٣ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

سەرەتایەك بۆ ناساندنی سوڕەتى آل عمران

ئەم سوڕەتە گەورەو پیرۆزە سێیەم سوڕەتە لەڕیزبەندی سوڕەتەكانی ناو قورئاندا و ژمارەی ئایەتەكانی دووسەد ئایەتە، لە مەدینە دابەزیووە، كاتی دابەزینی لەدوای جەنگی (بەدر) تا دوای جەنگی (ئوحود) بوە.Al3emran

باسەكانی سوڕەتەكە بەگشتی بۆ پاراستنی قەوارەی ئیسلامییە لە درزو كەلێن دروست بوون، ئاگادار كردنەوەی تاك و كۆمەڵ و كاربەدەستەكانی ناو ئەو قەوارەیە لەو تەگەرە و مەترسییانەی ڕووبەڕویان دەبێتەوە، نمونەی چارەسەرەكانیش دیاری دەكات و بۆ هەر یەكێك لەوانە (تاك و كۆمەڵ و كاربەدەستەكان)، چەند بنەماودەستورێك دەچەسپێنێ‌ بەشێوەیەك كە خۆیان دەست كراوە بن بۆ دانانی یاساكان لەژێر ڕۆشنایی ئەو بنەمادەستوریانەدا بەپێی ڕۆژگار تا بتوانن لە هەمووكات وشوێنێكدا خۆیان و قەوارەكەیان بپارێزن لەداڕوخان و تیاچوون.

فەرموون ئێوە و باسە بە فەڕو پیرۆزەكانی ئەم پارچە ڕازاوەی قورئان:

خێزان : سوڕەتەكە بەناوی خیزانێكی زۆرسەركەوتوو تۆكمەوە ناو نراوە (بنەماڵە و خێزانی عیمران) وهەر لە بنەماڵەی ئەوانیش باسی خێزانی (زەكەریا) پێغەمبەریش دەكات، خوا ئەو بەڕێزانەی كردۆتە نموونە تا هەموو خێزانێكی ناو قەوارە ئیسلامییەكە شوێن پێی ئەوان هەڵگرن.

خێزانی ئیسلامی دەبێت وەك ئەوان : خواناس، خواپەرست، دەست بەدوعاو پاڕانەوە، خۆپارێز لە تاوان، ڕازی بەقەدەرو بەشی خووایی، دڵسۆزو بەبەزەیی بۆیەكتر، لەخۆ بوردەیی بۆكاری بانگەوازی خواو خۆتەرخان كردن بۆ ئەو مەبەستە.

هەموو ئەمانە و جگە لەمانەش لە تەفسیر و ئاماژەی ئایەتەكانی ئەم سوڕەتەدا بەدی دەكەیت.

ناسینی دوژمن و زانینی جۆری پیلانەكانی ئەو دووژمنە : خوای گەورە لەم سوڕەتەدا پەردە لەڕووی دوژمنەكان و مەترسی و تەگەرەكانی ڕێگای موسڵمانان هەڵدەماڵێت، وەك : ئارەزووەكانی نەفس و بەكارهێنانی ئەو حەزانە لەلایەن شەیتانەوە بۆ لەڕێگە لادانی تاكی موسڵمان، پیلانی دڵپیس و فیتنەچییەكان بۆ دوور خستنەوەی موسڵمانان لە قورئان كەسەرچاوەی هێزو ژیانی موسڵمانە ؛ بەدروست كردنی تەمەومژ لەسەر ئایەتەكان و شوێن كەوتنی ئایەتە موتەشابیهەكان، پیلانی مونافیقەكان بۆ ترساندن و ساردكردنەوەی موسڵمانان لە تێكۆشان كاركردن بۆ بەرز ڕاگرتنی دینی خوا، پیلانی خاوەن پەیامەكانیتر (گاورو و جوولەكە) لەلایەك بە بەهێز كردنی نەیارەكانی ئیسلام بە ماددەو بە مەعنەوییات، لەلایەكیتر بەچەلەحانێ‌ دروست كردن دەربارەی هەموو شتێك بۆ خەریك كردنی كۆمەڵی موسڵمانان بەشتی لاوەكی و گومان دروست كردن دەربارەی ڕاستییەكان.

پیلانی بێباوەڕ و موشریكەكان بە دروست كردنی هێزی چەكداری بۆ تۆقاندن وپاكتاو كردنی موسڵمانان.

هەموو ئەمانەو نمونەی بەرەنگار بوونەوەی هەریەكێك لەمانە دەبینی لەم سوڕەتە پیرۆزەدا.

هەندێ‌ بۆچوونی چەوت و ڕاستكردنەوەی بۆچوونەكان : لەناو خەڵكی موسڵماناندا بەدرێژایی مێژوو چەندەها بیرو بۆچوونی چەوت و ناڕاست دروست دەبێت و بەداخەوە خاوەنی ئەو بۆچوونانە خۆیشیان بەڕاست دەزانن لەبەر ئەوەی هەندێ‌ لەئایەتیان بەدەستەوەیەو دەیكەنە بیانوو بۆ بۆچوونەكانیان و زۆربەی ئەو پشێوی و ئاژاوانە دروست بوون لەجیهانی ئیسلامیدا هۆكەی ئەوەبووە، خوای گەورە لەقورئاندا چارەسەری بۆ ئەوەش داناوە و موسڵمانان ئاگادار دەكاتەوە كەلەم قورئانەدا دوو جۆر لە ئایەت هەیە (محكمات، متشابهات) بۆ تەفسیر كردنی ئایەتە موتەشابیهەكان دەبێت پشتبە ئایەتە موحكەمەكان ببەسترێت و پێكەوە مەبەست و مانای لێدەربهێنرێت، بەڵام هەیە بەنیازی فیتنە و پشێوی دروستكردن شوێن ئایەتە موتەشابیهەكان دەكەوێت، لەم سوڕەتەدا مەنهەجی ئەم ئاژاوەچیانە بەمەنهەجی (الزائغین) ناودەبات و ئەوانەش كەتوانای دەرهێنانی مەبەست و مانای ئایەتەكانی قورئانیان هەیە ودەتوانن بەرچاوی خەڵك ڕوون بكەنەوە بە مەنهەجی (الراسخین) ناو دەبات.

لەو بۆچونە ناڕاستانە :

اـ بەستنەوەی هیواكان بەبوونی كوڕی زۆر، كوڕ باشترە لەكچ و خزمەتی زیاتری پێدەكرێت، بۆ ڕاستكردنەوەی ئەم بۆچوونە خوای (الحكم، العدل) پێوەرەكان دیاری دەكات بۆچاكی و باشی هەردووڕەگەزەكە ونمونەی باش بۆ هەردوكیان دەهێنێتەوە و دەریدەخات ئەوان جیاوازن لەیەكترو تەواو كەرییەكترن ووەك شەوو ڕۆژ و ئاسمان و زەوین و لەمەترسی خۆشویستنی كوڕی زۆریش ئاگاداریان دەكاتەوە.

ب ـ خۆپاراستن لە جەنگ و شوێنی مەترسی مردن دوادەخات، بۆ ڕاستكردنەوەی ئەم بۆچوونەش خوای (المحی والممیت) دەریدەخات كە ئەم جۆرە بۆچوونە كێ‌ خاوەنییەتی ولەڕێگەی گفت و گۆوە دەیسەلمێنێ‌ كە بە هەڵەدا چوون ج ـ بەستنەوەی سەركەتن بە هۆكارە دونیاییەكانەوە لە زۆری چەك و تەقەمەنی زۆری سەربازو باشی خۆ ئامادە كردن و هەروەها لادانی لۆمەی شكستی لەخۆ بەگەڕان بەدوای هۆكاریتردا، خوای (الولی والرافع والمعز) ئەم بۆچوونانەش ڕاست دەكاتەوە بە هێنانەوەی دوو نموونە : سەركەوتن لە جەنگی (بەدر) داو شكستی لە جەنگی (ئوحد)دا.

ح ـ بەرز كردنەوەی هەندێ‌ لە یارانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم تا پلەی مەعسومی و نبووەت و نزم كردنەوەی هەندێكی تریان (پەنا بەخوا) بۆ پلەی شەیتان، خوای (العفو و الغفور) دەریدەخات كە هاوەڵەكانی پێغەمبەر (ڕەزاو ڕەحمەتی خوا لە هەموویان) مرۆڤ بوون وقابیلی هەڵەكردن بوون بەڵام زۆر زوو بەخۆدا چوونەتەوەو لەگەڵ ئەوەشداكە ئایەتەكان لەكاتی ئەواندا دادەبەزی وئەزموونیان لەبەردەستدا نەبوو كەچی هەڵەكانیان زۆر دەگمەن بوون و هەرگیز لەسەر هەڵە بەردەوام نەبوون، ئەوان زۆر لەخۆ بووردەو گیان لەسەر دەست و خۆپارێزو دڵسۆزو زانا بوون، ئەوان بەوشێوە بوون خوا وەسفیان دەكات بە زەرعێكی پڕپیتی گەشەسەندوو كەمایەی پیاهەڵان بێت لەلایەن زاعەكەیەوە، یان دەربارەیان دەفەرمووێت خوا لەوانە ڕازی بووە، ئەوان بەرهەمی پەروەردەی پڕ حیكمەتی پێغەمبەر بوون، دەبێت جیاوازیان هەبێت لەگەڵ خەڵكانی كات وسەردەمە جیاجیاكاندا چونكە ئەوان بەهەوڵی خۆیان و بەنووری درەوشاوەی پێغەمبەر دڵ و دەرونیان ڕووناك بوبویەوە و بەڵام كەسانی دوای ئەوان بەنووری بانگخوازەكانیتر لە سەردەمە جیاوازەكاندا دڵ و دەرونیان ڕووناك دەبێتەوە.

زانایی و پلە بەرزی و گەورەی و ئازایی هاوەڵەكانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەگەورەیی و حەكیمی پێغەمبەرەو هەر كەسێك بیەوێت لەنرخیان كەم بكاتەوە ئەوا دەیەوێت ناڕاستەوخۆ لە ڕێزی پێغەمبەر كەم بكاتەوە، خوای (علیم وعلام الغیوب) دەزانێت كەسانی وا دروست دەبن بۆیە بەئایەتی قورئانی بەرگری لە یارانی پێغەمبەر دەكات و یادو باسی چاكی ئەوان بەنەمری و موحكەمی دەهێڵێتەوە.

سەركردەو شوێنكەوتەكانی : لەم سوڕەتە پیرۆزەدا خوای گەورە باسی سیفەتەكانی سەركردەی سەركەوتوو لەگەڵ سیفەت و ئاكاری سەربازو شوێنكەوتووەكانیش باس دەكات و پێغەمبەر و هاوەڵە بەڕێزەكانی باشترین نموونە بوون بۆ بەرجەستە كردنی ئەو سیفەتە بەرزانە.

سەركردەی سەركەوتوو دەبێت : نەرموونیان بێت لە ئاستی شوێنكەوتەكانیدا (فبما رحمە من الله لنت لهم)، دەبێت قسە ڕەق و توند گیر ودڵڕەق نەبێت بەرانبەر شوێنكەوتەكانی (ولو كنت فظاً غلیظ القلب لانفضوا من حولك)، دەبێت لێبوردەو دەست بەدوعای خێر بێت بۆیان (فاعفوا عنهم واستغفر لهم)، دەبێت گوێ‌ بۆ ڕاوبۆچوونەكانیان بگرێت و گرنگیان پێبدات (وشاورهم فی الامر)

سەركردە دەبێت (ڕا ڕا) نەبێت و دوای بڕیاردان یەكسەر دەست بكاتە جێبەجێ‌ كردنی بڕیارەكان (فاذا عزمت فتوكل علی الله)، دەبێت ئازاو چاونەترس بێت (والرسول یدعوكم فی اخراكم)

شوێنكەوتەكانیش دەبێت شیاوولێهاتووبن و خاوەنی ئەم سیفاتانەبن : گوێگروگوێڕایەڵ بن تەنها بۆ سەركردەی خۆیان (اطیعوا الله والرسول)، (ومن یعتصم بالله فقد هدی الی صراط مستقیم)، نهێنی پارێزبن و لە غەیرەدین ئەمین نەبن و نەیانكەنە جێگەی ڕازو نیازی خۆیان (لاتتخذوا بطانة من دونكم لا یالونكم خبالا ودَوا ما عنتم....)، لوت بەرزو خۆهەڵكێش نەبن و بەخۆیان و بازوویاندا نەنازن و دوای خۆ ئامادە كردن تەنها پشت بەخوا ببەستن، گوێنەگرن بۆ دیعایەو پڕوپاڵانتەی خاوەن كتێب و دووڕووەكان و لەتێكۆشان سارد نەبنەوە (یاایها الذین امنوا ان تطیعوا الذین كفروا یردوكم علی اعقابكم فتنقلبوا خاسرین بل الله مولاكم وهو خیر الناصرین)، ئارامگرتن پیشەیان بێت ویەكڕیزو تۆكمەبن خۆپارێز بن لەتاوان (یاایها الذین امنوا اصبروا وصابروا ورابطوا اتقوا الله لعلكم تفلحون)، ئەو برایەتیەی بەنیعمەتی ئیسلام بۆیان دروست بووە بیپارێزن و ناكۆكی دروست نەكەن و یادی موهاجیرو ئەنسار و ئەوس و خەزرەج بەرز ڕابگرن كەچۆن دوای ناكۆكی بوونە برای گیانی بەگیانی یەكتر (واعتصموا بحبل الله جمیعا ولا تفرقوا واذكروا نیعمە الله علیكم اذ كنتم اعدا‌ء فالف بین قلوبكم....)، هەمیشە و هەمووكات دەبێت دەستەو تاقمێك هەبن كاریان بانگەوازكردن بێت بە گرتنە بەری هەموو هۆكارەكان (ولتكن منكم امە یدعون الی الخیر ویامرون بالمعروف وینهون عن المنكر....)

پاراستنی باری ئابووری بە قەڵاچۆكردنی سووخۆری و پیادەكردنی ڕێنماییەكانی خواو پێغەمبەری خوا (یاایها الذین امنوا لاتاكلوا الربا اضعافا مضاعفة واتقوا الله لعلكم تفلحون واتقوا النار التی اعدت للكافرین واطیعوا الله والرسول لعلكم ترحمون) .

خوای داناو زانا لەم سوڕەتە پیرۆزەدا جگە لە ڕێنمایی و فەرمانەكانی بۆ پاراستنی قەوارەی دروست بووی ئیسلامی، ڕێنمایش دەدات بۆ نەوەستان و بەرەو پێشچوونی ئەو دەوڵەت و قەوارەیە ئەویش بەوەی كە دەبێت بەزەویدا ڕۆبچن و بەئاسماندابەرز بنەوەو بە بەناو ئاودا گەشت بكەن تا نهێنییەكانیان بزانن و لە خێری خەڵكی سەرزەویدا بەكاریان بهێنن و جێنشتەیی خۆیان بسەلمێنن و شایەتی بەحەقی ناووە پیرۆزەكان و سیفەتەبەرزەكانی خوابن و ئەوەش بە عامی خەڵك بگەیەنن (ان فی خلق السماوات والارض واختلاف اللیل والنهار لایات لاولی الالباب...)

 

لێدوان زیادکە


بابەتە پەیوەندیدارەکان

هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



‌قورئانی پیرۆز

Quran

دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics