٣ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

حوكمەكانی پەیوەست بە خۆ ڕازاندنەوە ئافرەتان

پۆشاك خەڵاتێكی خوای گەورەیە بە مرۆڤایەتی بەخشیوە، فێری كردوون وبۆی ئاسان كردوون، یاسای بۆداناوە. پۆشاك عەورەت دادەپۆشێ‌ وهۆكارێكی ڕازاندنەوەو جوانیە.Zena

بەكارهێنانی پۆشاك دیاردەیەكی شارستانیەت وپێشكەووتنە. پۆشاك، خۆڕازاندنەوە و خۆجوانكردن لە گرنگترین ئەو شتانەن كە ئادەمیزاد (نێرو مێ‌) لە گیانلەبەران جیا دەكاتەوە. بەرامبەر بەوەش داماڵینی پۆشاك و ڕووتی لەش لە سروشت وسیفەتی گیاندارانە، بەڵگەی ژیانی سەرەتایی ونەزانیە، گەڕانەوەی كاروانی مرۆڤایەتی یە بۆ دواوە، بۆ هەزارەها ساڵەی پێش مێژووە.

هۆكارەكانی خۆ داپۆشین وڕازاندنەوە جیاوازە، لە كاتێك بۆ كاتێكی ترو لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر دەگۆڕێ‌ ، بەڵام لە بنەڕەتدا یەكسانن كە ئەویش بەدەست هێنانی مەبەستەكانیەتی كە خۆیان لە عەورەت داپۆشین ڕازاوەیی دەنوێنن، دەركەوتن بە دیمەنێكی جوان. ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش بەرنامەی تایبەتی بۆ داناوە كە تیایدا پەیڕەوی سروشت و فیترەتی هەردوو ڕەگەزی تێدا كردووە.

بڕگەی یەكەم: واتای ڕازاندنەوە (الزینة)

الزینە:( زەوی بە ڕووەك وگژو گیا خۆی ڕازاندۆتەوە. وأزَّیّنت وأزیأنت : واتە باش وجوان ودرەوشاوەبوو. لە كتابی (التهذیب) دا هاتووە: ناوێكە بۆ هەموو ئەو شتانەی كە ئادەمیزاد بە هۆیەوە خۆی دەڕازێنێتەوە).

یەكەم: ئافرەت و ڕازاندنەوە (المرأة والزینة)

خوای گەورە هەر لە خۆڕسكەوە ئارەزووی خۆ ڕازاندنەوە، خۆ جوانكردن، ڕۆیشتن بە لەنجەو لاری لەناو ناخ و دەرونی ئافرەتان خولقاندووە. ئەوەتا دەبینین هەر لەسەرەتای ژیانی هێلكەی مێینە كە خۆی دەنوێنێ‌ لە ئافرەتدا، كاتی هاتنە دەرەوەی لە ناو هێلكەدان وڕۆیشتنی بۆ ناو جۆگەی هێلكەدان ومنداڵدان تاوەكو بگات بەو سپێرمەی كە خوای گەورە بۆی داناوە ببێ‌ بە هاوبەشی ژیانی، هەر لەو كاتەوە دەبینین بە جوانترین شێوە خۆی ڕازاندوتەوە، كڵاوەی زێڕینی پۆشیوە كە هەرلەدوورەوە دەدرەوشێتەوە (التاج المشع- (Corona Radiata، كاتی بە ڕێ‌ كەوتنی زۆر لەسەرخۆ دەڕوات و لەنجەو لاری پێوە دیارە، بەژمارەیەكی زۆر لە خانەی پارێزەر دەورەدراوە بۆ پاراستنی لە مەترسیەكانی ڕێگەو دەوروبەر. گەر سەرنجی ئەو دیمەنە بدەین دەبینین خۆی لە شاژنێكی جوان وناسك ونازدار دەنوێنێ‌ ، تاجی زێرینی بەسەرەوەیەو بەخزمەتكار دەورەدراوە بۆ پاراستنی، ئەو خانانە پێیان دەوترێت خانەی كلاوەی درەوشاوەی دەنكۆڵەدار كە لە جوانی هێلكەو ئەو دیمەنە زیاد دەكەن(الخلایا االاكلیلیة المشعة المحببة -Corona Radiata granulose cells).

ئایا ئەو دیمەنەی هێلكەو خانەكانی دەوروبەری بە جوانترین شێوە لە ژیانی ئافرەت ناچێت، كە هەردەم ئارەزووی جوانی خۆڕازاندنەوە دەكات، بەدایك وباوك و براو خوشك وكەس وكاری دەورەدراوە، كە بەهەموویان خزمەتی دەكەن و دەیپارێزن، تاوەكو دەگاتە هاوبەشی ژیانی خۆی و هاوسەری، ئەوكات هەردووكیان پێكەوە ژیان دەبەنەسەر، هەروەك چۆن هێلكە دوای گەیشتن بە سپێرمی دیاری كراو دەست دەكەن بە ژیانی هاوبەشی خۆیان و ناهێڵن هیچ سپێرمەكی تر بێتە ناو هێلكەوە هەرچەندە گەر ژمارەی سپێرمە هێرشبەرەكان ملیونەها بێت.

ئەو دیمەنە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەوا ئافرەت هەر لە خەلیقەتەوە ئارەزووی جوانی وخۆ ڕازاندنەوەی هەیە، هەر بۆیە ئاینی ئیسلام گرنگی بەم باسە داوە و فەرمانی نەكردووە بەوەی ئافرەت بەتەواوی دووربكەوێتەوە لەو شتانە، یان لێیان قەدەغە بكات، چونكە ئاینی ئیسلام ئاینی خوایە، چۆن لەلایەك هەر لە خەلیقەتەوە ئارەزوویەك لە ئافرەتدا دروست دەكات و، پاشان لە ژیانی دونیا لێی قەدەغە دەكات، ئەوە لە زانایی ودانایی وحەكیمی خوای گەورە ناوەشێتەوە، هەروەك فەرموویەتی: لەدروستكراوەكانی خوادا هەرگیز دژایەتی ونەگونجان نیە[مَا تَرَى فِي خَلْقِ الرَّحْمَانِ مِنْ تَفَاوُتٍ] الملك: 3 بەڵام ئاینی ئیسلام بەرنامە و مەرجی تایبەتی بۆداناوە هەروەك چۆن بۆ گشت كاروبارەكانی تری ژیان پەیڕەو پرۆگرام وبەرنامەو ئاسانكاری بۆ داناوە، بۆ ئەوەی ئادەمیزادان بزانن چۆن ئەو شتانە بەكاربهێنن تاوەكو تووشی گومڕاوی وسەرلێشێواوی لە ژێر كاریگەری ئارەزووەكانی خۆیان و شەیتانی جینی وئادەمیزاد نەبن.

خۆڕازاندنەوە حەڵاڵە بۆ ئافرەتان هەروەك بەدەنگەوە چونێك بۆ ئارەزووە فیتریەكانیان. هەموو ئافرەتێك حەز دەكات بەوەی كە جوان بێت وجوان خۆی بنوێنێ‌ وخۆی بڕازێنێتەوە. ئاینی ئیسلامیش دەیەوێت سروشتی ئافرەت تایبەتمەندی خۆی هەبێ‌ لەوبوارەوە، هەر بۆیە قەدەغەی كردووە بەوەی ئافرەت لە كاروكردەوەو پۆشاك ودیمەن وهەڵسوكەووت وڕۆیشتن وگفت وگۆدا لاسایی پیاو بكاتەوە.

لە كۆتایدا بۆمان دەركەوت كەوا جوانی وڕازاندنەوە سیفەتێكی خۆڕسكی ئافرەتانە هەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە كاتێ‌ لە قۆناغی هێلكەیە، دوای تەمەنی منداڵی و پێگەیشتوویی وتاوەكو دەگاتە پیری و پەككەوتەیی، هەروەك لەبابەتەكانی داهاتوودا باسی دەكەین.

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics