٤ جەمادی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

خەببابی كوڕی ئەرەت

خەببابی كوڕی ئەرەت

Xabab

هاوەڵێكی بەرز و بەڕێزی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) خەببابی كوڕی ئەرەت بوو، ئەو هاوەڵە بەڕێزەی كە لە پێناو ئایینی خوادا چەندین ناڕەحەتی و سزای چەشت و بە ئاسنی گەرم داخ دەكرا.

خەباب منداڵێكی جوان و ڕۆح سوك بوو، لە نێو كەسوكاریدا ژیانی دەبردە سەر و دەهات و دەچوو، لە نێو هۆزی بەنی تەمیمدا دەژیا، لەگەڵا منداڵان دەچوویە دەر و یاری دەكرد، لەگەڵا باوكی دەهات و دەچوو، لای دایك و باوكی خۆشەویستیەكی زۆری هەبوو.

ڕۆژێكیان خەباب چوویە دەرەوە و لەگەڵا هاوڕێكانیدا یاری دەكرد، كەچی لە ناكاودا نەگبەتی ڕووی كردە ناوچەكەیان و دوژمنان هێرشیان بۆ هێنان و ژن و منداڵا و ئاژەڵەكانیان بردن، خەبابیش یەكێ‌ بوو لەو منداڵانەی كە دوژمنان بردنیان و وەك كۆیلە لە بازاڕی كۆیلە فرۆشاندا هەرزان فرۆشیان كردن.

ئیتر خەباب هەر جارەو كۆیلەی كەسێك بوو و خزمەتی بە كەسێك دەكرد و زۆر ماندوو دەكرا، جارێكیان گەورەكەی خەباب بڕیاری دا بیبات بۆ مەككە و بیفرۆشێت، خەبابیش تەنها دەبوو ملكەچی فەرمانی بێت، ئەوە بوو خەبابی برد و لە مەككەدا هەرزان فرۆشی كرد.

ئافرەتێ‌ هەبوو ناوی ئوم ئەنمار بوو چوو بوو دەیویست كۆیلەیەك بكڕێت، كاتێ‌ خەبابی بینی سەیری كرد لەشی ساغە و ژیر دیارە، بۆیە كڕی و بردیەوە بۆ ماڵەوە و بۆ كار و خزمەتی خۆی بەكاری دەهێنا.

ئوم ئەنمار ئافرەتێكی خوانەناسی بتپەرستی زۆر خراپ بوو، ئیشی سەختی دەكرد بە خەباب، كاتێ‌ كەمێ‌ خەباب گەورە بوو ئەو ئافرەتە چوو بۆ لای ئاسنگەرێك و داوای لێكرد خەباب وەك شاگرد وەربگرێت، ئەویش ڕازی بوو.

ئیتر خەباب ڕۆژانە دەچوو بۆ لای ئەو ئاسنگەرەو لای ئەو فێری دروست كردنی شمشێر بوو، هێندە بە جوانی فێر بوو كە دروست كردنی شمشێری خەباب لەناو خەڵكیدا باس دەكرا، ئەمە وایكرد ئوم ئەنمار بیر لەوە بكاتەوە دووكانێكی تایبەت بۆ خەباب دابنێ‌ تا پارەی زیاتری بۆ پەیدا بكات، ئەمەش هێندەی تر ئیشەكەی ئەو كوڕەی قورستر كرد.

هەر لە سەرەتای دەركەوتنیەوە خەڵكی زۆر سەرسام بوون بە ئاكاری جوان و ژیری و قسە جوانی خەباب و زۆر متمانەیان پێی هەبوو، بەوەش زۆربەی خەڵك بۆ پێویستیەكانیان دەچوون بۆ لای ئەو.

كاتێ‌ پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) هات دەنگ و باس لەناو خەڵكدا بڵاوبوویەوە كە گەنجێ‌ دەركەوتووە بە ناوی موحەممەد و دەڵێت پێغەمبەرم، خەباب كە ئەمەی بیست تەزوو هات بە لەشیدا و هەستی كرد ئەمە قسەیەكی گاڵتە نیە.

ئیمامی ئەبوبەكر بوو بە ڕێنیشاندەری خەباب، خەبابیش خێرا چوو بۆ لای پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و لە خزمەتیدا دانیشت، كە پێغەمبەری خوای بینی و گوێی لێگرت چاوەكانی پڕ بوون لە فرمێسك و دەستی خستە دەستی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و موسڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاند، بەوەش خەباب بوو بە شەشەم موسڵمانی سەر زەوی خوا.

بەرەبەرە هەواڵی موسڵمان بوونی خەباب بڵاوبوویەوە، هەر كە ئوم ئەنمار ئەوەی بیست خێرا چوو بۆ لای سیباعی برای، ئەویش بە كۆمەڵێ‌ گەنجەوە لەگەڵا ئوم ئەنماردا كەوتە ڕێ‌ و هاتن بۆ لای خەباب، بە توندی لێیان دەدا و سزایان دەدا، جلی ئاسنینیان لەبەر دەكرد و لەبەر خۆردا دایاندەنا، ئاویان پێنەدەدا‌و زۆر سزایان دەدا و داوایان لێ دەكرد قسە بڵێ‌ بە پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)، بەڵام خەباب ئامادە نەبوو بە گوێیان بكات.

هێندە بە سەختی سزای خەبابیان دەدا تا جارێكیان خەباب لە ڕێی ئیشەكەیەوە چوو بۆ لای پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و وتی ئەی پێغەمبەری خوا ئایا نزای سەركەوتنمان بۆ ناكەیت؟ پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) پێی فەرموو (پێش ئێوە كەس هەبووە چاڵی بۆ هەڵكەنراوە و خراوەتە ناوی و دواتر مشار هێنراوە و بە مشار لەسەرەوە تا خوار لەتیان كردووە، بەخوا خوای گەورە ئەم ئایینە سەردەخات...بەڵام ئێوە پەلە دەكەن) بۆیە خەباب گەڕایەوە و بڕیاری دا دووبارە خۆڕاگر بێ‌ تا خوای گەورە سەریان دەخات.

جارێكیان خەباب شمشێرێكی دروست كرد بۆ كابرایەكی بێباوەڕ كە ناوی عاسی كوڕی وائیل بوو، كاتێ‌ عاس هاتەوە و شمشێرەكەی برد خەباب داوای پارەكەی كرد، عاص وتی پارەت پێ‌ نادەم تا وازنەهێنی لە ئایینەكەی موحەممەد، خەبابیش وتی تا مردنیش بە تەمای ئەوە بیت من هەرگیز واز ناهێنم لە ئایینی موحەممەد.

هێندەی نەبرد خوای گەورە سزای خۆی نارد بۆ ئوم ئەنمارو حەقی خەبابی سەندەوە، ئەوە بوو ئوم ئەنمار تووشی ژانە سەرێك بوو كە نموونەی وا لە كەسدا نەبینرا بوو، دەبوو بۆ كەمكردنەوەی ئازاری سەری ئاسن داخ بكرایەو بدرایە لەسەری، كوڕ و كەسەكانی بەردەوام بۆ پزیشك دەگەڕان، بەڵام هەموو پزیشكەكان دەیانوت تەنها چارەسەری ئەوەیە بە ئاسنی گەرم سەری داخ بكەن، بەوەش خوای گەورە تۆڵەی خەبابی لەو ئافرەتە سەندەوە.

پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) كە بینی هاوەڵانی زۆر سزا دەدرێن بڕیاریدا هاوەڵان كۆچ بكەن بۆ مەدینە، خەبابیش ویستی كۆچ بكات بەڵام لەبەر نەخۆشی ئوم ئەنمار ناچار مایەوە و دەبوو ڕۆژانە ئاسن گەرم بكات و سەری ئەو ئافرەتە داخ بكات.

بەڵام دوای ماوەیەكی كەم كۆچی كرد بۆ مەدینە و لە دەست ئەو كەسە خراپ و ناپاكانە ڕزگاری بوو، ئیتر بەردەوام لە خزمەتی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا دەبوو و زانستی لێوەردەگرت و بە بینینی ڕوخساری پیرۆزی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) ئازارەكانی بیر نەدەمان.

لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا بەشداری غەزاكانی دەكرد، لە جەنگی بەدرو ئوحودیشدا بەشداری كرد، لە جەنگی ئوحوددا بینی سیباعی برای ئوم ئەنمار كە سزای ئەوی دەدا لەسەر دەستی پاڵەوانی ئیسلام حەمزەی مامی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) كوژرا.

بەوجۆرە خەباب هەموو ماوەی ژیانی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) لە مەدینەدا لە خزمەتیدا بوو، چ لە غەزاكان چ لە مزگەوت و كاتی نوێژ و جەژنەكان و كاتەكانی تریشدا، تا ئەو كاتەی ڕۆژی وەفاتی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) هات ئیتر یەكپارچە ئازار و دڵگرانی خەبابی داگرت، بەڵام خۆڕاگرانە بڕوای بەوە هەبوو دەبێ‌ هەموومان بگەڕێینەوە بۆ لای خوا.

خەباب لە سەردەمی خەلیفەكانی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا ژیا و خەلیفەكان و هاوەڵانیش زۆر ڕێزیان دەگرت، جارێكیان چوو بۆ لای عومەری كوڕی خەتتاب، باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ كرد كە بێباوەڕان ئاگرێكیان بۆ كردۆتەوەو خستوویانەتە سەر ئاگرەكە و بێباوەڕێك قاچی لەسەر سنگی داناوە تا بە تەواوی پشتی بسووتێ‌، دواتر پشتی خۆی نیشانی ئیمامی عومەردا و ئیمامی عومەریش دەستی كرد بە گریان.

دوای تەمەنێكی زۆری پڕ لە خزمەتكردن بە ئایینی خوا خەباب بە نەخۆشی لە تەمەنی حەفتا و سێ‌ ساڵیدا لە كووفە مرد و ئیمامی عەلی نوێژی لەسەر كرد و لە كووفە تەرمەكەی ئەسپەردە كرا.

 

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics