٧ جەمادی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

بیرۆكەكانی فەرموودەی( اغتنم خمسا قبل خمس، حیاتك قبل موتك، وصحتك قبل سقمك...

قال رسول الله(صلی الله علیه وسلم) لرجل وهو یعظه [اغتنم خمسا قبل خمس، حیاتك قبل موتك، وصحتك قبل سقمك، و فراغك قبل شغلك، و شبابك قبل هرمك، و غناك قبل فقرك] رواه الحاكم وصححه والبیهقی.

واتە: پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) ئامۆژگاری پیاوێكی دەكرد و فەرمووی (سوود لە پێنج شت وەربگرە پێش ئەوەی پێنج شتت بەسەردا بێت، ژیانت پێش مردنت ، وە لەش ساغیت پێش نەخۆشیت ، وە دەست بەتاڵیت پێش سەرقالبوونت ، وە گەنجیت پێش پەككەوتەییت ، وە دەوڵەمەندیت پێش هەژاریت).Xams

لەم فەرموودە پیرۆز و پڕ واتایەدا وەك دەبینین پێغەمبەرمان(صلى الله عليه وسلم)بە ڕەوانترین شێوە ئامۆژگاری ئەم پیاوە دەكات ، دەبینین چەند خاڵێكی باسكردووە لەم ئامۆژگارییەدا كە بەڕاستی لەدەستدانیان بەبێ سوود بینین زۆر زیاندارە ، ئێمەش لەم باسەماندا پشتیوان بەخوا چەند بیرۆكەیەك ڕوون دەكەینەوە كەلەم فەرموودەیەدا دیبینین كە پێنج بیرۆكەیە:

بیرۆكەی یەكەم: سوود وەرگرتن لە ژیان پێش مردن، بە ڕاستی ژیانی دونیا چەند سات و چەند ڕۆژێكە لە بەردەم مرۆڤدابۆ ئامادەكردنی وەڵامی پرسیارەكانی پاش مردنی، هەروەكو ئەو قوتابیە وایە كە ماوەیەكی دەدرێتێ‌ بۆ تاقیكردنەوە، ژیانی دونیاش هەر وایە، هەموومان دەزانین كە پەروەردگار ژیانی پێبەخشیوین بۆ عیبادەت و پەرستش، بۆیە عاقڵ و ژیر سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە سوود لە هەلی ژیانی وەربگرێت لە عیبادەت و یادی پەروەردگار و كردەوەی چاك، چونكە هیچ شتێك سوودی بۆت نییە پاش مردنت تەنها كردەوەكانت نەبێت، پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم)دەفەرموێت ( الكیس من دان نفسه وعمل لما بعد الموت )(الحاكم والترمذی) واتە: ژیر ئەو كەسەیە كە سەرزەنشتی نەفسی خۆی بكات و كار بۆ دوای مردن بكات. كەواتە بونمان لە ژیان بۆ كاركردنی دوای مردنە، زانرویشە كە ژیانی دونیا تام و چێژێكی كاتییە مردن هەمووی تێك دەدات، بۆیە ژیر ئەو كەسەیە كە بەم تام و چێژە كەمە هەڵنەخەڵتێ و بتوانێت سوود لەژیانی وەربگرێت بۆ توێشووی قیامەتی.

بیرۆكەی دووەم: سوود وەرگرتن لە لەش ساغی پێش نەخۆشیت، خوشك و برای بەڕێز ئەگەر ئەتەوێ نیعمەتی لەش ساغیت بۆ دەربكەوێ‌ سەردانی نەخۆشخانە بكە و ئەو كەسانە ببینە كە نەخۆشن چەندە تامەزرۆی لەش ساغین، یاخود سەردانی نەخۆشخانەی نەخۆشییە درێژ خایەنەكان بكە بۆ نموونە نەخۆشی شێرپەنجە، ئەو كاتە گەورەیی ئەم نیعمەتەت بۆ دەردەكەوێت كە كەمێكی خەڵك نەبێت هەستی پێناكەن، ئەو كاتە واتای ئەم ئامۆژگارییە ڕەوانەی پێغەمبەرمان(صلى الله عليه وسلم)بۆ دەردەكەوێت، بۆیە دەبێت زۆر وریا بین چونكە نەخۆشیەكان لەبەر دەرگامانن، دەبێت هەلی لەش ساغیمان بقۆسینەوە بۆ عیبادەت و یادی پەروەردگار و كاری چاكە، چونكە ئەو كارەی بە لەش ساغی پێت دەكرێ بێگومان لە نەخۆشیدا پێت ناكرێت، كەسێكیش لە كاتی لەش ساغیدا گورج نەبێت لە عیبادەتی پەروەردگار، بێگومان لە نەخۆشیدا پێی ناكرێت، كەواتە عاقڵ و ژیر ئەو كەسەیە كە ئەم ئامۆژگارییەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)لە گوێ بگرێت و سوود لە نیعمەتی لەش ساغی ببینێت.

بیرۆكەی سێیەم: سوود وەرگرتن لە دەست بەتاڵی پێش سەرقاڵیت، یەكێكی تر لە نیعمەتە گەورەكانی پەروەردگار نیعمەتی دەست بەتاڵییە، هەتا مرۆڤـ بە كارێكی ئاڵۆزەوە سەرقاڵ نەبێت گەورەیی ئەم نیعمەتە نازانێت، پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم)لەفەرموودەیەكی تردا باسی زۆربەی خەڵكیمان بۆ دەكات كە زیانیان لێكەوتووە لە بەكار نەهێنانی هەردوو نیعمەتی لەش ساغی و دەست بەتاڵی كە دەفەرموێ ( نعمتان مغبون فیهما كثیر من الناس الصحە والفراغ ) البخاری واتە: دوو نیعمەت هەیە زۆربەی خەڵكی زیانیان لێكەوتووە تیایاندا ئەوانیش لەش ساغی و دەست بەتاڵییە. بەو واتایەی هەركەس سوودیان لێوەرنەگرێ تووشی زیانێكی زۆر دەبێت، لەلایەنێكی دیكە ئەگەر مرۆڤـ دەست بەتاڵ بێت توانای كردنی هەموو كارێكی دەبێت، لەلایەكی ترەوە مرۆڤـ لەدەستبەتاڵیدا زۆر زیاتر ڕووبەڕوی پلانەكانی شەیتان دەبێتەوە و زیاتر ئەگەری توشبوونی تاوانی هەیە، جا كەسێك بتوانێت خۆی بپارێزێت لەتاوان لەم حاڵەتەدا، بەڕاستی سەركەووتوە، هەروەها پەروەردگار ئامۆژگاریمان دەكات لەكاتی دەست بەتاڵیدا چی بكەین، ڕوو دەكاتە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)و دەفەرموێت[فَإذا فَرَغْتَ فَانْصَبْ](الشرح:7) واتە: (هەر كاتێك دەستت بەتاڵبوو لە كارێكی خەیر خۆت خەریك بكە بە كارێكی خەیری ترەوە و خۆت جێگیر بكە). كەواتە پێویستە لەسەرمان كە هەموو كاتێكمان بە عیبادەت بەسەر ببەین، بەڵام ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا دەیبینین لە خەڵكی، سەرقاڵبوونە بە دونیا لەبیركردنی مردن و گۆڕ و قیامەتە، كە ئەگەر خەڵكی ناخۆشیەكانی پاش مردنی بزانیبا بێگومان تەنها ساتێكیشی بەفیڕۆ نەدەدا، بۆیە پێویستە لەسەرمان دەست هەڵگرین لە باوەشكردن بە دونیاو ڕوو بكەین لە عیبادەتی پەروەردگار و سوود وەرگرتن لە دەست بەتاڵی.

بیرۆكەی چوارەم: سوود وەرگرتن لە تەمەنی گەنجی پێش پیر و پەككەوتەیی، بەڕاستی جوانترین و ڕەوانترین ئامۆژگارییە بۆ توێژی گەنجان، چونكە گەنج توانای كردنی هەموو كارێكی هەیە، هەر گەنجە داهێنان ڕاپەڕین دەكات و توانای سەرخستنی ئیسلامی هەیە بە جیهاد و بانگەواز و چاكسازی، لەلایەكی تریشەوە گەنج ئەو توێژەیە كە شەیتان زۆرترین كاری لەسەر دەكات بۆ لە خشتە بردنی بەڵام ئەو گەنجە سەركەوتووە كە بتوانێت خۆی ڕزگار بكات لە هەموو ئەو كۆسپ و ناخۆشی و فیتنانەی دێنە ڕێگای هەوڵی جێگیربوون بدات، بەردەوام گەنجان دەبێت ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە چەندە بەهێز و بەتوانابن بێگومان ئەگەر مردن یەخەیان نەگرێت ڕۆژێك دێت بێهێز بن و تووشی نەخۆشی پیری بن، هەمیشە پێویستە پەند لەو پەككەوتانە وەربگرن كەدەیانبینن توانای هیچیان نەماوە، كەواتە پێش ئەوەی پەشیمانیت بەسەردا ببێت لەتەمەنی پیریدا، توێشویەكی وەها كۆبكەرەوە بەگەنجی كەلەتەمەنی پیریدا شانازی پێوە بكەی، وە ئەوەش بزانە كە یەكێك لەوشتانەی قەرەبوو ناكرێتەوە، بەسەرچوونی تەمەنە، وە بەتایبەتیش تەمەنی گەنجێتی، پێویستە ئەوەش بزانین كە نیعمەتی گەنجێتی پیر و پەككەوتەكان بەتەواوەتی دەیزانن، ئەگەر بڕۆی پرسیاریان لێبكەیت هیوا و ئاواتت چییە؟ ڕاستەوەخۆ دەڵێن گەڕانەوەی گەنجێتی ، وەكو شاعیر دەڵێت

الا لیت الشباب یعود یوما       فأخبره بما فعل المشیب

واتە: خۆزگە ڕۆژێك لە ڕۆژان گەنجی بگەڕایەتەوە، منیش هەواڵی

پیریم پێئەدا كە چی لێكردووم. كەواتە پێش ئەوەی هەواڵی پیری بدەینەوە بە تەمەنی گەنجی با كاری چاكە و عیبادەت بكەین با هەوڵبدەین بۆ سەرخستنی ئیسلام چونكە ئەم دینە پاكە بەردەوام پێویستی بە توێژی گەنجە، كەواتە عاقڵ و ژیر ئەو كەسەیە كە تەمەنی زێڕینی گەنجی لە عیبادەت و یادی پەروەردگار و سەرخستنی دیندا بەسەر بەرێت، ئەو كەسەیە كە مووە ڕەشەكانی لە خزمەتكردنی دینی ئیسلامدا سپی بكات، بەڕاستی ئەم توێژە گەنجە سەركەوتوون، بەڕاستی ئەم توێژە گەنجە توانای هەڵگرتنی ئاڵای ئیسلامیان هەیە، بەپێچەوانەشەوە ئەوگەنجانەی كە تەمەنی گەنجێتییان بە تاوان و كاری بێسوودەوە بەسەر دەبن و هیچ خەمێكی ئیسلامیان نییە و هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن، بێگومان زۆر خراپ لێی پەشیمان دەبنەوە سەشۆڕی قیامەت دەبن، بۆیە ئەی گەنجان پێش ئەوەی مووی سەر سپی بێت و پێش ئەوەی لەش بكەوێتە لەرزە و پێش ئەوەی مردن یەخەت بگرێ سوود لە زێڕینترین و بەبەرهەمترین و بەنرخترین تەمەن وەربگرە و كار بۆ بەهەشت بكە.

بیرۆكەی پێنجەم: سوود وەرگرتن لە دەوڵەمەندی پێش هەژاری، یەكێكی تر لەو نیعمەتانەی كە پەروەردگار بەفەزلی خۆی دەیبەخشێتە بەندەكانی، نیعمەتی دەوڵەمەندییە، چونكە لەم ڕۆژگارەدا بەڕێوەبردنی كاروباری دین و دونیا بە بوونی پارە و پوڵ دەبێت، هەروەها هۆكارێكە بۆ تێكدانی دین و ڕەوشتی خەڵكی و سەرگەردانی كردنیان، وەهۆكارێكە بۆ دوور كەوتنەوەی مرۆڤـ لە پەروەردگاری، بەڵام عاقڵ و ژیر ئەو دەوڵەمەندەیە كە ماڵ و موڵكی لە پێناو خزمەتكردن و بانگەشەی ئیسلام و یارمەتیدانی هەژار و دەست كورتان، ئەی ئەو كەسەی كە پەروەردگار ئەم نیعمەتەی پێبەخشیویت، بزانە كە موڵكی هەموو دونیات هەبێت هیچ سوودێكی بۆ قیامەتت نییە ئەگەر لە چاكەدا بەكاری نەهێنیت، بەڵكو دەبێتە دەردەسەری و نەگبەتی بۆت ئەگەر بەپێچەوانەوە بوو، كەواتە پێوستە دەست بەم ئامۆژگارییەوە بگرین و سوودی لێببینین.

لەكۆتاییدا/

مسوڵمانی بەڕێز پاش ئەم ئامۆژگارییە ڕەوان و بەپێزەی پێغەمبەرمان(صلى الله عليه وسلم)ئەوەی لەسەرمانە گرنگیدانە بە كات و تەمەنمان چونكە ئەم فەرموودەیەی سەروەرمان(صلى الله عليه وسلم)پەیوەستە بەكات و تەمەنەوە، با كەسانێك نەبین كە كات كوشتن ببێتە كارمان، سوێند بەخوا دواكەوتنمان لەدونیا و دۆڕانی قیامەتمان گرنگی نەدانمانە بە كاتمان، ابن الجوزی(رحمه الله) دەفەرموێت (زۆر خەڵكیم بینی كە زۆر بەسەیری پاڵیان بەكاتەوە دەناو بەفیڕۆیان دەدا، ئەگەر شەوگاریان درێژ بوایە یان بەووتەی بێسوود و یاخود بەتاوان خوێندنەوەی بێسوود بەسەریان دەبرد، وە ئەگەر ڕۆژگاریان درێژبوایە یان بەخەو و یاخود لە شوێنی خراپ و بێ سوود بەسەریان دەبرد، نموونەیان وەكو ئەو كەسانە وایە كە لەناو كەشتیەكدان و خەریكی قسەكردنن، بەڵام نازانن چیان لێدێت، ئایا بەسەلامەتی دەگەنە جێ یا نوقم دەبن و دەمرن). وصلی الله علی نبینا محمد وعلی اله وصحبه وسلم

 

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics