هەینی، ٢٨ سەفەر، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

سیستمی كارگێڕی لە سەردەمی پێغەمبەردا(صلی الله علیه وسلم)

Edara Raswl

ئەو بنەما كارگێڕیانەی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم داینان بریتی بوون لە بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی چاك و باڵای ڕێكخراو لە حكومەت و كاروباری كارگێڕیدا، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم هەوڵیدا لە ڕۆژانی ناو مەككەدا ئەوە بكات، بەڵام قوڕەیش ڕێیان لێگرت و بە خراپی لەگەڵا خۆی و هاوەڵانیدا جووڵانەوەو ناچاریان كرد فەرمانبە هاوەڵانی بكات كۆچ بكەن، دواتر خۆیشی كۆچی كرد بۆ مەدینە، لەوێ‌ بینی بارودۆخی لەبارە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی خاوەن سیستم و یاساو ڕێنمایی كە ڕەچاوكەرو پارێزەری ئایینی نوێ‌ بێت، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم لە مەدینەدا دەسەڵاتی ڕۆحی و مەدەنیشی هەبوو، دوای فەتحی مەككە و بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە دەرەوەی مەدینەو زیادبوونی سنووری دەوڵەتی نوێ‌ بۆ چەند شوێنێكی تر كە هەرێم و یەكەو ویلایەتە ئیسلامیەكان دروست بوون باری كارگێڕی وای دەخواست والی و ئەمیرو كاربەدەست بۆ ئەو ناوچانە دابنرێن.

پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم دوای سەقامگیربوونی باری لە مەدینە كاروباری كارگێڕی و دیوانی حكومەتەكەی ڕێكخست و مزگەوتی كرد بە مەڵبەندی حكومەتەكەی، تیایدا پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم دادەنیشت و پێشوازی دەكرد لە خەڵك و وەفدەكان و بڕیاری بۆ دەدان و لە ئایینی خوا تێیدەگەیاندن، شوێنی نیشتەجێ‌ بوونیشی لە چەند ژورێكی تایبەتی لای مزگەوتەكەدا بوو، پەردەداریشی هەبوو. پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم دەستی كرد بە ڕێكخستنی كارگێڕی و كاربەدەستی لە ویلایەت و شارو هۆزە جیاجیاكاندا دانا تا خەڵكی فێری حوكمەكانی قورئان و شارەزابوون لە ئایین و نوێژكردن و كۆكردنەوەی زەكات بكەت تا ئەو زەكاتە بدەن بە كەسانی نەدارو شیاوی ناو خەڵك. هەروەها تا لەناو خەڵكدا دادوەری بكەن. عیتابی كوڕی ئوسەیدی بە والی لە مەككە دانا دوای ئەوەی لە ساڵی هەشتی كۆچیدا مەككەی فەتح كرد. ئەوكات عتاب تەمەنی بیست ساڵا نەدەبوو، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم مووچەیەكی (30)درهەمی مانگانەی بۆ بڕیەوە. ئەوە یەكەم مووچە بوو دانرا بۆ والی و كاربەدەستان، هەروەك حارسی كوڕی نەوفەلی هاشمی بۆ هەندێ‌ ناوچەو كاری مەككە ڕاسپارد. لەدوای غەزالی حونەینیش ئەبوبەكری دانا. پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم چەند سەركردەیەكی هەبوون كە كاتێ‌ خۆی لە مەدینە دەچوویە دەر دەیكردن بە بەرپرسی مەدینە، لەوانە سائیبی كوڕی عوسمان كە كاتێ‌ پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم لە ساڵی دووەمی كۆچیدا چوو بۆ غەزای (بواط) ئەوی لەسەر مەدینە دانا، كاتێ‌ چوو بۆ غەزای وەددان سەعدی كوڕی عبادەی دانا. كاتێ‌ چوو بۆ غەزای تەبووك عەلی كوڕی ئەبوتالیبی دانا.

بازانی فارسی سەركردەی یەمەن بوو كە لە سەردەمی نەفامیدا پاشای یەمەن بوو. كاتێ‌ پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم نامەی بۆ نووسی بازان موسڵمان بوو، پێغەمبەریش صلى الله علیه وسلم لە پۆستی ئەمیری یەمەن هێشتیەوە تا كۆچی دوایی كرد لەدوای حەجی ماڵئاوایی، دواتر پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم سەركردەی تری نارد وەك ئەبو موسای ئەشعەری بۆ زوبەیدو عەدەن. خالیدی كوڕی وەلید بۆ سەنعا، مغافری كوڕی ئەبی ئومەییە بۆ كندە. زیادی كوڕی لوبەید بۆ حەزرەمەوت، ئەبوسوفیان بۆ نەجران.

پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم بۆ شارەكان والی دادەنا، سەعدی كوڕی عەبدوڵای كوڕی ڕەبیعی كرد بە والی تائیف، عەلائی كوڕی حەزرەمی بۆ بەحرەین دانا، عومەری كوڕی حەزمی ئەنساری بە والی نەجران دانا، مونزیری كوڕی ساوەی بە والی وادیلقورا دانا، سوادی كوڕی غەزیەی بە والی خەیبەر دانا، لەو سەركردەی هۆزانەی كە پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم داینان عەمری كوڕی سوبەیعی تغلبی بوو كە عەلی كوڕی تغلب و غەتفانی دانا، بۆ هۆزی جدیلە حارسی كوڕی بیلالی مازنی دانا، بۆ تەمیم سەعیدی كوڕی خفافی تەمیمی دانا، ئمرئولقەیس كوڕی ئەسبغی كەلبی بۆ هۆزی كەلب دانا، بۆتەی عەدی كوڕی حاتەمی تائی دانا.

پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم لە دیاریكردنی والی و كاربەدەستاندا پشتی بەو هاوەڵانەی دەبەست كە بەتەقواو دادپەروەری و ژیان پاكی و زانست و چاكەكاری ناسرابوون، بۆ هەر ئەمیرێ‌ وەسیەتی كاری چاكەی دەكرد تا بەجوانی ئەنجامی بدەن، نامەیەكی بۆ دەنووسی و دەیدایە دەستی، لە لایەكی ترەوە پەیماننامەی نێوان خۆی و ئەهلی زیممەی بەرزڕادەگرت لە ڕوانگەی ڕاوێژ پێكردنیان بۆ دانانی كاربەدەست لەسەریان ئەوەبوو لەگەڵا جوولەكەی خەڵكی مقنا كە نزیكی ئیلە بوو وای فەرموو (ئەمیر لەسەرتان هەر لە خۆتانە) ئەمەش ئاماژەیە بە گیانی لێبوردەیی و دادپەروەری لە سیستمی كارگێڕی سەردەمی پێغەمبەردا صلى الله علیه وسلم كە لە لایەكەوە والی لە هاوەڵانی هەڵدەبژاردو وەسیەتی بۆ دەكردن لەگەڵا خەڵك باش بن، لەلایەكی تریشەوە بۆ هەڵبژاردنی والی ڕاوێژی دەكرد بە هاوڵاتیان.

 

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics