٢ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

سەلمانی فارسی

سەلمانی فارسی ئەو هاوەڵە ئازیز و خۆشەویستە ی پێغەمبەری خوایە كە لە وڵاتی ئێرانەوە بەدوای ڕاستیدا گەڕاو كەس و كاری خۆی بەجێهێشت لە پێناو ڕەزامەندی خوادا تا گەیشت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و باوەڕی پێ هێنا, پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هێندەی خۆش دەویست فەرمووی (سەلمان لە ئێمەی ئالوبەیتە) (سەلمان منّا أهل البیت), سەلمانیش هێندە ئیسلامی لا خۆشەویست بوو دەیوت من كوڕی ئیسلامم.

Salman

سەلمان منداڵێك بوو لە ناوچەی ئەسبەهان لە گوندێ كە پێی دەوترا جەی, منداڵێكی خوێن گەرم و ئێسك سووك بوو, باوكی سەلمان كەسێكی ناودار و زۆر ناسراوی ناوچەكە بوو و زۆر سەلمانی خۆشدەویست‌و هیچكات لە خۆی دووری نەدەخستەوە.

لەو ناوچانەی كە سەلمانی تێدا دەژیا خەڵكی لەجیاتی خوا ئاگریان دەپەرست, سەلمانیش لەگەڵ باوكیدا دەچوو بۆ پەرستگای ئاگرو لەوێ وەك ئەوان بە بێباوەڕی دەژیا تا ئەوەی سەرقاڵ دەبوو بە سەرپەرشتی ئاگری ناو پەرستگاكەوە, باوكیشی زۆر دڵخۆش دەبوو كە كوڕەكەی بەوجۆرە لەسەر ئەو ئایینەیە و هەمیشە لەگەڵ خۆیەتی.

باوكی سەلمان سەرقاڵی ئیشی باخ و كشتوكاڵیش دەبوو و هەموو جارێك سەلمانی لە ماڵ دادەناو خۆی دەچوو بۆ ئیشكردن لە باخەكە.

رۆژێكیان باوكی سەلمانی نارد بۆ كارێك، سەلمانیش چوو و لە ڕێگەدا دای بە پاڵ كڵێسایەكی مەسیحیەكاندا، سەیری كرد ئەوان نوێژ دەكەن، سەلمان زۆر سەرسام بوو بەوە چونكە ئەوە یەكەمجاری بوو ئەو كەسانەو ئەو ئایینە ببینێ, بۆیە چوو بۆ لایان و تا ئێوارە لەلایان مایەوە.

سەلمان پرسیاری كرد وتی لەكوێ بە چاكی دەتوانم لە مەسیحیەت تێبگەم؟

وتیان دەبێت بچیت بۆ شام.

سەلمانیش گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

بەڵام باوكی ترسا بوو كە كوڕەكەی نەهاتۆتەوەو خەڵكی ناردبوو بە شوێنیدا و خۆیشی دەستی لە ئیش هەڵگرتبوو و بەدوای سەلماندا دەگەڕا.

كاتێ سەلمان چوویەوە ماڵەوە بە باوكی وت كە ئەو خەڵكەی بینیوە و وتی تا ئێوارە لای ئەوان بووە، باوكیشی وتی ڕۆڵەكەم ئایینەكەی ئەوان هەڵەیە ئایینەكەی خۆت باشترە. بەڵام سەلمان وتی نا بەخوا ئایینەكەی ئەوان باشترە، باوكیشی كە ئەوەی بیست ترسا و سەلمانی لە ماڵەوە بەند كرد تا نەچێتە دەرەوە.

سەلمان بە كەسێكدا هەواڵی نارد بۆ مەسیحیەكان و وتی هەركات چوون بۆ شام منیش لەگەڵتاندا دێم, ئەوانیش پێیان وت چەند ڕۆژێكی تر دەچن.

كاتێ ویستیان بچن سەلمانیش لەماڵ دەرچوو و چوو بۆلایان و لە پێناو ناسینی خوای تاك و تەنهادا ماڵ و وڵات و كەسوكاری خۆی بەجێهێشت. كە چوو بۆ شام وتی چاكترین و خواناسترین كەس كێیە؟

ئەوانیش وتیان فڵانە كەسە، سەلمانیش چوو بۆ لای و وتی من حەز دەكەم ببم بە مەسیحی و خزمەتی تۆ دەكەم تۆیش خوام پێ بناسێنە.

سەلمان لای ئەو كەسە مایەوە و فێری خواپەرستی دەبوو و خزمەتی ئەو زانایەی دەكرد، كەچی سەیری كرد ئەو كەسە كاتێ پارەی خێر دێنن بۆ لای پارەكە دەبات بۆ خۆی, بۆیە ڕقی بوو لەو كەسە, تا ئەوەی ئەو كەسە مرد و مەسیحیەكان كۆبوونەوە و تەرمەكەیان ئەسپەردە كرد.

سەلمان نەیتوانی ڕاستیەكان بشاڕێتەوە و بە خەڵكەكەی وت ئەو پیاوە دزو خراپەكار بووە و بە خەڵكەكەی وت پارەكەی ئەو كەسە لە كوێدایە, بۆیە ئەوانیش چوون و پارەكەیان هێناو دابەشیانكرد بەسەر خەڵكدا.

ئینجا سەلمان لەلای زانایەكی تری مەسیحی مایەوە، سەیری كرد ئەم زانایە زۆر خواناس و باوەڕدارو چاكەكارە، بەردەوام لەلای بوو تا كاتێ سەرەمەرگی هات، لە سەرەمەرگیدا بە سەلمانی وت تەنها یەك كەس دەناسم بەڕاستی لەسەر ئایینی خوا مابێتەوە، ئەویش لە شاری موسڵە بڕۆ بۆ لای ئەو.

ئینجا ئەو زانایە مرد و سەلمانیش چوو بۆ لای ئەو زانایە لە موسڵ و وتی من لای زاناكەی شام بووم ئەویش پێش مردنی منی نارد بۆ لای تۆ.

سەلمان لای ئەو زانایەی موسڵ مایەوەو سەیری كرد كەسێكی زۆر خواناس و چاكەكارە, بەڵام هێندەی نەبرد ئەویش سەرەمەرگی هات و بە سەلمانی وت بڕۆ بۆ لای فڵانە زانا كە لە نسیبینە.

ئینجا ئەو زانایەی موسڵیش مرد و سەلمانیش چوو بۆ لای ئەو زانایەی نسیبین و لای ئەویش مایەوە و سەیری كرد كەسێكی زۆر چاك و خواناسە, بەڵام ئەویش سەرەمەرگی هات، سەلمان وتی بچم بۆلای كێ؟ ئەویش وتی بڕۆ بۆ لای كەسێك كە لە عموریە دادەنیشێت.

سەلمانیش چوو بۆ لای ئەو كەسە و سەیری كرد ئەویش زانایەكی خواناسە، لای ئەویش مایەوە تا سەرەمەرگی هات.

ئەوكات سەلمان وتی دەبێ بچم بۆ لای كێ؟

ئەویش وتی كەس ناناسم بە تەواوی لەسەر ئایینی ڕاستی خوا مابێ، بەڵام بەم نزیكانە خوای گەورە كۆتا پێغەمبەری خۆی دەنێرێ لە خاكی عەرەب (لە وڵاتی مەككەو مەدینە) بڕۆ بۆ ئەوێ هەركات هات باوەڕی پێ بهێنە.

سەلمان چەند ناونیشانێكی لەو زانایە وەرگرت و بڕیاریدا بچێت بۆ مەككە و مەدینە تا چاوەڕێی هاتنی كۆتا پێغەمبەری خوا بێت، لەگەڵ كاروانێكی بازرگانیدا ڕێككەوت و وتی چی پارەم هەیە دەیدەم بە ئێوە بەڵام لەگەڵ خۆتاندا بمبەن بۆ مەككەو مەدینە.

ئەوانیش ڕازی بوون، بەڵام كە بردیان بۆ ئەوێ ستەمیان لێ كرد و وەك كۆیلە فرۆشتیان بە كەسێكی جولەكە، سەلمانیش وەك كۆیلە لای ئەو كابرا جولەكەیە مایەوە و ئیشی بۆ دەكرد و چاوەڕێ بوو پێغەمبەری خوا بێت.

ڕۆژێكیان ئامۆزایەكی ئەو كابرا جوولەكەیە هات و سەلمانی لێ كڕی و لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ مەدینە، سەلمان كە مەدینەی بینی زانی پێغەمبەری خوا لەوێدا دەبێت.

هێندەی نەبرد هەواڵێك هات وتیان لە مەككە كەسێك بە ناوی موحەمەد دەركەوتووە دەڵێت پێغەمبەری خوام، سەلمانیش لە خۆشیدا خوریك بوو بكەوێت و بە پەلە پرسیاری لێكرد چیت وت؟ بەڵام خاوەنەكەی لێی تووڕە بوو و وتی بڕۆ ئیشی خۆت بكە.

دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە هاتبوو بۆ قوبا سەلمان بڕێ خواردنی برد و چوو بۆ لای و وتی بیستوومە تۆ كەسێكی چاكیت ئینجا ئەو نیشانانەی تاقیكردەوە كە زانا مەسیحیەكە پێی وتبوو، ئەوكات زانی ئەوە پێغەمبەری خوایە، بۆیە خێرا موسڵمان بوو و باوەشی كرد بە پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) و دەگریا.

ئینجا سەلمان بەسەرهاتی خۆی گێڕایەوە بۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەو ڕووداوەی سەرسام بوو و داوای كرد بیگێڕێتەوە بۆ هاوەڵان، ئەوانیش گوێیان لە بەسەر هاتەكەی گرت.

ئینجا سەلمان چوویەوە بۆ لای خاوەنەكەی و وتی دەمەوێت خۆم بكڕمەوە، كابراش داوای سامانێكی زۆری كرد، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانی فەرموو یارمەتی براكەتان بدەن، هاوەڵانیش یارمەتییان دا و سەلمان خۆی كڕیەوەو ئازاد بوو.

هاوەڵان مشتومڕیان بوو لەسەر سەلمان و هەریەكەو دەیوت سەلمان لە ئێمەیە، بەڵام پێغەمبەر فەرمووی سەلمان لە ئێمەی ئالوبەیتە، ئیتر هەمیشە سەلمان لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و زانستی وەردەگرت و لە مزگەوت دەژیا، زانستی لە پێغەمبەر وەردەگرت و بەشداری هەموو غەزاو جەنگەكانی دەكرد.

لە جەنگی خەندەقدا كە بێباوەڕان هاتن بەرەو مەدینە تا بدەن لە موسڵمانان و لە ناویان ببەن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕاوێژی كرد بە موسڵمانان تاكو بزانن چی بكەن, سەلمان وتی:

ئەی پێغەمبەری خودا با بەدەوری شارەكەدا چاڵێكی گەورە هەڵبكەنین ئیتر بێباوەڕان ناتوانن بێنە ناو شارەكەوە.

پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) قسەكەی وەرگرت، بەوە بێباوەڕەكان نەیانتوانی بێنە ناو شارەكەو خوا بێباوەڕەكانی شكاند.

لەكاتی لێدانی خەندەقەكەدا سەلمان كە سەرقاڵی ئیشبوو بەردێكی هاتەرێ كە شكاندنی زۆر سەخت بوو، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)خۆی هات، پێغەمبەر )سێ جار دای لە بەردەكە، لە جاری یەكەمدا بریسكەیەكی كرد پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووی(الله اكبر...كلیلەكانی فارسم پێدرا...)جاری دووەم كە بریسكەی كرد فەرمووی(الله اكبر...كلیلەكانی رۆمم پێ بەخشرا) جاری سێیەم پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) الله اكبری كرد و موژدەی كۆشكەكانی شام و صەنعای دا.

ڕۆژێكیان سەلمان و بیلال و سوهەیب تووڕە بوون لە ئەبوو سوفیان كە ئەوكات هێشتا موسڵمان نەبوو بوو، ئیمامی ئەبووبەكر پێی وتن چۆن وا دەڵێن بە گەورەی قوڕەیش؟ دواتر ئەبووبەكر هات بۆ لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەی بۆ گێرایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (ئەی ئەبووبەكر لەوانەیە ئەو سیانەت تووڕە كردبن, ئەگەر تووڕەت كردبن ئەوا پەروەردگارت تووڕە كردووە)

خێرا ئەبووبەكر چوویەوە بۆ لایان و وتی برا ئازیزەكانم ئایا من ئێوەم تووڕە كردووە؟ وتیان نا ئەی ئەبووبەكر خوا لێت خۆش بێت.

سەلمانی فارسی هەمیشە هاوەڵانی بێدار دەكردەوە لەوەی ستەم نەكەن و لە نێو خەڵكدا دادپەروەر بن، زۆر لەخواترس بوو نوێژو پەرستش و گریانی لەبەر خوای گەورە زۆربوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی كات بە قسەو هەڵسوكەوتە جوانەكانی دڵی هاوەڵانی خۆشدەكرد و دەیخستنە پێكەنین.

هەروەها سەلمان زۆر خاكی بوو، زۆر جار بە تەنها لە ژێر سێبەری درەختێكدا دەخەوت و نانی سادەی دەخوارد و زۆر ڕێزی خەڵكی دەگرت.

سەلمان بەوجۆرە دەژیا تا ئەو كاتەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد, سەلمان زۆر دڵگران و بێتاقەت بوو و هەرگیز ئەوەی لەبیر نەدەچوو، بەڵام بەردەوام لەسەر ئایینی ئیسلام بەردەوام بوو و بەشداری غەزای دەكرد و لە ئازادكردنی وڵاتی فارس و گەیاندنی ئیسلام بە ئێراندا بەشداری كردو بەردەوام خزمەتی دەكرد بە ئایینی خوا.

لەسەردەمی خیلافەتی عومەردا(رضی الله عنه) سەلمان سەردانی مەدینەی كرد، بۆ ئەوەش خەلیفە هاوەڵانی برد تا لە دەروازەی شارەوە پێشوازی هاتنی سەلمان بكەن.

دواجار سەرەمەرگ هات و لەدوای تەمەنێكی زۆر لە سەردەمی خیلافەتی ئیمامی عوسمانی كوڕی عەففاندا كۆچی دوایی كرد.

كاتێ‌ لە جێگەی مەرگدا بوو سەعد هات بۆ سەردانی سەلمان، سەیری كرد سەلمان دەگریا، پێی وت سەلمان بۆچی دەگریت؟! خۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا مرد لێت رازی بوو؟ وتی بەخوا نە لە ترسی مەردن دەگریم، نە لەبەر حەزی دنیاییم، بەڵكو ئێمە پەیمانێكمان هەبوو لەگەڵ پَغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە فەرمانی پَكردین(با بەشی هەركاتان لە دنیادا هێندەی توێووی رێبوارێك بێت) كەچی ئەوەتا من ئەم هەموو شمەكەم لە دەورە.

لە رۆژیمەرگیدا پێش مردنی ژنەكەی بانگ كرد و پێی وت:ئەو شتەی پێم دابوویت و وتم بیارێزە بۆم بهێنە، ئەویش قوتوویەك عەتری میسك بوو، لەگەڵ ئاو تێكەڵی كرد و داوای لە ژنەكەی كرد بیڕێژێت بە دەوریدا، تا كاتێ‌ فریشتەكان دێن بۆ لای بۆنی خۆش ببیستن.

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics