٧ جەمادی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

حەمزەی كوڕی عەبدولموتەلیب

حەمزەی كوڕی عەبدولموتەلیب

Hamza

حەمزە مامی پێغەمبەری خوا و گەورە هاوەڵی خۆشەویست و برای شیری پێغەمبەری خوا و شێری خواو پێغەمبەرەكەی و گەورەی شەهیدانە، ئەو كەسایەتیە خۆشەویستی پێغەمبەری خوایە (صلى الله علیه وسلم).

حەمزە كوڕی عەبدولموتەلیب و برای عەبدوڵا بوو، عەبدوڵاش باوكی پێغەمبەری خوا بوو، واتە حەمزە مامی پێغەمبەری خوا بوو، هەروەها یەك ئافرەت شیری داوە بە حەمزە و پێغەمبەری خواش كە ناوی ئەو ئافرەتە سوەیبە بوو، بەو پێیە حەمزە و پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) برای یەكترن، هەروەها تەمەنی حەمزە لەگەڵا تەمەنی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) لە یەكەوە نزیك بوو.

پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) زۆر حەمزەی خۆشدەویست و بە چاوی ڕێز و گەورەییەوە سەیری دەكرد، حەمزەش بە هەمان شێوە زۆر پێغەمبەری خوای خۆش دەویست.

حەمزە لەناو شاری مەككەدا كەسێكی ناودار بوو و زۆر ئازا و دلێر بوو، هەر كە ناوی حەمزە بهاتایە كەس نەیدەوێرا بەرامبەری بوەستێت، هەروەها زۆر ڕێزی لێدەگیرا و قسەی لای هەموان گرنگ بوو، ئیتر وەك سەركردەیەكی دیاری ناو ئەو شارە وابوو.

هەروەها حەمزە لە تیرهاویشتندا ناوبانگی هەبوو و زۆر حەزی لە ڕاوكردن بوو، زۆربەی ڕۆژەكان دەچوو بۆ دەرەوەی شار بۆ ڕاوكردن و تا ئێوارە لەوێ‌ سەرقاڵی ڕاوكردن دەبوو ئینجا ئێوارە دەگەڕایەوە.

ڕۆژان دەچوون و ژیان لە مەككەدا بەو شێوە بەردەوام بوو تا پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) كەوتە گەیاندنی پەیامی خوا بە خەڵك و بێباوەڕانیش بە سەختی دژایەتییان دەكرد، حەمزەش ئاگاداری بوو نەك زیانێكی پێ‌ بگەیەنن، بەڵام هێشتا موسڵمان نەبوو بوو، بەڵام خوای گەورە دواجار هۆكارێكی ڕەخساند تا حەمزە موسڵمان بێ‌، ڕۆژێكیان حەمزە وەك جاران خۆی ئامادە كرد و چەكی هەڵگرت و چوویە دەرەوە بۆ ڕاوكردن.

حەمزە تیروكەوانی پێ‌ بوو چونكە بۆ ڕاو دەچوو نەك بۆ جەنگ.

حەمزە چوو بۆ ڕاو و تا درەنگانێ‌ سەرقاڵی ڕاوكردن بوو، لەو كاتەدا پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) لە شوێنێك بوو كە پێی دەوترێ‌ (صەفا)، ئەبو جەهل هات و دای بە لای پێغەمبەری خواداو قسەی ناشیرینی پێ‌ وت و بە قسەی نابەجێ‌ پێغەمبەری خوای ئازاردا، بەڵام پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) هیچ وەڵامی نەدایەوەو بە دڵگرانی بەرەو ماڵەوە چوویەوە.

لەو كاتەدا ئافرەتێكی كۆیلە هەبوو گوێی لەو قسانە بوو، كاتێ‌ حەمزە گەڕایەوە وەك جاری جاران چوو بۆ لای كەعبە تا تەوافی كەعبە بكات، لە ڕێگەیدا سەردانی كۆڕی دانیشتنی خەڵكی قوڕەیشی كرد، لەوێ‌ لە لایەكەوە ئەو ئافرەتەی بینی، ئافرەتەكە وتی ئەی حەمزە ئەگەر ئەتبینی چۆن ئەبو جەهل لە صەفادا موحەممەدی ئازار دەدا و قسەی پێ‌ دەوت و موحەممەدیش وەڵامی نەدایەوەو چوویەوە بۆ ماڵەوە.

حەمزە تووڕە بوو و زۆر بە تووڕەیی چوویە دەر تا خۆی گەیاندە لای كەعبە‌وسەیری كرد لە دوورەوە ئەبووجەهل دانیشتووە، حەمزە بەرەو ڕووی چوو و بە كەوانەكەی بەتوندی دای بەسەری ئەبووجەهلدا و دواتر وتی قسە بە موحەممەد دەڵێیت؟ مەگەر نازانیت من لەسەر ئایینی ئەوم و ئەو چی دەڵێت من وا دەڵێم؟ دەی ئەگەر پیاویت و هیچت پێ‌ دەكرێ‌ شتێ‌ بكە.

بەوجۆرە حەمزە لەبەرچاوی هەمواندا موسڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاند و خوای گەورەش هێندەی تر بەهۆی حەمزەوە ئایینی ئیسلامی سەرخست و بێباوەڕانیش نەیانتوانی بەرامبەر بە حەمزە هیچ شتێ‌ بكەن.

پاش ماوەیەكی زۆر مانەوەیان لە مەككە بەهۆی ئەوەی بێباوەڕان وازیان نەدەهێنا لە ئازاردانی موسڵمانان بۆیە پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) بڕیاریدا موسڵمانان كۆچ بكەن بۆ مەدینە تا بتوانن لەوێ‌ بەبێ‌ ئازاردان بژین و دەسەڵاتێك دروست بكەن و لەوێوە بانگەوازی ئیسلامی بڵاوبكەنەوە.

لەنێو ئەو موسڵمانانەشدا كە كۆچیان كرد حەمزەش كۆچی كردو هاتن لە مەدینە نیشتەجێ‌ بوون و چاوەڕێی هاتنی پێغەمبەری خوایان دەكرد، كاتێ‌ پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) هات بە گەرموگوڕی و خۆشحاڵیەوە پێشوازییان لێكرد.

پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) خەڵكە موسڵمانەكەی مەككە و مەدینەی كردن بە برای یەكتر، بەوجۆرە حەمزە و زەیدی كوڕی حارسە بوون بە برای یەكتر و هەموو شتێكیان بۆ یەكتر دەبوو، پێكەوە ئیشیان دەكرد و پێكەوە بەرهەمیان دابەش دەكرد.

دوای ماوەیەك پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) بڕیاریدا تۆڵە بكاتەوە لە قوڕەیش و هێزیان لاواز بكات، ئەوە بوو كاروانێكی قوڕەیشیەكان لە شامەوە دەگەڕایەوەو ئەبووجەهلیش لەناو ئەو كاروانەدا بوو، بێباوەڕەكان سێ‌ سەد كەس بوون، كاتێ‌ گەیشتە ناوچەیەك كە پێی دەوترا سەیفولبەحر پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) حەمزەی كوڕی عەبدولموتەلیبی لەگەڵا كۆمەڵێ‌ موسڵماندا نارد تا ڕێ‌ نەدەن بێباوەڕەكان بگەڕێنەوە بۆ مەككە.

ئەمە لە مانگە ڕەمەزانی یەكەم ساڵی كۆچ كردنی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) دا بوو.

حەمزە و موسڵمانەكان ڕێیان گرت بە ئەبووجەهل و بێباوەڕەكانی قوڕەیش، بەڵام كەسێك بە ناوی مەجدی هات و كەوتە نێوانیان و نەیهێشت جەنگ بكەن، بۆیە هەر كامیان بەڕێی خۆیاندا چوون.

بەڵام حەمزە داخی دڵی بەرامبەر بێباوەڕان زۆر بوو و چاوەڕێی دەرفەتێ‌ بوو تا تۆڵەی ئەو ستەمەیان لێ‌ بكاتەوە، ئەوەبوو جەنگی بەدر هاتە ڕێ‌ و پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) لەگەڵا ژمارەیەك لە هاوەڵاندا لە بەدردا بەرامبەر بە بێباوەڕان وەستانەوە، ئەوەش یەكەم جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان موسڵمانان وبێباوەڕان بوو.

پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) سوپای موسڵمانانی بە چاكی ئامادە كرد و نزای خێری بۆ كردن، بێباوەڕانیش ژمارەیان سێ‌ بەرامبەری موسڵمانەكان بوو، بێباوەڕەكان داوایان كرد سەرەتا سێ‌ موسڵمان بەرامبەر بە سێ‌ بێباوەڕ بجەنگن، ئەوە بوو پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) حەمزە و عوبەیدەی كوڕی حارس و عەلی كوڕی ئەبو تالیبی نارد، بێباوەڕەكانیش بریتی بوون لە عوتبە و شەیبە و وەلید.

خێرا حەمزە هەڵمەتی برد و شەیبەی كوشت، ئەمەش یەكەم سەركەوتنی موسڵمانان بوو، ئینجا عەلیش هەڵمەتی برد و وەلیدی كوشت، ئەمەش بوو بە دووەم سەركەوتنی موسڵمانان، ئینجا ئەبووعوبەدە و عوتبە یەكتریان بریندار كرد، خێرا حەمزە و عەلی دایان لە عوتبە، بەمەش موسڵمانان سەركەوتن، ئینجا جەنگ ڕوویدا و تیایدا حەمزە دلێرییەكی بێوێنەی نواند و لەئەنجامدا موسڵمانان سەركەوتن و بێباوەڕان شكان.

بێباوەڕان ئەم شكستەیان لەبیر نەچوو، بۆیە خۆیان كۆكردەوە‌و هەمتر هاتنەوە بۆ جەنگ، ئەوە بوو جەنگی ئوحود لەنێوان موسڵمانان و بێباوەڕاندا ڕوویدا. ئافرەتێ‌ كەسێكی بەناوی وەحشی دانابوو تا حەمزە بكوژێت، حەمزە لە سەرەتاوە زۆر دلێرانە جەنگاو ژمارەیەك بێباوەڕی كوشت و گورزی سەختی وەشاند لە بێباوەڕان.

بەڵام وەحشی ڕمێكی وەشاند و دای لەسەر سنگی حەمزە و شەهیدی كرد، ئینجا دوای جەنگەكە ئافرەتەكە چوو و سكی حەمزەی هەڵدڕی و جگەر و دڵی دەركرد و تەرمەكەی شێواند، پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) زۆر بەوە دڵگران و بێتاقەت بوو و حەمزەی بە گەورەی شەهیدان دانا.

 

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics