٣ ڕه‌بیعی یەکەم، ١٤٣٩هـ
قەبارەی نووسین

قۆناغەكانی كۆكردنەوەو نووسینەوەی قورئانی پیرۆز

زانایان كە باسی كۆكردنەوەو نووسینەوەی قورئان ئەكەن دوو مەبەستیان هەیە:Quran8

یەكەمیان: كۆكردنەوە بە مانای (لەبەركردن‌و پاراستنی) دێت، ئەوترێ‌: (جامعی قورئان) واتە ئەو كەسانەی كە قورئانیان لە سنگیاندا كۆكردووەتەوەو لەبەریان كردووە، خوای گەورە ئەفەرموێ‌: ((لَا تُحَرِّكْ بِهِ لِسَانَكَ لِتَعْجَلَ بِهِ (16) إِنَّ عَلَيْنَا جَمْعَهُ وَقُرْآنَهُ (17) فَإِذَا قَرَأْنَاهُ فَاتَّبِعْ قُرْآنَهُ) ( 18)واتە: لە كاتی قورئان خوێندندا زمان بەپەلە ئەجوڵێنە بۆ ئەوەی پەلەپەلی پێبكەی، ئێمە لەسەرمانە كە لە سنگی تۆدا كۆی بكەینەوەو پاشان بیخوێنینەوە، جا كاتێك كە ئەیخوێنینەوە بەسەرتا تۆش بە دواییدا بیخوێنەرەوە. (1)

عەبدوڵڵای كوڕی عەباس (خوای لێ رازی بێت) ئەفەرموێ‌: "پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) سەرەتا زەحمەتی زۆری ئەبوو بە دەست قورئان لەبەركردنەوە ئەوەبوو بەپەلە زمانی ئەجوڵاندو لێوەكانی ئەجوڵاند لەترسی ئەوەی نەوەك لەدەستی دەربچێت‌و لەبیری بچێتەوە (مەبەستی ئەوەبوو لەبەری بكات) خوای گەورە فەرمووی: :"لَا تُحَرِّكْ بِهِ لِسَانَكَ لِتَعْجَلَ بِهِ ( 16 ) إِنَّ عَلَيْنَا جَمْعَهُ وَقُرْآنَهُ ( 17 ) فَإِذَا قَرَأْنَاهُ فَاتَّبِعْ قُرْآنَهُ ( 18 )". ئەفەرموێ‌: ئێمە لەسەرمانە كە لە سنگی تۆدا كۆی بكەینەوەو پاشان بیخوێنینەو، (فَإِژَا قَرَأْنَاهُ) واتە: كە ناردمانە سەرت، (فَاتَّبِعْ قُرْآ‌نَهُ) گوێی بۆ بگرەو بێدەنگ بە، (ثمَّ إِنَّ عَلیْنَا بَيانَة) واتە: لەسەر ئێمەیە كە لە پاشاندا بە زمانی تۆ بە روونی دەری ببڕین، لە لەفزێكی تردا (ئیبن عەباس) ئەفەرموێ‌: پێغەمبەر دوای ئەمە كە جوبرەئیل ئەهاتە لای سەری دائەخست‌و گوێی لێ ئەگرت، كە جوبرەئیل ئەڕۆیشتەوە، وەك خۆی ئەیخوێندەوەو هەرچۆنێك كە خوای گەورە پەیمانی پێدا. (2)

هەندێ‌ لە زانایان ئەفەرموون: خوای گەورە سروشێكی بە سنگی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەبەخشی لە كاتێكدا كە قورئانی بەسەردا ئەخوێنرایەوە، قورئانەكەی تێدا نەخش ئەبوو، بۆیە ئەڵێن: "جمعه لك صدرك" یەكێكە لە ریوایەتەكانی ئیبن‌و عەباس‌و (صدر) مەرفوعە لەبەر فاعیلەكە.(3) واتە: سنگت قورئانەكەت بۆ كۆئەكاتەوە، ئەوەش شتێكی سروشییە خوای گەورە بیكات بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ‌و بڕوا كردن بە شتی لەو بابەتە لەم رۆژی كۆمپیوتەرو ئینتەرنێتەدا سانایە كە لە سەنتەرێكی گەورەی زانیارییەوە بە (فلاشێك) كام زانیاری وردت هەیە ئەیگوازیتەوە ‌و ئەیخەیتە سەر هاردی كۆمپیوتەرێكی تر ئەگەر خواش سروشی كۆمپیوتەرێك بداتە سنگی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، یان دڵی، یان عەقڵی ‌و ئەو زانیارییەی بۆ بگوزاێتەوە لە شتی سادە سادەتر ئەبێت‌و بڕوا كردن پێی گران نییە.

بۆیە مەبەستی زانایان بە كۆكردنەوە بریتییە لە (لەبەركردن) لە زۆرێك لەو ریوایەتانەدا كە زانایان باسیان كردووە، وەك:

ـ عەبدوڵڵای كوڕی عەمر ئەفەرموێ‌: (جمعت القرآ‌ن، فقرآت به كل لیلة، فبلغ النبی ، فقال: اقرأه فی الشهر)(4). واتە: قورئانم لەبەركردو هەمو شەوێك جارێك خەتمم ئەكرد، كە ئەمە گەیشتە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: مانگی جارێك خەتمی بكە.

ـ یان ئەفەرموێ‌: (لم یجمع القرآ‌ن غیر أربعة).(5) واتە: تەنیا چوار كەس هەموو قورئانیان لەبەر بوو.

دووەمیان: كۆكردنەوە بە مانای (نووسین‌و تۆماركردنی قورئان) دێت، كە زیاتر زەینی مرۆڤ بۆ ئەمەشیان ئەچێت لە كاتێكدا باس لە كۆكردنەوەی قورئان ئەكرێت، ئەم كۆكردنەوەو نووسینەوەی قورئان بەم مانایە بە چوار قۆناغدا تێپەڕیووە:

1ـ قۆناغی سەردەمی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم).

2ـ قۆناغی سەردەمی ئەبوبەكر (خوای لێ رازی بێت).

3ـ قۆناغی سەرەدەمی عوسمان (خوای لێ رازی بێت).

4ـ قۆناغی سەردەمەكانی دوای عوسمان (خوای لێ رازی بێت).

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. هەندێك ئەڵێن: ئەو ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خوای گەورە ئەركی قورسی (لەبەركردنی قورئانی) لە كۆڵا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هەڵگرتووەو پێی فەرمووە: خۆت مەرەنجێنە ئێمە لە دڵتا تۆماری ئەكەین.

2. إرشاد الساری ‌و مختصر صحیح البخاری، الزبیدی، ص10، ژمارەی فەرمودەكە(5).

3. إرشاد الساری، (1/ 70)، شەرحی حەدیسی پێشووی ئیبن عەباس تەنانەت (قسطلانی) ئەفەرموێ‌: زۆربەی ریوایەتەكان هەروا دەڵێن: واتە (صدر فاعلە).

4. مباحث فی علوم القرآ‌ن، القطان، ص116.

5. مباحث فی علوم القرآ‌ن، القطان، ص116.

لێدوان زیادکە


هاوڕێمان بە لە فەیسبوك



‌قورئانی پیرۆز

Quran

دواین لێدوان

دیزاینکراوە لەلایەن گروپی ٢٤

joomla statistics