٢ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

سه‌ری‌ ساڵی‌ زاینی‌ له‌ نێوان ئاهه‌نگ‌و به‌خۆداچونه‌وه‌دا

 

 

 

2812201225177 Muhsinhusseinhhkomalnews
موحسین حسێن

دوانزه‌ مانگی‌ ته‌مه‌نمان به‌ڕۆژێك ده‌ستی‌ پێ‌ كردوو هێدی‌ هێدی‌ به‌دوای‌ یه‌كدا هاتن‌و پێچرانه‌وه‌، مانگه‌كانیش به‌گرمۆڵه‌یی‌ قه‌تاره‌یان به‌ست‌و زۆر به‌په‌له‌و به‌بێ‌ چرپه‌ ماڵئاواییان لێ‌ كردین، به‌م شێوازه‌ ساڵ كۆتایی‌ هات‌و سێبه‌ری‌ ساڵێكی‌ نوێ‌ كه‌وته‌ سه‌رمان.

كاتێكیش به‌سه‌ر روداوه‌كانی‌ ئه‌م ساڵه‌دا ده‌چه‌مینه‌وه‌ كه‌له‌ شێوه‌ی‌ شه‌پۆلێ‌ ئاژاوه‌ی‌ ئاڵۆزدا خۆیان ده‌نوێنن‌و دێن به‌یه‌كدا، شتێك نابینین كه‌ له‌ هه‌گبه‌ی‌ رۆژه‌كانیدا هه‌ڵمانگرتبێت جگه‌ له‌و كرده‌وانه‌مان كه‌ ئێستاكه‌ وه‌ك زنجیرێكی‌ ره‌ش‌و تاریك سه‌رله‌نوێ‌ گرێمان ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌و ته‌مه‌نه‌ له‌ ده‌ست چووه‌ی‌ كه‌ تیایدا چاك‌و خراپمان تێكه‌ڵ به‌ یه‌كدی‌ ده‌كردو، روكه‌شی‌ پرشنگداری‌ ئه‌م دنیایه‌ش مه‌ست‌و بێئاگای‌ ده‌كردین،
له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و رازاندنه‌وه‌ی‌ كۆشكی‌ دنیا بێزارو ماندوو نه‌ده‌بووین، هه‌روه‌ك له‌ ژێر ئاوه‌وه‌ بۆ ڕاستییه‌كان بڕوانین هه‌موو شتێكمان لێڵ‌و وێڵ ده‌بینی‌‌و بوارێكمان نه‌هێشتبۆوه‌ تا لێوه‌ی‌ چاكه‌كان به‌رونی‌  ببینین‌و خراپه‌كانیش توڕ بده‌ین.

له‌ به‌رچاومان ئه‌و هه‌موو ناشه‌رعییه‌ ده‌كراو سنوره‌كان ده‌شكێنران كه‌چی‌ گرژی‌‌و بێتاقه‌تی‌ روی‌ تێنه‌ده‌كردین، به‌لاَم  هه‌ر كاتێك به‌شێك له‌و ژیانه‌ی‌ دنیامان به‌ره‌و كه‌می‌‌و لاوازی‌ ده‌ڕۆیشت هاوارمان لێ‌ هه‌ڵده‌ستاو خۆمان گرژو توڕه‌ ده‌كرد.
زۆرێك له‌بازرگانه‌كان ته‌نها چاویان له‌و سود‌و قازانجه‌ بڕیبوو كه‌ ده‌كه‌وته‌ ده‌ستیان ئیتر گرنگ نه‌بوو چۆن‌و به‌ چی‌ په‌یدا ده‌بوو!!
به‌شێكیش له‌ كارمه‌ندان له‌كاتی‌ گه‌ڕان له‌دوی‌ نازو نیعمه‌ته‌كانی‌ ژیانیان عه‌له‌میان له‌ به‌ده‌ندا نه‌ده‌ما، به‌لاَم بۆ نوێژوو ڕۆژوو كاری‌ چاكه‌ ته‌ممه‌ڵ‌و ته‌وه‌زه‌ل ده‌هاتنه‌ پێش چاوان!!
هه‌ندێكیش له‌ ئافره‌تان به‌ نێوی‌ مه‌ده‌نییه‌ت‌و پێشكه‌وتنه‌وه‌ خۆیان ئاوێته‌ی‌ تاوان ده‌كردو به‌شێكی‌ زۆر له‌و به‌رگه‌ حه‌شم‌و حه‌یایه‌یان واز لێ‌ دێنا!!
زۆر له‌ جحێلاَنیش دڵه‌كانیان ژه‌نگاوی‌‌و چنگیان هاوده‌می‌ تاوان‌و چاوانیشیان تۆزی‌ غه‌فڵه‌تی‌ گرتبوو!!

كه‌واته‌ به‌گشتی‌ زوربه‌ی‌ خێزانه‌كان غه‌مه‌كانیان ببوه‌ دنیاو چۆنیه‌تی‌ فه‌راهه‌م هێنانی‌ ژینێكی‌ خۆشگوزه‌ران، ئیدی‌ غه‌می‌ ئیسلام‌و پاشه‌ ڕۆژ له‌ دڵه‌كاندا هه‌ڵكه‌نرابوو.
ئێستاش دوا ئه‌و هه‌موو لادان‌و بێئاگاییه‌ ده‌مانه‌وێت غه‌می‌ جیابوونه‌وه‌و ماڵئاوایی‌ له‌نێو ئاهه‌نگێكی‌ سه‌ری‌ ساڵدا ون كه‌ین‌و خه‌نده‌یه‌كی‌ درۆو بزه‌یه‌كی‌ گێلانه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر لێوان‌و ماندوویی‌ رۆژه‌ جه‌نجاڵه‌كانی‌ له‌ به‌ده‌نمان وه‌ده‌رنێین؟

به‌به‌ر چاومانه‌وه‌ رۆژانه‌ هه‌زاره‌ها مۆمی‌ خۆزگه‌و ئاوات به‌كوژاوه‌یی‌ ده‌چونه‌ خانه‌ی‌ بیره‌وه‌ری‌،
چونكه‌ نه‌وه‌یه‌ك ده‌هاتوو خه‌ڵكانێكیش ماڵئاواییان له‌م دنیا جه‌نجاڵه‌ ده‌كرد.
ئه‌وه‌ی‌ بۆ ته‌نها ڕۆژێك بێكار نه‌بوو كفن درووه‌كان‌و ئه‌و شوێنه‌ش میوانی‌ لێ‌ نه‌بڕا گۆڕستانه‌كان بوون. چه‌نده‌ها كه‌سی‌ بێئاگامان له‌م ساڵه‌دا بینی‌ كه‌ دوا چركه‌كانی‌ ژیانیان له‌ گۆشه‌ی‌ مه‌یخانه‌یه‌ك یان له‌ نێو ئاهه‌نگێكی‌ سه‌ماو گۆرانیدا به‌سه‌ر بردو بێئه‌وه‌ی‌ به‌ خۆیان بزانن مردن له‌ پڕ بووه‌ میوانیان‌و مه‌جالی‌ نه‌دان له‌ده‌رگای‌ ساڵی‌ نوێ‌ بده‌ن‌و  به‌و حاڵه‌ته‌وه‌ رۆحیان ماڵئاوایی‌ له‌و لاشه‌ شه‌كه‌ته‌یان كرد.
دیاره‌ به‌چی‌ حاڵه‌تێكیش رۆحیان باڵه‌ فڕه‌ بوو هه‌ر به‌و حاڵه‌ش زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌( یبعث كل عبد علی‌ مامات علیه) رواه‌ مسلم.

جا بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆتا ساته‌كانی‌ ژیانمان خۆشه‌ویستی‌ دنیاو هه‌واو ئاره‌زوو ڕێی‌ پێ‌ نه‌گرێت‌و له‌ نێو بازنه‌ی‌ وه‌رعێكی‌ درۆینه‌و له‌ نێو گوتاری‌ به‌خۆدا هه‌ڵگوتندا مه‌ست نه‌بین‌و ناوه‌خنی‌ كه‌لاوه‌ی‌ وێرانه‌مان به‌ روكه‌شێكی‌ موسڵمانانه‌ مكیاج نه‌كه‌ین.
پێویسته‌ شاشه‌ی‌ ناخمان له‌و كرده‌وه‌ گه‌نده‌لاَنه‌ بژار كه‌ین، چونكه‌ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر تاوان چه‌نده‌ش بچوك بێت دڵه‌كان ره‌ش ده‌كاته‌وه‌، ته‌مه‌نیش هه‌رچه‌ند درێژ بێت گه‌ر كرده‌وه‌ی‌ باشی‌ تیا ئه‌نجام نه‌درێت بێ‌ سوده‌و ته‌نها كۆكردنه‌وه‌و كه‌ڵه‌كه‌ كردنی‌ تاوانه‌.

واشنه‌زانین خۆشبه‌ختی‌ بریتییه‌ له‌ بوونی‌ موڵك‌و سامان‌و هێزو ده‌سه‌لاَت، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هیچ كامیان ڕازی‌ نابێ‌ دۆستی‌ به‌رده‌وام‌و هاوڕێی‌ گۆڕستانمان بێت.

ئه‌وه‌ رۆژه‌كانی‌ ئه‌م ساڵه‌ بوو كه‌ وه‌ك ده‌نكه‌كانی‌ ته‌زبیحێك له‌ یه‌ك ده‌چوون‌و بێئه‌وی‌ نرخ بۆ ئه‌و كاته‌ زێڕینه‌ دانێین وه‌ك به‌فری‌ زستان توایه‌وه‌‌و كرده‌وه‌كانیشمان تیایدا به‌ چاك‌و خراپیه‌وه‌ تۆماركران‌و هه‌ڵگیران.

دیاره‌ ژیان سه‌فه‌رێكی‌ به‌په‌له‌ی‌ نێوان ره‌حمی‌ دایك‌و گۆڕستانه‌، دوا ئه‌م سه‌فه‌ره‌ش پێوانه‌كان ده‌گۆڕێ‌‌و خۆمان له‌ نێو كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی‌ دیكه‌دا ده‌بینینه‌وه‌، كه‌ هه‌موو جوڵه‌و چرپه‌و ده‌نگێكمان نرخی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ ده‌بێ‌‌و ته‌رازوی‌ خوایی‌ ده‌بێته‌ پێوه‌ر[ وَالْوَزْنُ يَوْمَئِذٍ الْحَقُّ فَمَنْ ثَقُلَتْ مَوَازِينُهُ فَأُوْلَئِكَ هُمْ الْمُفْلِحُونَ (8) وَمَنْ خَفَّتْ مَوَازِينُهُ فَأُوْلَئِكَ الَّذِينَ خَسِرُوا أَنفُسَهُمْ بِمَا كَانُوا بِآيَاتِنَا يَظْلِمُونَ (9)] الاعراف 8 – 9

ئه‌مه‌ش ده‌خوازێت له‌ ساڵی‌ نوێدا ئاڕاسته‌ی‌ ژیانمان بگۆڕین‌و بزانین كه‌ ئێمه‌ بۆ جۆرێكی‌ دی‌ له‌ ژیان دروست بووین جیاواز له‌وه‌ی‌ گوزارشتمان لێ‌ كرد، كه‌واته‌ با له‌ مه‌و دوا له‌ هه‌وڵی‌ قورسكردنی‌ تای‌ ته‌رازوی‌ چاكه‌كانماندا بین‌و دوركه‌وینه‌وه‌ له‌و شتانه‌ی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ شه‌رعی‌ خواو سونه‌تی‌ پێغه‌مبه‌رن صلی الله علیە وسلم چونكه‌ [ كُلُّ نَفْسٍ بِمَا كَسَبَتْ رَهِینَه‌ٌ ] المدپر 38

گه‌ر خوانه‌خواسته‌ له‌ ساڵی‌ رابردودا به‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی‌ لاشه‌مان تاوانێكمان كردبێت ئه‌وا له‌ ڕۆژی‌ دوایدا لێمان دێنه‌ گۆو شاهیدیمان له‌سه‌ر ده‌ده‌ن[ حَتَّى إِذَا مَا جَاءُوهَا شَهِدَ عَلَيْهِمْ سَمْعُهُمْ وَأَبْصَارُهُمْ وَجُلُودُهُمْ بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (20) وَقَالُوا لِجُلُودِهِمْ لِمَ شَهِدْتُمْ عَلَيْنَا قَالُوا أَنطَقَنَا اللَّهُ الَّذِي أَنطَقَ كُلَّ شَيْءٍ وَهُوَ خَلَقَكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (21) ] فصلت


جا بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌رمه‌زاری‌ رۆژی‌ قیامه‌ت نه‌بین پێویسته‌ به‌خۆماندا بچینه‌وه‌و، واشنه‌زانین كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ته‌نها بۆ سودی‌ قیامه‌تمانه‌ به‌ڵكو به‌ره‌كه‌ته‌كانی‌ ئه‌م دنیایه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌و كرده‌وانه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ین.
بۆیه‌ كاتێك ده‌بینین به‌ره‌كه‌تی‌ ئه‌رزو ئاسمان له‌م مشته‌ خه‌ڵكه‌ی‌ سه‌ر ئه‌م خاكه‌ ڕو له‌كه‌م بوونه‌ بێگومان بین كه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌و تاوانانه‌ن كه‌ ئه‌نجاممان داون.
چونكه‌[ وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَى آمَنُوا وَاتَّقَوْا لَفَتَحْنَا عَلَيْهِمْ بَرَكَاتٍ مِنْ السَّمَاءِ وَالأَرْضِ وَلَكِنْ كَذَّبُوا فَأَخَذْنَاهُمْ بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ ] الاعراف 96


ئه‌گه‌ر ساڵی‌ رابردومان ئاوا به‌ڕێ‌ كردبێ‌‌و هێنده‌ به‌لاڕێدا رۆیشتبین، ده‌خوازێت مێژووی‌ ئاینده‌مان ته‌رخان كه‌ین بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ كاره‌ ناپه‌سه‌نده‌كانمان كه‌به‌هۆی‌ غه‌فڵه‌ته‌وه‌ كه‌وتبوینه‌ زه‌لكاوی‌ تاوانه‌وه‌.
گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ ژیانی‌ ساده‌ گه‌ر په‌روه‌ردگارمان لێ‌ رازی‌ بێت زۆر باشتر‌و به‌ره‌كه‌تدارتره‌ له‌و ژیانه‌ی‌ ئێستا ده‌یگوزه‌رێنین، بۆیه‌ گه‌ر گه‌نده‌ڵ نه‌بین ژیانی‌ ساده‌ی‌ رابردومان كه‌ پڕیه‌تی‌ له‌ سه‌روه‌ری‌‌و تێكۆشان‌و به‌ ته‌نگه‌وه‌ هاتنی‌ خه‌ڵكی‌، لا سوك نابێت.

هه‌ر كاتێكیش ناوه‌نده‌كانی‌ خزمه‌تكردن‌و ده‌ستگرۆیی‌ هه‌ژاران‌و خه‌باتكردن له‌ تێڕوانینی‌ مرۆڤدا بێبایه‌خ هه‌ڵسه‌نگێنرا ئه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جوانكاری‌‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ دڵه‌كان ره‌ش ده‌كاته‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی‌ سۆزو خۆشه‌ویستیش وشك ده‌كات.
كاتێكیش ده‌توانین له‌ كرده‌وه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردومان بێباك بین كه‌ چه‌ند ساتێك له‌ خه‌ڵوه‌تی‌ خۆماندا بمێنینه‌وه‌و به‌وردی‌ له‌ خۆمان بڕوانین‌و ئاهێكی‌ پڕ شه‌رمیش بكه‌ینه‌وه‌ به‌گیانمانداو وه‌ك پرسه‌ دارێك ده‌ستمان له‌سه‌ر یه‌ك دانێین‌و سه‌ركز له‌به‌رده‌م تاوانه‌كانماندا بوه‌ستین‌و له‌جیاتی‌ به‌شداریمان له‌ ئاهه‌نگی‌ سه‌ری‌ ساڵدا ئاوڕێك له‌ ساڵی‌ رابردوو بده‌ینه‌وه‌و ریوایه‌تێك له‌سه‌ر ئه‌و سه‌فه‌ره‌ كورته‌ به‌رهه‌م بهێنین كه‌تیایدا ده‌ری‌ خات ئه‌و دنیایه‌مان چۆن دیوه‌و چیشمان وه‌ك توێشو له‌ هه‌گبه‌ماندا هه‌ڵگرتووه‌.

ئاشنابونیشمان به‌ ساڵی‌ نوێ‌ كه‌ تیایدا خۆمان به‌ رێبوارێكی‌ چاو كراوه‌ی‌ سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ بزانین‌و زوو له‌ شته‌كان حاڵی‌ بین رۆشناییه‌كی‌ سه‌رله‌نوێیه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ژیانه‌ تاریكه‌ماندا هه‌ڵدێت، دیاره‌ هێنده‌ش له‌ تاریكیدا ماوینه‌ته‌وه‌ ده‌توانین باس له‌و روناكیه‌ نوێیه‌ بكه‌ین‌و جارێكی‌ دیش دڵمان به‌و خۆشیه‌ كورت‌و كه‌م خایه‌نانه‌ خۆشنه‌كه‌ین كه‌ له‌ ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌بێته‌ میوانمان.

كه‌واته‌ با رۆژه‌كانی‌ ساڵی‌ نوێ‌ پڕكه‌ین له‌ هه‌نگاوی‌ جوان‌و پڕ به‌ها تا سه‌ری‌ ساڵی‌ داهاتوو به‌نجه‌ی‌ په‌شیمانی‌ نه‌گه‌زین‌و تاریكی‌‌و دڵه‌ راوكێش له‌ نێو ده‌سته‌كانماندا نه‌گوشین.

ئه‌وه‌ش بزانین كه‌هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ دوو ماڵی‌ هه‌یه‌و پێویست ده‌كات خۆی‌ به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌یانه‌وه‌ خه‌ریك كات كه‌ په‌شیمانی‌ له‌ دوا نییه‌و به‌سه‌رفرازی‌ بۆ هه‌تا هه‌تایی‌ تیا ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌وه‌تا عه‌بدوڵلاَی‌ كوڕی‌ عیزار خوا لێی‌ رازی‌ بێت ده‌فه‌رمووێت( لابن ادم بيتان: بيت على ظهر الارض، وبيت في بطن الارض، فعمد للذي على ظهر الارض فزخرفه و زينه، وجعل فيه ابوابا للشمال، وابوابا للجنوب، وصنع فيه ما يصلحه لشتائه وصيفه. ثم عمد الى الذي في بطن الارض فاخربه، فاتى عليه ات، فقال: ارايت هذا الذي اراك قد اصلحته، كم تقيم فيه؟ قال: لاادري. قال: فالذي قد اخربته، كم تقيم فيه؟ قال: فيه مقامي، قال: تقر بهذا على نفسك، وانت رجل يعقل؟!

 

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics