٥ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

ئیسلام بە فاكتەری ئابووری دروست بووە!؟؟

هەندێ كەس كە یان ناحاڵین یان بەمەرامن ،ئەڵێن: ".. گەشەی ئابووریی شانبەشانی پەرەسەندنی پەیوەندی بازرگانی.. بووەتە هۆی ئەوەی كە كەڵكەڵەی بیری یەكگرتن‌و یەكێتیی سیاسیی ئاینیی بكەوێتە مێشكە تێگەیشتووەكانی كۆمەڵگەی عەرەبستانەوە تا بیر لە دامەزراندنی ئیسلام بكەنەوەو بیكەنە دین بۆ خۆیان و خەڵكی"!! .Islam

ئەوكەسانە بەم قسەیە ئەیانەوێت دوو بنەمای ئێكسپاریەری دینی ماركسیزم بسەلمێنن:

یەكەمیان: مێژوو تەنیاو بە تەنیا بە پاڵنەری ئابووری دروست ئەبێت.

دووهەمیان: دین تەنیاو بەتەنیا دیاردەیەكی دەستكردی كۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە ئاسمانەوە نییە.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەو كەسانە لە هەردووكیاندا بە هەڵەدا چوون و(زانستی ئەمڕۆ)و (عەقڵا)و (ڕاستییە ئاینییەكانیش) ئەو نەزانینە ڕەت ئەكەنەوە..

زانستی ئەمڕۆ چ وەك (دەروونناسی)‌و چ وەك (شوێنەوارناسی)‌و چ وەك (زانستی مێژوو).. هەموویان لەسەر ئەوە ڕێكن كە مێژوو بە پاڵنەری ئابووری‌و پاڵنەری تریش دروست ئەبێت، بۆ نموونە:

پاڵنەری بڵاوكردنەوەی ئایین‌و مژدەدان بە ڕزگاری لە دونیاو لە ڕۆژی ڕەستاخێزدا گەورەترین پاڵنەرە بۆ دروستكردنی مێژوو.. تەنانەت وەك زانای بەرزی كورد نەژاد "ئیبن تەیمیەی حۆرانی" ئەڵێت: "میژوو بریتییە لە تۆمارێك كە كارو كردەوەی پێغەمبەرانی تێدا نووسراوەتەوەو شارستانییەتەكان بە دەستی ئەوان‌و ڕێنماییەكانی ئەوان دروست بوون، گەشەی شارستانییەتە مرۆییەكانیش ڕاستەوانە ئەوەستێ‌ لەگەڵا ڕادەی پێڕەوی كردن لە ڕێنماییەكانی ئەواندا"، لەسەر ئەمە ئەڕوات‌و ئەیسەلمێنێت‌و پاشان ئەڵێ‌: "ڕێڕوەی مێژوو بەردەوام بەشوێن پێی پێغەمبەراندا ئەڕوات‌و.. ئەم مرۆڤایەتییەش ڕۆژێك لە ڕۆژان بێ پەیوەندی نەبووە بە پێغەمبەرانەوە لە درێژایی مێژوودا، ئەوەتا هەموو مێژووەكانیش كە دانراون‌و كراونەتە سەرەتا بۆ ساڵا‌و سەردەمەكان پەیوەندن بە پێغەمبەرانەوە(صلى الله عليه وسلم )، چونكە دیارە كارو كاریگەری ئەوان لای خەڵكی تایبەت‌و عەوامیش ڕوون‌و ئاشكرابووە.. چونكە دیارییە شتی زۆر گرنگ كراوەتە سەرەتای مێژووی هەر میللەتێك تا خەڵكی بزانن پێش ئەو ڕووداوەو پاش ئەو ڕووداوە چەند ساڵا بووە".

دەی كەواتە پاڵنەری ئابووری حزووری كوا بۆ پێغەمبەران و شوێنكەوتەكانیان لە بڵاوكردنەوەی دیندا،كە ماڵ و مناڵ و نیشتمانی خۆیان جێهێڵاوە وهەریەكەیان لە كوچەیەكی ئەم دونیا فراوانەدا گیانیان بە پەروەردگار بەخشیوە دوور لە مناڵ و كەسوكار و زێدی باوباپیرانی!.

هەروەها مێژوو بەخۆشەویستی‌و خزمەتی بێ‌ بەرامبەر دروست ئەبێت وەك خۆشەویستی دایكێك بۆ مناڵەكەی یان ژنێك بۆ دڵخوازەكەی‌و بە پێچەوانەشەوە.

باشە پێم ناڵێن چ پاڵنەرێكی ئابووری هەیە لە پشت خۆشەویستی ئەو دایكەوە بۆ مناڵەكەی یان لە پشت كوڕێك بۆ دڵدارەكەی یان ئەمان بۆ ئەوان؟! ئیتر بۆچی هەر ئەبێ‌ پاڵنەری ئابووری حزوری ببێت لەم هاوكێشەیەدا..

پاشان پاڵنەری ئابووری حزوری كوا لە خۆڕەنجاندنی زانایەكدا كە ڕۆژ ئەداتە دەمی شەو بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەكی زانستی یان دۆزینەوەی دەرمانی نەخۆشییەك یان ڕیگەگرتن لە لێقەومانێك، ئایا ئەو پاڵنەرانە هەمووی هەر ئابوورین؟!

دەی ئیتر یانی چی سەرهەڵدانی ئیسلام‌و دروستبوونی ئەو مێژووە ببەسترێتەوە بە ئابوورییەوەو بڵێ‌: "ئاینی ئیسلامیش وەك هەموو ئاینەكانی تر زادەی هەلومەرجێگی كۆمەڵایەتیی‌و مێژووی دیاریكراوە"، ئەمانە هەمووی (یەك).

(دوو) ئایا ئەو كەسانە تووشی هەڵەی كوشندە نەبون ئەگەر بڕوایان وابێت "دین بە گشتی دەستكردی خەڵكەو پەیوەندی بەخواو بە ئاسمان‌و پێغەمبەرایەتییەوە نییە؟".

هەموو زانایانی بەراوردكاری ئایینەكان بە گشتی ئەڵێن: ئایینەكان دوو جۆرن: یەكەمیان، ئاینە ئاسمانییەكان. دووەمیان: ئاینە دەستكردەكان.. ئاینە ئاسمانییەكان ئەو ئاینە خواییانەن كە بە بەردەوامی لەلایەنی خواوە هاتوون بۆ ئەم مرۆڤە تا لەلایەك پەیوەندی ئەم مرۆڤە بە خواوە ڕێك بخەن، لەلایەكیشەوە پەیوەندی (كۆمەڵایەتی) ئەم مرۆڤە ڕێك بخەن‌و دامەزراوی بكەن.

(شَرَعَ لَكُم مِّنَ الدِّينِ مَا وَصَّى بِهِ نُوحاً وَالَّذِي أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ وَمَا وَصَّيْنَا بِهِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى وَعِيسَى أَنْ أَقِيمُوا الدِّينَ وَلَا تَتَفَرَّقُوا فِيهِ كَبُرَ عَلَى الْمُشْرِكِينَ مَا تَدْعُوهُمْ إِلَيْهِ) الشورى (13).

 

واتە: ("هەر خوا" شەریعەتێكی لە ئایین بۆ دامەزراندوون كە نوحیشی ڕاسپارد بەو شەریعەتەو بەمەی كە ناردووشیە سەر تۆو هەموو ئەو شەریعەتانەش كە ناردی بۆ ئیبراهیم‌و موساو عیسا تێیدا فەرمانی بەوە كردووە كە ئایین بەرپا بكەن‌و گروپ گروپ لەم ئاینە مەوەستنەوە، ئەم داوایە زۆر قورسە بە نیسبەت كافرانەوە). ئەو ئایینانە بە بەردەوامی هاتووەنەتە سەر میللەتانی ئەم سیەرزەوییە، خوای گەورە ئەفەرموێ: (ولكل قوم هاد) هەموو میللەتێك ڕیگە پیشاندەرێكی بۆ نێردراوە.. كورد (ئیبراهیم)و عەرەب (ئیسماعیل)( )‌و فارس (زەردەشت)‌و بەنی ئیسرائیل (موساو عیسا)‌و (مەدیەن شوعەیب)‌و (حەزرەتی موحەممەد)یش بۆ تەواوی میللەتان بە عەرەب‌و كوردو فارس‌و عیسایی‌و موساییەوە.. هتد.

خوای گەورە ئەفەرموێ: (قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللّهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعاً) (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ) (الأنبياء: 107) (تَبَارَكَ الَّذِي نَزَّلَ الْفُرْقَانَ عَلَى عَبْدِهِ لِيَكُونَ لِلْعَالَمِينَ نَذِيراً) (الفرقان: 1).

ئاینە دەستكردەكانیش بریتین لە هەموو ئەو ئاینە نائاسمانییانەی كە لە لایەن چەند كەسێكی حەكیم‌و زانا، یان چەند كەسێكی "فرسەت تەلەب"ەوە لە بێئاگاییەكدا لە خەڵك بووەتە ئایین، جا ئەوە لە بناغەدا ئاینێكی ئاسمانی بووبێت‌و بە دەستكاریی كردنی زۆر متمانەی خۆی لەدەست دابێت یان هەر بەرهەمی زانین یان نەزانینی چەند كەسێك بووبێت لەناو میللەتێكی دیاركراودا.. وەك ئاینی "بوزا" یان "صابیئەو ئەستێرە پەرستەكان" یان "هیندە گاپەرستەكان" یان چی‌و چی.. جا كەواتە سنووداركردنی ئایین تەنیا لە ئاینە دەستكردەكاندا ئەوە هەڵەیەكی گەورەیەو نە "عەقڵا"‌و نە "مێژوو" نە "زانست" پشتیوانی لێ ناكەن، نەخوازەڵا ئیسلام بە ئاینێكی دەستكردی "وەرەقەی كوڕی نەوفەل"و "بوحەیرا"و "ئومییەی كوڕی ئەبی سەڵت‌و موسیلەمەو كێ‌و كێ بزانرێ‌!!".

سێ: لەو چەند دەقەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو جۆرە كەسانە بەنیازن ئیسلام بكەن بە مەكینە ژەنگاوییەكەی خۆیانداو هەموو تەفسیرە ماددیەكانی خۆیان بسەپێنن بەسەریدا.. ئەگەر وانییە یانی چی ئەڵێن: پاڵنەری ئابووری ئیسلامی هێناوەتە ئاراوە!.. یان ئیسلام زادەی هەل‌و مەرجی كۆمەڵگەی عەرەبستانە، بۆ ئیسلام هەروا بزانی زادەی بیری ئەبوجەهل‌و عاصی كوڕی وائیل‌و سەرانی قورەیش بوو یان كۆمەڵیك ئاڕاستە بوو دژ بە ئاراستەی ئەوان بە سەدو هەشتا پلەی پێوانەیی، جا ئەگەر وایە بۆچی سەرانی قورەیش ئەو هەمووە دژایەتییەیان كرد، شەڕی (بەدر)‌و (ئوحود)‌و (ئەحزاب)‌و هەموو ئەو شەڕانەی تر ئەبێ‌ لە پای چیدا بووبێت، خۆ ئەو شەڕانە شەڕی سەروماڵی بوون!! ناشێ‌ ئەو جۆرە كەسانە بە سوبعەت‌و وەخت‌و ڕابواردنیان بزانن!!

ئیسلام دینی خوایە بە دەیان بەڵگەی زانستی و مەنتیقی چونكە قورئان كە سەرچاوەی سەرەكی و یەكەمی ئەم ئیسلامەیە كتێبێكەو هەیەو كۆمەڵێكی زۆر "ڕێنمایی"‌و "یاسا"و "زانیاری""بیرۆكەی هەمەجۆر"ی تێدایەو یەكەمجار لە مێژوودا لەسەر زمانی موحەممەد پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دا باسیكراوەو ئەو داویەتیە پاڵا خواو فەرموویەتی(... كتاب الله فيه نبأ ماقبلكم، وخبر مابعدكم، هو الفصل ليس بالهزل، من تركه من جبار قصمه الله، ومن ابتغى الهدى في غيره اضله الله، وهو حبل الله المتين وهو الذكر الحكيم وهو الصراط المستقيم، وهو الذي لا تزيغ به الأهواء ولا تلتبس به الألسنة ولا يشبع منه العلماء، ولا يخلق على كثرة الرد ولا تنقضي عجائبه، هو الذي لم تنته الجن إذ سمعته حتى قالوا: (.. إِنَّا سَمِعْنَا قُرْآناً عَجَباً * يَهْدِي إِلَى الرُّشْدِ فَآمَنَّا بِهِ. .) (الجن: 1ـ 2) من قال به صدق ومن عمل به أجر، ومن دعا اليه هدي الى صراط مستقيم واتە: دەنگوباسی پێش خۆتان ‌و هەواڵی پاش خۆتانی تێدایە، دادوەریی نێوانتان ئەكات، ئەم قورئانە قسەی كار بڕ ئەكات‌و شۆخی ناكات، هەركەسێك لە ترسی خەڵكی زۆردار وازی لێ بهێنێ‌ خوا پشتی ئەشكێنێ‌‌و هەركەسیش عەوداڵی هیدایەت بێت‌و لە جگە لە قورئاندا بۆی بگەڕێ‌ خوا رێگەی لێ وون ئەكات، ئەم قورئانە (حبل)ی پتەوی خوای گەورەیە لە ئاسمانەوە شۆڕی كردۆتە خوارەوە بۆ بەندەكانی تا دەستی پێوە بگرن. ئەم قورئانە ئەو یادەوەرییە كە پڕە لە حیكمەت‌و دانایی، ئەوەیە رێگەی راست‌و دروست.

ئەم قورئانە ئارەزووی خەڵكی ناتوانێ‌ لای بدات‌و بە زمانی لوس كەس ناتوانێ‌ گومان‌و دوودڵی تێدا دروست بكات، زانایان لەم قورئانە تێر نابن، زۆر وتنەوەی قورئان كۆنی ناكات‌و شتە سەرسوڕهێنەرەكانی كۆتاییان پێنایەت، ئەم قورئانە ئەو قورئانەیە كە كاتێك پەرییەكان گوێیان لێبوو خۆیان پێنەگیراوو وتیان: بەراستی گوێمان لە قورئان خوێندنێك بوو كە زۆر سەیر بوو، خەڵكی رادەكێشا بۆ روشدو پێگەیشتن‌و ئێمەش بڕوامان پێی هێنا، هەركەس بەم قورئانە قسە بكات راست ئەڵێت‌و هەركەسیش كاری پێ بكات پاداشت وەرئەگرێت ‌و هەركەسیش خەڵك بۆ ئەم قورئانە بانگ بكات ئەكەوێتە سەر رێگەیەكی رێك‌و راست..".قورئانیش خۆی ئەسەلمێنێ كە زادەی بیری بەشەر نییە و بەڵكو هی خوایەكی بەتوانا و زانا و دانایە، ئەوانەی وا ئەزانن هی خوا نییەو خوا داینەناوە، ئەبێ‌ یەكێ لەم گریمانانە بڵێن:

یەكەم:

یان موحەممەد صلى الله عليه وسلم خۆی دایناوە و بۆ مەبەستێكی دیاریكراو داویەتیە پاڵ خوا!!.

دووهەم:

یان وەك خەڵكانێكی گوماناوی ئەڵێن:، لە سەرچاوەیەكی تری وەك (بوحەیرا) (وەرەقە)و ئەمانەوە وەرگیراوە.

سێیەم:

یان قورئان مادام بە كەسی تر ناوترێ‌و كەس ناتوانێت وەك ئەو بهێنێ‌، كەواتە هی دەسەڵاتێكە توانای لەسەرووی تواناكانی مرۆڤەوەیە كە ئەویش خوایە..

بۆ وەڵامی هەریەك لەوگریمانانەش وەڵامی زانستی هەیەو ئێرە شوێنی درێژەدان نییە بەو باسەو داواكارین بۆ وەڵامی ئەو گریمانانە سەیری كتێبی(دەروازەیەك بۆ زانستەكانی قورئان)یان كتێبی(دەوڵەتی خیلافەت) لە نووسینی ئیكرام كەریم بكەن..

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics