هەینی، ٢٨ سەفەر، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

حوجییەتی سوننەت

لێرەدا پێویستە هەموو ئەوكەسانەی كە بە گومانەوە دەڕواننە سونەت هەڵوێستەیەك بكەن و بیرێك بكەنەوە لە ڕابردویان و ئەم پرسیارانە لە خۆیان بكەن. ئایا لە چ ڕوویەكەوە ڕەدی سونەت دەكەنەوە؟ هۆكارەكان چین؟ لە شارەزایی و دوای وورد بوونەوەیەتی لێی؟ ئایا ڕای زۆرینەی زاناكانیان بینیوە لە سەری؟ وە ئایا خۆتان بە یەكێك لەو زانایانە دەژمێردێن؟ چەند پەرتوكی ئوسوڵی فیقهتان بەراورد كردووە؟ وە تەفسیرتان بۆ ئەو ئایەتانە چی یە؟ چۆن نوێژ دەكەن گەر سونەت ڕەد دەكەنەوە؟ وە چۆن زەكان دەدەن؟وە چۆن حەج دەكەن؟ وەڵامەكەی لای بەڕێزیانەو وە حوكمەكەش هەر خۆتان بیدەن.‌Sunna

 

زۆر جار زۆر شتن كەباس دەكرێت وەیان دەخرێتە ڕوو لەسەر شتێك هەموو ئەو كەسانەی دەیبیستن وەیان دەیخوێننەوە بۆچۆنێك وەیان تێگەیشتنێكیان دەبێت بۆی، ئەویش بەهۆی ئەو زانیاریانەی كە پێشتر وەریان گرتووە، جا ئەو زانیاریە دەكرێت وەكو خۆی نەبوو بێت! بۆ نمونە لێرەدا باسەكە باسی سونەتە ئێمەش نمونەیەكتان لەسەر سونەت بۆ دەهێنینەوە، تێگەیشتن لە سونەت لای زۆرێك بە شتێكی ئیختیاری دەزانن

یانی بە كردنی شتێكی باشەو بەنەكردنی ئاساییە. دەكرێت بڵێین ئەو تێگەشتنە تەنها بەشێك دەگرێتەوە، ئەگینا سونەت زۆر لایەنێكی كەی هەیەو تێگەشتن لێی كارێكی هەروا سادەو ساكار نیە. وە تێگەشتن لە سونەت چەند لایەنێك دەگرێتە خۆ، زانیاری فەرموودە، چۆنێتی دەرهێنانی، ئێمە لێرەدا نە باس لە زانیاری فەرموودە (علوم الحدیث) دەكەین وە نە لە چۆنێتی دەرهێنانی (التخریج) دەكەین بەڵكو بە شێوەیەكی گشتی باس لە سونەت و، وە جۆرەكانی دەكەین، وە لە كۆتایدا بۆمان دەردەكەوێت كە سونەت چییەو وە چەند جۆری هەیە، وە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە دەڵی سونەت كارێكی ئیختیاریە بە كردنی وەیان بە پێچەوانەوە گرفتێك نابێ. وە هیوادارین وامان لێبێت خۆمان بۆ خۆمان بەدوایدا بڕۆین بۆ زانیاری زیاتر. وە هەرچەند هەشە هەر بەتەواوی سونەت ڕەد دەكاتەوە كە ئەمە زیاتر لە ناو عەرەبەكاندا هەیە كە بەناوبانگن بە قورئانیەكان.

وەك ئاشكرایە لای ئەهلی عیلم وە هەتا زۆرینەی خەڵكیش كە سونەت دووەم سەرچاوەی شەریعەتە‌ قورئان یەكەمەو وە دووهەم سونەتە(الحدیث). پێش ئەوەی بچینە ناو سونەتەوە بە وردی پێمان باشە پێناسەیەكی كورتی سونەت بكەین.

پێناسەی سونەت لە ڕووی زمانەوانیەوە: واتە ڕێگە ژیان دەلالەت دەكات لەسەر شتێك كە ڕاهاتبیت لەسەری وەكو دەڵێن (سونەتی فڵانە كەس) وە دەكرێت ئەم سونەتە چاك بێت وەهەروەها دەكرێت خراپ. وە سونەت دەكرێت بەشتێك بوترێت كە ڕاهاتبیت لەسەری بۆ نمونە (سو‌نەتی فڵانەكەس ئەوەیە هەموو شەو هەڵ دەستێت بۆ شەو نوێژ). وە یان ( فڵانە كەس هەموو بەیانیەك قورئان دەخوێنێ) وە هەروەها خوای گەورە دەفەرمووێ (سُنَّة اللَّهِ فِی الَّذِینَ خَلوْا مِنْ قَبْلُ ولنْ تَجِدَ لِسُنَّة اللَّهِ تَبْدِیلًا) الاحزاب ٦٢ وە هەروەها سونەتی گەردوون بۆ نمونە هەموو ڕۆژ خۆر لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێ و لە خۆرئاواوە ئاوا دەبێت.

وە لە ئیستیلاحدا: ئەوەیە كە لەلایەن پێغەمبەرمانەوە ‏ ‏صلی الله علیه وسلم دەرچوو بێت جگە لە قورئان جا ئیتر ئەوەی كە لێی دەرچووە چ بە گوفتار بێت وەیان بە كردەوە بێت وەیان بە بێ دەنگ بوون بوو بێت لێی (التقریر). بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێت سونەتی گوفتار ئەوەیە پێغەمبەرمان ‏ ‏صلی الله علیە وسلم فەرمانی بەكردەوەیەك دابێت.

بۆ نمونە فەرموودەی نیەت هێنان وەك لەم‌ فەرموودەدا بەم شێوە هاتووە:‏

‏{إنما الأعمال ‏ ‏بالنیات ‏ ‏وإنما لكل امرئ ما نوی فمن كانت هجرته إلی دنیا ‏ ‏یصیبها ‏ ‏أو إلی امرأە ینكحها فهجرته إلی ما هاجر إلیه} متفق علیە وەهەروەها فەرموودەی نوێژ كردن (صلو كما رئیتومونی اصلی ) وە هەروەها فەرموودەی بێدەنگ بوون بۆ نمونە كارێك كراوە لەلای پێغەمبەردا صلی اللە علیە وسلم كراوە وەیان بۆیان گێڕاوەتەوە وە ئەویش بێدەنگ بووە لێی، چونكە شتێكی نەگونجاوە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بێدەنگ بێت لەسەر كارێكی ناڕەوا. وە ئێستە زیاتر ئەم سێ بەشە ڕوون دەكەینەوە لە ژێر ناوی جۆرەكانی سونەتدا.

 

 

 

جۆرەكانی سونەت

سێ جۆر سونەتمان هەیە وەك لە سەرەوەش ئاماژەیەكمان پێكرد وە بەم شێوەیە:‌

١-سونەتی ووتە(قول).

٢-سونەتی كردەوە(فعل).

٣-سونەتی بیدەنگ بوون (التقریر).

وە هەریەكێك لەوانە وردەكاری تێدایە بەكورتی ئاماژەیان پێ دەكەین.

یەكەم:سونەتی ووتە واتە (قولیە) ئەم سونەتە دوو جۆر هەڵدەگرێت:

أ) ووتەی ڕاستەوخۆ بۆ نمونە فەرموودەی پێغەمبەرمان درودی خوای لێ بێت(( انما الاعمال بالنیات)) متفق علیە ئەمە ووتەیەكەو لە دەمی پێغەمبەرمان درودی خوای لێ بێت بیستراوە.

ب) ئەو شتانەی كە مانای ووتە وەردەگرێت بۆ نمونە وەكو ووتەی هاوەڵانی پێغەمبەر كە گێڕاویانەتەوە وەكو ((امر رسول الله صلی الله علیه وسلم بكذا )) واتە پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت فەرمانی پێكردین بە ... وە هەروەها (( نهی رسول اللە صلی اللە علیە وسلم عن بكذا)) پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت فەرمانی نەكردنی لێ كردین بە...وە چۆنێتی زۆرێك لە كردارەكان وەك زۆرێك لەو فەرموودانەی كە بەدەستمان گەشتوون ئەو فامەی لێ دەكرێت، وە هەروەها ووردەكاری فەرموودەكان ئەوە لە زانیاری زاراوەكانی فەرموودەدا باس كراوەو بۆ ڕۆشتنە بنج و بناوانی دەبێت لەوێوە لێیان تێ بگەین هەرچەند زۆرن ئەو زانایانەی كە ڕۆشتوونەتە ناو ئەو ووردەكاریەوەو هیچێكی وایان بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوەو وە كارەكەیان كردۆتە كاكڵەیەك گوێزو خستوویانەتە بەردەم خوێنەران، وە زۆرن ئەو زانایانە وەك: ابن الصلاح الشهرزوری، شێخ البانی، ابن باز وە هەروەها...

دووەم: سونەتی كرداری وە ئەو سونەتانەی كە ویستوویەتی ببێتە تەشریعێك بۆ ئومەتی ئیسلامی لە كاتی خۆیداو دوای خۆی ... وە بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە دروست نەبێت و بڵێ چۆن بزانین كام كرداری پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت ویستوویەتی ببێتە تەشریع و وەكام كردار نەیویستووە هەرچەند ئەویش هەر ئاشكرایە بۆ نمونە چۆنێتی نوێژ ڕۆژو حەج وە هەروەها ئەم كردارانە جێگەی پرسیار نین و ئاشكرایە دەلالەت لە تەشریع دەكەم بەڵام زانایان هەم ئەوەشیان جیا كردۆتەوە كە كام كردار ویستی پێی تەشریع بووە وەیان بە پێچەوانەوە چونكە سەروەرمان درودی خوای لێ بێت هەروەك هەموو كەسێكی تر مرۆڤە لە چۆنێتی جموجوڵ و هەڵسوكەوتی و كاری ڕۆژانە بۆ نمونە: دەخەوێت هەڵدەستێت ڕێ دەكات دەچێتە بازار وە هەموو ئەو كردارانەی كە هەر كەسێك پێویستی پێیان دەبێت، وە هەروەها حەزو ئارەزووی لە هەندێك شت و وە بە پێچەوانەوە بۆ هەندێك شتی تر، بۆ نمونە پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت حەزی لە ئاوی ساردو ساردەمەنی كردووە، وە هەروەها حەزی لە خواردنی (الضب) نەكردووە جا ئەمە حەزێك بووە ناكرێت وەك تەشریع سەیر بكرێت وە هەر لە سەردەمی خۆشیدا هاوەڵی وا هەبووە تا الچب وەستابایە خواردنی تری نەدەخوارد وە پێغەمبەریش درودی خوای لێ بێت ڕێگری لێ نەكردووە، لێرەدا لەوانەیە هەندێك جۆرە بۆچونێكی دروست ببێ و بڵێ ئەمە پێچەوانەی كردارەكانی پێغەمبەرە! درودی خوای لێ بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە بە پێچەوانە ناژمێردرێت چونكە ئەم كارەی پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت ویستی پێی تەشریع نەبووە، وە بێ دەنگی خۆشی لەگەڵ هاوەڵەكانیدا ئەو ڕاستیە دەسەلمێنی، لێرەدا جێگەی خۆشیەتی بڵێین ئەی ئەگەر كەسێك بۆ نمونە ئاوی ساردی خوارد وەیان الچبی نەخوارد و بڵێی لەبەر ئەوە كە پێغەمبەر وا بووە درودی خوای لێ بێت ئەو كاتە چی یە، وەڵامەكەی دەتوانین بڵێین خێری دەگات بۆ ئەوەی كە خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت هەیەو لەبەر ئەو ئەو كردارانە دەكات نەك لەبەر خودی كردارەكە چونكە ئەگەر بە پێچەوانەشەوە بوایە تاوانبار نەدەبوو هەروەك دەبێت ئەوەش بزانین كە زۆرجار ئێمە ساردەمەنی دەخۆین لەوانەشە خۆشمان حەزمان لێی بێت جا ئەوكاتە هەمان حەزمان لەگەڵ حەزی پێغەمبەردا درودی خوای لێ بێت یەكدەگرێتەوە جا كەوابوو مەرج نی یە خواردنی ساردەمەنی خێرمان بگات لەو ڕووەوە هەروەك گرنگیشە ئەگەر نەخۆشیەكی وامان بوو نابێت بخورێن وەهەتا گەر سونەتیش بێت ئەمەیان باسێكی ترەو دەچێتە بوارێكی ترەوە.

سێهەم: سونەتی بێ دەنگ بوون (التقریریة) ئەم جۆرەش ئەو سونەتەیە كە شتێك كرا بێت بە ئامادەبوونی پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت وەیان بە ئامادەبوون نەبوو بێت بەڵام دواتر پێیان ڕاگەیاندبێت وە ئەویش بێ دەنگ بوو بێت لەسەری و ئیعترازی نەگرتبێت.

ئەو سێ جۆرەی كە باسمان كرد سونەتی لێوە دامەزراوەو لە پێغەمبەرەوە درودی خوای لێ بێت پێمان گەشتووە، بەڵام ووردەكاری زیاتری لێوە وەردەگیرێ لەهەریەك لەو سێ بەشە، وە چۆنێتی كردارەكانی وەیان ووتەكانی وە ڕۆشتنی بە چی بوارێكدا بۆ نمونە جاری وا هەبووە پرسیاریان لێ كردووە لە بوارێكدا بەهۆی جیاوازی بوارەكان وەڵامەكان دەكرێت بە كۆمەڵە بەشێكەوە كه دوای وەفاتی خۆی درودی خوای لێ بێت زانایان لێكدانەوەیان هەبووە بۆی و دابەشیان كردووە بە بەشەكاندا چونكە ووڵات دوای خۆی زۆر گەورەتر بوو وە هەروەها تەشەنەشی كرد بۆ ووڵاتانی چواردەوری و تا گەشتە ئەو ئاساتەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام زۆر زۆر بەربڵاو بوو. وە ئەو وەڵامانە هەموو ئەم جۆرانەی تێدایە وەك:

١-وەڵامدانەوەی سیاسی، ئەڵبەت نەك ئەو سیاسیەی كە عەلمانی ئەمڕۆ شێواندویەتی و بە درۆ ناوزەندی دەكەن! وە نمونەی ئەو جۆرە وەڵامانە وەك: دابەش كردنی زەوی و زار، وە سەندنەوەی تۆڵە، وە سەرپەرشتیاری سەربازی، وە دابەشكردنی ئەو ماڵانەی كە لە شەڕەكاندا دەگیرا، وە دابەشكردنی ئەو سامانەی كە لە بەیتول مالدا بووە، وە ئەم جۆرە وەڵامانە وەیان باشتر بڵێن حوكمانە دەكرێت نمونەی زیندوو بێت بۆ سەركردەو حاكمەكان سودی لێ وەربگرێت.

٢- وەڵامدانەوەی لە بواری قەزادا كە دەكرێت قازی سودیان لێ وەربگرێت، وەك: چەسپاندی قەرز، وە گەڕانەوەی مافەكان، وە هەڵوەشانەوەی خێزان...تاد.

٣- وەڵامدانەوەی لە بواری پەرستنەكاندا وەك نوێژو ڕۆژوو كرداری حەج و وە هەروەها، وە ئەم جۆرە دەكرێت مامۆستا ئاینیەكان سودی لێ وەربگرن وەیان گونجاوە هەموو كەسێكی تریش سودیان لێ وەربگرێت.

بەو شێوەیە دەكرێت فەرموودەكان بناسرێنەوەو سنورەكانیان بۆ دیاری بكرێت هەروەك دەشكرێت هەندێك فەرموودە لە چەند بوارێكدا سوودمەند بن.

لێرەدا گرنگیشە چەند خاڵێك هەیە ئاماژەیان پێ بكرێت لەو كردەوانەی كە پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت وازی لێ هێناون، وە ئەویش چەند بوارێك دەگرێتە خۆ لەوانە:

١-هەندێك لەو شتانەی كە وازی لێ هێناوە بەهۆی حەرامیەوە بووە كە ئەمە ئاشكرایە.

٢-هەندێك لەو شتانەی كە وازی لێ هێناوە لەبەر ئەوە بووە كە لە شەرعدا باش نەبووە نمونە وەك تەوقە كردن لەگەڵ ئافرەتدا.

٣-وە هەندێك لەو شتانەی كە وازی لێ هێناوە لەبەر ئەوە بووە كە خۆی وەك تەبع حەزی لێ نەكردووە وەك خواردنی الچب. لە كاتێكدا خالیدی كوڕی وەلید ڕەزای خوای لێ بێت بەبەرچاویەوە خواردوویەتی و پێغەمبەریش درودی خوای لێ بێت سەیری كردووە.

٤-هەندێك شت لەوانەی كە وازی لێ هێناوە لەبەر مافی بەرانبەر بووە وەك خواردنی سیرو پیازو ئەوشتانە لەبەر فریشتەكان. وە هەروەها واز هێنانی ئێمەش لەم بوارەدا لەبەر كەسانی تر بۆ نمونە كاتی جومعەو جەماعەت.

٥- هەندێك شت لەوانەی كە وازی لێ هێناوە لە ترسی ئەوە بوو كەوا نەوەك فەرز ببێت لەسەر ئومەت، چونكە خەڵك بەو شێوە ڕوانیویەتە پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت هەموو شتێك كە ئەو بیكات ئەمانیش دەبێت بیكەن هەر بۆیە دەبینین زۆرجار پێغەمبەر حەزی لە زۆر لەعیبادەتەكان كردووە كە زۆر بیانكات بەڵام لەبەر خەڵكی وازی لێ هێناوە.

٦-هەندێك شت لەوانەی وازی لێ هێناوە لەوانە بووە كە كێشەیەكی تێدا نی یە بۆ بەرانبەر وەك ئەو دوو جاریەی كە تەپڵیان لێ دەدا.

٧-هەندێك شت لەوانەی كە وازی لێ هێناوە لەبەر كردنی كارێكی باشتر لەوانە هەروەك لە سورەتی الشورادا ئایەتی ٤٠دا هاتووە {وجزوا سیئة سیئتة مثلها، فمن عفا وأصلح فاجزە علی الله}.

٨-هەندێك لەو شتانەی كە وازی لێ هێناوە كە خودی كارەكە داواكراو بووە بەڵام لەبەر بەرگری كردن لە كارێكی خراپتر وازی لێ هێناوە، نمونەی ئەمەو وەك ئەوەی كە بە عائیشەی ووت گەر لەبەر ڕوودان و كاردانەوەی خراپ نەبوایە مەككەم دەڕوخاندو سەرلەنوێ بەجوانی دروستم دەكردەوە.

وە لێرەدا گرنگە بۆ پاڵپشتی ئەو ووتانەی كە لە سەرەوەیە حوجەت و بەڵگەی سونەت بسەلمێنین چونكە گەر بەڵگەی بەهێزی سونەتمان بەسەرەوە نەبێت بۆ ئەو هەموو ووردەكاریە بكەین؟ بەڵام بێگومان هەروا كارێكی ئاسان نی یەو وە مێژووی ئەو هەموو زانایانەش كە ژیانیان لە پێناو دا سەرف كردووەو وە بگرە كێشەیەكی زۆریشیان بۆ هاتووەتە پێشەوە جگە لە هیلاك و دەردی سەری خۆیان بخە ئەولاوە هەروا كارێكی ساكار نی یە، وە گەر چی ڕایەكی شازی زانایەكیش هەبێت بەڵام هەموو ئەمانە بە ڕەئێكی شازو نا سروشت ناسڕێتەوە، وەگەر چی ڕای شازیش هەر بووە لە زۆرێك لە شتەكانی تریشدا، لێرەدا ووتەیەكی بەڕێز شێخ عبداللە یوسف جدێعم دەكەوێتە بیر كە لە كاتی وانە ووتنەوەدا پێی ووتین:" ئەگەر ئێمە دوای ڕای شاز بكەون هیچ شتێك نی یە لەشەرعدا ڕایەكی شاز نەهاتبێت لەبارەیەوە جا گەر ئێمە تەنها ئەو ڕایانە وەرگرین دواتر شتێك نامێنێتەوە پێی بوترێت دین دەبینین دەستمان لەدوای هەمووی دەرچووە!".

جا بۆیە هەموو هاوزمانانم بەبیر دێنمەو دەبێت زۆر ووریا بین لەو كردارانەمان نەوەك بەگوێ گرتن تەنها لە ووتارێك وەیان خوێندنەوەی نامیلكەیەك زۆر كاری گرنگ هەیە بیان دەین بە بادا، لە كاتێكدا لەوانەیە ئێمە لە ئەسڵی كارەكە نەگەشتبین جا ئەگەر دوو دڵیەكمان بۆ دروست بوو ڕێگا بۆ ڕەواندنەوەی زۆرە نەوەك هەر زوو حوكمی پێش وەخت بدەین، كێ دەزانێ چەندەها كەس بەو حوكمە كوێرانە چەندەها كەسی گومڕا نەكردبێت... وە هەتا لەوانەیە ئەم حوكمە پێش وەختەش زاناشی گرتبێتەوە، هەروەك چۆن مامۆستا ناسری سوبحانی دەڵێ: كاتێك باسی ناسیخ و مەنسوخ كرا لە قورئانداهەر وا زانا بوو دەینوسی لەسەرناسیخ و مەنسوخ وە دواتر كەسێكی تر لەو زیاتر وەك وا بێت ئەگەر كەسێك زیاتر لە قورئان نەسخ بكاتەوە ئەوە زیرەك تر بێت. بۆچی ئێمە ئیجماعمان هەیەو وە ئیجماعیش سێهەم بنەمای سەرچاوەی شەریعەتە بۆ بۆ كارێكی وا سودیان لێ وەرنەگرین و هەر زوو بە بۆچونی زانایەك ئەو كۆمەڵە زانایانەمان لەبیر بچێتەوە، زۆر هەڵدەگرێ و جێگای زۆر مشتمومڕە بەڵام لێرەدا وازی لێ دەهێنم و دەڕۆمە سەر حوجەتی سونەت كە بەئاشكرا لە قورئاندا ئاماژەی پێ كراوەو چەند جۆرێكن وەك:

١-هاوشێوە بوون و یەكسانی سونەت لەگەڵ قورئاندا هەروەك قورئان شایەتحاڵی ئەم ڕاستیەیەو دەفەرموێ لە ئایەتی ٣و ٤ی سورەتی النجمدا { وما ینطق عن الهوی* ان هو الا وحی یوحی} بۆیە پێغەمبەر كەسێكی ئاسایی نی یەو لەخۆیەوە قسە ناكات پەیوەندی نیگا هەیە لە نێوان ئەو خوادا، وە هەروەك لە فەرموودەی میقدادی كوڕی مەعدیدا هاتووە ڕەزای خوای لێ بێت دەفەرموێ{ الا انی أوتیت الكتاب ومثله معه} وە ئاشكراشە ئەوە چی یە كە لەگەڵ قورئاندا داویەتی فەرموودەكانە.

٢-هەروەها یەكسانی گوێ ڕایەڵی خوای گەورە لەگەڵ گوێڕایەڵی پێغەمبەردا درودی خوای لێ بێت، وەك دەفەرموێ لە ئایەتی ٨٠ی سورەتی النسا‌ء دا { من یطع الرسول فقد أطاع الله } گوێ ڕایەڵی پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت لەگەڵ گوێ ڕایەڵی خوای گەورەدایە وە هەر لەهەمان سورەت و ئایەتی ٥٩دا دەفەرموێ { يا أَیُّهَا الَّذِینَ أ‌مَنُواْ أَطیعُواْ اللّهَ وأَطیعُواْ الرَّسُوڵ وأُوْلِی الأمر مِنكمْ فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِی شَیْ‌ءٍ فَرُدُّوهُ الى اللّهِ والرَّسُولِ إِن كنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللّهِ والْيوْمِ الأخر ذَلِك خَیْرٌ وأَحْسَنُ تَأْوِیلًا }

ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، فەرمانبەرداری خواو پێغەمبەرو فەرمانڕەواكان بكەن كە لە خودی خۆتانن، خۆ ئەگەر لە شتێكدا بوو بە كێشەتان، ئەو كێشەیە بگێڕنەوە بۆلای خواو پێغەمبەرەكەی صلی اللە علیە وسلم، (كە پیادە كردنی قورئان و سونەت دەگەیەنێت)، ئەگەر ئێوە باوەڕتان بە خواو ڕۆژی قیامەت هەیە، (رەفتار كردنتان) بەو شێوەیە چاكترو ڕونترو ڕەوانترە.

ئەو ئایەتانە بەڵگەی ڕوونن لەسەر حوجەتی سونەت وە ئەو كەسانەی كە جۆرە دوو دڵیەكیان هەیە دەربارەی وەڵامیان چی یە بۆ ئەو ئایەتانەو وە زۆرێكی تریش كە بە ئاشكرا ئاماژە كردنە بە وەرگرتنی سونەت، وە ئایا وەرنەگرتنی سونەت ڕەد دانەوە قورئانیش نی یە؟ خۆ قورئان یەكەم سەرچاوەو گرنگترین سەرچاوەی شەریعەتە وە كە لە قورئاندا ئاماژەی ڕاستەوخۆو ڕوونی تێدا بێت بۆ فەرموودەكان چۆن تەوقیفی ئەم كردارەیان دەكەن.

٣-ئاماژەكردنی قورئان بۆ هەندێك كردارو ڕوونكردنەوەی كردارەكە لە سونەتدا، هیچ كەسێك نی یە كە خۆی بە مسوڵمان بزانێ و باوەڕی تەواوی بە نوێژ نەبێت، وە یان بە زۆرێكی تری عیبادەتەكان و ئەحكامەكان، لە كاتێكدا لە قورئاندا تەنها ئاماژەی پێ كراوەو وە سونەت ڕوونی كردۆتەوەو چۆنیەتیەكەی لێكداوەتەوە، بۆ نمونە نوێژ گەر لە سورەتی الفاتحە كە یەكەم سورەتی قورئانی پیرۆزە بكەینەوەو تا سورەتی الناس كە كۆتا سورەتی قورئانە نابینین بڵێ نوێژەكان چەند ڕكاتەو چۆن بیانكەین بەڵام چەندەها جار دەبینین كە دەفەرموێ نوێژ بكەن و وە هەتا هەڕەشەی توندیش بەرانبەر نوێژ نەكەرانیشی تێدایە، وەگەر ئێمە سونەت واز لێ بهێنین تەوقیف و ڕێگا چارەمان چی بێت بۆ هەموو ئەو شتانە، بەبڕوای من ئەو كاتە لەبیری سونەتدا دەبێت هەركەسەو بۆخۆی سونەتێك دابمەزرێنێت، جا توخوا چی كرا! ووتە بە پێزو پیرۆزەكانی پێغەمبەر واز لێهێنراو لە جێگەیدا ووتەی كەسانی تر هێنرا!.

٤-فەرمان كردنی خوای گەورە بە وەرگرتنی سونەت وەك زۆر بە ڕاشكاوی لە قورئاندا هاتووە: { وما اتكم الرسول فخذوه وما نهكم عنه فانتهوا} سورەتی الحشر ئایەتی ٧ وە هەروەها { فلا وربك لا یؤمنون حتی یحكموك فیما شجر بینهم ثم لا یجدوا فی أنفسكم حرجا مما قضیت ویسلموا تسلیما } سورەتی النسا‌ء ئایەتی ٦٥ وە هەروەها { وما كان لمۆمن ولا مۆمنە اژا قچی الله ورسوله أمرا أن یكون لهم الخیرە من امرهم } سورەتی الاحزاب ئایەتی ٣٦ هەموو ئەو ئایەتانە ئەگەر هەر تۆزێك عەرەبیش بزانین پێویستمان بە بە ڕوونكردنەوەی ماناكانی نابێت.

٥-ئەو قورئانەی كە بەدەستمان گەشتووە لەلایەن هەر ئەو پێغەمبەرەوەیە كە سونەتەكەشیمان بە دەست گەشتووە. بۆیە لێرەدا پێمان وانی یە دوو دڵیەكمان هەبێت بەرانبەری لەبەر ڕوونی بەڵگەكان بەڵام بێگومان ئەوە هەیە كە هێزی سونەت ناگاتە قورئان وە قورئان كۆمەڵە تایبەتمەندیەكی خۆی هەیەو وە هەروەها سونەتیش تایبەتمەنی خۆی، وە سونەت زیاتر بەدوادا چوونی دەوێت بۆ گەشتن بەو سونەتانەی كە ڕاست و دروستن بەڵام قورئان ئاشكرایە، لێرەدا نامانەوێت هەموو جیاوازیەكان بخەینە ڕوو لەبارەی قورئان و سونەتەوە بەڵام هەروەك چۆن لەقورئاندا زۆر جار كە باسی نوێژ دەكات هەر دوا بەدوای باسی زەكاتیش دەكات. بۆ ئێمە سونەت لەگەڵ قورئاندا وایە دوو شتن تەواوكەری یەكترین وە هەردووكیان لەلایەنی خواوە لە دەمی پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت بەدەستمان گەشتووە.

ئەو حوكمانەی لە لە سونەتدا هاتووە

ئەو حوكمانەی كە لە سونەتدا هاتووەو وە زیادە دەكرێت بۆ سەر قورئان وەیان ڕوونتر بڵێین ڕوونكردنەوەیەكە بۆ سەر قورئان، سێ جۆرن كە بەم شێوەیە:

١-ئەو حوكمانەی كە حوكمە قورئانیەكان دڵنیا دەكاتەوە، واتە لە قورئاندا هەمان شت هاتووە وە لە سونەتیشدا هەر هاتووەو هاوتان لە باسكردنی حوكمەكە. بۆ نمونە باسكردنی حەرامێتی ئازاردانی دایك و باوك وەیان بەدڕەوشتی و مەشروباتی سەرخۆشكەر، ئەوانە هەروەك چۆن لە قورئاندا باسی خراپی و حەرامیان كراوە لە سونەتیشدا هاتووەو حەرامی ئەو كارانە ڕوون دەكاتەوە.

٢-ئەو حوكمانەی كە حوكمەكانی قورئان ڕوون دەكاتەوەو ووردەكاریەكانی باس دەكات، بۆ نمونە وەك ڕوونكردنەوەی نوێژ، زەكات، ڕۆژوو، حەج. وەهەروەها چەندەها شتی تر.

٣-ئە حوكمانەی كە لە قورئاندا سەرباسی كراوەتەوە وە دواتر لێی بێدەنگ بووە، وە سونەت هاتووە باسی كردوون، وەك حەرامی ئەو شتانەی كە چنگیان هەیە، وە هەندێك لە گیاندارانی تر. وە هەروەها كۆكردنەوەی دوو ئافرەت لە ژێر ماری یەك پیاودا كە ئەو دوو ئافرەتە یەكێكیان پوری ئەوی تر بێت.

وە ئەو ئەحكامانەی كە لەسونەتدا هاتووە دەكرێن بە دوو بەشەوە

‌دەقەكانی سونەت وەك دەقی قورئان وان لە ڕووی دەلالەت كردنەوە وە دەكرێن بە دوو بەشەوە:

بەشی یەكەم: بڕاوەتەوە گومان هەڵناگرێت، وەك لەم فەرموودەدا هاتووە { فی الركاز الخمس } لێردا مەبەست الخمسە كە نە زیاتر وە نە كەمتر هەڵناگرێت و جێگای مشتومڕ نی یە كەسیك ناتوانێت بڵێن الخمس كە پێنج یەك دەكات بیكات بە چوار یەك وە یان شەش یەك چونكە ڕوون و ئاشكرایەو بڕاوەتەوەو گومان هەڵناگرێت.

بەشی دووهەم: نەبڕاوەو گومانهەڵگر، هەندێك لە فەرموودەكانی پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت نەبڕاوەتەوە نەك بەو واتایەی كە وازی لێهێنرا بێت بەڵكو بەو واتایەی كە گومانهەڵگرە، وە گومانهەڵگریش مەبەستمان لە ڕاستی و ناڕاستی نی یە چونكە ئەوە مەسەلەیەكی ترە بەڵكو مەبەستمان لێكدانەوەو لێ تێگەشتنی فەرموودەكەیە كە جێگەی مشتومڕە وەك ئەو فەرموودەی كە دەفەرموێت { لا صلاة لمن لم یقرأ بفاتحة الكتاب ) بۆیە دەبینین زانایان ڕایان جیاوازە لەوەی كە ئایە ئەو كەسەی كە فاتیحەی بە تەواوی نەخوێند وەیان هەندێكی بۆ ئەوەی نوێژەكەی بە نوێژ بۆ حساب نەكرێت، چونكە هەردوو بەشەكە هەڵدەگرێت چ تەواوی فاتیحە هەمووی بێت وەیان هەندێكی بێت هەروەك دەشكرێت هەڵەش بژمێردێت چونكە ئەوكاتە فاتیحەكە بە نوقستانی دەردەچێت.

خۆ گەر سەیری قورئانیش بكەین دەبینین لە سەدا هەشتای قورئان موحكەمە واتە هەر كەس عەرەبیەكی باش بزانێت لێی تێ دەگات و ڕوونە، وە لە سەدا بیستی موتەشابهە واتە گومانهەڵگرە نەك بۆ ڕەدكردنەوەی بەڵكو بۆ لێكدانەوەی ماناكانی، وە ئەوەش زانایان هاتوون و ئیجتیهادیان كردووەو ڕاڤەیان كردووە. (عبداللە بن یوسف الجدیع لا١٢٠-١٤٨)

لێرەدا پێویستە هەموو ئەوكەسانەی كە بە گومانەوە دەڕواننە سونەت هەڵوێستەیەك بكەن و بیرێك بكەنەوە لە ڕابردویان و ئەم پرسیارانە لە خۆیان بكەن. ئایا لە چ ڕوویەكەوە ڕەدی سونەت دەكەنەوە؟ هۆكارەكان چین؟ لە شارەزایی و دوای وورد بوونەوەیەتی لێی؟ ئایا ڕای زۆرینەی زاناكانیان بینیوە لە سەری؟ وە ئایا خۆتان بە یەكێك لەو زانایانە دەژمێردێن؟ چەند پەرتوكی ئوسوڵی فیقهتان بەراورد كردووە؟ وە تەفسیرتان بۆ ئەو ئایەتانە چی یە؟ چۆن نوێژ دەكەن گەر سونەت ڕەد دەكەنەوە؟ وە چۆن زەكان دەدەن؟ وه چۆن حەج دەكەن؟ وەڵامەكەی لای بەڕێزیانەو وە حوكمەكەش هەر خۆتان بیدەن.‌

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics