٢٩ سەفەر، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

ڕۆڵی عیمادەدین و نورەدین زەنگی لە شەڕی خاچیەكاندا

بە دەركەوتنی عیمادەدین زەنگی دەسەڵاتداری موسڵ، كە ئەتابەگی تورك بوو، سەردەمێكی نوێ‌ دەست پێدەكات‌و تیایدا موسڵمانەكان سەردەكەون بەسەر خاچیەكاندا، عیمادەدین حوكمڕانی ناوچەیەكی دەكرد، كە لە حەلەب‌و حەران‌و موسڵ پێكهاتبوو، لە ناوچەی موسڵ دەوڵەتی زەنگی دامەزراند، لە ساڵی (539 ك/ 1144ز) عیمادەدین شاری ڕەهای ڕزگاركرد (1)لە دەست خاچیەكان، پاش ئەوەی كە حومص‌و حەما‌و حەلەب، گەڵێك ناوچەی دیكەی شامی ڕزگاركرد ، بە ڕزگاركردنی ڕەها، عیمادەددین فەرمانی دەركرد بە كۆتایی هێنان بە كوشتن‌و بڕین‌و داوای لە سەربازەكانی كرد، هەرچی سامان‌و ماڵی دانیشتوانی شارەكە هەیە بیگێڕنەوە بۆ خاوەنەكانیان‌و هەموو بەندەكانی ئازادكرد، هەروەها بە مەسیحیەكانی ڕاگەیاند كە عیمادەدین زەنگی هاتووە بۆ ڕزگاركردنیان لە دەست فەرەنجەكان، نەك بۆ داگیركردنیان‌و تاڵانی‌و كوشتن‌و بڕین.3emadaden

ئەم هەڵوێستەی عیمادەدین وایكرد، كە سورییەكان یارمەتی بدەن لە گرتنی ڕەهادا، شكاندنی خاچیەكان لە ڕەها بووە هۆی ڕوودانی هێرشی دووەمی خاچیەكان بە سەركردایەتی ئیمپراتۆریەتی فەرەنج‌و ئەڵمان‌و ئینگلیز، ئەم هێرشە لە سوارەی فەرەنج‌و ئەڵمان‌و ئینگلیز پێكهاتبوو، ئەم لەشكرە گەورەیە، گەمارۆی دیمەشقیدا، بەڵام بێ‌ سوود بوو و هیچ ئەنجامێكی بە دەست نەهێنا، دوای عیمادەدین زەنگی، نورەدین مەحمودی كوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست‌و شاری حەلەبی كردە پایتەختی خۆی، لە ساڵی (549 ك/ 1154 ز) نورەدین مەحمود پاشا شاری دیمەشقی بەبێ‌ شەڕ ڕزگاركرد، بە ڕزگاركردنی دیمەشق هیچ كۆسپێك نەما لە نێوان ناوچەی زەنگیەكان‌و قودسدا(2) .

ڕۆڵی نورەدین‌و سیاسەتی لە دژی خاچیەكان

نورەدین مەحمود دوای كوژرانی باوكی، لەگەڵ (سەیفەدین غازی) برایدا دەوڵەتی ئەتابكی زەنگیان دابەشكرد، ئەوەبوو نوردەین حەلەبی بەركەوت‌و سەیفەدینیش موسڵ، بارودۆخی نورەدین باش نەبوو لە حەلەب چونكە نزیك بوو لە میرنشینە خاچیەكانی (ئەنتاكیا، تەرابلس)، جگە لە قەڵا‌و پێگەكانی تری خاچیەكان كە لەو ناوەدا دامەزرا بوون، بەمەش شاری حەلەب هەردەم ئامانجێك بوو لە هێرشی خاچیەكان، بۆیە بۆ وەستان لە دژی خاچیەكان نوردەین پێگەكانی خۆی بەهێزكرد، بۆ ئەم مەبەستەش چەند هەنگاوێكی سیاسی‌و دبلۆماسی‌و سەربازی نا، بۆ سەركەوتنی ئەم ئامانجەی چەند میرێك هاوكاریان كرد لەوانە (ئەسەدەدین شێركۆ)‌و (نەجمەدین ئەیوبی) برای كە دەكاتە باوكی (سەلاحەددین ئەیوبی)، سیاسەتی نورەدین سێ‌ شێوازی سەرەكی وەرگرت كە بریتی بوون لە:

1. بەرپەرچ دانەوەی خاچیەكان.

2. بە هێزكردنی بەرەی ڕووبەڕووبوونەوە.

3. هێرشی كاتی(3) .

ئەم سێ‌ سیاسەتەش هەر یەكە تێكەڵ‌و تەواوكەری ئەوەی تریانە، بۆیە لە سەرەتای فەرمانڕەوایدا بەرپەرچی هێرشی میری شاری ڕەهای دایەوە‌و دووبارە شارەكەی گرتەوە، دوای ماوەیەكی كەم بەرپەرچی هێرشی میری تەرابلسی دایەوە‌و لە ناوچەكە دەری كردن، هاوكات ئەسەددین شێركۆ توانی هێرشیان بكاتەسەر‌و زۆر بە خراپی بیانشكێنی‌و تاڵانەكەشیان لێ‌ بسێنێتەوە‌و ژمارەیەكی زۆریشی لێ‌ كوشتن(4) .

هاوكات هەڵمەتی دووەمی خاچیەكان بە فەرماندەی "كۆنراوی سێهەم" ئیمپراتۆری ئەڵمانیا‌و لویسی حەوتەم پاشای فەڕەنسا بۆسەر وڵاتی شام دەستی پێكرد‌و بە لە شكرێكی (50) هەزاری گەمارۆی دیمەشقیان دا، سەركردەی سەربازی دیمەشق كە ناوی (ئانر) بوو داوای یارمەتی لە نوردەین‌و سیفەدین كرد، ئەوانیش وەڵامی داواكاریەكەیان دایەوە‌و بەڵێنی هاوكاری كردنیان پێدا خاچیەكان كە زانیان دوچاری شەڕ دەبن لەگەڵ نوردەین‌و سیفەدین كشانەوە‌و وازیان لە دیمەشق هێنا، بەمەش هەڵمەتی دووهەمیش شكستی هێنا.

هەروەها نورەدین چەندین سیاسەتی دبلۆماسی بەكارهێنا، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ خۆی یەكلابكاتەوە‌و لە هەموو بەرەكان شەڕنەكات كە ببێتە مایەی لاوازبوون‌و لە ناوچوونی، بۆیە هەستا بە چاك كردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەلاجقەكانی ئاسیای بچووك، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ سیفەدینی برایدا بەست، ‌و پەیمانی پێدان هێرش ناكاتە سەریان‌و پەیمانەكەشی بەجێ‌ هێنا، هەروەها شاری سنجاریشی خستەسەر دەوڵەتەكەی خۆی، دوای ماوەیەكیش توانی دیمەشق كە ئەتابەكێكی سەربەخۆ بوو، بخاتە ژێر ركێفی خۆی، دوای بەكارهێنانی سیاسەتی جیاكاری‌و گرتن (فرق‌و تسد) لە نێوان فەرماندە سەربازی‌و سیاسیەكانی دیمەشق كە ببووە لاواز بوونیان، ئەمەش كار ئاسانی بوو بۆ نوردەین لە هێرش كردن بۆ سەریان، بەم شێوەیە دەوڵەتەكەی فراوانتر‌و بە هێزتركرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خاچیەكان (5).

هەنگاوێكی زۆر گرنگی نورەدین گرتنی وڵاتی میسر بوو، ئەمەش لە ئەنجامی پەنا هێنانی "شاوەر سەعدی" وەزیری فاتمی بوو كە داوای لێكردبوو بیگەڕێنێتەوە پلەكەی خۆی كە وەزیر بوو لە خیلافەتی فاتمی، بەرامبەر هەر مەرجێك كە (نورەدین مەحمود) دایبنێت وەك خاكی میسر‌و ملكەچی بۆ فەرمانی (نوردەین)، ئەوە بوو نورەدین (ئەسەدەدین شێركۆ)ی نارد بۆ وڵاتی میسر‌و توانی كارەكەی جێ‌ بەجێ‌ بكات، بەڵام (شاوەر) لە جیاتی بەجێ‌ هێنانی پەپمانەكانی خاچیەكانی هێنایە سەر "ئەسەدەدین شێركۆ"، دوای شەڕێكی گەورە ئەسەدەدین توانی خاچیەكان دوور بخاتەوە وە بگەڕێتەوە وڵاتەكەی، بەڵام لە ئەنجامی سیاسەتی نابەجێ‌‌و چەوتی (شاوەر)‌و خاچیەكان بەرامبەر بە خەڵك، لەسەر فەرمانی (نورەدین) (ئەسەدەدین شێركۆ) دووبارە هێرشی بردەسەر میسر، لە ئەنجامدا لە ساڵی (564ك/ 1168ز) توانی تەواوی میسر بگرێ‌، سەلاحەددینی ئەیوبی برازاشی بەشداری گرنگی كرد‌و هەر ئەویش (شاوەری سەعدی) كوشت(6) ، ئەسەدەدین بوو بە وەزیر بەڵام دوای ماوەیەكی كورت (ئەسەدەدین) كۆچی دوای كرد‌و سەلاحەدینی ئەیوبی برازای بوو بە وەزیر لە شوێنی ئەو، ‌و توانی كۆتایی بە دەسەڵاتی فاتمیەكان بهێنێت‌و خیلافەتی عەبباسی لە میسر ڕاگەیاند، بەم شێوەیە جیهانی ئیسلامی دووبارە بوویەوە یەك‌و بەرەیەكی یەكگرتوو دروست بوو لە دژی خاچیەكان .(7)

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. د. سعيد عبدالفتاح عاشور: ن،م، ج1/ ص405. د. نورالدين حاطوم: تأريخ العصر الوسيط، دار الفكر، دمشق ج2/ ص837.

2. محمد ئەمین زەكی: ن،م، ب2/ ص95. صالح قەفتان: ن،م، ص255.

3. د. خليل ابراهيم السامرائى وأخرون: تأريخ الدولة العربية الاسلامية في عصر العباسي، مديرية دار الكتب للطباعة والنشر، جامعة الموصل، 1988، ص320.

4. د. خاشع المعاضيدي وأخرون: ن،م، ص95.

5. د. خليل ابراهيم السامرائى وأخرون: ن،م، ص322.

6. گۆڤاری هەزارمێرد: ژمارە (5) ساڵی 1988، سلێمانی، ص198.

7. د. خليل السامرائي وأخرون: ن،م، ص 323.

 

لێدوان زیادکە


بابەتە پەیوەندیدارەکان

هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics