە، بۆیە لەو بابەتەوە زانستی نین. لەمەش زیاتر، زۆرێک لەو زانایانە ھەتا لە نوسینەکانی خۆیان رای ھەڤدژی یەکتریان تۆمارکردووە.
لەم پێودانگەوە، بەراشکاوی دەڵێین گێڕانەوەی تەمەنی عائیشە لەکاتی شوکردنی بە پێغەمبەر جێگای متمانە نییە، چونکە لەو نوسینانە ھەڤدژییەکی روون ھەیە.
لە ئەنجامدا، ھیچ ھۆیەک نییە باوەڕ بەو زانیاریانەی تەمەنی عائیشەوە بکەین، چونکە لەروانگەی ئیسلامەوە، دەرفەتی تەواو ھەیە ئەو جۆرە "قسانە" رەدبکەینەوە و ھەتا بە ئەفسانەی دابنێین. وێڕای ئەمەش قورئانی پیرۆز بەراشکاوی زەواجی کچی خۆنەناسیو و ھەروەھا کوڕی نابەلەق رەددەکاتەوە، ھەروەھا بەرپرسیارێتیشیان پی ناسپێرێت.

سەرنج:
١- شانەڤاز دکتۆرە لە میشیگان. ئەم نووسینە بۆ یەکەمجار لە ئازاری ١٩٩٩ لە minaret بڵاوکراوەتەوە.
٢- مامۆستا موسعەبی کوڕی مەلا جەمیلی شاوێسی ئەم دەقە ئینگلیزییەی کاتێک لە لەندەن بووم بۆ ناردم.. ھەروەھا ئەوەندەی من ئاگام لێبێت کاک موسعەب ماوەیەک بوو خەریکی ئەم باسە بوو، ھەتا نووسینێکیشی بەسودوەرگرتن لە ھەندێک سەرچاوەی عەرەبی نووسیوە.. بۆیە من سوپاسی دەکەم.

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics