٤ جەمادی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

ئومەوییەكان لە سەردەمی پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم)

زۆربەی ئومەوییەكان لە پێش فەتحی مەككەدا, بە سەركردایەتی (ئەبوسوفیانی كوڕی حەرب) لە بەرەی دژ بەپێغەمبەردا(د.خ) بوون و سەركردایەتی قورەیش و هەموو هاوپەیمانەكانیان لە جەنگەكاندا لە دەستدا بوو ,1 لە شەڕی ئوحوددا ئەبوسوفیان سەركردایەتی سێ‌ هەزار جەنگاوەری قوڕەیشی وحەبەشی وعەرەبی كینانە وتوهامەی كرد و لە مەككە چوونە دەرێ‌ بۆ جەنگان دژ بە پێغەمبەری خوا(د.خ) و موسڵمانان .2

هەروەها لە شەڕی خەندەقیش دا ئەبوسوفیان سەركردایەتی بێباوەڕانی ئەكرد دژی پێغەمبەر(د.خ) كە ژمارەیان نزیكەی دە هەزار جەنگاوەر ئەبوو بەرژەوەندی هاوبەش كۆی كردبوونەوە ,3 مامەڵەی ئومەوییەكانیش لەگەڵ بانگەوازی تازەدا هەمان مامەڵەی كەسانی دی ناوقوڕەیش بوو لەوانە (بنی مخزوم وبنی هاشم ...),

لە هەمانكاتدا لەگەڵ دژایەتی ژمارەیەكی زۆری0mawe  1 ئومەوییەكان بۆ بانگەوازی تازە, هەندێك لە ئومەوییەكان لە سەرەتای ئیسلام و لەقوناغی نهێنی وپێش فەتحی مەككەدا موسڵمان بوون لەوانە (عوسمانی كوڕی عەفان وخالیدی وعەمرو ئیبانی كوڕی سەعید), خالید و ئیبان هەردووكیان نوسەرەوەی سروش بوون.

بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەم كەسە ئومەوییانە لە سەرەتاوە موسڵمان بوون و قوربانیان داوە و كۆچیان كردووە بۆ حەبەشە, لە فەتحی مەككەشدا هەموو ئومەوییەكان موسڵمان بوون وپێغەمبەری خواش پێشوازی لێكردن و بە موسڵمان بوونیان خۆشحاڵ بوو, چونكە ڕیز وپلەوپایەی ئومەوییەكانی دەزانی و لە دەوڵەتەكەیدا شوێنی بۆ كردنەوە تاسود لە هەوڵ و توانایان وەربگرێت 4, پێغەمبەر(د.خ) تایبەتمەندییەكی بە ئەبوسوفیان بەخشی كە بە هیچ كەسێكی ناومەككەی نەبەخشیوە, پێگەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی گەورەی پێدا*, ئەمەش گەورەییەكی زۆربوو بۆ ئەبوسوفیان.

پێغەمبەر(د.خ) ئەبوسوفیانی لەسەر (نەجران ) دانا وەك وەڵامدانەوەی داوایەكی ئەبوسوفیان 5, لە هەمانكاتدا ئەبو سوفیان لە جەنگی حونەین وئابڵۆقەی گائیف دا لەگەڵ پێغەمبەردا بەشداربووە 6, هەروەها معاوییەی كوڕیشی كرد بەنوسەری سروش, ئەم كارەش پێویستی بە كەسێكی خوێندەوار وجێگای باوەڕ هەبووە7 , پێغەمبەر(د.خ) ئەو تایبەتمەندیانەی لە كەسێتی معاوییەدا بینیوەتەوە, بۆیە ئەو كارە گرنگ وئەركە ئاینیەی پێ سپاردووە, واتەمعاوییە چ پێش موسڵمان بوونی و چ پاش موسڵمان بوونی پێگەیەكی سیاسی وكۆمەڵایەتی ودواتر ئاینی بەرزی هەبووە8 , دوای فەتحی مەككەش یەكەم والی مەككە كە بەڕێزترین شارە كەسێكی ئومەوی بوو, ئەویش عیتابی كوڕی ئوسەیدی كوڕی ئەبولعەیسی كوڕی ئومەییە بوو.

هەروەها پێغەمبەر(د.خ) عەمری كوڕی سەعیدی لەسەر گوندەكانی خەیبەر و وادیلقورا و تیماو تەبول دانا و حەكەمی كوڕی سەعیدی لەسەر بازاڕی مەككە و خالیدی كوڕی سەعید لەسەر سەنعاْ و ئیبانی كوڕی موڕی سەعیدی لەسەر بەحرەین دانا, هەروەك ئیبانی وخالیدی كوڕی سەعیدی كوڕی عاص لەگەل معاوییەی كوڕی ئەبوسوفیان وعوسمانی كوڕی عەففانیشدا نوسەری بەردەوامی پێغەمبەر بوون .9

هەروەها عوسمانی كوڕی عەففانی كوڕی عاص, یەكێك بووە لە ئومەوییەكان وخاوەن ڕەوشتێكی بەرزوباڵا بوو ,10 پێغەمبەری خوا(د.خ) دووكچی لێ مارەكردووە, ئەوانیش (ڕوقیە وئوم كلپوم) بوون لە دوای مردنی ڕوقیە, ئوم كلپومی كچی پێداوە, بۆیە عوسمان بە خاوەنی دوو نور و پرشنگ ناسراوەو دەورێكی سەرەكی هەبووە لە سەرخستنی ئیسلامدا وسێ‌ یەم خەلیفەی باوەڕداران بووە .11

بۆیە دەبینین كاتێك پێغەمبەری(د.خ) كۆچی دوای كرد زۆربەی پیاوانی ئومەوی كارە جیاجیاكانی والیەتی و نوسەری وگرتنە دەستی كاروباری داراییان لە دەستدابوو, هیچ هۆزێكی ناوقوڕیش نابینین هێندەی ئومەوییەكان لەلایەن پێغەمبەرەوە كاریان پێ‌ سپێررابێت.

پەراوێزەكان

[1] -عبدالشافى محمد اللطيف :العالم الاسلامى فى العصر الاْموى, دارالسلام للطباعة, الطبعة الاْولى, (القاهرة:2008), ص22.

2-محمد سوهیل طقوش : س.پ, لا55.

[3] -محمود شاكر : التاْريخ الاْسلامى, الطبعةالسابعة, المكتب الاْسلامى, (بيروت:2000), ص60.

[4] -د.على محمد الصلابى : معاوية بن أبى سفيان, ص15-19.

*-پێغەمبەر(د.خ) فەرمووی (هەركەسێ‌ بچێتە ماڵی ئەبوسوفیان پارێزرا وپەنادراوە)

5-عەلی باپیر: پوختەی ژیاننامەی پیغەمبەری خوا, نوسینگەی تەفسیر, هەولێر, 2010, لا657-659.
6- ئیبن ئەسیر: تەواوی مێژوو, و/زاهیر محمدڕشید, ب3, سلێمانی, 2008, لا1070.
7- محمد قبانی : الدولە الاْمویە, الطبعە الاْولی , (دمشق:2006), ص13.
8- شوان عوسمان  مستەفا: س.پ, لا186-187.
9- عبدالشافی محمد عبدالطیف: م.س, ص23.
10-عمروخالید: خەلیفەكانی ڕاشیدین, و/میران فەرهاد, چ2, چاپەمەنی پەیڤ, 2007و لا123-127.

11- ئیبن ئەسیر: س.پ, ب4, لا1611.

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics