هەینی، ٢٨ سەفەر، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

تەنگەژەی تێروانین بۆمێژووی ئیسلامی - بەشی یەكەم

نهاد جلال

مێژووی ئیسلامی بەو پێیەی ماوەی چواردە سەدەیەك مێژوویەكی دیارو كارای لەئاست مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبوە , بۆیە لە كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایشدا قسەیەكی زۆری لەسەر دەكرێـت , ئەم گرنگیەی مێژووی ئیسلامیش خۆی لە بوونی هێزی كارای گۆڕِاناكاری لە جیهانی مرۆڤایەتیدا دەبینێتەوە .Mezhw32

هەرچەندە هەریەك لەو كەسانەی باسی مێژووی ئیسلامی دەكەن بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بە ڕێبازی حەقبینی و ڕاست بێژی بۆ مێژووی ئیسلامی دەڕوانن كەچی بە شێوەیەكی گشتی دەبینین ڕێبازی سۆزداری یان پەرچە كرداری یان دژایەتی هەندی جاریش بەسەر نوسینەكانیاندا زاڵە .

ئەوەی گرفتەكەی قوڵ كردوەتەوە هەر یەكەیان دەڵێت : مێژووی ئیسلامی دەبێت وەك خۆی سەیر بكرێت بۆ ئەمەش لە منەوە وەری بگرە , وەك ئەوەی كەماڵی حەقیقەتی بۆ خۆی پچریبێت و بەدەر لە كارتێكەرە دەروونی و مرۆیەكان سەیری ئەو مێژوە بكات .

هەر ئەم منگەراییە وای كرد ڕێبازێكی نوێ‌ بێتە كایەوە كە ئەویش زیاتر لەوەی ئامانج گیر بێت ڕێبازێكی پەرچە كرداریە ئەم ڕێبازەش دەڵێت لە هەر لایەكەوە شتی وەربگرە ..هتد.

هەندێك پیان وایە تەناه كەسێك دەتوانێت قسە لەسەر مێژووی ئیسلامی – وەك خۆی – بكات كە هاوڕێبازی ئەو مێژووە بێت بەرامبەر بەمانەش تاقمێكی تر دەڵێن دەی هەر كەس هاوڕێبازی مێژووەكە بێـت لەسەر بنەمای سۆزداری بێ‌ سنور هەنگاو بۆ ئەو مێژووە دەنێـت, بۆیە دەبێت لەو بازنەیە بچێتـە دەرەوە .

كۆمەڵێ‌ لە موسوڵمانان بە بەڵگەی ئایەتی: ( ان جائكم فاسق بنبأ فتبینوا ) یان ئایەتی: ( قل یا ایها الكافرون ......لكم دینكم و لی دین ) پێان وایە تەنها مافی موسوڵمانە بڕیاری ڕاست لەسەر مێژووی ئیسلامی بدات .

ئەم هەموو تێڕوانین و دیدە تەنگەشەیەكیان هێناوەتە كایە كە ڕیگەی تێڕوانینیان بۆ مێژووی ئیسلامی سەخت و ئاڵۆز كردوە , تا ئاستێ‌ ڕەشبینیەك ڕووی كردوەتە هەموان و كەسانێك چاو داخستن لەو مێژووە بەباش دەزانن .

بەڵام گەر بروانیتە دەقەكانی قورئان و سونەت پاشان بڕوانیتە ڕاستی فەلسەفەی مێژوو و حەقیقەتی مرۆڤایەتی دەبینین ئەم ڕایە ناپەسەندە و دەبێت خۆمانی لێ‌ بەدوور بگرین .

شاعر دەڵێتـ :

ولا تأس فأن العجز عیب من الإنسان فی وقت الشباب

دەی كوا مرۆڤایەتی و ِرێرەوی زانستخوازی لە پەككەوتندایە ؟!!

وەك هەوڵێكی سەرەتای و پاش خوێندنەوەیەك بۆ مێژووی ئیسلامی و تێڕوانینە جۆربەجۆرەكان بۆ ئەو مێژووە,هەوڵدەدەین ڕێرەوێكی گشتی و تابكرێت نزیك لە ڕاستی بۆ تێروانینمان بۆ مێژووی ئیسلامی بخەینە روو بەڵكوو سەرەتایەك بێت بۆ هەوڵی باشتر و بەرفراوانتر لەو مەیدانەدا ..

بۆ ئەم كارەش بابەتەكە بەسەر چەند بەشێكدا دابەش دەكەین كە بریتین لە :

١. ئامانج لە تێروانین بۆ مێژووی ئیسلامی .Terwnen1

٢. سەرچاوەكانی وەرگرتنی مێژووی ئیسلامی .

٣. هەواداران و نەیارانی مێژووی ئیسلامی .

٤. تایبەتمەندیەكانی مێژووی ئیسلامی .

٥. چەمكە دیارەكانی مێژووی ئیسلامی .

٦. وێستگە ئاڵۆزەكانی مێژووی ئیسلامی ( ئەو ڕووداوانەی ئاڵۆزیان پێوە دیارە).

بەوهیوایەی توانرابێت كونجێكی كەمی ئەو مەیدانەی مێژووی ئیسلامی پڕبكاتەوە و كەمێك لەو تەنگەژەیە كەمبكاتەوە یان هیچ نەبێت ڕوون بكاتەوە .

بەشی یەكەم : ئامانج لە تێروانین بۆ مێژووی ئیسلامی :-

سەبارەت بە ئامانج لە تێروانین بۆ مێژوووی ئیسلامی ئەوەی باسی دەكەین لە دیدی پابەند بوون بە ئیسلامەوە دەیڵێن كەوا لەو نێوەندەدا خاڵە گشتیەكانی ئەو تێڕوانینە بۆ ناموسوڵمانەكانیش لە خۆ دەگرێـت , ئەوەشی پەیوەست بە ئیسلام نەبێت دەتوانێـت كۆمەڵێك لەو خاڵانە بگرتە خۆ.

أ. پێشەنگی كردن بە قورئان و سونەتەوە: ئەگەر تاكە سەرچاوەی ئیسلام قورئان و سوننەتی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بن , ئەو دوو سەرچاوە گرنگیەكی زۆریان بە تێڕوانین بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی و مێژووی یەكتاپەرستان بە تایبەتی داوە , دەبینیت لە قورئانی پیرۆزدا بەسەرهاتی پێغەمبەران و پیاوچاكان و كۆمەڵگە و سەربازان و...هتد, باسكراوەو و لە خودی ئەو خستنە ڕوەشدا ڕاستكردنەوەو لێكدانەوەی بۆ كراوە , هەروەك باسی فیرعەون و قاروون و بێ‌ باوەڕان و سەركەشان و لادەران لە ئاینی یەكخواپەرستی كراوە , كاتێ‌ بە سەرهاتی پێغەمبەر و یووسف و لقمان و زولقڕنین لە قورئانی پیرۆزدا دەخوێنینەوە دەزانیت ئەمە شێوە گەیاندنێكی پەیامی خوداییە بۆ مرۆڤەكان , بەڵام جیاوازی ئەمەیان لەوەدایە ئەم شێوازە لە مەیدانی گێڕانەوەی پێڕەوێكدا خۆی دەنوێنێت كە خوای گەورە پێوانی دەكات و ڕاست و هەڵەكانی یەكلا دەكاتەوە تا بەو ڕێككردنەوەی پێڕەوە نمونەیەكی جوان و تەواو بۆ گوێگر یان خوێنەر بخرێتە روو كە پێرەوی بكات .

بۆ نمونە لە ژیانی پێغەمبەر ئەیوبدا نموونەی جوانی و خۆ ڕاگری فێر دەبین , بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو چاكە و جوانیەدا ڕێككردنەوەی قورئانی پێمان دەڵَێت لەو پەڕِی سەختیدا بڕیاری زیاد لە پێویست نەدەن وەك ئەوەی ئەیوب بڕیاری دا بە چاكبونەوەی لە خێزانەكەی بدات , یان لەنمونەی ژیانی یونس شیكاری بۆ مەرجەكانی ژیانی بانگخواز دەكات , یەكێك لەو مەرجانە بەشێوەی ڕاستكردنەوەی قورئانی دەخرێتە ڕوو كە ئەویش بریتیە لەوەی لە بانگەواز بۆ خوادا دەبێت بڕیارو هەنگاو لەدەست خوادا بێت چونكە یونس بەبێ‌ مۆڵەتی خوایی ناوچەی كاری خۆی جێ‌ هێشت , بەڵام خوای گەورە ئەمەی بۆ ڕاست كردەوە .

ئەمە لە فەرمودەكانی پێغەمبەری خواشدا بەدی دەكرێت بۆ بەدواد چوونی ئەمە با خوێنەر بڕوانێتـە كتێبەكانی فەرموودەی وەك ( صحیح البخاری , صحیح مسلم , مسند الامام احمد , سنن الترمذی , سنن النسائی , سنن ابن ماجة ...) .

دەی ئەو كەسەی پەیوەستی قورئان و سونەتە ئەگەر هیچ بەهایەكی تێڕوانینی مێژوویشی نەبێت , دەبێت لێیەوە پێشەنگی بە قورئان و سونەتەوە بكات و بكەوێتە لێكدانەوەی مێژوویی وپەند لێوەرگرتنی , بەڵام بیری بێـت خاتر گرتن و چاوپۆشی كردن پێناوی دڵسۆزی نیە , بەڵكو پێناوێكی سۆزداریە , هەروەك ساختەو پێچدان بە ڕاستیەكان پێچەوانەی كرۆكی حەقیقەتە .

با پەرچەكرداری ساختەكاران ئێمەش تووشی سۆزداری شێوێنەر نەكات بەڵكوو وەك ئەو ڕێرەوەی قورئان و سونەت بۆی دیاری كردوین , هەنگاو بنێین.

ب . زانینی ئەزموونی موسوڵمانان لە پەیڕِەوی ژیاندا :

یەكێك لە مەرج و پێكهاتەكانی ژیارو گەشە پێدانی , بریتیە لە گەشەدان بە ئەزموونی پێشینان , گەورەترین هەڵەیەكیش كە تاكی پێشكەوتوو خواز توشی دەبێت ئەوەیە كە بیەوێت لە خاڵی سفرەوە لێ‌ بنەوێت و تەنها پشت بە خۆی ببەستێت و چاو لە ڕابردوو داپۆشێت وەك ئەوەی ئەو سەرەتایە و پێش ئەو لە هزرو كاریدا بوونی نەبێت , بەڵكو دەبێت ئەزموونی پێشینان وەربگیرێت تا لە هەنگاونانمان بەرەو پێشەوە خێراتر بچین , هەروەك ڕێبازی گەیاندنی خوایش بەهەمان شێوە بوە تا گەشتە پلەی كەماڵ , ئێمەش ئەو ڕێبازەمان پێویستە ...

گەر بڕوانینە پەیامی خودای بۆ مرۆڤەكان دەبینین لە یەكەم هەنگاوەوە بە كەماڵی نەهاتوە هەر هەنگاوێكی دواتریش پەیوەستی ڕابردووی پەیامەكە بوە , بونمونە كاتێك عیسا لە دوای موسا دێت ئەركی خۆی روون دەكاتەوە: ( أحل لكم بعض الذی حرم علیكم ) واتە :پێوانێكی خودای پێە تا بەو پێوانە بەراورد و جیاوازی نیوان واقع و ڕابردوو نیشان بدات وە دواتر بڕیاری هەنگاونانی پێشڕەوی بدات , بەهاتنی پیغەمبەریش ئەزمونی پێشینان ڕەت نەكرایەوە بەڵكوو پێوانی شەریعەتی ئاسمانی بۆ بەكار هات وەك لە چەندین شوێندا دەبینین پێغەمبیەر باسی ئەزموونی ڕابردووی پێغەمبەرێك یان پیاو چاكێك دەكات .

دەی موسوڵمان پێویستی بەوە دەبێت ئەزموونی پێشینەی هەڵگرانی پەیامەكەی بزانێت تا بزانێـت لە چیدا تێ‌ دەكەون و لە چیدا سەر دەكەون چونكە پێغەمبەر دەفەرموێت: (لا یلدغ المؤمن من جحر واحد مرتین )متفق علیه , كەواتە پێویستە ئومەتی ئیسلام دووجار نەگەزرێت.

كەسی بانگخواز بۆ پێشڕەوی كاری بانگەوازی دەبێت ژیانی هەڵگرانی یەكەمی پەیامی بانگەواز و ئامانج و ڕێڕەو ئەنجامیان بزانێت تا بەهۆیەوە هەنگاو بەرەو كەماڵ بنێت , كەسی موجاهدیش دەبێت ئەزموونی موجاهیدانی ناو هاوەڵان و دواتتر كەسانی وەك عمادەدینی زەنكی و سەلاحدینی ئەیوبی و محمەدی فاتح بزانێـت , كەسی زانستخواز پێویستە شارەزای ئەزموونی كەسانی وەك پێشەوا بوخاری و موسلیم و ئەحمەد و ئیبن تەیمیە و ئیبن حەزم و ئیبنوالقەیم و ....هتد بێت .

ئەم شارەزایە بۆ ئەوە نیە بیكەین بەسەرچاوەی پێرەوی كارمان چونكە تەنها قورئان و سوننەت سەرچاوەی پێڕەوی كارمانن , بەڵكوو تا ببێتە شانۆیەك بۆ نیشاندانی ڕاست و هەڵە و ئاستی هەوڵی هاو نیازان , ئیتر لەوێوە تاكی موسوڵمان لە پێڕەوی ژیانیدا هەنگاوی پێشڕەوی خۆی دەنێـت .

ئامانجێكی تری زانینی ئەو ئەزموونە ئەوەیە تا بیسەلمێنین مێژووی ئیسلامی لە پێشكەشكردنی ئەزموونی ژیانیدا نەكەوتوەو خاڵی باشی بەدەست هێناوە , هەم بۆ هاندانەوەی تاكی موسوڵمان و هەم بۆ دەم كوت كردنی ئەوانەی دەیانەوێـت بە پەردەی ساختەكاری و چەواشەكاری ٣٠% بەسەر ٧٠%دا زاڵ بكەن .

 

ج. وەرگرتنی پەندو ئامۆژگاری :Tangzha2

ئەمە ئامانجێكی بنەڕەتی تێڕوانینە بۆ مێژوو بە گشتی , بەتایبەت موسوڵمانان كە هەڵگری پەیامی خودایین و شەریعەتیان لەبەردەستدایە تا بە جێی بگەیەنن , دەبێت بزانین پێشینان چۆنن تا پەندوو ئامۆژگاریان لێ‌ وەربگرن , پەند لە ڕێرەوی ڕاست و هەنگاوی چەوتی موسوڵمانان لە مێژووی ئیسلامیدا وەربگرن , ئامۆژگاری سەر زرارو كرداری مەشخەڵانی ئومەتی ئیسلامی لە مێژوودا وەر بگرن .

خوای گەورە بۆ خستنە ڕووی پەندو ئامۆژگاری بۆ موسوڵمانان لە قورئانی پیرۆزدا نمونەی ژیان و كاری پێشینانی هێناوەتەوە , بەڵام دەبێت ئەو هەڵەیەی ئەمڕۆ موسوڵمانان تێ‌ كەوتون ڕاستی بكەنەوە , ئەویش ئەوەیە تەنها نمونە جوانەكان بە پەند و كەسە باڵاكان بە جێ‌ ئامۆژگاری وەر بگرن , لە ڕاستیدا ئەمە پەرچەكردارێكە بەرامبەر ستەمی ستەمكاران , پەرچە كردارێكی هەڵەشە , چونكە نە قورئان و نە سونەت و نە مێژوو نوسانی موسوڵمان ئەم پێناسەیان نەبوە , بەڵكوو كرۆكی پەندوو ئامۆژگاری ئەوەیە كەسێك فێر بكەیت چۆن بەڕێگەی ڕاستدا بڕوات و لە ڕێگە لا نەدات , ئیتر ئایا نمونە و سەرەنجامی كەسێكی بۆ دێنیتەوە كە بەو رێگە راستەدا رۆیشتوە تا ببێت بە سەرمەشقێك بۆی وەك خوا دەفەرموێت: ( لقد كان لكم فی رسول الله اسوة حسنة ) یان نمونەو سەرئەنجامی كەسێكی بۆ دێنێت كە لە ریچگەكە لایداوە , وە چی بەسەر هاتوە تا خۆی لێ‌ بەدوور بگرێت وەك نمونەی فیرعەون و برادەرەكانی بە درێژای مێژووی مرۆڤایەتی یان ئەم نمونەی سێیەم كە مێژووی ئیسلامی زیاتر خۆی لەمەدا دەبینێتەوە , كەسانێك ڕیی ڕاست دەگرنە بەر بەڵام لە نێوەندا كارتێكەرەكان ڕیی لێ‌ تێك دەدەن , دەبێت موسوڵمان لێرەدا پەندوو ئامۆژگاری هەنگاوە چاك و هەڵەكانیشی وەربگرێت , ئەوەی بە پێوانی حەقیقەت بوو با بیكاتە مەشخەڵ , ئەوەش بە ڕێرەوی هەڵە دا چوو با ئەم ڕاستی بكاتەوە .

پەندوو ئامۆژگاری تەناها بۆ كەسی تاك نیە , بەڵكوو ئەوە دەوڵەت و سەركردەو كەسان و جەماوەرو هەموویانن كە دەبێت پەندوو ئامۆژگاری وەربگرن , نەوەك لە بازنەی هەوڵو تاكەكەسیەكاندا بەرتەسك بكرێتەوە , ئەمەش هەڵەیەكەو نیشانەكانی لە دەركەوتندان , ڕوانینی گشتی ئوممەی لە بیر بكرێت و هەوڵە شەخسیەكان گرنگیان پێ‌ بدرێت , ئایا هۆكاری لاوازی گورو تینە یان وەهن و ترسی مەرگ بێـت یان ئەوە بە باشتر بزانرێت .

د. وەستان لە ڕووی ساختەكاری و سۆزداریدا :

یەكێكی تر لە ئەنجامەكانی تێڕوانین بۆ مێژووی ئیسلامی دەرباز بوونە لەو تەنگەژەیەی كە هەر دوو لایەنی ساختەكاری و سۆز داری ڕۆڵی تیدا دەبینن , ئەم دوو پەیامە دوو دەستەی دوژمن بە یەكتر هەڵیان گرتوە , دەستەی دوژمنانی ئیسلام و موسوڵمانان پەیامی ساختەكاری و تەزویر لە مێژووی ئیسلامیان هەڵگرتوە , دەستەی موسوڵمانانێكی كەم توانا و هەڵەشەش پەیامی سۆزداریان پێیە و وەك پەرچە كردارێك بۆ ساختەكاران ئەمانیش دەكەونە هەڵەوە.

بەكورتی ساختەكاران ئامانجییان شێواندنی مێژووی ئیسلامیە و بۆ ئەمەش ئەم هەنگاوانە دەنێن :

١.هەمیشە هەوڵدەدەن مێژووی ئیسلامی لە لایەنە ڕۆحیەكەی دابڕ بكەن و بە مێژوویەكی خوێن ڕێژی و ڕەها لەسەر نیازی دەستەڵاتداری نیشانی بدەن , ئەمانە ئەو دەستەن كە هەر بڕوایان بە پەیامی ئیسلام نیە لەنمونەی ڕۆژهەلاتناسانی وەك :(كارل برۆكمان و توینبی) و ...هتد , یان دەستە گومراو لادەرەكانی ناو موسوڵمانان و ئەو مێژوە بە هەڵە دەزانن دەیانەوێـت هیچ نرخێكی ئاینی بۆ نەهێڵنەوە , لە مەدا زیاتر شیعە توندرەوەكان ڕۆڵیان بینیوە .

٢. لە پاڵ دەیان ڕووداوی ڕاستیدا چەند ناراستەیەك تۆمار دەكەن .

٣.گومان لەسەر سەرچاوەكانی مێژووی ئیسلامی دروست دەكەن , ئەڵبەتە ئەوەی لەگەڵ هزریان ناگونجێت .

٤.پەردە پۆشی لایەنی ژیاری و زانستی و ..هتدی ئەو مێژووە بكەن و تەنها مێژووی شمشێر نیشان بدەن , ئەویش لە جیاتی نیشاندانی شمشێری حەق و جیهاددا شمشێری ستەم و داگیر كاری بە پێناس دەزانن .

لە وەڵامدانەوەی ئەمەدا هەوڵی پەرچەكرداری و سۆزداری لای هەندێك موسوڵمان درروست دەبێت كە هەموو مێژووی ئیسلامی بە دیدێكی تر تەماشا دەكەن و هەوڵەكانیان لەم خاڵانەدا چر دەبنەوە :

أ. بە پیرۆز سەیركردنی مێژووی ئیسلامی .

ب. چاوپۆشی لە هەڵە و كەم و كورتیەكانی ئەو مێژووە , بەهەر بیانویەك بێت .

ج. لە هەمووی سەختر مێژووی ئیسلامی بە یەكپارچە دەبەنە قاڵبی بیروو باوەڕو فتوای ئایینداری و بێ‌ باوەڕِی لە سەر دەدەن ..

چارەسەر :

دەبێت بۆ ڕیگری لە ساختەكاران هەوڵ بدەین هەم پارێزگاری بە ڕاستیەكانی مێژووی ئیسلامیەوە بكەین كە لە ژێر بنەمای زانستیدا ڕاستكراونەتەوە , هەموو ساختەكانیان ئاشكرا بكەین ,بەڵاًم لەم كارەدا هەڵەشەین و سۆزداری هەڵەیە, بۆ ڕاستكردنەوەی كاری سۆزدارانیش دەبێت ئەوەیان تێ‌ بگەیەنین كە :

١. مێژووی ئیسلامی مێژوویەكی پیرۆز نیە و پیرۆزی بۆ ئاینەكەیە , بەڵام مێژووی شكۆداری و پێشڕەویە , لەگەڵا ئەوەشدا هەڵەو كەمو كورتی هەڵدەگرێت , چونكە پەیڕەوكارەكانی مرۆڤن .

٢. قورئانی پیرۆز نەپێكان و چەوتی پێغەمبەرانی تۆمار كردوە , ئەی چۆن مێژووی شوێنكەوتوەكانیان نابێـت هەڵەكانیان نیشانە بدرێت !؟ جا ئامانجێكی تێڕوانین بۆ مێژووی ئیسلامی ڕاستكردنەوەی ئەم باری تەنگەژەی نیوان ساختەكاری و سۆزداریە .

ه. تەواوكردنی ڕێرەوی مێژوونوسان :

ئەگەر ئەمرۆ ئێمە قسە لەسەر مێژووی ئیسلامی دەكەین , دەبێت بیرمان نەچێت ئەم كارەمان لەسەر بنەمای هەوڵی دڵسۆزان و زانایانێكی پێش خۆمان بوە كە نرخ و بەهای مێژوویان زانیوە و ڕێی ڕاستی ئەو مێژووەیان تۆمار كردوە , بەتایبەت مێژووی ئیسلامی لەهەر مێژوویەكی تر ورد تر و دروستتر تۆمار كراوە , ناوی كەسەكان و گێرەوەكان و ئاكارو ژیان و ئاستی متمانەو ڕاستگۆیی و زانستیان تۆمار كراوە , تا ئەوەی كەسێكی وەك پێشەوا زەهەبی كتێبێكی وەك ( سیر اعلام النبلاءْ ) لەسەر كەسایەتیەكان دەنوسێت و چەندین نمونەی تریش لەو بارەیەوە هەن .

ئەگەر پێشەوایان( تەبەری و ئیبن خیات و ئیبن كسیر و...هتد) تۆماری ڕوداوەكانیان بۆ كردوین كەسانی وەك ئین خلدونیش قسەیان لەسەر كردوە ,نوسینەوەیەكی تریان بۆ ئەو مێژووە كردوە , دەی ئەم كاروانی لێكۆڵینەوە هێشتا ماویەتی تا بگاتە كۆتا , ئەم ئەركەش لەسەر شانی نەوەی نویی ئومەتی ئیسلامی بەتایبەت و هەر تاكێكی مرۆڤایەتی بەگشتیە , چونكە مێژوو نوسانی ڕابردوو ئەركی خۆیانیان بە جوانترین شێوە بە جێگەیاندوە , ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە ڕێككردن و سەروبنكردن و پوخت كردنەوەی بەرهەمەكانی ئەوانە لە لایەك , لەلایەكی تریشەوە بە ئەمانەت و لەژێر بنەمای زانستیدا بكەوینە تۆماری مێژووی هاوچەرخ , ئەگەر نا لە دونیا دادگای مرۆڤایەتی و لە دواڕۆژیشدا دادگای خوای ئەو تاوانەمان لێ‌ قبوڵ ناكەن , ئەمەش پێویستی بە پاڵنەرێكی بەهێزی وا هەیە كە وات لێ‌ بكات بەهایەكی باڵاتر لە گیان بەدیبكەیت تا ئامادە بیت بەرەو سەروو تر هەنگاو بنێت .

و. شایەتیدان :

شایەتیدان لەسەر كەسێك كە شیاوی شایەتیدان بێت واجبە و خۆ لێ‌ بەدوورگرتنی لادانە لە فەرمانی خوای گەورە , وەك خوا دەفەرموێت: ( ولا تكتموا الشهادة ومن یكتمها فأنه آثم قلبه ) البقرة , دەی مێژووی ئیسلامی لە هەر بوارێكدا پێویستی بە شایەتیدانە , بەڵام شایەیتدانێك لەسەر بنەمای شەریعەت وەستا بێـت: ( ان تضل احداهما فتذكر احداهما الاخری ) واتە لەسەر بنەمای سۆزداری نەوەستابێت وە شایەتی حەق بدات: ( ولا یجرمنكم شنئان قوم الا تعدلوا ) بەو پێیە نابێت نە سۆزداری بۆ برایانی موسوڵمان و نە ئارەزووی هەڵخەڵتاندن بە دوژمنانی مێژووی ئیسلامی وامان لێ‌ بكات ساختەو ناراستی لە شایەتیداندا بە كار بهێنین .

پێویستە كەسانێك هەبن بە بەڵگەی دروستەوە كە لە سەرچاوەكانەوەو لە ژێر بنەمای زانستیدا شایەتی بۆ لایەنی ژیارو و سیاسی و زانستخوازی و سەربازی ... ئەم ئومەتە بدەن , كەمبونەوەی شایەتانی ناو ئومەتی ئیسلامی لەسەدەكانی دوای مێژووی ئیسلامیدا ڕێی بۆ ناحەزانی ئیسلام و موسڵمانان خۆشكرد تا ببنە شایەت و بە پێی پێكهاتەی دەرونی و تێڕوانینیان بۆ ئەو مێژووە شایەتی بدەن ئیتر لە بەرەی بەرامبەریشیاندا شایەتانێك نەبن كە بە بەڵگەوە بارەكە ڕاست بكەنەوە كەواتە ١.شایەتی دان واجبە ٢. دەبێت بە حەق بێت ٣.شایەتی نەدان بە زیانی ئومەتی ئیسلامی دەشكێتەوە .

ی. تێگەشتن لە ڕەوتی ئەمڕۆ:

وتەیەكی جوانی زانایان هەیە كە دەڵێت: ( من لا یعی التاریخ لا یعی المستقبل ) دەی ئەگەر كەسێك نەتوانێ‌ لە داهاتووی تێ‌ بگات كە خۆی لەناو ئەو شریتەدا نیە ئەی چۆن لە ئەمڕۆی تێدەگات كە خۆی تیدا دەژی و ناتوانێت لەسەرەوە بۆی بڕوانێت بێگومان بۆ تێگەشتن لە ئەمڕۆ دەبێت لە دەورو سەرچاوەو ڕێرەوی پێشتری ئەمرۆ ئاگادار بیت , هەموو ئەو باسكردنە پێشینانەش كە خۆی گەورە لە قورئان و پێغەمبەر لە فەرموودەدا باسیان كردوە , بە مەبەستی پەند لێ‌ وەرگرتن بوون بۆ ڕەوشی ئەو كاتی موسوڵمانان لە هەر قۆناغێكدا بن.

ئەمڕۆ باری موسوڵمانان لە پشێوی و بارگرژیەكی سەختدایە و مەردی مەیدانی دەوێت بە ڕاستی هەنگاو بنێت , بۆ ئەمەش دەبێت لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵگەی ئیسلامی وەربگرێت و بزانیت لەم رۆدا ئەو بارانە چۆنن , ئەوجا بزانیت قورئان و سونەت چۆن رێنمایی بە موسوڵمانان دەدەن بۆ ئەو ڕێگانە , دواتر بڕوانینە مێژووی پێشترو بزانین

چۆن ئەو لایەنانەیان بە جێ گەیاندوە , لە چیدا سەركەوتوو بوون و ئەنجامەكەی چی بوو, واتە لە سێ‌ خاڵی ئەو سەردەمە بكۆڵینەوە : ئامانج لە هەنگاو نانەكە , پیڕەوی هەنگاو نانەكە , ئەنجامی هەنگاو نانەكە , لێرەوە لە ڕەوشی باری ئەمرۆ تێ‌ دەگەین .

بۆ نمونە ئەمڕۆی باری كۆمەڵگەی ئیسلامی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە :

• ژێر دەستەی و بێ‌ دەستەڵاتی .

• شاڵاوی خاچپەرستی و سەهیۆنی و روًَژئاوای .

• دواكەوتەی زانستی و لاوازی ڕۆحیەتی ئاینی .

• پەرشوو بڵاوی و نەبونی یەكڕیزی و یەك دەنگی و....هتد.

دەی لە قۆناغەكانی مێژووی ئیسلامیدا ئەم گرفتانە هاتونەتە ڕێ‌ و چارەسەریش كراوە جا چۆنێتی چارەسەرەكەو تێگەشتن لەبارەكە ئەوەی دەوێت لەبازنەی سنورداری ئەمڕۆ بچیتە دەرەوە و بە چاوێكی فراوانتر بروانیت , چونكە بەراستی گەر كەسێك شارەزای شاڵاوەكانی پێشووی خاچپەرستان نەبێت جەنگی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوا تێ‌ ناگات , كەسێك شارەزای ململانێ‌ دێرینی شیعەو ئەهلی سوننە نەبێت بڕیاری خێراو ناپەسەند دەدات , كەسێك نەزانێت شاڵاوی مەغۆل چۆن هات و چۆن چارەسەر كرا , چارەسەر هەڵە بۆ ڕەوشی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی ئیسلامی دادەنێت , كەسێكیش ڕۆڵ و توانای زانست و شێوەی وەرگرتنی لە مێژوودا نەزانێت وە بیەوێت لە خاڵی سفرەوە دەست پێ‌ بكات دەبێت خۆی لە بێ‌ ئاگای ژیان ڕزگار بكات , ئەمە ِرێرەوی ژیانەوكەس بەتەنها بەبێ‌ ڕابردوو ناتوانێت بگاتە كەماڵ ( انما بعثت لأتمم مكارم الاخلاق ) ( احل لكم بعض الذی حرم علیكم ) ( خاتم الانبیاء ) و چەندین بەڵگەی تریش كە دەیسەلمێنن بۆ تێگەشتن لە ئەمڕۆ پێویستە لە رابردوو تێ‌ بگەیت چونكە هەر دووكیان پەیوەستی یەكترن.

لێدوان زیادکە


بابەتە پەیوەندیدارەکان

هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics