٢ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

ئەسمای كچی ئەبووبەكر

ئەسمای كچی ئەبووبەكر

Asma

ئەسما ئەو ئافرەتە هاوەڵەی پێغەمبەری خوا و ژنە خواناسە بوو كە كچی خۆشەویستی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و خوشكی دایكی باوەڕداران و ژنی یەكێ‌ لە گەورە هاوەڵان و دایكی یەكێ‌ لە گەورە هاوەڵە خواناسەكان بوو، ئەو ئافرەتە بوو كە لای پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) زۆر بەڕێز بوو و پێغەمبەری خوا موژدەی بەهەشتی پێدا كاتێ‌ فەرمووی لەبری ئەو دوو پشتێنەت لە بەهەشتدا خوا پاداشتت دەداتەوە.

ئەسما كچی ئەبووبەكری صدیق بوو، ئەبووبەكری صدیقیش هاوڕێی نزیك و خۆشەویستی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و دواتریش خەلیفەی یەكەمی موسڵمانان بوو، ئەو ئەبووبەكرەی كە لە قورئاندا باسی كراوە و پێغەمبەریش(صلى الله علیه وسلم) موژدەی بەهەشتی پێداو هەموو هاوەڵانیش بە گەورەی خۆیان سەیریان دەكرد.

كاتێ‌ ئەبووبەكری صدیق هەواڵی بیست پێغەمبەری خوا بووە بە پێغەمبەر بەبێ‌ دوودڵی و ڕاڕایی باوەڕی پێهێنا و بوو بە یەكێ‌ لە گەورەترین بانگەوازكەران بۆ ئایینەكەی خوا، ئیتر چەندین كەس لەسەر دەستی ئیمامی ئەبووبەكر موسڵمان دەبوون، یەكێك لەو كەسانەش كە موسڵمان بوو ئەسمای كچی بوو.

ئەبووبەكر دەستی ئەسمای گرت و بردی بۆ لای پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و وتی ئەی پێغەمبەری خوا ئەمە ئەسمای كچمە هێناومە دەیەوێت موسڵمان بێت، ئەسماش لە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا موسڵمان بوو و بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە بوو بە یەكێ‌ لە بەرگریكارانی ئیسلام.

ئیمامی ئەبووبەكر كەسێكی ناودارو ناسراوی ناو مەككە بوو و سامانی زۆریشی هەبوو، بۆیە ئەسماو خوشك و ماڵا و مناڵیشیان لە خۆشیدا دەژییان، هاوكات باوكی ئەبووبەكر هێشتا مابوو و نەمردبوو، ئەسمایش زۆر بە چاكی خزمەتی دەكرد چونكە باپیری بوو، دەیزانی ڕۆژێ‌ دێ‌ ئەویش دەچێ‌ بەتەمەندا و بە ئەركێكی ئایینی دەزانی تا خزمەتی باپیری بكات هەرچەندە باپیری موسڵمان نەبووبوو.

پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) ڕۆژانە جارێ‌ یا دووجار دەچوو بۆ ماڵی ئیمامی ئەبووبەكر تا بیبینێ‌، بەوەش ئەسما ڕۆژانە پێغەمبەری خوای دەبینی، ئیتر ئەسما هەمیشە نزیك بوو لە دوو كەسی زۆر گەورە و خواناسەوە، یەكەمیان پێغەمبەری خوا(صلى الله علیه وسلم)، دووەمیشیان ئەبووبەكری باوكی.

بەمجۆرە ڕۆژان دەهاتن و دەچوون تا ئەو كاتەی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) مۆڵەتی دا بە موسڵمانان كۆچ بكەن بۆ مەدینە، دواتر پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و ئیمامی ئەبووبەكر بڕیاریاندا كۆچ بكەن، لەو كاتەدا ئەسما كەوتە ئامادەكردنی توێشوو و كەلوپەل بۆیان، دوایی ویستی كەلوپەلەكەیان بۆ بپێچێتەوە هیچی بۆ ئەوە شك نەبرد، بۆیە پشتوێنەكەی خۆی لێكردەوەو كردی بە دوو لەتەوە و هەردوو توێشووەكەی پێچایەوە، ئیتر ئەسما بە خاوەن دوو پشتوێنەكە ناسرا چونكە پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) موژدەی پێدا لەبری ئەوەدا خوای گەورە لە بەهەشتدا دوو پشتوێنی پێ‌ دەبەخشێ‌.

كاتێ‌ پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و ئیمامی ئەبووبەكر كۆچیان كرد، بێباوەڕان دەگەڕان بە شوێنیاندا تا بیانگرن، بەڵام ئەوان تازە لە شار دەرچووبوون، ئەبووجەهل و بێباوەڕەكان هاتنە بەردەرگای ماڵی ئەبوبەكر و تەقەیان دا لە دەرگا، ئەسما هاتەدەر و وتی چیتان دەوێ‌؟

وتیان كوا باوكت؟

وتی من چووزانم؟

خێرا ئەبووجەهلی گومڕا زللەیەكی توندی لێدا، ئەمە لە كاتێكدا ئەوكات ئەسما سكی پڕ بوو بە عەبدوڵای منداڵیەوە.

ئەسما پێشتر شووی كرد بوو بە یەكێ‌ لە هاوەڵە بەڕێزەكان كە زوبەیری كوڕی عەوام بوو، لەو مێردەی سكی كرد بە عەبدوڵاوە كە دواتر عەبدوڵا بوو بە هاوەڵێكی زۆر گەورە و خواناس و دوای خەلیفەكان بوو بە سەركردەی موسڵمانان.

دوای ئەوە ئەسما لە ماڵا باوكی بوو، باپیری كە هێشتا موسڵمان نەبووبوو وتی ئەسما ئەبوبەكر كە چووە هیچ پارەی بۆ بەجێهێشتووین، ئەسما دەیزانی ئەبووبەكر هیچی بەجێنەهێشتووە بەڵام بۆ ئەوەی باپیری بێتاقەت نەبێ‌ و قسە بە باوكی نەڵێ‌ وتی بەڵێ‌، بڕێ‌ وردە بەردی كردە ناو توورەكەیەك و وتی ئەوە پارەیە بۆی بەجێهێشتووین، باپیریشی لەبەرئەوەی كوێر بوو بێدەنگ بوو و وتی باشە.

ئەسما پاش ماوەیەك بڕیاری كۆچی داو بە سكی پڕەوە كۆچی كرد بۆ مەدینە، لە مەدینە عەبدوڵای كوڕی لەدایك بوو، ئەوەش یەكەم منداڵی كۆچەران بوو كە لە مەدینە لەدایكبوو.

ئەسما حەڤدەهەم كەس بوو كە موسڵمان بووبوو.

بەوجۆرە ئەسما لە مەدینەشدا بە باوەڕو خواناسیەوە ژیانی دەبردە سەر و هەردەم خزمەتی دەكرد بە ئایینی خواو ترسی نەبوو لە سەختیەكانی ژیان، بەڵكو هەر سەختیەكی ژیانی قبوڵا دەكرد تەنها لەپێناو ئەوەی ڕەزامەندی خوا بەدەست بێنێ‌.

هەروەها ئەسما خوشكی دایكی باوەڕداران عائیشە بوو، عائیشە ژنی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و دایكی باوەڕداران و خوشكی ئەسماو كچی ئیمامی ئەبوبەكر بوو، ئەمەش گەورەییەكی تر بوو بۆ ئەسما كە خوشكێكی وای هەبێ‌.

ئەسما زۆر بە جوانی عەبدوڵای پەروەردە كرد و فێری بنەماكانی ئیمان و خواناسی دەكرد، ڕاستیەكانی ژیان و گەورەیی ئیسلامی فێردەكرد، قورئانی پیرۆزی پێ‌ دەخوێند و پێی لەبەردەكرد، عەبدوڵای دەبردە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و بە هەموو شێوەیەك هەوڵیدەدا بە جۆرێ‌ ئەو كوڕەی پەروەردە بكات كە كەسێكی خواناس و چاك و گەورەی لێ‌ دەربچێت.

ئەسما بەوجۆرە ژیا تا پێغەمبەری خواش(صلى الله علیه وسلم) كۆچی دوایی كرد.

لە سەردەمی خەلیفە ئەبوبەكری باوكیشیدا ژیا و هەوڵی دەدا یارمەتیدەری باوكی بێ‌، دواتر باوكیشی كۆچی دوایی كرد، لە سەردەمی ئیمامی عومەر و ئیمامی عوسمان و ئیمامی عەلی و ئیمامی حەسەنیشدا بەهەمان شێوە ژیا.

ئیتر بەرەبەرە كەسە ئازیز و بەڕێزەكانی بەجێیان دەهێشت و ئەویش بەرەو پیری دەچوو، عەبدوڵای كوڕیشی بوو بوو بە پیاوێكی نموونەیی و خواناس و لەپێناو خوادا هەوڵی دەدا، عەبدوڵا بوو بە سەركردەی موسڵمانان لە مەككە و مەدینەدا.

بەڵام دواجار لە جەنگێكدا عەبدوڵای كوڕی شەهید بوو، دایكیشی تەواو دڵگران بوو، چاوەكانیشی لەدەستدا بوون و كوێر بووبوو، ئەوەبوو دوای دە شەو لە كوژرانی كوڕەكەی ئەویش لە تەمەنێكی دوور و درێژی سەد ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

 

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics