٧ جەمادی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

حوكمەكانی تەماشا كردنی ئافرەت بۆ پیاوی بێگانە

هەروەك باسمان كرد كەوا دڵ بە بینینی جوانیەكان خۆش دەبێ، جا چ لەلایەن نێرینە بێت، یان مێینە. ئافرەتیش لەناخی دڵەوە مەیل وئارەزووی بەلای پیاودا دەڕوات، بە تەماشاكردن ئارەزووی دەبزوێ‌، هەر بۆیە خوای گەورە فەرمانی بە ڕەگەزی مێینەش كردووە كە چاویان دابگرن، بەڵام فیتنەی تەماشاكردنی حەرام لە مێینە زۆر كەمترە لەوەی نێرینە لەبەر هەندێ‌ هۆكاری فسیۆلۆژی ودەرونی و ئەخلاقی.Nazar

1- كاتی هێلكە لە هێلكەدان دادەبەزێ‌، شێوەی زۆر جوان و ڕازاوەیە، بە هێمنی و بەلارو لەنجە دەڕوات، بەڵام هەرگیز تەماشای ئەم لاوئەولا ناكات هەروەك لە سپێرمدا دەبینین، چونكە كار دەكاتە سەر جوانی و سەنگ و كەسایەتیەكەی. واتە سیفەتی جوانی، ڕازاوەیی، حەیاو شەرم، هێمنی وچاو داگرتن لە ئافرەتان خۆڕسكەو فیتریە.

2- هەروەك چۆن لە ژیانی ناو سكی دایك سپێرم بەدوای هێلكە دەچێت وداوای دەكات وهەوڵ دەدات ببێتە هاوبەش وهاوسەری ژیانی، بە هەمان شێوە خوای گەورە لە ژیانی دونیادا وای داناوە پیاو داوای ئافرەت بكات، تاوەكو ئافرەت هەر لەسەر سەنگ وجوانی حەیاوشەرمی خۆی بمێنی. ئەو زانستە پزیشكیانە بەڕاستی ڕێزی ئیسلام بۆ ئافرەت وبەرز نرخاندنی ئافرەتمان بۆ دیاری دەخات، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئافرەتان خۆیان ئەو خەڵاتە خواییەیان ناوێت، لەجیاتی سوپاس گوزاری، كوفری پێدەكەن، مەگەر ئەوانەی خوای گەورە بەزەییی پێیان هاتۆتەوە. [يَعْرِفُونَ نِعْمَةَ اللَّهِ ثُمَّ يُنكِرُونَهَا وَأَكْثَرُهُمْ الْكَافِرُونَ]النحل: 83

3- پێكهاتەی جەستەیی ئافرەت جوانترو ڕێكترە، شێوەو ڕوكاری دەرەوەی ڕازاوەترە لەوەی پیاو، ئەمانەش وا لە پیاو دەكەن زیاتر ئارەزووی تەماشاكردنی زیاتر بێت، زیاتر بیر لە جوانی ئافرەت بكاتەوە. پیاو كە لە دەرەوەن زۆربەی كات بۆ كاركردن و بژێوی پەیدا كردنە، بۆیە بە دیمەنێكی ڕازاوە وپۆشتەیی دیار ناكەوێت. هەرچەندە لەم سەردەمەی ئێستامان جۆری ژیان وكاركردن وبژێوی پەیدا كردن بۆتە كێخوایەتی و ماندوو بوون وهیلاكی پێوە دیار نیە، بۆیە خوای گەورە بۆ ئافرەتانیش چاو داگرتنی دەستوور داوە.

4- ئارەزووی جینسی ئافرەتیش دەجولێ‌ بەتەماشاكردنی پیاو. بەڵام لەبەر كەم جورئەتی ئافرەت وكەم چوونە پێشی ئەو هەستی بینینە نا بێتە بزوێنەرێكی كاریگەر لە ناو دەماخ وجولێنەری دەمارە خانەكان، تاوەكو ببێتە بارگەیەكی كارەبایی بۆ جولانی ماسولكەكانی لەش بە ئاراستەی ئامانجەكە، ئەو خەیال وئەندێشەی هەیبووە نا بێتە واقیع وڕاستەقینە هەروەك لە نێرینەدا دەیبینین.

5- سروشت وخۆڕسكی لە گشت ئافرەتێكدا دوورە پەرێزی و دووركەوتنەوە، قەدەغە كردن و وبەرپەرچ دانەوە زۆر زەق وئاشكرایە. (1)

6- ئافرەتان بەگشتی زیاتر گرنگی بە مەسائلی جوانی، كۆمەڵایەتی، ئاینی دەدەن.

7- ئافرەتان بە گشتی زیاتر ڕەچاوی ئەركە شەرعیەكان دەكەن، وەك پۆشتەیی وداپۆشین و نەهاتنە دەرەوە. هەر ئەوانەشە وای كردووە بێتە بەربەست لەبەردەم دروستبوونی كێشە كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەكان(2).

لە كۆتاییدا دەڵێم: تەماشاكردنی ئافرەت بۆ پیاو بە پلەی دووەم دێت لە ترسناكی وكەوتنە ناو گوناهو تاوانی داهاتوو، گەر وانەبوایە ئەوا خوای گەورە حیجاب و پۆشتەیی لە سەر پیاوانیش دادەنا تاوەكو ئافرەتان تەماشایان نەكەن، والله اعلم .

ڕای زانایانی ئیسلام دەربارەی تەماشا كردنی ئافرەت بۆ پیاوی بێگانە:

هەروەك چۆن واجب كراوە چاو داگرتنی پیاو بەرامبەر ئافرەت، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەتانیش. لێرەوە باسی ڕای زانایان دەكەین لەو بارەیەوە:

1- مەزهەبی شافعی:

دەشێت ئافرەت تەماشای بەدەنی پیاو بكات بێجگە لەو بەشەی نێوان ناوك و چۆك، بەمەرجی ئەوەی تەماشاكردنەكە بە شەهوەت نەبێت و.سەردەمەی فیتنەیی نەبێت. بەڵگەشیان ئەو فەرموودەی عائشەیەل: ((عائیشە تەماشای بەندەكانی حەبەشەی دەكرد، كە یاریان دەكرد لە مزگەوتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش تەماشای ئەوی دەكرد)) ((إنها نظرت إلی الحبشة یلعبون فی المسجد والنبی(صلى الله عليه وسلم) یراها))(3).

2- مەزهەبی حەنەفی:

تەماشای هەموو بەدەنی جائزە بێجگە لە نێوان ناوك وچۆكی، چۆك عەورەتە لە مەزهەبەكەیان. سنووری تەماشا كردنی ئافرەت بۆ پیاو، هەروەك سنووری تەماشاكردنی پیاو بۆ پیاوە. واتە ئەو شوێنانە پیاو كە بۆ پیاو تەماشا كردنی جائز نیە ئەوە بۆ ئافرەتیش هەروایە. (4)

3- مەزهەبی مالكی:

نا بێت ئافرەت لەو سنوورە زیاتر تەماشای پیاوی بێگانە بكات، تەنها بەقەدەر ئەوە نەبێت كە پیاو دەتوانێ‌ تەماشای پیاو بكات. ئەویش بریتیە لە دەست وقاچ و دەم وچاو، تەماشا كردنێكی بێ‌ شەهوە وئارەزوبازی. (5)

4- مەزهەنی حەنبەلی:

بۆی هەیە تەنها سنووری سەرووی ناوك وخوار چۆك، بەبێ‌ شەهوە.

5- لای شافعی وحەنەفیەكان:(6)

چاكتر وایە بۆ ئافرەتی گەنج كە چاوی داگرێ‌ لە ترسی بزواندنی ئارەزوو، ڕوودانی فیتنە. بەڵگەشیان ئەو فەرموودەیە: ئوم سەلەمە(رضي الله عنه) دەڵێت، من و مەیموونە لای پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) بووین عبد الله كوڕی مەكتوم هاتە ژوورەوە، لەو كاتە بوو كە ئایەتی پۆشتەیی وحیجاب دابەزی بوو، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)فەرمووی خۆتان دوور بگرن وداپۆشن، ووتمان: ئەی پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) ، ئەی ئەو كوێر نیە؟ فەرمووی: (( خۆ ئێوە كوێر نین؟ ئەی ئەو نابینن؟)). ((احتجبا منه. فقلنا: یا رسول الله: ألیس هو أعمی لا یبصرنا ولا یعرفنا؟ فقال النبی:(( أفعمیاوان أنتما؟ ألستما تبصرانه؟)). (7)

6- لەبەر ڕۆشنایی ووتەی زانایان دەگەینە ئەو ئەنجامە: سنووری تەماشاكردنی ئافرەت بۆ پیاو، هەروەك سنووری تەماشا كردنی پیاو بۆ پیاوە واتە بۆی هەیە تەنها سنووری سەرووی ناوك وخوار چۆك، بەمەرجی ئەوەی تەماشا كردنەكە بۆ ئارەزووبازی نەبێ‌، سەردەمی فیتنەش نەبێ‌.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. عباس عقاد،المرأة في القرآن،ص35.والمودودي،أبو الأعلى المودودى،الحجاب، ص195.

2. الخشت، محمد عثمان، وليس الذكر كالأنثى ، ص36.

3. الرملي، نهاية المحتاج، 6/191. والشربيني، مغني المحتاج، 3/17.

4. ابن عابدين، رد المحتار على الدر المختار، 6/371.

5. الشرح الكبير للدردير وحاشية الدسوقي، 2/215. وحاشية الصاوي،1/106. و مواهب الجليل للحطاب، 1/105.

6. الكاساني، بدائع الصائع، 5/122.

7. سنن أبي داود ، كتاب: اللباس، باب: وقل للمؤمنات يغضضن من أبصارهن، الحديث:4112 ، 4/63.

لێدوان زیادکە


بابەتە پەیوەندیدارەکان

هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics