٥ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

پێویستی مرۆڤایەتی بە شەریعەتی خوایی

هەندێك وا دەزانن مرۆڤایەتی نەك هەر نیازی بە خوا نەماوە شەریعەتی بۆ دابەزێنێت بەڵكو بە خۆی توانیویەتی شەریعەتێك بۆ خۆی دابنێت زۆر گونجاوتر و مرۆڤانەتر لە شەریعەتی خوایی كە دواهەمینیان شەریعەتی ئیسلامییەو ئەوانەی لە كۆلێژەكانی یاسا دەردەچن ئەم قەناعەتەیان بۆ دروست دەبێت و دەستوری وەزعی زۆر لە شەریعەتی ئیسلامی بەباشتر و گونجاوتر دەزانن بۆ ئێستای مرۆڤایەتی و بڕوانامەكەی خۆیان زۆر لە بڕوانامەی كۆلێژی شەریعە بە بەرزتر دەزانن ! . جا ئایا ڕاستە مرۆڤایەتی نیازی بە شەریعەتی خوایی نەماوەو ئەو تەشریعانەی خۆی دایناوە بەرزترو گونجاوترە بۆی لە شەریعەتی ئیسلامی؟288 239 Shre3a

ئەوانەی باوەڕیان بەخواهەیەو باوەڕیان بەوە هەیە كە ئیسلام ئاینی خوایەو شەریعەتی ئیسلامی شەریعەتێكی خواییە نابێت بۆ یەك چركەش ئەم شتە بە مێشكیاندا بێت وباوەڕی پێ بكەن، بەڵكو ئەمە بەلایانەوە یەكێكە لە هەڵوەشێنەرانی بیروباوەڕی مرۆڤ و بەڵگەی خوانەناسییە بەلایانەوەو پێویست ناكات بۆیان بسەلمێنین كە مرۆڤایەتی نەك هەر پێویستی بە شەریعەتی خوایی هەیە بەڵكو دڵنیان لەوەی كە مرۆڤایەتی بێ ڕێنمایی خوایی تەنها بەشی دەردەسەری و نەگبەتییەو دروشمیان لەڕووی ئەوانەی كە دەڵێن شەریعەتی ئێمە لە شەریعەتی خوایی باشترو گونجاوترو بەكەڵكترە ئەم ئایەتەی قورئانە كە دەفەرموێت : " وإذا قيل لهم لا تفسدوا في الارض قالوا انما نحن مصلحون ، ألا إنهم هم المفسدون ولكن لايشعرون " البقرة/11-12.. واتە: ئەگەر پێیان بڵێن تۆوی گوناه و تاوان و خراپەكاری مەچێنن لە زەویدا دەڵێن ئێمە تەنها چاكسازی دەكەین ، لە ڕاستیدا ئەوانە تۆوی خراپە دەچێنن بەڵام هەست ناكەن.

بۆ ئەوانەش كە باوەڕیان بە خواو بە ئیسلام نییە یا باوەڕیان لاوازە دەڵێین:

مرۆڤایتی بە درێژایی ژیانی كاتێك دوور لە نیگای خوا شەریعەتی بۆخۆی دانابێت هەمیشە ئەمپەڕو ئەوپەڕی گرتووەو بەدەگمەن ناوەڕاستی پێكاوە. جارێكیان ئەملای گرتووە ، دوایی كە ئەو تەشریعەی بەرپاكردووە كۆمەڵێك كێشەی زۆری لێ بووەتەوە ، هەڵساوە لەكاردانەوەی ئەم تەشریعە شەریعەتێكی داناوە بەڵام ئەمجارەیان ئەولای لێگرتووە ، دوای ماوەیەك لەبەرپاكردنی ئەمیان لەمیشیان زەرەری كردووە و لەبەر ئەوەی تەشریعە پێشینەكەی لەبیرچووەتەوە كە لە كاردانەوەیدا ئەم تەشریعەی دانابوو جارێكی تر بەم لایەی تردا دەیشكێنێتەوە ، بەم شێوەیە لەنێوان ئەمپەڕو ئەوپەڕدا دێت و دەچێت و ڕێگەی ناوەڕاست نادۆزێتەوەو سوود لەئەزموونی خۆی وەرناگرێت ، یان ئەگەر وەریشی گرتبێت دوای قوربانییەكی زۆر و بەدبەخت بوونی چەندین نەوە ، لەكاتێكدا كە شەریعەتی خوایی یەكسەر مەبەست دەپێكێت و لە ناوەڕاستی نیشانەكە دەدات، وەكو خوا دەفەرموێت: " وكذلك جعلناكم امة وسطا لتكونوا شهداء على الناس ويكون الرسول عليكم شهيدا" و دةفةرمويَت: " صبغة الله ومن أحسن من الله صبغة ".

بۆ ئەوەی قسەكەمان لە چوارچێوەی تیۆری و قسەی ئینشایی بچێتە دەرەوە چەند نموونەیەك دێنینەوە: لە ئەنجامی ڕژێمی دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری و چەوساندنەوەی چینی هەژارو بێدەسەڵات فكرەی ماركسییەت سەریهەڵداو ویستیان چینایەتی نەهێڵن وهەژارو دەوڵەمەند وەكو یەك لێبكەن ، ئەوەبوو نزیكەی سێچارەكە سەدە لە یەكێتی سۆڤیەت و ئەوروپای ڕۆژهەڵات ماركسییەكان فەرمانڕەواییان كرد بەڵام لە جیاتی ئەوەی چینایەتی نەهێڵن ڕۆحی هەوڵدان و داهێنانیان لە دڵی خەڵكیدا كوشت و دەوڵەتێكی پۆلیسییان داهێناو وڵاتەكانیان كردە زندانییەكی گەورەو سەربەستییەكانیان خەفەكردو ئازادییەكانیان كۆتكردو هەناسەیان لەخەڵكی بڕی و هەژاری و بێزاری باڵی بەسەر خەڵكیدا كێشا !. لەكاردانەوەی ئەمەدا مرۆڤایەتی جارێكی تر باوەشی گرتەوە بۆ سیستمی سەرمایەداری و لە ژێر باڵی دیموكراسی و ئازادیی ڕەهای مرۆڤ فەوزاو گەڕەلاوژێ‌ خەریكە جارێكی تر باڵا ئەكێشێت بەسەر مرۆڤایەتیدا وهەر دوو كەس هەڵدەستن بۆ بەدەست هێنانی بژێوی حزبێك دروست دەكەن حزبایەتی و ئازادی ڕادەربڕین بوونەتە دوو وەسیلەی باش بۆ بژێوی پەیدا كردن و بەدەست هێنانی دەسكەوتی ماددی، سەروەت و سامانی وڵاتان زۆرێكی لە ڕێی هەڵبژاردن و پڕوپاگەندەكانی هەڵبژاردندا لەناو دەبرێن و میللەتان خەریكە دەبنە دوو چین : چینێكی زۆر هەژاری بێ دەرامەت و چینێكی دەوڵەمەندی بێ سنوور!.

ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە ، لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە مرۆڤایەتی دوور لە نیگاو شەریعەتی خوایی بەبەردەوامی لە نێوان دوو جەمسەری خەفەكردنی ئارەزووەكانی نەفس و بەرەڵایی ڕەهادا دێن و دەچن و ڕێگەیان نەكەوتووە لە بەرنامەیەكی مامناوەند لە نێوان ئەو دووەدا ! بەرنامەیەك نە ئارەزووەكانی نەفس بەو شێوەیە خەفە بكات و بانگەشە بۆ ژیانی زگورتێتی بكات ، وە نە بەرنامەیەك بەو شێوەیە بانگەشە بۆ بەرەڵایی سێكسی بكات.

یا لە ڕووی ئابوورییەوە ، یان سیستمێكی ئیشتراكی وا كە هەموو هاندەرێك لە دەروونی مرۆڤەكاندا بكوژێت و لە ئەنجامدا ئابوری(ئیقتصاد) ببێتە هۆی شكستی ئەو دەوڵەتانەی كە ئیقتصاد كۆڵەكەی سیستمەكەیان بوو وەیا سەرمایەدارییەكی وا كە مامەڵە بە سوو كۆڵەكەی ئابوورییەكەیان بێت و ئەویش هەر لەبەر سوو هەرەس بێنێت . هتد .

بەو شێوەیە دەبینی مرۆڤ هەمیشە ئەمسەرو ئەوسەری شتەكانی گرتووەو هەمووی لە ئەنجامی كاردانەوەوە دەكات و ناكەوێتە سەر ڕاستەڕێ ، لێرەوە پێویستی كردووە خوا بەرنامە دابەزێنێت و شەریعەت بنێرێت بۆ ئەوەی مرۆڤەكان سەرگەردان نەبن و هەر لە یەكەم ڕۆژەوە مەبەست بپێكێت.

مرۆڤ لای خوا لەوە بەڕێزترە لێی گەڕێت بەو شێوەیە سەرگەردان ببێت و هەر ڕۆژەی یەكێك بە بیری خۆی پەتپەتێنی پێبكات و هەرماوەی جارێك شەریعەتێكی بەسەردا بەرپا بكرێت وهەرجارەی چەند نەوەیەك بەدبەخت بكرێن و دوایی بۆیان دەركەوێت هەڵەیان كردبوو و شتەكەیان نەپێكابوو.

ئەگەر ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لەبەر دڵگەرمی خۆی و لە خۆ بایی بوونی بەو پێشكەوتن و دەسكەوتانەی لە بواری زانست و تەكنۆلۆژیا بەدەستی هێناوە عەیبەكان وكەموكورتییەكانی ئەم سیستمە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی ئەمڕۆ نابینێت ماوەیەكی تر دێت سەری لە بەدبەختی و پەشیمانییەوە دەربێت و بزانێت لەم سیستمەش چ زیانێكی گەورەی كردووە.

سیستمی ئیسلامی كە دوا شەریعەتی خوایە گونجاوترین و لەبارترین سیستمە بۆ مرۆڤایەتی لە هەموو بوارەكاندا، چ لە بواری كۆمەڵایەتی وەچ لە بواری سیاسی وەچ لەبواری ئابوری با ئەمڕۆش مرۆڤایەتی پێی نەزانێت: " ولتعلمن نبأه بعد حین" (1)، ئەمەش شتێكی چاوەڕوانكراوە چونكە ئیسلام ئاینی خوای زاناو داناو ڕەواو بەدەسەڵاتە: "ألا يعلم من خلق وهو اللطيف الخبير" الملك/ 14.

مرۆڤایەتی لە بوارە ماددی و بەرجەستەكراوەكاندا توانیویەتی یاسای گونجاو بۆخۆی دابنێت وەكو یاساكانی هاتوچۆ كەلەبەر ئەوەی ئاكامەكانی پابەندنەبوون پێیانەوە مرۆڤەكان یەكسەر و ڕاستەوخۆ زیانیان پێدەگات یاسای گونجاویان بۆ دانراوە ، بەڵام لە بواری كۆمەڵایەتی و مەعنەویدا لەبەرئەوەی زیانەكان ڕاستەوخۆ بەرجەستە ناكرێن مرۆڤـ نەیتوانیوە تەشریعاتێكی گونجاو بۆ ئەو بوارانە دابنێت ، بۆ نموونە تێكەڵاوی پیاوو ژن و بڵاوبوونەوەی زینا لەبەر ئەوەی ئەنجامە خراپەكانی یەكسەرو ڕاستەوخۆ بەرجەستە ناكرێت و نەفس حەزی پێیانە نەتوانراوە تەشریعێكی گونجاوی بۆ دابنرێت .

كاتێك نەخۆشییەكی درمی كوشندە لە شوێنێكدا بڵاو دەبێتەوە بەرپرسیارانی وڵاتان دەكەونە خۆیان و بۆ ڕێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بەڵام كاتێك بیرۆكەیەكی زیانبەخش یان ڕەوشت و ئاكارێكی زیانبەخش لە شوێنێكدا سەرهەڵدەدات بەرپرسانی وڵاتانی تر ڕێوشوێنێكی ئەوتۆ ناگرنە بەر بۆ ڕێگریكردن لەو بیرۆكانە لەبەر ئەوەی یەكەم بەگوێرەی پێویست ناتوانن هەڵیسەنگێنن ودووەم پێشبینی دەرئەنجامە خراپەكانی ناكەن.

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(1) ئەوەتا پەنا هێنانی ڕۆژئاوا بۆ سیستمی ئابوری ئیسلامی و سیستمی بانكی ئیسلامی بەڵگەیە لەسەر فەشەلی سیستمی ئابوری پشتبەستوو بە سوو!.

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics