٢٩ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

ئایا شۆڕشەكەی حوسەینی كوڕی عەلی حەق بوو؟

لەبەر گرنگی و هەستیاری باسی شۆڕش لەم ساتەوەختەماندا بە پێویستمان زانی خوێندنەوەیەك هەبێ‌ بۆ یەكێ‌ لە دیارترین و گرنگترین شۆڕشەكانی ناو مێژووی ئیسلامی كە شۆڕشەكەی حوسەینی كوڕی عەلی كوڕی ئەبوتالیبە، چونكە ئەو مەسەلە و ڕووداوە تا ئەمڕۆش بە گەرم و گوڕی باسی ماوەو تەنانەت ڕەوتی جیاجیای لێكەوتوەتەوە، هەندێ‌ نان و پیازی پێ‌ دەخۆن و هەندێ‌ بۆی دەگرین و هەندێكیش لێی دەدەن.

Hosaen

بەڵام بەڕاستی خوێندنەوەیەكی ورد و واقیعی بۆ ئەو شۆڕشە پێویستە، چونكە هەم كەسەكە و هەم بارەكە و هەم سەردەم و هەم كارەكەش لە ئاستی بەرزدان، كچەزای پێغەمبەری خوا لە نێو هاوەڵان و لە سەدەی یەكەمی كۆچی دا (خیرالقرون) شۆڕش دەكات بەرامبەر كوڕی هاوەڵێك، بەڵكو خوای گەورە لەم كارەدا سەركەوتوومان بكات و زمانمان بپارێزێ‌ لە زماندرێژی و حەق گۆڕین، هەرچەندە مەسەلەكە زۆر هەستیارە، بەڵام ئەگەر دروست لێی نەنەوین كەسانێ‌ بە سەد نیازی خراپ لێی دەنەون.

بۆیە زۆر هەوڵمانداوە لە چەند ڕوویەكەوە لەسەر ئەو شۆڕشە بدوێین و خوێندنەوەیەكی بۆ بكەین 1- بارودۆخی سەدەی یەكەم.

2- كەسایەتی ئیمام حوسەین و یەزید.

3- ئامانجی شۆڕشەكەی حوسەین.

4- هەنگاونانی حوسەین بۆ شۆڕشەكە.

5- هەڵوێستی جیهانی ئیسلامی.

6- هەڵوێستی دەوڵەتی ئومەوی.

7- بە یەكگەیشتنی هاشمی و ئومەوی.

8- شەهید بوونی ئیمامی حوسەین.

9- لایەنە ئیجابی و سلبیەكانی شۆڕشەكە.

 

یەكەم: بارودۆخی سەدەی یەكەم: سەدەی یەكەمی كۆچی سەدەی گۆڕانە ڕیشەییەكان بوو، هاتنی پێغەمبەری خوا و گەیاندنی پەیامی ككۆتایی بوو، تیایدا مەسیحیەت و جوولەكە لە جەنگێكی نێوان خۆیان و هێرشی دژ بە یەكەوە كەوتنە باری بەرگری دژ بە ئایینی نوێ‌ و یەكبوون لە دژی ئایینی تازەدا. دەسەڵاتە سیاسیەكانی فارس و ڕۆم كەوتنە بەر كوتەكی ڕاستكردنەوەی ئیسلام و ڕووخان. باری كۆمەڵایەتی لە فرەجۆری و شێواوی و سنوربەزێنیەوە چوویە باری ڕێكخستنەوە و چەسپان، بانگەوازەكانی دادپەروەری و مافخوازی و جیهانێتی و یەكخوایی و ڕاستڕەویی بوونە ڕێبەری بانگەوازنەكان، هەر لادانێك لەوانەش لە پێناو گەڕاندنەوەی جاهیلیەت یان لەقكردنی بناغەی حەقیقەت دا وەك هەوڵەكانی هەڵگەڕانەوەو زەكات نەدان و بانگەشەی پێغەمبەرایەتی و هتد لێیان درا و لەناوبران، ئیدی نموونەیەكی باڵای دەوڵەتی حەق لە سایەی ئیسلام دا لە سەردەمی پێغەمبەردا  دەستی پێكردو دروست بوو و دامەزرا و لە سەردەمی خەلیفەكانیش دا چەسپا، بۆیە بچووكترین لادان لەو ڕەوتە ڕاستە گەورەترین دەنگۆی دەبوو، ئەوە بوو سێ‌ ڕووداوی كوژرانی ئیمامی عوسمان و جەمەل و صفین گەورەترین دەنگۆیان هەبوو و بوونە ئەزموونێكیش بۆ موسڵمانان بەڵام ژێر بە ژێریش هەوڵی دوژمنان بەردەوام بوون، وەك هەوڵەكانی جوولەكە بۆ زیندووكردنەوەی ڕۆحی نەتەوە و خێڵپەرستی، نانەوەی دووبەرەكی، گومانسازی. ئەوە بوو ئەو سێ‌ ڕووداوە گەورە لە سەردەمی خیلافەت دا پاش بارشێوێنیەكانی سەردەمی ئیمامی ئەبوبەكی ڕوویان دا، بەڵام ئیمامی ئەبوبەكر تەواو بە دروستی بارەكەی ڕاست كردەوە. ئیمامی عومەر درێژەی پێدا، ئیمامی عوسمان كەوتەوە بەر گورزی دووەم هەوادارانی شەیتان، ئیمامی عەلیش بوو بە قوربانی دووەمی ئەو دوژمنانە، خێرا ئیمامی حەسەن هات و لەگەڵا ئیمامی موعاویەدا ڕێككەوت و بارەكە سەرلەنوێ‌ ڕاست بوویەوە، بەڵام هێندەی نەبرد شێوانی سەر لەنوێی ئەو بارە بە زەقی دەركەوت كاتێ‌ بەیعەت بۆ یەزید وەرگیرا. هەرچەندە لە ئاستی تاكەكەسی یەزید پێش بەیعەت بۆ وەرگیرانی كەسێكی چاك بوو بەڵام حەزی دەسەڵات و لاری دەوروبەرەكەی و كەمفانی زانستی و نەبوونی چاوی دووربینی بە گێژاوی دا برد.

بۆیە ئیمامی حوسەین هەستا و لێنەوی تا جارێكی تر ببێتە ڕێبەری چاكسازی و شمشێرە لادەر بڕەكەی ئیمامی ئەبوبەكر و ئیمامی حەسەن هەڵگرێ‌ بۆ ڕاستكردنەوەی بارەكە، بۆیە لەلایەكەوە ئامادەسازی بۆ خیلافەت دەكرد، لە لایەكیشەوە پڕۆژەی چاكسازی دەخستە ڕوو. پڕۆژە و چەكێ‌ كە ڕێ‌ نەدات ڕەوتی ڕێبازی ئیسلامی تووشی لادان بكرێ‌، هەرچەندە لە ڕووكەش دا سەركەوتنی تەواو بەدی نەیەت، بەڵام لە كرۆك و هزردا چەسپاوی ڕێبازی ئیسلامی بمێنێتەوە.

 

دووەم: كەسایەتی ئیمامی حوسەین و یەزیدی كوڕی موعاویە:

أ- ئیمامی حوسەین: حوسەینی كوڕی عەلی كوڕی ئەبوتالیب كچەزای پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بوو. واتە دایكی ناوی فاتیمەی كچی موحەممەد بوو، لە ساڵی چوارەمی كۆچی دا لەدایك بوو، ڕەیحانەو ئازیز و خۆشەویستی پێغەمبەر بوو، ئەو گەورەییانەی پێبەخشرا (كوڕی موژدە پێدراوێكی بەهەشت و ئامۆزا و زاوای پێغەمبەر، كوڕی كچی پێغەمبەری خوا، رەیحانەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم، دواتریش گەورەی گەنجانی بەهەشت، دواجاریش شەهیدی ڕێی خوا) تەمەنی منداڵی لە خزمەت پێغەمبەردا بردەسەر. نزیكی پێغەمبەر بوو، باری حەسەنی كوڕی عەلی بوو، ئەو حەسەنەی كە گەورەی گەنجانی بەهەشت و چاكسازی باری نێوان موسڵمانان و هاوشێوەترین كەس بە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بوو، بەوەش لە كەمترین ماوەدا زیاترین فێركاری ڕۆحی و ئیمانی و زانستی وەردەگرت، لە سەردەمی خەلیفەكانی ڕاشدین دا نزیكی خەلیفەكان بوو و لەلایان زۆر خۆشەویست بوو، ئامادەی ساتەوەختەكانی شەهیدبوونی دوو خەلیفەی موسڵمانان بوو كە بە خەنجەری ناپاكی شەهید كران (عوسمان و عەلی)، لە سەردەمی حەسەنی برای دا هاودەمی ئیمام حەسەن بوو و لە قسەی ئەو دەر نەدەچوو، كونیەكەی ئەبو عەبدوڵا بوو، دوای وەفاتی حەسەنی برای بڕیاری دا ئەو لادانە ڕاست بكاتەوە كە بەدیدەكرد، بۆیە لێنەوی تا دواجار لەو پێناوەدا لەسەر دەستی سەربازانی یەزید شەهید كرا.

ب-یەزیدی كوڕی موعاویە: یەزید كوڕی موعاویەی كوڕی ئەبو سوفیانە سەر بە ئومەویەكانە، دایكی ناوی مەیسونی كچی بەحدەلی كەلبیە، لە سەردەمی خیلافەتی ئیمامی عوسمان لە ساڵی 26 كۆچی دا لەدایك بووە، باوكی نووسەرەوەی وەحی بووە و لای پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم خۆشەویست بووە، یەزید سەرەتای ژیانی بە سەختی بەسەر بردووە چونكە موعاویە مەیسونی تەڵاق داوە، بۆیە یەزید لەگەڵا دایكی چووەو لەناو هۆزی كەلب دا لەگەڵا خاڵوانی دا ژیاوەو فێری سەختی و ناڕەحەتیەكان بووە و زمانپاراوی و ئازایەتی و نەترسی وەرگرتووە، بەڵام دواتر دەچێتەوە لای موعاویەی باوكی و لەوێ‌ زانست و فەرموودەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لە باوكیەوە وەردەگرێت، موعاویە زۆر گرنگی دەدا بە پەروەردەی یەزید و لە چەند بوارێكەوە پێیدەگەیاند، لەڕووی زانستەوە جگە لەوەی خۆی زانستی فێر دەكرد مامۆستایشی بۆ گرت بوو، لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە فێری سەردان و تێكەڵیی دەكرد لەوانە بۆ پرسەی ئیمامی حەسەن یەزیدی نارد بۆلای ئیبن عەباس، لەڕووی سەربازیەوە بەشداری پێدەكرد لە هەڵمەتی موسڵمانان دا بۆ فتوحاتی ئیسلامی، لەڕووی كارگێڕیشەوە لە نزیكی خۆی دایدەنا و فێری بوارە كارگێڕیەكانی دەكرد تا دواجار بەیعەتی بۆ وەرگرت تا دوای خۆی ببێت بە خەلیفەی موسڵمانان. یەزید بەشداری فەتحی قوستەنتینیە بوو و لە دووەم هێرش دا بۆ سەر قوستەنتینیە كە لە سەردەمی موعاویەدا ڕوویدا ئەو ڕێبەری سوپاكە بوو و گەورە هاوەڵانیش لەناو سوپاكەی دا بوون لەوانە ئەبوئەیوبی ئەنساری كە لەوێ‌ شەهید بوو. یەزید لە سەردەمی دەسەڵاتی دا سێ‌ هەڵەی گەورەی ئەنجام دا (شەهیدكردنی حوسەین، جەنگی الحرة و لێدانی شاری مەدینە، لێدانی بزاڤەكەی عەبدوڵای كوڕی زوبەیر و جەنگ بردنە ناو مەككە) دواجار لە ساڵی 64 كۆچی دا لە تەمەنی سی و هەشت ساڵی دا مرد.

 

سێیەم: ئامانجی شۆڕشەكەی حوسەین: ئیمامی حوسەین لە سەردەمی باوكی دا هاو ڕاو هاوڕێی باوكی بوو، كاتێ‌ دوو جەنگی ناحەز هاتنە ڕێی ئیمامی عەلی كە جەنگی جەمەل و صفین بوون، جەنگی جەمەل نزیك بوو ڕوونەدات و ئیمامی عەلی و دایكمان عائیشە و تەلحە و زوبەیر گەیشتنە ڕێكەوتن، بەڵام بكوژانی ئیمامی عوسمان كە سەری مارەكە بوون ڕاچڵەكین و جەنگەكەیان هەڵگیرساند، لە جەنگی صفین دا كە لەگەڵا ئیمامی موعاویە بوو دواجار گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر وەستاندنی جەنگەكە. لە هەردوو بارەكەدا حەق بەتەواوەتی لای ئیمامی عەلی بوو و ئیجتیهادەكەی هەریەك لە دایكمان عائیشە و تەڵحە و زوبەیر و موعاویەش نەیپێكا، ئیمامی حوسەینیش لەگەڵا باوكی دا بوو و ئەو ناحەقیەی دەدی، بەڵام ڕای بەسەر ڕای باوكی دا نەبوو، لەدوای باوكیشی لەگەڵا ئیمامی حەسەنی برای دا بوو و لەوەش دا حەقی تەواو بۆ ئیمامی حەسەن بوو چونكە بەیعەتی پێدرا بوو. ئیمامی حوسەینیش پشتگیری بوو بەڵام كاتێ‌ حەسەن تەنازولی كرد لە دەسەڵاتی بۆ موعاویە تا موسڵمانان یەكبخات حوسەینیش لەڕای حەسەنی برای لای نەدا، چونكە یەكڕیزی موسڵمانانی لا گرنگ بوو، هەروەها حەسەنی برایشی داوای لێكرد هیچ نەكات، جگە لەوەش لە ڕێككەوتنی نێوان حەسەن و موعاویەدا هاتبوو دواتر باری موسڵمانان بگەڕێتەوە بۆ شوورا وەك ئیبن حەجەری هەیسەمی ئەو دەقەی هێناوە، بۆیە لە سەردەمی ئیمامی موعاویەش دا بێدەنگ مایەوەو یەكڕیزی موسڵمانانی پاراست.

بەڵام كێشەكە لەو كاتەوە سەری هەڵدا موعاویە لە بنەمایەكی گرنگی ئیسلام لایدا كە ئەویش شوورا بوو، هەم لەلایەكەوە لادان بوو لە بنەمای شەریعەت، لەلایەكی تریشەوە لادان بوو لە خاڵێكی ڕێككەوتنی نێوان حەسەن و موعاویە، ئەوەبوو موعاویە بەیعەتی وەرگرت بۆ یەزیدی كوڕی تا دوای خۆی ببێتە خەلیفەی موسڵمانان، لەمەدا ئیتر حوسەین بەیعەتی نەدا و بڕیاری دا ئەو بارە ڕاست بكاتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێن ئامانجەكەی حوسەین بریتی بوو لە ڕێككردنەوەی ڕێگاكە تا لەڕێڕەوی ڕاستی خۆی لانەدات، چونكە ئەو هەستی بەوە كرد بوو كە لادان لە شوورا چەند مەترسی دارە، لادان لە شتێ‌ كە دەقی ڕاشكاوی قورئانی لەسەرە [ۆأَمْرُهُمْ شُورَی بَیْنَهُمْ]، هەروەها ئەو دەیزانی یەزید شیاوی ئەو پۆستە نیە، بۆیە پێشنیاری ئەوە بوو لەبری یەزید خۆی ببێت بە خەلیفە، واتە ئامانجی دووەمی شۆڕشەكەی حوسەین گەیشتن بوو بە پۆستی خیلافەت، لەمەش دا هەڵە نەبوو و مافی بوو چونكە لە ئیسلام دا تەنها لە یەك باردا دروستە بەڵكو پێویستە داوای پۆست بكەیت، كاتێ‌ كەسێكی شیاو و بەتوانا و لەبار ببینێ‌ پۆستێكی گرنگ دەدرێ‌ بە كەسێكی نەشیاو بەو پۆستە و لە ئەنجام دا گەندەڵی دروست دەبێت ئەو كات ئەو كەسە گونجاوە بۆی هەیە و تەنانەت لەسەری پێویستە داوای ئەو پۆستە بكات نەك بۆ حەز و ویست بەڵكو بۆ ئەرك و ڕێ‌ ڕاستی پاراستن.

ئیمامی حوسەین بە وردی هەستی كرد بوو بەو مەترسیە گەورەی لەو ڕووەوە ڕوودەكاتە هزر و ژیانی ئیسلامی، چونكە ئایینەكانی پێشتر بەهۆی بێدەنگ بوونیان لەلادانە هەنگاو بە هەنگاوەكان گەیشتنە ئەوەی دواجار نەیاندەزانی ڕاست و ناڕاست كامەیە، ئەگەر حوسەین و هاوەڵانی تر بە ئاسانی ئەو لادانەیان قبوڵا بكردایە لەوانە بوو ئەو بیری لادانە ببوایە بە بەشێ‌ لە تێڕوانین و بیركردنەوەی موسڵمانان، بۆیە دواتر لە مێژووی ئیسلامی دا ئەگەر چی لە بواری پەیڕەو دا لەئاستی پۆستی خیلافەت دا هەنگاوەكەی موعاویە سەركەوت بەڵام لە هزر و زانستی ئیسلامی دا هەنگاوەكەی حوسەین چەسپا و نەیهێشت هزری موسڵمانان بەوە شێواو بێ‌، هەرچەندە شیعەكان لەوەدا تەواو تێكەوتوون و وا ئامانجەكەی حوسەین لێكدەدەنەوە هەوڵی دا بێت هەمان كاری یەزید بكات بەڵام ئەم بۆ هاشمیەكانی بكات. ئەمەش ناپاكیەكە كە بەرامبەر بە نیازی پاكی شۆڕشی ڕاستیخوازی حوسەین دەیڵێن.

لەوانەیە زۆرجار كەسانێ‌ وا بیربكەنەوە بڵێن ئەو شۆڕشەی حوسەین كردی لە ئامانج و لە ئەنجامیش دا شكستی خوارد، بەڵام لەڕاستی دا گەورەترین ئامانج و باڵاترین ئەنجامی هەبوو، ئامانجی گەورەتر لەوە چی بێت كە هەوڵا بدات بەربگرێ‌ بە یەكەم لادانی ناو ڕەوت و ڕێبازی هزری و پەیڕەوی ئیسلامی، كە گەورەترین ئەنجامیشی بەدەست هێنا كە نەیهێشت ئەو لادانەی لە پەیڕەودا بۆ ماوەیەك خۆی چەسپاند لە هزریش دا خۆی بچەسپێنێ‌، بۆیە تا ئەمڕۆش موسڵمانان لەسەر ئەوە یەكدەنگ ماونەتەوە شوورا بنەمای ڕاستە.

مەسەلەیەكی تری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم ئامانجەی حوسەین هەیبوو لای هاوەڵانی تر هەبوو یان نا؟ لە وەڵام دا دەڵێین بەڵێ‌ ئەو ئامانجەی حوسەین هەیبوو لای هاوەڵانی تریش هەبوو، بەڵام هەردەستە و بۆ ئەو بارە ئیجتیهادێكیان هەبوو، دەستەیەكیان ئەوەیان بۆ گۆڕینی شوورا نەدەزانی و پێیان وابوو ئەو كارەی موعاویە تەنها بۆ یەزیدە و یەزیدیشیان بە كەسێكی خراپ نەدەزانی. دەستەیەكی تریان هەستیان بەو مەترسیە دەكرد بەڵام پاراستنی یەكبوونی موسڵمانانیان لەلاگرنگتر بوو تا بتوانن بە ئارامی و بە هێواشی ڕێگەكە ڕاست بكەنەوە، چونكە ماوەیەكی كەم بوو لە فیتنەی نێوان موسڵمانان ڕزگاریان ببوو و حەزیان نەدەكرد دووبارە خوێن بڕژێ‌. كەسی وەك عەبدوڵای كوڕی زوبەریش وەك ئیمامی حوسەینی كرد و دواتر ئەویش ڕاپەڕی و شەهید كرا. بەهەر حاڵا ئیجتیهادەكەی ئیمامی حوسەین حەق بوو ئەگەر چی لە ئەنجام دا بڕێ‌ سلبیاتی هەبوو بێ‌ بەڵام ئەنجامێكی باڵای هەبوو كە پاراستنی تەواوی بنەمای شوورا بوو لە هزری ئیسلامی دا.

 

چوارەم: هەنگاونانی حوسەین بۆ شۆڕشەكە: حوسەینی كوڕی عەلی لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكەی دا چەند هەنگاوێكی بنەڕەتی نان كە بریتی بوون لە:

یەكەم: بەیعەت نەدان بە یەزید: ئەم خاڵە زۆر گرنگە چونكە زۆر كەسی وا هەن خێرا بڕیاری ئەوە دەدەن ئیمامی حوسەین لەو شۆڕشەی دا لە بنەڕەتی شەریعەت دەرچووەو لە فەرمانی ئیمام لایداوە، واتە ئەو فەرموودەی كە دەفەرموێت (من أراد أن یفرق بین المسلمین و هم جمیع فاضربوه بالسیف كائناَ من كان) (هەر كەس ویستی ڕیزی موسڵمانان لەت بكات كاتێ‌ كۆن لێی بدەن بە شمشێر با هەر كەسێ‌ –هەرچیەك- بێ‌) ئیتر ئەمە دەكەنە بەڵگە بۆ ئەوەی حوسەین ویستویەتی لە فەرمان لابدات. بەڵام ئێمە دەزانین حوسەین هەر لە بنەڕەت دا لەگەڵا عەبدوڵای كوڕی زوبەریر دا بەیعەتیان نەدابوو بە یەزید بە مەبەستی هێشتنەوەی شوورا بە كارایی. لەو سەرەتایشەوە هیچكامیان هیچ نیازێكی سەربازییان نەبوو بەڵكو نیازی چاكسازی و گێڕانەوەی بارەكەیان بۆ شوێنی خۆی هەبوو، بۆیە ئەوە یەكەم هەنگاوی حوسەین بوو لە شۆڕشەكەی دا كە بەیعەتی نەدا بە یەزید لەسەر بنەمایەكی بەدەر لە شورا. ئەمە ئەو شتە بوو كە هاوەڵانێكی تر ئەنجامیان دا. ئیبن تەیمیەش دەڵێت (ئەو فەرموودانەی تیایدا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمان دەكات بە كوشتنی كەسی دووبەرەككار ئە ناگرێتەوە چونكە حوسەین صلى الله عليه وسلم لە جەماعەی موسڵمانان دەنەچووە بەڵكو كاتێكیش كوژرا پێش ئەوەی داوای كرد بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی یان بۆ سەنگەرێ‌ یان بچێ‌ بۆ لای یەزید تا دووربێ‌ لە دووبەرەك كردنی ئوممەت) بۆیە هەنگاوی یەكەمی حوسەین بنەڕەتی شەرعی هەبوو كە گێڕانەوەی شوورا بوو، ئەم كارەشی كرد تا پێشەنگیەك بێت بۆ هاوەڵان و كەسانی تریش. لەوەش دا عەبدوڵای كوڕی زوبەیر وایكرد و هیچ لە هاوەڵانیش سەركۆنەی ئەو دووانەیان نەكردن و بەهەڵەیان دانەنان.

دووەم: بانگەوازكردن بوو بۆ كۆكردنەوەی خەڵك لە دەوری خۆی كاتێ‌ لە عێراق بوو ئەوە بوو خەڵكی كوفەی بانگهێشت كرد بۆ ئەوە و دواتریش گەڕایەوە بۆ مەدینە و دەچوویە لای هاوەڵان و بانگهێشتی دەكردن بۆ ئەوەی لەگەڵی لێنەون تا ئەو بارە بگۆڕن، بەڵام هاوەڵان هەریەكە و لەو بارەوە ڕایەكی جیاوازیان هەبوو، حوسەینیش بە بینینی ئەو ڕا جیاوازی و ئامادە نەبوونانە ساردنەبوویەوە.

سێیەم: ئامادەكاری بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و بەیعەت وەرگرتن، ئەوەشی لە عێراقەوە دەستپێكرد. ئەمەش لایەنێكی سلبی بوو لە شۆڕشەكەی حوسەین دا، چونكە خەڵكی عێراق پێشتر پشتی هەریەك لە عەلی و حەسەنیان بەردا و شكاندنیان دوای ئەوەی پێشتر ئەوان ئەو دوو خەلیفەیان هاندەدان. ئیمامی حوسەین ئەزموونی پێشتری بە هەند وەرنەگرت و پشتی بەست بە خەڵكی عێراق، ئەوە بوو ئەویشیان بە ئاقاری باوك و براكەی دا برد بەڵكو خراپتر لەوەش بە كوشتیان دا.

ئەوە بوو حوسەین نامەیەكی نووسی بۆ خەڵكی كووفە و دای بە موسلیمی ئامۆزای و تیایدا بە خەڵكی كوفەی گەیاند (من براو ئامۆزا و جێ‌ متمانەی ناو كەسانی خۆمم نارد بۆلاتان و فەرمانم كردووە باری ئێوەم بۆ بنووسێ‌ و بزانێ‌ قسە و ڕاتان چیە، ئەگەر بۆی نووسیم ڕای گەورە و زۆر و دیارتان بەو جۆرەیە كە نێردراوتان پێی وتم و لە نامەكەتان دا خوێندمەوە پشت بە خوا دێم بۆلاتان) بەو جۆرە موسلیمی ڕاسپارد تا بچێ‌ و لەوێ‌ بەیعەتی بۆ كۆبكاتەوە. موسلیمیش چوو و بە نهێنی بەیعەتی بۆ كۆكردەوە و نزیكەی دوانزە هەزار بەیعەتی لە خەڵكەكە وەرگرت. ئینجا هەواڵی نارد بۆ حوسەین و داوای لێكرد بچێت بۆ كووفە چونكە خەڵكەكە لە پشتی ئەون، بەڵام لێرەدا نوعمانی كوڕی بەشیر خەڵكەكەی ئاگادار كردەوە ئەو كارە نەكەن ئەگەر نا لێیان دەدات، هەرچەندە ئەوەشی كرد بەڵام یەزید نوعمانی لابرد و عوبەیدوڵای كوڕی زیادی هێنا كە زۆر ڕەق و توند بوو.

حوسەین كەوتە خۆئامادەكردن ات بە خۆی و ماڵا و مناڵا و خێزان و كەسەكانیەوە بەرەو كووفە بكەوێتە ڕێ‌، چوونی لەو جۆرەش واتە چوونە بۆ سەقامگیری و مانەوە لەوێ‌ نەك سەردانێكی كاتی و گەڕانەوە، بە واتایەكی تر بنكە داكوتان لە كووفە و وەرگرتنی بەیعەت و هەنگاونانی نوێی بۆ شۆڕشەكە.

پێنجەم: هەڵوێستی جیهانی ئیسلامی:

سەبارەت بە هەڵوێستی جیهانی ئیسلامی لەو بارەدا پێنج هەڵوێستی سەرەكی بەدی دەكەین:

1- هەڵوێستی ئومەویەكان كە دوای ئەم باسە بەجیا و بە وردی باسی دەكەین.

2- هەڵوێستی هاوەڵان: ئەوە بوو هاوەڵان كە بەوەیان زانی حوسەین بەنیازە بڕوات هەر كامە و بەجۆرێ‌ هەوڵیان دەدا ڕێ‌ بگرن بە ڕۆیشتنەكەی، نەك لەبەر شەرعی نەبوونی كارەكەی، بەڵكو كارەكەیان بێ‌ شەرعی بوو لەو ڕوانگەوەی حوسەین موجتەهید بوو، بەڵكو لەبەرئەوەی وا دەرەنجامی ئەو كارەیان دەهاتە پێش چاو سەركەوتوو نەبێ‌، هەندێ‌ ئەوەیان دەگێڕایەوە بۆ لاوازی ئامادەسازیەكانی حوسەین، هەندێ‌ دەیانگێڕایەوە بۆ توندی و ڕەقی ئومەویەكان، هەندێ‌ دەیانگێڕایەوە بۆ متمانە نەبوونیان بەوانەی حوسەین لە عێراق پشتی پێ‌ دەبەستن، ئەوە بوو موحەممەد ئیبنولحەنەفیەی برای داوای لێكرد نەچێ‌ بۆ كووفە و پێی باش بوو بچێ‌ بۆ مەككە و لەوێوە دەست پێ‌ بكات تا ئەگەریش سەرنەكەوت ڕێیەكی ڕزگاری هەبێ‌، ئیبن عەباس داوای لێكرد لەبری كووفە بچێ‌ بۆ یەمەن چونكە ئەوێ‌ هەم هەواداری عەلی باوكی لێیە و هەم دوورە دەسە تا بتوانێ‌ ئامادەسازی بكات، هەم شوێنی خۆشاردنەوەی زۆرە. كاتێكیش حوسەین سوور بوو لەسەر چوونی ئیبن عەباس داوای لێكرد كەسوكار و مناڵەكانی نەبات، ئیبن عومەریش هەوڵی دا ڕێ‌ بگڕێ‌ بە چوونی حوسەین و كە خواحافیزیشی لێكرد خواحافیزی كوژرانی لێكرد و باوەشی پیاكرد. عەبدوڵای كوڕی زوبەیریش داوای لێكرد نەچێ‌ بۆ كووفە و لە مەككەوە لێبنەوێ‌ و پێی وت خەڵكو كووفە باوكتیان كوشت و براكەتیان بریندار كرد، چەندین هاوەڵی تریش هەمان هەوڵیان دا، بەڵام حوسەین سوور بوو لەسەر ڕۆیشتن و ئامادە نەبوو بڕیارەكەی بگۆڕێت.

3- هەڵوێستی خەڵكی عێراق: ئەوە بوو ئەوان حوسەینیان هان دا و بە بەڵێنە درۆكانیان موسلیمیان لەخشتە برد، بەڵام كاتێ‌ ئومەویەكان ڕەقییان نواند پشتیان كرد لە قسە و بەیعەتی خۆیان.

4- خەڵك شام: ئەوانیش بەگشتی پشتگیر و هەواداری ئومەویەكان بوون و قسەیەكی وایان لەو بارەیەوە نەبوو.

5- خەڵكی ناوچەكانی تری وەك یەمەن و شوێنانی تری ئیسلامی بێدەنگ بوون و تەنانەت ئاگاداری ئەو مەسەلەیە نەبوون تا ئەوەی ڕووی دا ئینجا هەواڵیان پێگەیشت.

بەمجۆرە دەبینین بە شێوەیەكی گشتی هەڵوێستەكان لەگەڵا حەز و ویستی حوسەین دا نەدەگونجان، بەڵام حوسەین تازە بڕیاری خۆی دابوو، هەرچەندەش عەبدوڵای كوڕی جەعفەر لای والی مەدینە ئەمانی تەواوی بۆ وەرگرت بەڵام حوسەین سوور بوو لەسەر چوونی.

شەشەم: هەڵوێستی دەوڵەتی ئومەوی: سەبارەت بە هەڵوێستی دەوڵەتی ئومەوی ئەوا خۆی لە چەند ڕوانگەیەك دا دەبینێتەوە كە ئەوانیش بریتین لە:

یەكەم:یەزیدی كوڕی موعاویە: یەزید بەرامبەر بە دەرچوونی حوسەین بەرەو كووفە دوو هەڵوێستی بنەڕەتی گرتەبەر، یەكەمیان لەناوخۆی دەوڵەت دا، دووەمیش لەسەر ئاستی كەسایەتی. سەبارەت بە ناوخۆی دەوڵەت ئەوە بوو ئیبن زیادی نارد تا كاروباری كووفە بگرێتە دەست و هەنگاوی خێرابنێ‌ بۆ بەرگرتن بەو بارە و هاوكاتیش هۆشیاری پێدا كە لە هەڵسوكەوتی لەگەڵا حوسەین دا وریا بێت و هەنگاوی خراپ نەنێ‌. لەسەر ئاستی كەسایەتیش ئەوە بوو نامەی نارد بۆ ئیبن عەباس كە وەك گەورە و ڕیش سپی بنەماڵەی پێغەمبەر  و زانای دیار و گەورەی مەدینە سەیردەكرا و داوای لێكرد بەربگرێ‌ بە دەرچوونی حوسەین. ئیبن عەبباسیش لەلایەكەوە هەواڵی پێگەیاند كە هەوڵی داوە و ئەنجامی نەبووە، لەلایەكیشەوە هەوڵی دا گومانی چاكە لای یەزید دروست بكات و وتی گومان نابەم حوسەین لە چاكە زیاتر نیازی شتێكی تری هەبێ‌ بۆ دەرچوون بۆ ئەوێ‌ تا بەوە هەم هەواڵا بدات كە ئەو دەرچووەو پێی بڵێ‌ وریابەە هەنگاوی دروست بنێیت بەرامبەری چونكە ئەو نیاز پاكە.

سێیەم: والی مەككە: عەمری كوڕی سەعیدی كوڕی عاص كە هەواڵی دەرچوونی حوسەینی بیست خێرا وەفدێكی نارد بۆ لای حوسەین و یەحیای برایشی كردە سەرۆكی وەفدەكە تا هەوڵا بدەن پاشگەزی بكەنەوە، بەڵام كاتێ‌ حوسەین سوور بوو لەسەر چوونەكەی بەم ئایەتە وەڵامی دانەوە [لي عَمَلِی ۆڵكُمْ عَمَلُكُمْ].

چوارەم: والی كووفە: نوعمانی كوڕی بەشیر كە والی كووفە بوو هەوڵی دا ڕێ‌ بگرێ‌ بەو كارەی موسلیم تا نەهێڵێ‌ حوسەین بێت و جەنگ ڕوونەدات، بۆیە موژدە و هەڕەشەی پێكەوە خستەڕوو، بەڵام ئامادەنەبوو یەك هەنگاوی توند بنێ‌، بۆیە یەزید لەو پۆستەی لایبرد و ئیبن زیادی لەبری دانا.

پێنجەم: مەروانی كوڕی حەكەم: مەروان گەورەیی و ڕێز و پایەی حوسەینی لەبەرچاو بوو و خێرا نامەی نووسی بۆ ئیبن زیاد و هۆشیاری پێدا كە وریای جموجوڵی بێ‌ بەرامبەر كچەزای پێغەمبەری خوا و سەرەنجامی خراپی هەر جووڵەیەكی هەڵەی بۆ خستە پێش چاو، بەڵام بەداخەوە ئیبن زیاد گوێ‌ و چاوی دڵی كەڕ و كوێر بوو بوون.

شەشەم: ئیبن زیاد: هەنگاوە سەخت و مەترسیدارەكە لەلایەن ئەم كەسە ستەمكار و دڵڕەقەوە نرا، ئەو هەر لە سەرەتاوە بڕیاری دا بەهێز و گورز بەر بەو شۆڕشە بگرێ‌. بۆیە خێرا كە كاروباری كووفەی گرتەدەست كەوتە هەنگاونان بۆ لێدانی بزاڤەكەی حوسەین و ئەم هەنگاوانەی گرتەبەر:

1- دزە كردنە ناو ڕێكخستنەكەی موسلیم و دواجار گرتنی موسلیم و هانیئی پەناردەریشی و گەورە هاریكاریەكانی و كوشتنیان و لەخاچدانیان بە بەرچاوی خەڵكەوە تا ترس و بیم بنێتەوە.

2- كۆكردنەوەی هۆز و خێڵەكانی دەوروبەر لە دەوری خۆی بۆ چواردەور دانی خۆی بە هەواداری خۆی.

3- سەربەخۆ هەنگاونان و وەرنەگرتنی وردەكاری هەنگاونان لەلایەن یەزیدەوە تا هیچ نەرمیەك نەبێتە ئەگەر.

بەم جۆرە دەبینین هەموو هەڵوێستەكانی دەوڵەتی ئومەوی دووربوون لە نیازی جەنگ و خوێن ڕشتن و بەزاندنی سنوری ڕێز و گەورەیی حوسەین جگە لە هەڵوێستی توندو دڕندانەی ئیبن زیاد كە بە زمان و كردەوەش كوشتنی حوسەین و شۆڕشەكەی حوسەینی دەڕازاندەوە.

 

حەوتەم: بەیەكگەیشتنی هاشمی و ئومەوی:

ئیمامی حوسەین لە هەشتی زولحەجەی ساڵی شەست دا لە مەككەوە بەرەو كووفە كەوتە ڕێ‌ و هەرچەندە وەفد و نامەكان دەگەیشتنە لای بەڵام سوور بوو لەسەر چوونەكەی، ئیبن زیادیش لەولاوە بەردەوام هەنگاوی دەنا و لەملاو لەولاوە هۆز و هێزەكانی ڕێكدەخست تا لە یەكەم چركە دا گورزی كوشندەی خۆی بوەشێنێ‌. لە ڕێگەدا حوسەین گەیشت بە فەرەزدەق، هەواڵی كووفەی لێ‌ پرسی، فەرەزدەق وتی تۆ خۆشەویسترین كەسیت لای خەڵك و قەزاش لە ئاسمان دایە و شمشێرەكانیش لەگەڵا بەنی ئومەییەدان، حوسەین مەڕۆ بۆ ئەوێ‌ ئەوان پشتت بەردەدەن، بەڵام ئیمامی حوسەین بەردەوام بوو لە چوونی بەرەو كووفە.

كاتێ‌ حوسەین ماوەیەكی تر چوو نوێنەرێكی نارد بۆ لای موسلیم تا هەواڵا بزانێ‌، بەڵام كەسێكی سەر بە ئیبن زیاد بەناوی حوصەینی كوڕی تەمیم گرتی و بردی بۆ ئیبن زیاد و ئەویش كوشتی، حوسەینیش نەوەستا تا هەواڵی بۆ بهێنێتەوە بەڵكو بەردەوام چوو تا گەیشتە ناوچەی (زبالە یان شراف) لەوێ‌ هەواڵی كوژرانی موسلیمی پێ‌ گەیشت و زانی ئەوانەی بەعەتیان پێدا بوو بەیعەتەكەیان لە زمانیان زیاتر تێنەپەڕیبوو. خەڵكێكی زۆر كە لەدەوری بوون بڵاوەیان كرد. بەڵام هەندێ‌ لە دەوری مانەوە و تكایان لێكرد بگەڕێتەوە چونكە لە كووفە پاڵپشتی نەماوە، بەڵام برایانی موسلیم وتیان بەخوا هەر دەبێ‌ تۆڵەی براكەمان بكەینەوە یان وەك ئەو دەكوژرێین.

پاش ماوەیەكی تری ڕێ‌ بڕین گەیشتن بە یەكەم دەستەی سوارەی هێزەكانی ئیبن زیاد بە ڕێبەری حرری كوڕی یەزید كە داوای لە حوسەین كرد لەگەڵی بچێ‌ بۆ كووفە، ئیمامی حوسەین نامە و پەیامی داواكاری خەڵكی كووفەی پێ‌ نیشان دا، بەڵام ئەو نكوڵی لەوە كرد. حوسەین داوای كرد ڕێ‌ بدات بگەڕێتەوە بەڵام ئەو بەوەش ڕازی نەبوو، حوسەینیش ڕازی نەبوو بچێ‌، دواجار ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی حوسەین ڕێگەكەی بگۆڕێ‌ و نەچێتەوە مەدینە، ئەویش ڕێی بەرەو شام گۆڕی، حەرریش هەر لەگەڵی بوو و حوسەینیش نوێژی بۆ هەردوو هێزكە دەكرد.

 

هەشتەم: شەهید بوونی حوسەین:

كاتێ‌ گەیشتە كەربەلا گەیشت بە دەستەی سوارەی عومەری كوڕی سەعد هاودەم بەشیر و حوصەین، ئەو سوپایە بە نیازی جیهادی دەیلەم دەچوون كەچی ئیبن زیاد بە هەڕەشە ناچاری كردن بچن بۆ لێدانی حوسەین، دوای دانووستان عومەر نامەی نووسی بۆ و پەیامی حوسەینی پێگەیاند، بەڵام ئیبن زیاد ئەوەی بە هەوڵی خۆڕزگاركردن دانا و مەرجی دانا دەبێ‌ حوسەین بەیعەت بدات بە یەزید، بەڵام حوسەین ڕازی نەبوو بەیعەت بدات ئەویش لەباری ترس دا، بۆیە سێ‌ دواكاری بۆ خستە ڕوو:

1- بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی.

2- بچێ‌ بۆ شام و خۆی یەزید ببینێ‌.

3- بچێ‌ بۆ سەنگەرێكی سەر سنوری ئیسلامی بۆ جیهاد.

عومەریش ئەوەی گەیاند بە ئیبن زیاد. ئیبن زیاد حەزی بە ڕای دووەم بوو بەڵام شیمری ناپاك چووە بنكڵێشەی و هەر سێ‌ داواكەی پێ‌ بەرپەرچدایەوە. بۆیە بێ‌ ئەنجامێكی ڕێككەوتن لە ڕۆژی هەینی دا حوسەین بە سی و دوو سوار و چل پیادە و لە دوایشیەوە ژن و مناڵی دانا و بڕیاری جەنگی دا، بەردەوام لە هاوەڵەكانی شەهید دەبوون و كەس لە سوپای ئومەوی نەیدەوێرا لە ترسی سزای خوا حوسەین بكوژێ‌، حوسەینیش ئامادە نەبوو خۆبەدەستەوە بدات، شمیر هاواری كرد بیكوژن، ئەوە بوو چەند كەسێك لێیاندا و دواجار شەهیدیان كرد (خوا دەستیان بشكێنێ‌ كە ڕەیحانەكەی پێغەمبەریان هەڵكێشا). لەگەڵ حوسەین دا ئەم برایانەی شەهید بوون (جەعفەر و عەبباس و ئەبوبەكر و موحەممەد و عوسمان)، عەلی ئەكبەری كوڕیشی شەهید كرا تەنها زەینولعابدین مایەوە.

دواتر ژن و منداڵەكان هێنران و بەجیا دانران و مووچە و خۆراك و جلیان بۆ دابین كرا پێچەوانەی ئەو ڕایەی شیعە كە لەسەر بنەمای سۆزی شێوێنەر دەڵێن بە كەنیزەك گیران بەڵكو وەك ئیمامی ئیبن تەیمیە دەڵێت یەك ئافرەتی هاشمی هەرگیز بە كەنیزەك نەگیراوە، دواتریش كە یەزید بردنی بۆ لای خۆی نەیهێشت كەس نیازی خراپی بەرامبەریان هەبێ ئیتر ئەوە لە پەشیمانی بێت یان لە فێڵزانی بوو بێت، بەڵكو چییان فەوتابوو چەند بەرامبەر پێی دانەوە، بەڵام دواتر كەسوكاری حوسەین گەڕانەوە بۆ مەدینە.

لێرەدا كۆمەڵێ‌ ڕا هەن كە دەڵێن یەزید حەزی بە كوشتنی حوسەین نەكردووە و هەندێ‌ بڕوبیانووی بۆ دێننەوە، بەڵام لە ڕاستی دا یەزید تەنها لە یەك باردا حەزی بە كوشتنی حوسەین نەبوو ئەویش ئەو كاتەی حوسەین نەیاری نەبێت، ئەگەر نا پێویستی نەدەكرد ئیبن زیادی ڕەق و خوێنڕێژ دابنێ‌ لە كووفە لەبری نوعمانی كوڕی بەشیر كە زۆر چاكەكار و لەخواترس بوو، هەروەها دەیتوانی فەرمانێ‌ دەربكات كە ڕشتنی خوێنی حوسەین بە قەدەغە و هێڵی سوور دابنێ‌، یان كاتێ‌ حوسەین شەهید كرا دەیتوانی بە كوشتنی ئیبن زیاد تۆڵەی بكاتەوە، بەڵام بەڕاستی ڕشتنی فرمێسكی دوای كوشتنی حوسەین لەلایەن یەزیدەوە بۆ حوسەین هەنگاوێكی ڕێویانە بوو.

هەروەها ئەگەر حەزی دەسەڵاتی سنووربەزێن نەبووایە دوای ئەو هەڵە گەورەیە دوو هەڵە گەورەكەی تری نەدەكرد كە هاوەڵانێكی گەورەی شەهید كرد و حورمەتی مەككە و مەدینەی بەزاند.

هاوكات لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هیچ بەڵگەیەكی ڕاشكاو نیە تا بتوانین یەزید لە بازنەی ئیسلام دەربكەین و بێ ویژدانیشە هەندێ‌ هەنگاوی ئیجابی لەبیر بكرێن، بەڵام ئەو سێ‌ هەڵەیەی زەق و ڕەق بوون، ئەگەر نا لە پەرستشەكان و ڕێڕەوی گشتی ئیسلام دا لە بازنە گشتیەكە ماوەتەوە، ئیتر بە ڕووكەش بێ‌ یان نا ئەوەیان زانستی خواییە. ئێمە سەركۆنەی تەواوی هەڵەكانی دەكەین و تەبەرا دەكەین لەو كارانەی، بەڵام بڕیاری كوفری لەسەر نادەین هەرچەندە هیچ خۆشەویستیەكمان بۆی نیە.

هەندێ‌ وەك ئیمامی غەزالی بە كەسێكی چاكی دەزانن و هەڵەكانی بە ئیجتیهاد دەزانن، هەندێ‌ وەك ئیمام ئەحمەد بڕوایان وایە باوەڕدار نابێ‌ خۆشی بوێ‌. بەڵگەی ئەوانەی خۆشیان دەوێ‌ ئەوەیە یەزید بەشداری بەڵكو ئەمیری یەكەم سوپای فەتحی قوستەنتینیە بووە كە پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم دەفەرموێت لێخۆشبوون. (بەڵام بەڕای ئیبن كەسیر ئەوە دووەم سوپا بووە) هەروەها دەڵێن ئەو ناڕازی بووە بە كوشتنی حوسەین و چاكەی بەرچاویشی هەبووە، ئەوانەی ڕقیانە لێی ئەو هەڵە گەورانەی دەكەنە بەڵگە بەتایبەت كوشتنی كچەزا و ڕەیحانەی پێغەمبەری خوا و گەورەی گەنجانی بەهەشت و ژمارەیەكی زۆری هاوەڵان.

 

نۆیەم: لایەنە ئیجابی و سلبیەكانی شۆڕشەكە:

بۆ ئەمەش لە دوو ڕوانگەوە قسە دەكەین:

1- لایەنە ئیجابی و سلبیەكانی ڕێڕەوی شۆڕشەكە.

2- لایەنە ئیجابی و سلبیەكانی ئەنجامی شۆڕشەكە.

یەكەم: لایەنە ئیجابی و سلبیەكانی ڕێڕەوی شۆڕشەكە: لایەنی ئیجابی و گرنگی دەست پێكردن و ئەنجامدانی ئەم شۆڕشە بریتی بوو لە:

أ- نیازی شۆڕشەكە كە لەسەر بنەمای نیەتێكی پاك بوو لەپێناو ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی ئیسلام دا نەك حەزی دووبەرەكی یان كێشە نانەوە.

ب- هەنگاونانەكانی شۆڕشەكە ئاشتیانە بوون. سەیردەكەین ئیمامی حوسەین لەسەر بنەمای ئاشتی و دوور لە زۆر و بەگومڕادانان یان هەڵەدانانی كەسانی تر داوای دەكرد بەشداری شۆڕشەكەبن، كاتێ‌ چوو داوای لە هاوەڵان كرد بەشداری بكەن كە ڕازی نەدەبوون حوسەین سەركۆنە و بەگومڕادانان و توندی و جەنگی دەست و دەمی لەڕوودا بەكار نەدەهێنان، هەروەها لە كووفەش دا بەهەمان شێوە موسلیم وایكرد و تەنها بەیعەتی وەردەگرت نەوەك جەنگ و ئاژاوە نانەوە بگرێتەبەر.

ج- ڕوونی داوای شۆڕشەكە: حوسەین بە ڕوونی داواكەی دەخستەڕوو. ئەویش گێڕانەوەی شوورا و لابردنی یەزید بوو، بۆ بەدیلیش خۆی پێشنیار كرد وەك ئەركی ناچاری نەك حەزی دەسەڵات. ئەگەر نا با كەسێتی تری شیاو بێ‌ بە مەرجێ‌ شورا بمێنێ‌.

د- ئامادەبوون بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخ: كاتێ‌ حوسەین زانی كارەكە سەردەكێشێ‌ بۆ خوێن ڕژان خێرا بەدیلی چاكی خستەڕوو، یان دانوستان لەگەڵا سەركردایەتی وڵات، یان گرتنە ئەستۆی ئەركێكی گرنگی وڵات كە بانگەواز و پاراستنی سەر سنوورە، یان گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆی و بێدەنگ بوون لەپێناو خوێن نەڕژان.

لایەنە سلبیەكانی هەنگاوەكانی ئەم شۆڕشەش بریتی بوون لە:

أ- پەلەكردنێكی بەرچاو لە هەنگاوەكانی شۆڕشەكە دا بە جۆرێ‌ كەسانی دیاری بۆ خۆی ڕانەكێشا و زۆر بە ساكاری و ناكامڵی هەنگاوە خێراكان دەنان.

ب- ئەزموون وەرنەگرتن لە مێژوو بەوەی بڕبڕەی پشتی شۆڕشەكەیان بە كووفەدانا كە بنكە و پێگەی پشت بەردانی ئیمامی عەلی و پشت شكاندنی ئیمامی حەسەن بوو.

ج- لاوازی سیاسی موسلیم كە ئەركی سەرەكی كارەكەی لە كووفە لەئەستۆ گرت بوو، چونكە یەكپارچە لەسەر بنەمای سۆز ئیشی دەكرد و دەروونی كۆمەڵگەی كووفی نەخوێندبوویەوە.

د- نەبوونی هەواڵا وەرگر لەنێو سوپا و ڕێكخستنی بەرامبەردا بەجۆرێ‌ تا ڕووداوەكە دەهاتە ڕێیان ئینجا دەیانزانی.

دووەم: لایەنە ئیجابی و سلبیەكانی ئەنجامی شۆڕشەكە:

1- لایەنە ئیجابیەكانی: بریتی بوو لە هێشتنەوەی بنەمای شورا و قبوڵنەكردنی بڕیاری زۆرەملێ‌ و ڕای نادروست لەنێو هزری ئیسلامی دا تا دەرفەتی نوێگەری بۆ موسڵمانان كز و مردوو نەبێت.

2- لایەنی سلبی: ئەو كوژران و خوێن ڕژانە بوو بە پەڵەیەكی ڕەشی ناو مێژووی ئیسلامی (هەرچەندە لە لایەكیشەوە گەش بوو) هەروەها دووبەرەكی كەوتە ناو موسڵمانان و سەرهەڵدانی ڕەوتی جیاوازی سیاسی و بیروباوەڕی و مەزهەبی و درێژەكێشانیشی تا ئەمڕۆو ڕژانی خوێنێكی زۆر بە بیانوی ئەو شۆڕشەوە.

لە كۆتایی دا لەخوا دەپاڕێینەوە شتێكمان نەوتبێ‌ وا نەبێ‌ و ستەممان نەكردبێ‌ لە بابەتەكە چونكە باس و خواسێكی زۆر گرنگ و هەستیارە، هەرچیەك ڕاست بێ‌ لەخواوەیە، ئەوەی نەمانپێكا بێ‌ هەڵەی ناكامڵێتی منە. خوایە ئەگەر دەستمان لەو خوێنەدا نەبووە دەمانەوێ‌ لە خوێنڕێژانی ناحەقیشی دەممان بپارێزی.

 

 

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics