هەینی، ٢٨ سەفەر، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

ئەرستۆ لەنێوان فارابی و ئیبن سینادا

هزری ئیسلامی بەرەو ڕووی بیردۆزەكانی بیری ئیغریقی و یۆنانی و هێلێنی بوویەوە. جارێكیان لە سەدەی سێیەمی كۆچی و جاری دووەمیش لە سەدەی چواردەی كۆچی دا. لە جاری یەكەمدا كاتێ‌ وەرگێڕانی ئەو بیرانە ئەنجام درا ئەوكات زانایانی موسڵمان بەرامبەر بیردۆزەكانی ئەرستۆ لە مەنتیقدا وەستان و ساختەكانیان ئاشكرا كردو بەرپەرچی بیردۆزەكانیان دایەوە سەبارەت بە (دروستكەر) خالق و ماددە و... هتد. دوای ئەوەی فارابی و ئیبن سینا ماوەیەكی دورو درێژیان بڕی لە قبوڵكردنی ئەو بیرە و هەوڵی گونجاندنی لەگەڵا یەكخواپەرستی ئیسلامی دا. بەڵام ئەو هەوڵە بە سەختی شكستی هێناو كاریگەری خراپی هەبوو لەبواری كەلام و ئیعتزال و تەسەوفی فەلسەفی و بواری تردا. جاری یەكەم لە سەردەمی نوێدا بوو كە بڕیاردرا فەلسەفەی یۆنانی لە زانكۆكان دا بخوێنرێ‌. ڕۆژهەڵاتناسان هاتن تا ئەوە ڕابگەیەنن فەلسەفەی عەرەبی فەلسەفەیەكی یۆنانیە و بە پیتی عەرەبی نوسراوە. دەنگی لوتفی سەید و تەها حوسەین و كەسانێكی دی بەرزبوویەوە بۆ ناونانی بە مامۆستای یەكەم (ئەرستۆ) بەو بانگەشەی ئەو مامۆستای بیری ئیسلامیە. ئەمەش لە درۆیەكی زەق دا كە بە زانستی نەچەسپا بەڵام لە پیلانێ‌ دەچوو بە مەبەستی پەیوەستكردنی موسڵمانان بە بەرنامەی تێڕامانی ئەرستۆ كە ئەوروپا بە قبوڵكردنی بەرنامەی ئەزموونی ئیسلامی دەستیان لەو بەردابوو. هەروەها موسڵمانان كە بیردۆزەی ئەرستۆیان لە مەنتیقدا بەرپەرچ دەدایەوە نوسینەكانی ئەرستۆیان سەبارەت بە دراماو ئەو نمونانە هەڵوەشاندەوە كە لە تراژیدیای سوفۆكلیس و ئەسنگیلۆس و یور بیدیز و كۆمیدیاكانی لویستۆڤاندا خۆی دەبینیەوە چونكە بە بارێكی ململانێ‌ و ڕێبەری ئارەزوو و دەستەوسانی و قەرەوڵگرتوو بۆ خەڵكیان دەزانی كە زیانیان پێ‌ دەگەیەنێ‌. چونكە ئەوان چەند نەوەیەكی ڕاهاتوو لەسەر یەكخواپەرستی و دژە شیرك بوون با پێناوێكی هونەرسازی و جوانكاریش بووبن. بەو جۆرە درۆی بانگخوازانی فەلسەفەكان داڕماو ڕۆژێ‌ لە ڕۆژان ئەرستۆ مامۆستای موسڵمانان نەبووە.ارسطو

وەك وتمان بیری ئیسلامی لە یەكەم ڕۆژەوە ڕاشكاوانە ئەو مەنتیقەی ئەرستۆی بەرپەچدایەوە كە لەسەر قیاس و بەڵگەخوازی نەزەری وەستا بوو و مەنتیقێكی نوێی داهێنا كە تایبەتمەندی خۆی هەبوو و ئەویش بەرنامەی هەستی ئەزموونی بوو. دانانی كندی و فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشدیش تەنها درێژە پێدەری ئەو گیانە هێلێنیەی ناو جیهانی ئیسلامی بوو كە هەبوو. بیری ئیسلامیش مەنتیقی ئەزموونی ئاشكرا كرد، ئیمام ئیبن تەیمیە بنەڕەتە ڕووتەنە عەقڵیەكانی مەنتیقی ئەرستۆی خستوونەتە ڕوو و بەتەواوەتی بەرپەرچی داونەتەوە.

هەروەها موسڵمانان ڕێبازی قیاسی یۆنانیان بەرپەرچدایەوە و بە چەمك و واتای دەرەبەگی و خۆسەپێنی ڕازی نەبوون كە لە ژیارەكانی ڕۆمان و فارس دا هەبوو. هەروەها دژی سۆفیەتی هیندی و نەعوصی و ئەوەش بوون كە لە فارس و ڕۆمیان وەرگرتبوو، چونكە ئەوانە چەند تەنزیمێ‌ بوون نەك نیزام.

سەبارەت بە سەردەمی نوێ‌ ئەوا زانایانی موسڵمان جەختیان دەكردەوە لەسەر بەدرۆ خستنەوەی بانگەوازی فەلسەفەی ئیسلامی پەیوەست بە كندی و فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد و ئاشكرا كردنی ئەوەی هەوڵی گونجاندنی ئایین و فەلسەفەكە ئەوان پێی هەستا بوون ساختە بووە. زانایانی ئیسلام بە شەوڕەوانی موسڵمانان (رێ‌ تاریك) ناویان دەبردن وەك ڕێ‌ تاریكانی یۆنان. ئەگەر ئیمامی ئیبن تەیمیە هەڵوێستی موسڵمانانی سەبارەت بە مەنتیقی ئەرستۆ یەكلا كردبێتەوە، ئەوا ژمارەیەكی زۆری زانایان پێش ئەو ساختەكاریەكانی فەلسەفەی یۆنانیان تێكشكاندون. ئیمام فەرابی لە سێ‌ مەسەلەدا تەكفیری فەیلەسوفانی كردووە. نكوڵی لە زانستی خوای گەورە بە شتە لاوەكیەكان. نكۆڵی كردنەوەی جەستەكان و بڕوابوونیان بە قەدەمیەتی جیهان.

شێخ موستەفا عەبدولرەزاق ڕایگەیاندووە فەلسەفەی ئیسلامی لە بەرهەمی ئصولیەكان دایە، ئەو زانایانەی ئصولی فیقه و ئایین كە پەیوەستی ڕێبازی سەلەفن. شیخ موستەفا دەڵێت (دیارترین ڕا و مەترسیدارترین بۆچوون ئەوەیە دەڵێ‌ فەلسەفەی دروستی ئیسلامی دەبێ‌ لە فیقهی ئیسلامیەوە بێ‌. ئەم مەسەلە بەتەواوەتی ناگونجێ‌ لەگەڵا ئەو ڕای ڕۆژهەڵاتناسانەدا كە دەڵێن موسڵمانان دوورن لە فەلسەفە. ئەو فەلسەفەی چووەتە ڕۆشنبیرییانەوە یۆنانیە، هەیانە پێی وایە زانستی كەلام بنەڕەتی فەلسەفەی ئیسلامیە و زانستی كەلام لای موسڵمانان لە فەلسەفەی یۆنانیەوە وەرگیراوە و كاریگەرە بە فەلسەفەی یۆنانی. بەڵام پرسی ئەوەی فیقه بنەڕەتی فەلسەفەی ئیسلامیە بیردۆزەیەكی نوێیە و بێگومان دەرگایەكی نوێ‌ واڵا دەكات بۆ لێكۆڵینەوە و مشتومڕ و لەسەر دووان. شێخ موستەفا دەڵێت شافعی یەكەم كەسە لە زانستە ئاینیەكان دا لەسەر بنەمایەكی زانستی نوسینێكی داناوە و دانراوەكەی شافعیش (الرسالة)یە، رسالەكەی شافعی لە هێنانی باسەكان و دابەشكردنی بەشەكان دا شێوەیەكی چەسپاوی ناو ئەندێشەی نوسەری گرتووەتە بەر كە هەندێ‌ جار بەلای دوورخستنەوەی دا دەچێ‌ و دیدی شوێنكەوتنی تێدا دەدرەوشێتەوە و هەوڵی دوورخستنەوەی تێدا نیشان دەدات یان دووبارەیی و ناڕوونی بەدوادا دێنێ‌. بەڵام لەگەڵا هەموو ئەمانەدا سەرەتایەكی بەهێزە بۆ نوسینی زانستی ڕێكخراو لە هونەرێكدا كە شافعی بۆ یەكەم جار ڕەگەزە یەكەمینەكانی كۆكردونەتەوە.

* كتێبەكەی شێخ مستەفا (تمهید تأریخ الفلسفة اڵاسلامیة-1945):

لەو كاتەوەی شێخ موستەفا عەبدولڕەزاق ڕایگەیاند فەلسەفەی ئیسلامی لە ئیمامی شافعیەوە دەست پێدەكات و لەم تێكەڵیەوە عەلی سامی نەشار ئەو كارە گەورەی دەست پێكرد كە توانی بەدیبهێنێ. دواتر دكتۆر موحەمەد موحەمەد حوسەین هات و بانگەوازی كرد بۆ بە ئیسلام كردنی ئەدەبی عەرەبی و ڕزگاركردنی لەدەست ساختە و ژەهرێ‌ كە تەها حوسەین هەوڵیدا ڕەنگڕێژی بكات پێی، دواتر دكتۆر موحەممەد عەبدوڵا دەراز هات و ڕێبازی ئەخلاقی لە قورئان دا دانا. مامۆستا حەسەن بەننایش دەرگای لە بەردەم لێكۆڵینەوە سەردەمیەكان دا كردەوە بۆ شەریعەتی ئیسلامی بە بەراورد لەگەڵا یاسای دانراو، ئەمەش ئەو كارەیە كە عەبدولقادر عەودە و عەلی مەنسور و تەوفیق شاوی و مەحمود ئەبو سعود و عیسا عەبدە لەسەری ڕۆیشتن. زانایانی موسڵمان ئاشكرایان كرد مەنتیقی ئەرستۆ نەیتوانیوە حەق و ناحەق لەیەك جیا بكاتەوە.

ئەوروپا لە سەردەمی ڕێنیسانس دا هات و مەنتیقی ئەرستۆی ڕووخاند. ئەو مەنتیقەی كە بە مەنتیقی وێنەیی ناودەبرا (واتە ئەوەی هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە دەق و وێنەگەلێكی كەلامی پێكبێنێ‌ كە بە پێوەر و یاساكانی خۆی بە دروستیان دابنێ‌ با لەگەڵ واقیعی هەست پێكراو دا پێچەوانەبن. مرۆڤایەتی بە سەلامەتی گەڕایەوە بۆ بنەڕەتەكانی خۆی. ئەویش ئەوەیە مەنتیق كۆمەڵێ‌ شتی سەرەتایی و یەكلایی هەموو عەقڵێكە كە بەبێ‌ پێویستی كۆتەكانی ئەرستۆ عەقڵە ساغەكان ملكەچینی).

بە گەورە و شكۆدار دانانی ئەرستۆ لە ماوەی پێشتر لە سەردەمی ڕێنیسانس لە ئەوروپادا ئەوەیە –بە مەنتیقە وێناییەكەی- جێی پیرۆز دانانی كڵیسای مەسیحیەت بوو تا ئەوەی هەر كەس بیوێرایە ڕای پێچەوانەی ڕایەكی بوایە خۆی دەخستە بەر مەترسی مردن. تا ئەوەی خەریك بوو كەسێ‌ كە دەیوت زەوی خڕە بەر مەترسی مردن كەوێ‌ چونكە ئەرستۆ ڕای وانەبوو. حكومەتی باشوری ئەفریقاش –وەك مامۆستا ئەحمەد حەسەن دەیگێڕێتەوە- هەوڵی دەدا لە فەلسەفەی ئەرستۆوە سەنەدێكی شەرعی بۆ سیاسەتی دەمارگیرانەی خۆی دابنێ‌ و باس لە كۆیلایەتی و چۆنێتی مانەوەی كۆیلایەتی دەكات نەوەك بیرنەكەنەوە لە ئازادی بەڵكو بیرنەكەنەوە لە كۆیلە بوونی خۆیان. نوسینەكانی ڕۆژئاواگەران (لوتفی سەید و تەها حوسەین و سەلامە موسا و جگە لەوانیش) هەوڵیان دەدا جارێكی دی ژیان بەبیری ئەرستۆ ببوژێننەوە بە وەرگێڕانی نوسین و بەرهەمەكانی و بانگەواز كردن بۆی. سەرەڕای ئەو ڕەوتەی كە شێخ موستەفا عەبدولڕەزاق دایمەزراند بەڵام نەیارانی ئیسلام جەختیان لەسەر دەكردەوە. فەیلەسوف ئیقبال هۆشیاری دا لە بەئاگا بوون لە دەست ڕۆیی و زاڵبوونی بیری ئەرستۆیی. زۆرێكیش قسەیان كردووە لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی مەنتیقی ئەرستۆ وەك چۆن پێشتر ئیبن تەیمیە بە گەڕانەوە بۆ بنەڕەت ئەنجامی دا.

ململانێی نێوان ئەرستۆ و ئەفلاتون بە درێژایی سەردەمەكان نەوەستاو تا ئێستاش كاریگەری ئەو ململانێیە بەردەوامە. ئەفلاتون ئامانجی بوو ژیانی كۆمەڵایەتی ڕێكبخات. بەڵام ئەرستۆ هەوڵی دەدا مەعریفە ڕێكبخاتەوە. ئەفلاتون میسالی و شاعیر بوو. ئەرستۆ زانایەكی تێڕامانی بوو كە دەگەیشتەوە بە بنەڕەتەكانی، هاوكات بە تێبینی ئەو پەرت بوونەی كە ڕۆشنبیری و ژیاری ڕۆژئاوایی هەر لە ئەرستۆ و ئەفلاتونەوە تا ئەمڕۆش تیایدا دەژیت.

دكتۆر عەلی سامی نەشار لە كتێبەكەیدا (مناهج البحث) سەبارەت بە بیریارانی ئیسلام دەڵێت (مەنتیقی یۆنانی زادەی پاڵەوانی و هەڵكەوتەیی زمانی یۆنانیە و لەو مەنتیقەوە میتا فیرقیای ئەرستۆیی سەریهەڵدا. بۆیە لە جیهانی ئیسلامیدا سەركەوتوو نابێ‌ و دەبێ‌ مەنتیقێكی تایبەت هەبێ‌ كە لە هەڵكەوتەیی زمانی عەرەبیەوە هەڵقوڵێ‌).

هەروەها زانایانی ئیسلام بیردۆزەی فارابیان سەبارەت بە شاری باڵا بەرپەرچ داوەتەوە و فیقهناسان ئەم وەڵامانەیان ژماردوون: كتێبی اڵاعتصام ی شاتبی و تبصیرە الحكام ی ئیبن فەرحون و ئیبن تەیمیە و ئیبن قەیمیش پێشیان كەوتون. ئەوە نیشان دەدەن فارابی كاریگەر بووە بە خوێندنگەی فەلسەفی جولەكەوە كە سەرەتاكەیان ئیبن جبروولە. ئەوانەش هەوڵیان داوە ئەو بیرەی فارابی بڵاوبكەنەوە و جێبەجێ‌ی بكەن قەرەمەتیەكان بوون لە شاری هجری قەرمەتی، حەمدان قەرمەت دامەزرێنەری قەرمەتیەكان صابیئی بوو و گەورەترین خوێندكاری فارابی بوو و وەك چۆن كۆمەڵەی ئیخوان صەفا كاریگەر بوون بە فارابی دەستەی ئیسماعیلیەكانیش پێی كاریگەر بوون.

ئەوەی بە ڕەخنە لە فارابی دەگیرێ‌ داكەوتنیەتی لە كتێبەكەیدا (الجمع بین رأی الحكمیین) كە پشتی بەستووە بە چەند كتێبێكی شێواوی فەلسەفەی هەردووكیان تا ئەوەی دەوترێ‌ نازانرێ‌ چ ناكۆكیەك هەیە لە نێوان ئەو سێ‌ فەیلەسوفەدا.

ئەو ڕەوتەی فارابی لەسەری دەڕۆیشت ناڕوون و گوماناوی بوو تا ئەوەی لێكۆڵەرانی وەك موحسین مەهدی لە كتێبەكەیدا سەبارەت بە دیدی فارابی لە ڕوانگەی لێكۆڵینەوەكانی و پەیوەندی بە ئیخوان صەفا و خوێندنگە ئیتیشراقیە فارسیەكەیانەوە لای سەهرەوەردی ئەوەیان ئاشكرا كرد بیردۆزەكەی فارابی كاریگەری هەبوو لەسەر نوسینەكانی باتینیەكان.

هەروەك ئیبن ئەزرەق لە كتێبەكەیدا (بدائع السلك فی طبائع الملك) ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو بە تەواوی ئاگاداری كارە سیاسیەكانی فرابی بوو –بەپێی بڵاوكراوەكەی دكتۆر عەلی سامی نەشار گۆڤاری دراسات فلسفیە و أدبیە 1976- ئەو ڕەوتە شەخسیەی ژیانی فارابی و بیرەكەی خستووەتە ڕوو و دەڵێت ئەو لە باكور و لەناو هۆزەكانی توركمان دا كە ئێستا پێی دەوترێ‌ توركستان لەدایك بووە، دواتر چووە بۆ بەغداد و لەوێ‌ لای یوحەننا بن جیلان بووە. خوێندنگەی فەلسەفی ئەسكەندەریە گوازرایەوە بۆ مەرو و جند و سابور و حەران و لەوێوە بۆ بەغداد. ڕوهبانێ‌ گواستیەوە كە یوحەننای كوڕی جیلان پێی گەیشتبوو. فارابی یەكەم كەسی موسڵمان بوو لە خوێندنگەكەدا لە بەغداد مامۆستای ئەفلاتۆنی نوێش بوو لە جیهانی ئیسلامیدا. صابیئەی حەرنانی ئیلهام بەخشی گەورەی یەكەم فەیلەسوفی ئیسلام كندی بوو. هەروەك ئەوان كاریگەریەكی گەورەیان هەبوو لەسەر فەیلەسوف موحەممەد ئیبن ئەبی بەكری رازی. ئەو صابیئە حەرنانیەی كە دەستەیەك بوو لە ئەفلاتونی، بە نەزەری فارابی دەرسی لێوەردەگرتن. دواتر بە كرداری حەمدانی قەرمەت خۆی بەوان دەچواند. ئەو كەسە صابیئە حەرانیەی كە شوێنكەوتەكانی لە هەجەر جێبەجێكاری بوون، بەو جۆرە دەردەكەوێت فارابی صابیئیەكی حەرنانی بووە و تورك و فارس و عەرەب نەبووە. صابیئەی حەرنانیش بە بنەڕەت یۆنانین و سەرقاڵی مۆسیقا و كیمیا بوون. مەسعودی وا وەسفیان دەكات كە دەستەی حەشەوی فەیلەسوفانن. ڕایەكیش هەیە دەڵێت فارابی عەرەب بووە و لەسەر دەستی صابیئە دەرسی خوێندووە. ئەوە لە كیندیەوە وتراوە، كاریگەری ڕاستی فارابی لە زانستی سیاسەت و ئەو بزاڤە توندە سیاسیەدا چڕ بووەتەوە كە خەریكبوو نیزامی دەوڵەتی ئیسلامی تێكبشكێنێ‌. دەبینین ئەو پیاوەی شوێنكەوتەكانی هەوڵیان دا شاری خوای ئەفلاتون لە شاری هەجەری قەرمەتی بە سەركردایەتی حەمدان قەرمەت دابمەزرێنن. لە كتێبەكەشیدا (المدینة الفضیلة) كاریگەر بووە بە ئەفلاتون. ئەو هەندێ‌ تێڕوانینی ئیسلامی داوە بە سەرۆكی شارەكە و لە هەندێ‌ كتێبی دیكەشیدا ئەوەی هێناوە دوای ئەوەی بۆی دەركەوت مەحاڵە لەڕێگەی یۆنانەوە لە جیهانی ئیسلامی دا میتا فیزیق دابمەزرێ. هێرشەكەی ئیبن ڕوشد بۆسەر فارابی تەواو ئەوەمان بۆ ڕاڤە دەكات.

دكتۆر عومەر فەروخ دەڵێت: فارابی شوێنی حەوانەوەی لە شارەكەیدا تەنها بۆ ئەوانە داناوە كە لەگەڵا ڕەوتی بیركردنەوەی ئەودان. فارابی لەوانەیە بیڕوایان بە فەیز هەیە واتە ئەم جیهانە لەخوا داكەوتووە. ئەمەش بیردۆزەیەكی پوچی یۆنانیە و چەمك و واتای دروستی ئیسلام دانی پێدانانێ‌. لێرەوە چەمكی فارابی لەگەڵا چەمكی ئەهلی سوننەدا ناگونجێ‌ چونكە چەمكەكەی ئەو نزیكە لە چەمكە باتینی و دەستە گومڕاكان چونكە پێی وایە نەمری ڕۆحیە و جەستەكان زیندوو نابنەوە و پێی وایە پێغەمبەرایەتی تەنها هێزی خەیاڵیە. ئیخوان صەفا كە پێیان وایە ئاینەكان ناتەواون و دەبێ‌ بە فەلسەفە ناتەواویەكەیان پڕ بكرێتەوە. ئەمەیان لە فارابیەوە وەرگرتووە. هەروەها چەمك و واتای ئیبن سینا سەبارەت بە نەفس شێواوە و نازانێ‌ نەفس لە كوێوە هاتووە و چی ڕودەدات ئەگەر جیا بێتەوە لە جەستە. ئەو پێی وایە دانا خوا ویستەكان ئەو نەمریەیان دەوێ‌ كە جیایە لەو نەمریەی ئاینەكان باسی دەكەن.

بەڵكو ئیبن سینا زیاتر لەوە دەڕوات و كاتێ‌ باسی خوای گەورە دەكات ناوی واجب و لوجوبی لێ‌ دەنێ‌ یان (العلة اڵاولی) واتە تەنها بە بونێكی مەنتیقی بێ‌ ویست و بێ‌ مەعریفەی دادەنێ‌. واجبولوجوب یان عیلەتولئولا ناوی خوای گەورە نین و لە قورئان دا نەهاتوون.

ئیبن باجە و ئیبن توفەیل و ئیبن ڕوشدیش بەم ڕێیەدا دەڕۆن و چەمك و واتاكانیان لە ڕەڤەی یۆنانیەوە وەردەگرن. ئیبن باجە پێی وایە بوون كۆتایی نیە، ئیبن توفەیل تاك بە سەركەوتووی فیترەتی دادەنێ‌ كە خۆی شارەزا بێ‌ و بە عەقڵی خۆی پێویستی بە پێغەمبەرایەتی نەبێ، ئیبن ڕوشد پێی وایە ئەگەر ناكۆكیەك لەنێوان ڕوخساری فەلسەفە و ڕوخساری شەرعدا هەبوو دەبێ‌ ڕووكەشی فەلسەفەكە وەرگرین و بۆ ڕوكەشی شەرعەكەش بەدوای لێكدانەوەیەكی عەقڵیدا بگەڕێین. هەموو ئەمانەش لە دیدی ئیسلام دا پوچ و بێ‌ بنەمان.

ئەگەر هەندێ‌ لەو فەیلەسوفانە لە چەند شتێكی لاوەكیدا ڕاجیا بووبن لە چەمك و واتای یۆنانی یان ڕاڤەكاری ئەرستۆ، ئەوا لە بنەڕەتە گشتیە سەرەكیەكان دا هەڵەیان كردووە. ئەمە وا دەكات بە تەواوی دیدیان شێوابێ‌ و هیچ پەندێ‌ لەوەدا نیە كە دەوترێ‌ ئیبن ڕوشد لە سیفەتی زانستی خواییدا پێچەوانەی ئەرستۆیە (بەوەی خوای وا داناوە زاتی خۆی بزانێ‌ و شارەزای كائینات بێ‌ بە پێچەوانەی مەزهەبی ئەرستۆوە) ئەوا ئیبن ڕوشد لە ڕوانگەیەكی ترەوە پێی وایە جیهان ئەزەلیەو دوا جاریش ئەبەدیە، هەروەك بڕوای هەیە بە قەدەمیەتی ماددە. بەمەش پێچەوانەی دوو بنەڕەتی سەرەكی ئیسلامە. هەروەك بیرۆكەی گونجاندنی شەریعەت و فەلسەفەی لەسەر چەند بنەمایەكی پوچ وەستاوە و چەمكی ئیسلامی ملكەچی جێ‌ عەقڵە بۆ نەقڵا. سروش بە بنەڕەت و عەقڵیش ملكەچی سروشە.

بێگومان گرنگی دانی ڕۆژئاوا بە فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد لە سەردەمی نوێدا دەگەڕێتەوە بۆ یەك هۆكار كە ئەویش ئەوەیە سەرچاوەی ئەوانە یۆنانیە نەك ئیسلامی پوخت. دواتر ڕۆژئاوا دەزانێ‌ كە ئەوان ئیعتیزال و عەقڵانیەت و تەصەوفی فەلسەفییان گێڕایەوە و گرنگیەكی زۆریان دا بە ئیبن سینا و فارابی لەلایەك و حەلاج و ئیبن عەرەبی لە لایەكی ترەوە. ئەمە ئەو كاڵایەیان كە دەیانەوێت لە ئاسۆی ئیسلامدا ڕەواجی پێ‌ بدەن تا موسڵمانانی ئەم سەردەمە بەد گومان بكەن لە چەمك و واتای ئەهلی سوننە و جەماعە. دواتر توانییان ژمارەیەك لە نوسەرانی ناودارو نوسراو بخەنە كار بۆ نوسین لەسەر ئەوانە وەك عەقاد و ئیبراهیم بیوەی مەكدور و عوسمان ئەمین.

لێرەدا تێبینیەك هەیە چونكە ئێمە نوسینەكانی فارابی و ئیبن سینا لە زانستە ئەزموونی و بیركاریەكان دا لەگەڵا نوسینەكانیان لە فەلسەفەو لە مەنتیق دا جیا دەكەینەوە، چونكە فەلسەفە و مەنتیقەكە جێی مەترسیە با هەوڵە فێڵبازانەكانیش هەوڵبدەن زانستە ئەزموونی و بیركارییەكان بەكاربێنن و بۆ ئامانجی حەقیقی كە بڵاوكردنەوەی بیری قەرمەتی و باتینی بوو بەو شێوەی نامەكانی ئیخوان صەفا پێشكەشیان كرد.

پێویستە ئاماژە بدەین بەو گورزە جەرگبڕەی كە ئیمامی غەزالی لە ڕووی فەلسەفەدا وەشاندی كاتێ‌ هەڵەكانی فەیلەسوفانی ئاشكرا كرد لە نكوڵییان لە زیندووبوونەوە و مەعریفە و زانستی خوا بە لاوەكیەكان و هەڵەی وتەی قەدەمیەتی جیهان. ئەمە ئەو گورزەیە كە بانگخوازانی ڕۆژئاواگەری تا ئێستاش ئاماژە دەكەن بە شوێنەوارە مەترسیدارەكانی. گورزی دووەم ئیبن تەیمیە وەشاندی بەرامبەر بیردۆزەی مەنتیقی ئەرستۆیی كاتێ‌ دواتر نوسینەكانی فەیلەسوفان و هەموو تەسەوفی ئیسلامی لەسەری دەڕۆیشت. ئەمەش قۆناغی دوای ئەو ڕۆڵە بوو كە شافعی و ئیبن حەنبەل و زانایانی ئصولی فیقه و ئاین پێی هەستان.

ئیبن تەیمیە ڕەخنەی گرت لە پێناسەی ئەرستۆیی و قیاس و ڕێگەی بەڵگەخوازی ئەرستۆیی و ڕێبازێكی ئیسلامی قورئانی خستوەتە ڕوو بۆ مەنتیق كە لە قورئان و سوننەتەوە وەرگیراوە. ئەمەش ئەو ڕێبازەیە كە دواتر ڕۆژئاوا وەریگرت تا بەوە هێرش بكاتە سەر تێگەیشتنی ئەرستۆ. گرنگیدانی ئیبن تەیمیە تەنها لەوەدا نیە كە پێش بیریارانی ڕۆژئاوا ڕەخنەی زانستی مەوزوعی گرت بێ‌ لە مەنتیقی تەقلیدی. بەڵكو وەك نوسەری رسالە المنگق عن ابن تیمیە كە دواجار گفتوگۆی لەسەر كرا عەفاف عەبدولعەزیز غەمری دەڵێت ئەو ڕێیەكی نوێی كردەوە بۆ ڕەخنەی مەنتیقی كۆن كە هەندێ‌ لە بیریارانی ئیسلام هەر لە ئیبنولقەیم و صەنعانی و سیوتیەوە لەسەری ڕۆیشتن.

لێدوان زیادکە


بابەتە پەیوەندیدارەکان

هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics