هەینی، ٢٧ شەوال، ١٤٣٨هـ
قەبارەی نووسین

چەند بنەمایەك بۆ تێگەیشتن لە ئیسلام

پێش ئەوەی بێینە سەر ئەو چەمكانەی كە دەمانەوێت قسەیان لەسەر بكەین بە پێویستی دەزانم هەندێك بنەمای گشتی هەیە باسی بكەم كە پێویستن بۆ تێگەیشتن لە ئیسلام و زانینی هەڵوێستی ئیسلام لەمەر شتە جۆراوجۆرەكان :

1.بۆ زانینی هەڵوێستی ئیسلام لەسەر هەر مەسەلەیەك پێویستە هەرچی دەق لەو بارەیەوە هەیە لە ئایەت و فەرموودە هەمووی كۆIslam Is Peace بكرێتەوە و تاووتوێ‌ بكرێن و بەراورد بكرێت لە نێوانیاندا و هۆ و بۆنەو كات و شوێنی هەریەكەیان بزانرێت و ئەو دەقانەی كە دەلالەتێكی گشتییان هەیە جیا بكرێنەوە لەوانەی كە دەلالەتی تایبەتییان هەیە و ئەو دەقانەی كە گشتین بۆ هەموو كاتێك و ئەوانەی تایبەتن بە بارودۆخێكی تایبەتەوە جیا بكرێنەوە، بە تایبەت ئایەتەكانی قورئان چونكە گومان لە ڕاستییاندا نییەو بنەما تیۆرییەكانی ئیسلامیان بەتەواوی ڕوون كردۆتەوە .

2. دەبێ‌ پێش هەموو شتێك لە ڕۆحی ئەو دەقانە تێبگەین و بزانین مەبەستەكانی شەرع چییە لێیان ، ئەمە مەسەلەیەكی گرنگە و لای زانایان پێی دەوترێت مەبەستەگشتییەكانی شەریعەت (المقاصد العامە للشریعة الاسلامیة) كە ئەگەر هەر كەسێك ئەوە نەزانێت نابێ‌ قسە لە هیچ دەقێك بكات چونكە لەوانەیە دەقێك بە ڕواڵەت پێچەوانەی ئەو شتە بێت كە شەرع دەیەوێت.

بۆ نموونە: دەبێ بزانی لە سەرجەمی ئەو دەقانەوە كە دەربارەی ئافرەت هاتووە ئایا شەرع مەبەستی بووە ڕێز لە ئافرەت بنێت و مافەكانی دەستەبەربكات یا ویستوویەتی بێڕێزی بكات ، یا بە نیسبەت كۆیلەوە بزانی كە ئایا شەرع مەبەستی بووە كۆیلایەتی نەهێڵێت یا ویستوویەتی جیاوازی چینایەتی قوڵتر بكاتەوە.

دەبێ لێرەدا دان بەوەدا بنێین كە زۆر جار زانایانیش كەوتوونەتە هەڵەوەو بەبێ تێگەیشتن لە مەبەستە گشتییەكانی شەرع دەقەكانیان ڕاڤە كردووە و لە ئەنجامی ئەوەوە كەوتوونەتە هەڵەی گەورەوە . زانستی( اصول الفقه ) یەكێكە لەو زانستانەی كە بایەخ بەم مەسەلەیە دەدات و كەسێك بێئاگا بێت لێی ناتوانێ‌ بە جوانی لە ئیسلام بگات.

3. نابێ‌ بە بڕیاری پێش وەخت ئامادەكراو (مقررات مُسبقة) مامەڵە لە گەڵا دەق و چەمكەكاندا بكرێت ، واتە كەسێك پێشتر بۆچوونێكی بە شێوەیەك لە مێشكی خۆیدا بڕیاردابێت یان بۆچوونێكی لە باووباپیرانەوە بۆ مابێتەوەو دوایی بچێت بەدوای دەقەكاندا بگەڕێت بۆ ئەوەی بەڵگەی لە سەر بێنێتەوە بەڵكو دەبێ بچێ‌ لە سەرجەم دەقەكانەوە هەڵوێستی ئیسلام لەو مەسەلەیە بزانێ‌ .

4. دەبێ بە هاوسەنگی باسی شتەكان بكرێت ، ئەو شتانەی كە پەیوەنی بە نێوان دوو لایەنەوە هەیە دەبێ‌ باسی هەردوولای هاوكێشەكە بكرێت . بۆ نموونە لە پەیوەندی نێوان پیاوو ژندا نابێ بێی تەنها ئەو دەقانە باس بكەیت كە باسی مافی پیاو دەكات بەسەر ژنەوەو ئەو دەقانە پشتگوێ‌ بخەیت كە باسی مافی ژن دەكات بەسەر پیاوەوە ، بەڵكو دەبێ‌ بە هاوسەنگی باسی مافی هەریەكەیان بەسەر ئەوی تریانەوە بكرێت ، دەقەكانیش بەگوێرەی هێزو دەلالەتەكانیان ڕیزبەندی بكرێن.

هەروەها لە مەسەلەی هەڵوێستی ئیسلام لە شەڕو ئاشتی یا لە نێوان بەكارهێنانی زۆر و لێبوردەیی ، نابێ‌ تەنها ئاماژە بەو دەقانە بدەیت كەباسی جیهاد و بەكارهێنانی هێز دەكات و ئەو دەقانەی باسی لێبوردەیی و چاوپۆشی دەكەن پشتگوێ‌ بخەیت . ئەم هەڵەیە زۆربەی ڕەخنەگران لە ئیسلام تێی دەكەون هەندێكیان لە نەزانی و هەندێكیشیان بە نیاز پیسی و لەدەستی ئەنقەست.

نموونەی تر زۆرن لە سەر ئەم پرسەیە ، وەكو پەیوەندی نێوان دایك و باوك و منداڵا، پەیوەندی نێوان گەل و دەسەڵات دار ، پەیوەندی نێوان كرێكار و خاوەن كار ، پەیوەندی نێوان كۆیلەو خاوەن كۆیلە و........ هتد.

لێرەدا دەبێ‌ جیاوازی بخەینە نێوان لایەنی تیۆری و لایەنی كردەیی ، ئێمە مەبەستمان زیاتر لایەنە تیۆرییەكەیە چونكە لایەنی كردەیی زۆر هۆكاری تری تێكەڵاو دەبێت كە لەوانەیە وێنەی مەسەلەكە لە زهنی خەڵكیدا بگۆڕن . بۆ نموونە: دەسەڵاتدار دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە بۆ دەرخستنی مافەكانی خۆی بەسەر خەڵكییەوەو شاردنەوەی مافەكانی گەل بەسەر دەسڵاتدارەوە ، یا پیاو دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە بۆ سەپاندنی مافەكانی خۆی و پێشێلكردنی مافەكانی ژن. لێرەدا شەرع تاوانبار نییە بەڵكو ئەوكەسە تاوانبارە كە ئەو كارە دەكات ، ئەمەش لە شەرعدا پێی دەوترێت ( التَعَسُّفُ فی استعمال الحق) واتە ستەمكردن یا ناڕەوایی كردن لە بەكارهێنانی مافێكدا .

5. لە ناو دەقەكانی قورئان و فەرموودەدا هەندێك دەق پێیان دەوترێت موحكەم واتە ماناو مەبەست و دەلالەتەكانیان ڕوون و ئاشكرایە و هەندێكی تریش پێیان دەوترێت موتەشابیه كە مانا و مەبەستەكانیان ڕوون و ئاشكرا نین ، بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئیسلام لە هەر مەسەلەیەك دەبێ پشت بە ئایەتە موحكەمەكان ببەسترێت و ئایەتە موتەشابیهەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ موحكەمەكان و لەژێر ڕۆشنایی ئەواندا ڕاڤە بكرێن.

خوا لەو بارەیەوە دەفەرموێت: (هُوَ الذي اَنْزَلَ عَلَيْكَ الكِتابَ مِنْهُ آياتٌ مُحْكَماتٌ هُنَّ أُمُّ الكتابِ واُخَرُ مُتَشابِهاتٌ ، فأما الذينَ في قُلُوبِهِمْ زَيْغٌ فَيَتَّبِعُونَ ما تَشابَهَ مِنْهُ ابْتِغاءَ الفِتْنَةِ وَابْتِغاءَ تَأْويلِهِ ، وما يَعْلَمُ تَأْويلَهُ الاّ الله ُوالرّاسِخُونَ في العِلْمِ يَقُولُونَ آمَنّا بِهِ كُلٌّ مِنْ عِنْدِ رَبِّنا ، وما يَذَّكَرُ إلاّ اُلُوا الأَلباب) آل عمران 3

ئەوەی كە ناحەزانی ئیسلام دەیكەن ئەوەیە كە دەچن بە دوای ئایەتە موتەشابیهەكاندا دەگەڕێن و لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەیانەوێ‌ هەڵوێستی ئیسلام دەربخەن و ئایەتە موحكەمەكان پشت گوێ‌ دەخەن .

6. بۆ هەڵسەنگاندنی كەسایەتی هەر كەسێك دەبێ‌ ئەو كەسە لە هەموو لایەنێكەوە هەڵبسەنگێنرێت بۆ ئەوەی وێنەیەكی ڕاستەقینە دەربارەی ئەو كەسە دروست ببێت و نابێت لایەنێكی كەسایەتییەكەی زیاد لە ڕێژەی خۆی زەق بكرێتەوەو لایەنەكانی تر بشاردرێتەوە ، هەروەكو تابلۆیەك ئەگەر بتەوێت بە جوانی لێی تێبگەیت دەبێ سەرەتا كەمێك دووركەویتەوە بۆ ئەوەی هەموو ڕەهەندەكانی ببینی و پاشان گەر بتەوێت لە دیمەنێكیان زیاتر بكۆڵیتەوە لێی دێیتە پێشەوەو لە نزیكەوە بۆی دەڕوانی.

بۆ نموونە : ئەو پێوەرەی هەندێك كەس بەكاری دەهێنێت بۆ لێكدانەوەی كەسایەتی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پێوەرێكی زۆر ناتەواوەو هەرگیز مرۆڤ ناگەیەنێتە دەرئەنجامێكی ڕاست ،چونكە تەنها تیشك دەخەنە سەر یەك دوو لایەن لە ژیان و كەسایەتی پێغەمبەر و لایەنەكانی تر پشت گوێ‌ دەخەن ، بۆیە ئێمە لەم نووسینەدا هەوڵمان داوە گشتگیرانە لە ژیانی ئەو كەسە مەزنە بكۆڵینەوە بۆ ئەوەی بگەینە دەرئەنجامێكی ڕاست دەربارەی كەسایەتییەكەی و بەو شێوەیە لێی بگەین كە هەبوو بە بێ شێواندن و تێكدان.

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics