٥ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

گونجاوی شەریعەتی ئیسلامی بۆ هەموو سەردەمێك

ئەوانەی كە شارەزای سروشتی شەریعەتی ئیسلامی نین وادەزانن شەریعەتی ئیسلامی بۆ ئەم سەردەمەی مرۆڤایەتی ناشێت ، شەریعەتێك ، بە قسەی ئەوان، پێش هەزارو چوارصەد ساڵا لە ناو كۆمەڵگەیەكی عەشایەری دواكەوتووی ڕەش و ڕووتدا دابەزیبێت چۆن بۆ سەردەمی شۆڕشی زانیاری و ئینتەرنێت و سەتەلایت و مانگی دەسكرد و چوونە بۆشایی ئاسمان دەشێت ؟!.Clock

ئاینێك لە شەریعەتەكەیدا كوشتنی مورتەدو ڕەجم كردنی پیاوو ژنی زیناكەر و دەست بڕینی دز و جەڵدە لێدانی مەشروب خۆری تێدابێت و دان بە سیستمی كۆیلایەتیدا بنێت، چۆن بۆ سەردەمی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی بیروباوەڕ و ڕا دەربڕین و فرە حزبی دەشێت ؟!.

ئاینێك ئافرەت بە (ناقصات العقل والدین) لە قەڵەم بدات و شایەتییان بەنیو شایەتی پیاو بزانێت و حیجاب و نیقابیان لەسەر فەرز بكات و دەنگیان و جەستەیان بە عەورەت بزانێت و ڕێگە بە فرەژنی بدات چۆن بۆ سەردەمی سەربەستی ئافرەت و یەكسانی ژن و پیاو دەشێت؟َ.

ئەمانەكۆمەڵێك بیانوون بەدەستی ئەوانەی دەڵێن شەریعەتی ئیسلامی بۆ ئەم ڕۆژە ناشێت و ئەو كەسانەی بانگەشە بۆ بەرپاكردنی شەریعەت دەكەن بە كۆنەپەرستی و بەستەڵۆكی و عەقڵ داخراوی و چەندین تۆمەتی تر تۆمەتبار دەكەن!..

ئەم بیانووانە بە ڕواڵەت ڕاست و گونجاو و لۆژیكی دێنە بەرچاو ، بەڵام ئەگەر لێیان وردبیتەوەو بچیتە بنج و بنەوانی مەسەلەكەو شتەكان گشتگیرانە تەماشا بكەیت دەبینی زۆر هەڵەو دوورن لە ڕاستی و نالۆژیكین .

جارێ‌ پێش هەموو شتێك ئەگەر مرۆڤەكان بزانن ئەم شەریعەتە لە دانانی ئەو خوا بەدەسەڵات و زاناو دانایەیە كە ئەم گێتی و بوونەوەرەی هێناوەتە كایەوە وا بەپەلە ئاوها تۆمەتێكی ئاڕاستە ناكەن، بەڵكو زۆر لەوە بە ئارامتر و وریاییترەوە مامەڵەی لە گەڵدا دەكەن ، چونكە ئەگەر بۆیان بسەلمێت ئەم ئاینە و شەریعەتەكەی فیعلەن لەلای خواوە هاتوون بۆ مرۆڤــ ، ئەوكاتە وا بە ئاسانی بڕیارێكی لەو جۆرە نادەن بەڵكو هەڵوێستەیەكی زۆر گەورەی لەبەردەمدا دەكەن تا ئاوها بڕیارێك دەردەكەن . پاشان ئەگەر نێرەری ئەم ئاین و شەریعەتە پابەندبوونی ئەم شەریعەتەی نەبەستبێتەوە بە بەدەستهێنانی خۆشی دونیاو ژیانی پڕلە خۆشی و نەبڕاوەی دوا ڕۆژ دیسانەوە مرۆڤەكان بۆیان هەبوو بڕیارێكی بەپەلەی لەو جۆرە بدەن . یان ئەگەر نێرەری ئەم ئاین و شەریعەتە خۆی نەیگوتایە ئەم شەریعەتە دوا شەریعەتەو هەتا ڕۆژی دوایی دەشێت ، مرۆڤەكان مافی خۆیان بوو بڵێن ئەم شەریعەتە بۆ ئەمڕۆ ناشێت. یان ئەگەر مرۆڤەكان بەبەڵگەی زانستی هەڵەو هەڵبەستراوی ئەم قورئانەیان بۆ بسەلمایە كە سەرچاوەی ئەم ئاین و شەریعەتەیە ، یان ناڕاستی پێغەمبەریان بۆ بسەلمایە وەیا لانی كەم ئەوەیان بۆ بسەلمایە كە ئەم ئاینە دەسكاری كراوەو وەكو خۆی نەماوەتەوە ،ئەو كاتە مافی خۆیان بوو پشت لەم ئاین و شەریعەتە هەڵكەن و بە گونجاوی نەزانن بۆ ئەم سەردەمە. یان لانی كەم ئەگەر مرۆڤەكان بەختەوری ڕەها یا نیمچە ڕەهایان لەم ژیانەدا بۆ خۆیان دەستەبەر بكردایە ئەوكاتە دەیانتوانی بڵێن ئێمە پێویستیمان بەم شەریعەتە نییە یا ئەم شەریعەتە بۆ ئەمڕۆی ئێمە ناشێت چونكە بەبێ‌ ئەویش ئێمە بەختەوەریمان بەدەست هێناوە. وەیا ئەگەر مرۆڤایەتی زاڵ بووایە بەسەر مردندا ئەوە ئەوكاتە بیرۆكەی ئاین و بەهەشت و دۆزەخی هەر لە بنەوە هەڵدەتەكاندەوەو دەیسەلماند كە ئاین شتێكی دروستكراوی دەستی مرۆڤەو ڕەنگە بۆ ئەو سەردەمانەی خۆیان گونجاو بووبێتن بەڵام مرۆڤایەتی ئەمڕۆ پێویستی پێی نییە.

بەڵام كە مرۆڤ نە توانیبێتی بەختەوەری ڕەها یا تەنانەت نیمچە ڕەهاش بەدەست بێنێت ،وە نە توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر مردندا ،وە نەتوانیبێتی ناڕاستی قورئان یا پێغەمبەر بسەلمێنێت وسەرچاوە مرۆییەكەی ئیسلام بسەلمێنێت چۆن دەتوانێت وابە ئاسانی بڵێت ئەم ئاینە یا شەریعەتەكەی بۆ ئەمڕۆ ناشێت؟ ئەگەر مرۆڤەكان بە درێژایی هەزارو چوارصەدو ئەوەندە ساڵ ڕۆژدوای ڕۆژ بەڵگەی زیاتریان لەسەر ڕاستی و سەرچاوە خواییەكەی قورئان دەستكەوێت چۆن جورئەت دەكەن ئاوها تۆمەتێكی ئاڕاستە بكەن ؟

لەهەمووش سەیرتر ئەوەیە كە هەندێك كەس باوەڕیان بە خواو بە ئیسلام و بە پێغەمبەر و بە بەهەشت و بە سیستمە پەرستشییەكەی ئیسلام هەیە بەڵام سیستمە تەشریعییەكەیان بەدڵا نییەو بەلایانەوە ڕاست نییە یا لانی كەم بۆ ئەمڕۆ بە گونجاوی نازانن!.

ئەمانەی دوایی خەڵكانێكی بێئاگاو نەزانن و بە بێئاگایانە لاسایی گروپی یەكەم دەكەنەوەو قسەكانیان دوپات دەكەنەوەو بیریان لە مەترسی قسەكانیان نەكردۆتەوە . گروپی یەكەمیش یان خەڵكانێكن باوەڕیان بەخواو ڕۆژی دوایی نییەو لێكۆڵینەوەی تەواویان لەسەر ئیسلام نەكردووە ، وەیا كەسانێكی شوێنكەوتووی هەواو ئارەزووەكانیانن، وەیا كەسانێكی لاسایی كەرەوەی باوو باپیرانن و بێ‌ لێكۆڵینەوە قسەكانیان دەكەن وەیا كەسانی دوژمن و ناحەزن و پێشوادە بڕیاریان داوە ئیسلام ڕەتكەنەوەو قبوڵی نەكەن و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی ناشیرینكردنی دەدەن.

شایانی باسە ئەوانەی ڕەخنە لە ئیسلام دەگرن بەو ڕادەیەی ڕەخنە لە سیتستمە تەشریعییەكەی دەگرن بەتایبەت بواری یاساكانی سزای تاوانەكان (قانون العقوبات) و ئەو تەشریعانەی پەیوەندن بە ئافرەتەوە ڕەخنە لەلایەنی بیروباوەڕو سیستمە پەرستشییەكەی ناگرن. كەواتە ئاینێك ئەگەر ئەو هەموولایەنەی جوان و گونجاو بێت و جێی ڕەخنە نەبێت ، جێی خۆیەتی ئەو بوارانەی كە جێی ڕەخنەن لێكۆڵینەوەی تەواویان لەسەر بكرێت بەتایبەت گەر ئەوەش بزانین دەستورە دەستكردەكان بە یاساكانی سزای تاوانەكانیان نەیانتوانیوە تاوان بنەبڕ یا تەنانەت بە شێوەیەكی بەرچاو كەم بكەنەوە ، یان بەو تەشریعانەی دایانناوە بۆ ئافرەت توانیبێتیان ئافرەت بەختەوەربكەن و لە ژێر چەپۆكی پیاو ڕزگاری بكەن و كەرامەتی بپارێزن و ژیانێكی ئاسودەتری بۆ دابین بكەن.

تا ئێستا ئەو تێڕوانین و بۆچوونەی ئیسلام هەیەتی بۆ خواو گێتی و مرۆڤ ( چ لە ڕووی بەدیهاتنی یا پێكهاتنی وەیا وەزیفەی لەسەر ئەرز وەیا پەیوەندیی ئەو سێیە بەیەكەوە) جوانترین و گونجاوترین تێڕوانینن . هەروەها سیستمە پەرستشییەكەی تائێستا جیی تێڕامانی زانایانەو ڕۆژدوای ڕۆژ نهێنی زیاتریان لێدەردەكەوێت . دەمێنێتەوە لایەنی تەشریعەكەی كە دڵنیام ئەگەر مرۆڤایەتی بە ئینصاف و بیلایەنانە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكات بەبەراورد بە تەشریعە مرۆییە دەستكردەكان و ئەو ئەنجامانەی مرۆڤ بەدەستی هێناوە لە ئەنجامی بەرپاكردنی ئەم سیستمە دەستكردانەوە گەورەیی لایەنی شەریعەتیشی بۆ دەردەكەوێت بەتایبەت بۆ بنەبڕكردنی تاوان و ئاسودەكردنی كۆمەڵگە .

ئەگەر مرۆڤایەتی بەڕاستی خواناس بێت و باوەڕی بە ڕۆژی دوایی هەبێت نەك هەر ناڵێت شەریعەتی خوا بۆ ئەمڕۆی مرۆڤایەتی ناشێت بەڵكو ژیانی خۆی واڕێكدەخات كە لە گەڵا شەریعەتی خوادا بیگونجێنێت نەك بارو دۆخێك وەبەر بێنێت نەگونجێت بۆ ئەوەی شەریعەتی خوای بەسەردا بەرپابكرێت و لەئەنجامدا خۆی بێبەش بكات لەو خەڵاتە گەورەیەی خوا پێی بەخشیوەو بەدبەختی دونیاو دواڕۆژ بەدەستی خۆی بۆخۆی بكڕێت.

كاتێك كە خوا دەفەرموێت پیاو قیوامەی هەیە بەسەر ئافرەتدا لەبەر ئەوەی مەسرەفی ماڵا دەكێشن دەبێ‌ مرۆڤایەتی هەوڵا بدات بارودۆخێك پێش بێنێت تێیدا پیاو زیاتر خەریكی ئیشی دەرەوەو پەیداكردنی بژێوی بێت بۆ خێزان و ژن لەماڵەوە ڕۆڵی تەواوكەری خۆی ببینێت ، بەڵام كاتێك ئەمەی پێ قبوڵا نەبێت دەبێ‌ ئەوكاتە ئافرەتیش بنێرێتە دەرەوە بۆ ئەوەی بژێوی خۆی و ماڵ و منداڵی پەیدا بكات ، لە ئەنجامیشدا منداڵا بێ‌ ناز بكەون و پیاوێكی زۆریش بێ‌ ئیش بمێننەوەو گەنجان پشت لە ژنهێنان بكەن و خیانەتی زەوجی زیاد بكات و شیرازەی خێزان و دواتریش كۆمەڵگە تێك بچێت.

یان كاتێك دەفەرموێت شایەتی پیاوێك بە شایەتی دوو ئافرەتە لە كاتی نووسینی قەرزدا دەبێ‌ بزانین كە ئەوە بۆ سوكایەتی كردن نییە بە ئافرەت بەڵكو بۆ ئەوەیە كە پیاو زیاتر خەریكی ئیشی دەرەوەو مامەڵەی بازرگانی و كڕین و فرۆشتن بێت و ئافرەتیش زیاتر بە پەروەردەكردنی منداڵی خۆی وخزمەتكردنی ماڵی خۆیەوە خەریك بێت و لەئەنجامی ئەمەشدا شارەزایی پیاو لە بواری تایبەت بەخۆی زیاد بكات و هی ژنانیش لەبواری تایبەت بەخۆیان و پرۆسەیەكی تەواوكاری لەنێوانیاندا ڕووبدات نەك وەكو دوو ڕكابەر ڕەفتارو مامەڵە بكەن.

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics